بتبینم ئەی کچی ئازا

0
​عەزیز ڕەئووف
​(کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ)…. مامۆستا هێمن
​ئەی کچی کورد، کچی ئازا، جەستەت هی خۆتە و کەسی تر نا. ئەی کچی ناو زانکۆکان، کچی ناو دەزگا ناشرینەکان، کچی ناو کەناڵەکانی میدیا و بارەگای پارت و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، بتبینم ڕۆژ ڕۆژی تۆیە.
​چاوەکانت بکەوە و شەرم مەکە، نە لە مامۆستا و نە مەلا و نە بەرپرس. ئەوان زۆر بچووکن، ئامادەن پۆست و پلە و نمرە و مینبەرەکان بۆ گەیشتن بە جەستەی تۆ بەکاربێنن، شەرم مەکە و بە دەنگی بەرز پێیان بڵێ: جەستەم هی خۆمە و کەسی تر نا.
​ئەی کچی کورد، کاتی ئەوەیە هەنگاو بنێی؛ یەکەمجار بتەکان بشکێنە، بتی مەلا و بتی حزب، بتی نێر و بتی سمێڵبابڕەکان، بتەکانی دەروونی خۆتان. شەرم مەکەن لەوانەی کە پێتاندەڵێن ئێوە زەعیفەن، شەرم مەکەن لەوانەی وەک گورگ تەنها جەستەی تۆیان دەوێ.
​کچی ئازا، کاتی ئەوەیە بڵێی: بەرەو دنیایەک لێوانلێو لە کچی ئازاد کە بتوانێت جەستەی خۆی بپارێزێت.
​کچینە، زانکۆکان هێشتا فێری ئەوەیان نەکردوون زنجیرەکانی تۆق و بەند بشکێنن. زانکۆ پێویستە کچان هان بدات بۆ ئەوەی خوێندەوار و خاوەن متمانە و سەربەخۆ بن. پێویستە زانکۆ شوێنێکی ئارام بێت بۆ فێربوون و بیرکردنەوە، نەک شوێنێک کە کچان لە پەیامی نەخوازراو، هەراسانی سێکسی، فشار و لاقەکردن نەپارێزێت.
​کچینە، زیاد لە کارگەیەک هەیە ئێوە فێری بێدەنگی، شەرم و گوێڕایەڵی دەکات. لەوانەیە خێزانەکان ترسیان لە قسەوباس، فشاری خەڵك و زیانگەیاندن بە ناوبانگ هەبێت، بەڵام بێدەنگی کچان ناپارێزێت؛ زۆرجار ئەو کەسە دەپارێزێت کە هەراسانتان دەکات. بەڵام کاتی ئەوەیە بە دەنگی بەرز بڵێیت: شەرم بۆ ئەو کەسەیە کە دەسەڵات، پۆست، مینبەر و نمرە خراپ بەکاردێنێت.
​کچینە، خێزان، مزگەوت، پارتە سیاسییەکان و زانکۆکان پێویستە ئێوە فێری متمانە، هێز و کەرامەت بکەن، نەک بێدەنگتان بکەن و بە ناوی حەیا و ئابڕووەوە کۆی هەراسانکردن، لاقەکردن و برینەکانتان بشارنەوە. کاتی ئەوەیە پەردە لەسەر ئەم هەموو برینە هەڵدەنەوە و ئەم هەموو نێر، مەلا و بەناو خوێندەوارە شەهوەتبازانە بە خودا و دنیا بناسێنن.
​کچی ئازاد کۆمەڵگایەکی ئازاد دروست دەکات. پاراستنی جەستە واتە پاراستنی پەروەردە، کەرامەت، خەون و داهاتوو.
​کچانی ئازا، بتانبینم، کات کاتی ئێوەیە
Leave A Reply

Your email address will not be published.