سزای تاوانی قۆستنەوە و گێچەڵی سێکسی لە ڕێگەی پێگەی وەزیفییەوە (نموونەی مامۆستای زانکۆ و خوێندکار)

پارێزەر /رەوەند طارق
یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، کارگێڕی، یان خزمەتگوزاری، پاراستنی متمانە و سەلامەتیی ئەو کەسانەیە کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. کاتێک کەسێک پێگە و دەسەڵاتی وەزیفیی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ مەرامی سێکسی و گێچەڵکردن، نەک تەنها تاوانێکی ئەخلاقیی گەورە ئەنجام دەدات، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە دەکەوێتە ژێر سزایەکی قورسەوە.
ڕوانگەی یاسا بۆ دەسەڵاتی وەزیفی (الظرف المشدد)
لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ (کە لە هەرێمی کوردستانیش بەرکارە)، یاسادانەر زۆر بەوردی مامەڵەی لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانەدا کردووە.
کاتێک تاوانباری گێچەڵ یان دەستدرێژیی سێکسی، کەسێک بێت کە دەسەڵاتی بەسەر قوربانییەکەدا هەبێت (وەک مامۆستا، بەڕێوەبەر، خاوەنکار، یان پزیشک)، ئەوا ئەمە وەک بارودۆخێکی توندکەر (الظرف المشدد) هەژمار دەکرێت.
بەپێی ماددەکانی (٣٩٣) و (٣٩٦) لە یاسای سزادان، سزای ئەم تاوانانە قورستر دەکرێت ئەگەر تاوانبارەکە مامۆستا یان پەروەردەکار بێت، چونکە لێرەدا تاوانەکە تەنها دەستدرێژی نییە، بەڵکو خيانة الأمانة (خیانەتکردن لە متمانە)شە.
نموونەی مامۆستای زانکۆ و خوێندکار
پەیوەندیی نێوان مامۆستای زانکۆ و خوێندکار، پەیوەندییەکی زانستییە کە لەسەر بنەمای ڕێز و متمانە بونیاد نراوە. کاتێک مامۆستایەک ئەم پێگەیە دەقۆزێتەوە (بۆ نموونە: هەڕەشەی دابەزاندنی نمرە دەکات، یان بەڵێنی دەرچوون و پێدانی نمرە دەدات لە بەرامبەر خواستێکی سێکسی)، لە ڕووی یاساییەوە چەند خاڵێک دروست دەبێت:
نەبوونی ڕەزامەندیی ڕاستەقینە: تەنانەت ئەگەر خوێندکارەکە بە ڕواڵەت ڕازییش بێت، لە ڕووی یاساییەوە ئەو ڕەزامەندییە بەتەڵە (باطل)ە، چونکە لەژێر فشاری دەسەڵات و ترسی لەدەستدانی ئایندەی ئەکادیمیدا دراوە. ئەمەش پێی دەوترێت (عیب لە ڕەزامەندی – عیب الرضا) بەهۆی ئیستغلالکردنەوە.
تاوانی بەرتیل و ئیستغلالی وەزیفی: جگە لە تاوانە سێکسییەکە، مامۆستاکە دەکرێت ڕووبەڕووی ماددەکانی تایبەت بە داواکردنی بەرتیل (الرشوة) ببێتەوە، چونکە خزمەتێکی گشتی (پێدانی نمرە یان دەرچاندن)ی بەستووەتەوە بە بەرژەوەندