فەلسەفەی ئیرادە و قەیرانی ئیرادەگەریی هومانیستی

0

 

زمناکۆ عزیز 
چەمکی “ئیرادە” (Will / Human Agency) یەکێکە لە پڕکێشمەکێشترین بابەتاکانی مێژووی فەلسەفە و سیاسەت. لە بیرۆکە ئایدیاڵستییە دێرینەکانەوە تا لیبرالیزمی مۆدێرن، هەمیشە ئیرادە وەک هێزێکی میتافیزیکی، سەربەخۆ و سەروو-مێژوویی وێنەکراوە کە لە ناو ناخی ئینساندا بوونی هەیە و توانای بڕیاردان و نەخشاندنی چارەنوسی پێدەبەخشێت.
لای مەنسوور حیکمەتیش (دامەزرێنەری کۆمۆنیزمی کرێکاری) لە چەندین باسی پایەیی خۆیدا، ئیرادە، جێگەو ڕێگەیەکی باڵای هەبوەو هەیە و لە دروشمی بەناوبانگی: “کۆمۆنیزم بزووتنەوەی گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان”دا ڕەنگی داوەتەوە. سەرباری جیاوازی گەورە لە نێوان ئەو حزب و باڵانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیستی کرێکاری ئەناسێنن، کەچی هەتا ئەمڕۆش ئەو دروشمە، وەک مانشتێکی پۆزەتیف ڕووبەکۆمەڵگا بەرز دەکەنەوە. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا وا نیشان ئەدرێت کە ئەو دروشمە گوتارێکی ڕادیکاڵ و هومانیستیی جێگیر کردوە؛ بەڵام لەدنیای واقیعدا، ئەو دروشمە نەیتوانیوە ببێتە جێگای ڕێکخراو بوونی کەسانی ئیرادە تێکشێنراو.
بۆیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم چەمکە ئەکەین، تا بزانین کێشەکە لە کوێدایە؟ بزانین ئایا ئەم بۆچوونە لادانێکی ئایدیاڵستییە لە کۆمۆنیزمی زانستی و گەڕانەوەیە بۆ ناو سۆشیالیزمی ئۆتۆپی و ئەخلاقیاتی سەدەی نۆزدەهەم؟
یەکەم: ئیرادە لە ڕوانگەی فەلسەفە و ماتریالیزمی مێژووییەوە
لە فەلسەفەی ئایدیاڵستیدا (لە کانت و هیگڵەوە تا شوپنهاوەر و نیچە)، ئیرادە وەک داینەمۆی سەرەکیی کارکردنی ئینسان تەماشا دەکرێت. لەم تێڕوانینانەدا، ئینسان بوونەوەرێکە خاوەنی “ئیرادەیەکی ئازاد”ە کە سیستەمەکان،
دەسەڵاتەکان یان خاوەندارێتیی تایبەت پێشێلی دەکەن و نامۆی دەکەن؛ بۆیە ئەرکی سیاسەت بریتییە لە “ئازادکردن” یان “گێڕانەوەی” ئەم ئیرادە دزراوە.
بەڵام ئەنجڵس لە پەڕتووکی «دژە-دۆهرنگ» (Anti-Dühring)دا، ئەم بۆچونە ئایدیاڵستییانە ڕەتدەکاتەوە.
ئەنجڵس ڕوونی دەکاتەوە کە ئیرادەی ئازاد هیچ نییە جگە لە توانای بڕیاردان بە ئاگادارییەوە لەسەر بنەمای ئاگاداربوون لە یاساکانی پێویستی. واتەکاتێک مرۆڤ تێدەگات کە یاساکانی سروشت یان کۆمەڵگە چۆن کار دەکەن، ئیتر لەژێر باڵادەستیی کوێرانەیان ڕزگاری دەبێت و دەتوانێت بە ئاگادارییەوە ڕێڕەوەکەیان بۆ خزمەتی ئامانجەکانی خۆی ئاڕاستە بکات؛ واتە ئازادی و سەربەخۆیی خەیالییانە نییە لە یاساکان، بەڵکو توانای کۆنتڕۆڵکردنیانە لە ڕێگەی تێگەیشتن لێیان.
لای ئەنجڵس، ئیرادەی ئینسان هێزێکی سەربەخۆ و ناوەکی نییە کە لە بۆشاییدا کار بکات، بەڵکو ئیرادە بەردەوام بە هێزە مادییەکان، پەیوەندییە بەرهەمهێنەرەکان و یاساکانی سروشت و کۆمەڵگە مەڕجدار کراوە.
ئینسان کاتێک ئازادە و خاوەنی ئیرادەیە کە یاساکانی پێویستیی مادی (Necessity) دەناسێت و بەکاریان دەهێنێت بۆ گۆڕینی واقیع، نەک کاتێک لە خەیالی خۆیدا داوای سەربەخۆیی ئیرادە لە یاسا مادییەکان دەکات.
دووەم: ئایا قسەکەی مەنسوور حیکمەت لە ڕووی زانستییەوە دروستە؟
دەستەواژەی “کۆمۆنیزم بزووتنەوەی گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان”، لە سێ ئاستی سەرەکیدا لەگەڵ ماتریالیزمی دیالەکتیکی مارکس-ئەنجڵسدا دەکەوێتە ناکۆکیی قووڵەوە:
١. گۆڕینی “ئینسان”ی واقعی بۆ “ئینسان”ی ئابستراکت (میتافیزیکی)
مەنسوور حیکمەت لەم پێناسەیەدا پەنا دەباتە بەر چەمکی گشتیی “ئینسان” (Human in general). کاتێک باسی “گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان” دەکات، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ شوێنپێی لودڤیگ فۆیۆرباخ و هیگڵییە گەنجەکان.
کارل مارکس و فرێدریش ئەنجڵس لە پەڕتووکی “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی”دا، بە توندی هێرش دەکەنە سەر ئەم تێڕوانینە هیگڵیانەیە، هاوکات لە تێزی شەشەم لەسەر فیورباخ مارکس دەڵێت:
“…جەوهەری ئینسان ئابستراکتێک نییە کە لە ناخی تاکی جوداداکراودا هەبێت؛ بەڵکو لە واقیعی خۆیدا بریتییە لە کۆمەڵەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.”. واتە سروشتی ئینسان دەقێکی ئامادەکراوی ناو ناخمان نییە، بەڵکو ئاوێنەی تەواوی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەیە کە دەورەیان داوین. بەو پێیەی کە کۆمەڵگە بگۆڕە، کەواتە سروشتی ئینسانەکانیش دەگۆڕێن.
لە سیستەمی سەرمایەداریدا “ئینسانی گشتی” بوونی نییە؛ چونکە نکۆڵیکردن لەمە، نکۆڵێکردنیشە لە ململانێی چینەکان و سەرەنجام کردنیەتی بە ململانێی نێوان ئینسانەکان. بەڵام واقیع ئەوەیە کە هەیە، ئەوەیشی کە هەیە بریتییە لە سەرمایەدار (بورژوا) و کرێکار (پرۆلیتاریا)یە. ئیرادەی سەرمایەدار بەستراوەتەوە بە یاسای کەڵەکەکردنی قازانج، و ئیرادەی کرێکاریش بەستراوەتەوە بە فرۆشتنی هێزی کار لەپێناو مانەوەدا. قسەکردن لە “گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان”
ڕووپۆشکردنی ململانێی چینایەتییە بە دروشمێکی ئەخلاقی میتافیزیکی.
٢. گۆڕینی کۆمۆنیزم لە “پرۆسەی مێژوویی”یەوە بۆ “پڕۆژەیەکی ئەخلاقی”
لە بەناوبانگترین ڕستەی پەڕتووکی “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی”دا، مارکس و ئەنجڵس نوسیویانە: ‘کۆمۆنیزم بۆ ئێمە دۆخێک نییە کە دەبێت دابمەزرێت، یان ئایدیاڵێک نییە کە واقیع دەبێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. ئێمە ناوی کۆمۆنیزم لەو بزووتنەوە واقیعییە دەنێین کە دۆخی ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە”.
بەڵام لای مەنسوور حیکمەت، کۆمۆنیزم دەبێتە ئایدیاڵێک یان پڕۆژەیەکی ئەخلاقی کە ئەرکەکەی “گێڕانەوەی ئیرادەیە”. ئەمە ڕێک هەمان ئەو پاشەکشەیەیە کە ئەنجڵس لە پەڕتووکی “سۆشیالیزمی ئۆتۆپی و زانستی”دا ڕەخنەی لێدەگرێت؛ ئەوەش ئەو کاتەیە کە سۆشیالیزم لە سەرچاوە ئابووری و مادییەکانی خۆی دادەکەنرێت و دەکرێتە بیرۆکەیەک لە مێشکی بلیمەتێکدا بۆ دامەزراندنی دادپەروەری و سەرلەنوێ بەخشینەوەی ئیرادە بە ئینسانەکان.
٣. پەراوێزخستنی ژێرخانی ئابووری و بەکالاکردنی کار
لای ئەنجڵس، نامۆبوونی ئینسان یان بێ‌ئیرادەبوونی لە سیستەمی سەرمایەداریدا، ئەرکێکی دەروونی یان سیاسیی ڕووت نییە کە بە بڕیارێکی ئیرادەگەریانە “بگەڕێنرێتەوە”، بەڵکو دەرئەنجامی مادیی «یاسای بەها» (Law of Value) و بەکالاکردنی هێزی کارە.
تا ئەو کاتەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوونی هەبێت، یاسا کوێرەکان و ئابووریی جیهانی حوکمی کۆمەڵگە دەکەن، نەک ئیرادەی ئینسانەکان. کۆمۆنیزم ئیرادە ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو ژێرخانی مادیی سەرمایەداری هەڵدەوەرێنێت تا کۆمەڵگە بتوانێت بە شێوەیەکی پلانبۆکراو و زانستی، دەست بەسەر هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا بگرێت.
سێیەم: کەواتە بۆچی مەنسوور حیکمەت پەنای بۆ دروشمی ئۆتۆپییانە بردوە؟
بۆ تێگەیشتن لە تیۆریی حیکمەت و پەنابردنی بۆ دروشمە ئۆتۆپی و هومانیستییەکان، پێویستە سەیری هەلومەرجی مێژوویی و ئابووریی کۆتایی سەدەی بیستەم بکەین. بەتایبەت ئەو دەورانەی کە مەنسور حکمەت باسەکانی
خۆی بە ئاشکرا دەربڕی.
١. قەیرانی داڕمانی سۆڤیەت و پاشەکشەی ئایدیۆلۆژی
دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا، شەپۆلێکی قورسی بێهیوایی تەواوی بزووتنەوەی چەپی جیهانی داپۆشی.
لە جیاتی ئەوەی کە مەنسوور حیکمەت بە مێتۆدی ماتریالیستی، شیوبوونەوە بکات لە سەرخان و ژێرخانی سەرمایەداریی دەوڵەتی لە سۆڤیەت، دەبینین کە تووشی ترسێکی ئایدیۆلۆژی بووە.
بۆ ئەوەی کۆمۆنیزم لە تۆمەتی “دیکتاتۆریەت و بێمافی” پاک بکاتەوە، هەوڵیداوە پێناسەیەکی نوێ بۆ کۆمۆنیزم بباتە دەرەوە کە سەرپێی بێت و بە دڵی ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوایی بێت: «کۆمۆنیزمی ئینسانگەرایانە» (Human-centered Communism). تەنانەت دیکتاتۆریەتی بێزراوی ستالین، وایکرد کە مەنسوری حکمەت بە هەمان بیانوو، دەستەواژەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاشی وەلانا.
مەنسوور حیکمەت بۆ خۆجیاکردنەوە لە پاشماوەکانی سۆڤیەت، کۆمۆنیزمی لە ماتریالیزمی زانستی داکەندوەو کردویەتی بە هومانیزمێکی ئەخلاقی، تا بڵێت: “ئەوەی لە سۆڤیەت بوو کۆمۆنیزم نەبوو، چونکە ئیرادەی بۆ ئینسان نەگەڕاندەوە!” ئەمە ڕێک هەمان هەڵەی سۆشیالیستە ئۆتۆپییەکانە، کاتێک لە بەرامبەر واقیعدا دەستەوەستان دەبوون، پەنایان دەبردە بەر داڕشتنی زاراوەی جوان و ئەخلاقی.
٢. ئیرادەگەری (Voluntarism) وەک بەدیلی خەباتی چینایەتی
کاتێک لە سەرەتای نەوەدەکاندا چینی کرێکار لەسەر ئاستی جیهانی لە پاشەکشەی ئابووری و سیاسی و ڕێکخراوەییدا بوو، حیکمەت نەیدەتوانی چاوەڕێی گەشەکردنی حەتمیی ناکۆکییە مادییەکان و ئامادەییی بزووتنەوەی کرێکاری بکات. لێرەوە پەنای برد بۆ «ئیرادەگەریی سیاسی».
لای مەنسور حیکمەت، چونکە بزووتنەوەی واقعی لە ئارادا نەبوو، دەبوایە “حزب” و “ئیرادەی ڕادیکاڵیی ڕۆشنبیران” ببێتە جێگرەوەی چینی کرێکار!
دروشمی “گێڕانەوەی ئیرادە” لە ڕاستیدا ئامرازێک بوو بۆ شەرعیەتدان بەم ئیرادەگەرییە حزبایەتییە؛ واتە ئەگەر مەرجە مادییەکانی ئاڵوگۆڕیش ئامادە نەبن، ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی حزب دەتوانێت مێژوو دروست بکات و ئیرادە بۆ ئینسان بگەڕێنێتەوە.
٣. کاریگەریی ئایدیاڵیزمی پۆست-مۆدێرن و “مافی مرۆڤ”ی بورژوازی
مەنسوور حیکمەت لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای فکریی ئەوروپای نەوەدەکاندا، چەمکی “ئیرادە” و “ئینسان”ی لە ئەدەبیاتی لیبرالی و پۆست-مۆدێرنەوە وەرگرتوەو ڕەنگەکەی سوور کردوە.
ئەوە لیبرالیزم بوو کە بانگەشەی “ئازادیی تاک و ئیرادەی ئینسان”ی دەکرد؛ حیکمەتیش لە بڕی تێکشکاندنی ئەم گوتارە لیبرالییە، کەچی کەوتووەتە کێبەڕکێی لەگەڵیدا، بۆئەوەی پێیان بڵێت کۆمۆنیزمی ئێمە زیاتر لە لیبرالیزم ئیرادە بۆ ئینسان دەگەڕێنێتەوە!
کۆمۆنیزم بزووتنەوەی “گێڕانەوەی میتافیزیکییانەی ئیرادە” نییە بۆ ئینسانی ئەبستراکت، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویی و مادییە بۆ:
1. تێکشکاندنی خاوەندارێتیی تایبەتی لەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.
2. کۆتاییهێنان بە یاسای بەها و بەکالاکردنی هێزی کاری مرۆڤ.
3. سپاردنی ئیدارەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان بە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی زانستی.
تەنیا کاتێک ئەم مەرجە مادییانە لە ڕێگەی شۆڕشی سیاسیی چینی کرێکارەوە بەدی دەهێنرێن، ئینسان لە ژێر باڵادەستیی یاسای کوێرانەی بازاڕ و سەرمایە ئازاد دەبێت.
مێژوو بەپێی ویست یان ئیرادەی هیچ تاکێک بە تەنیا ناڕوات، بەڵکو لە بەریەککەوتنی هەزاران ئیرادەی تاکییەوە، “ئیرادەیەکی گشتیی چینایەتی” بەرهەم دێت کە ئاڕاستەی گۆڕانکارییە مێژوویییەکان دیاری دەکات.
ئیرادە لە بۆشاییدا دروست نابێت و وەک شتێکی سەربەخۆ لە مێژوو بوونی نییە؛ بەڵکو بەردەوام ڕەنگدانەوە و بەستراوەی هەلومەرجە مادییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانە.
ئیرادەی ئازاد و ڕاستەقینە ڕاکردن یان فەرامۆشکردنی یاساکانی سروشت و کۆمەڵگە نییە، بەڵکو ناسینی ئەو یاسایانەیە تا ئینسان بتوانێت ئاڕاستەیان بکات بۆ خزمەتی ئامانجەکانی خۆی.
ئیرادە کاتێک دەبێتە هێزێکی ڕاستەقینەی مێژوویی کە لە سنووری ئارەزوو و دروشمی ئاکاری دەربچێت و ببێتە ئاگاداریی کۆنکرێتیی چینایەتی بۆ دەستبردن بۆ گۆڕینی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.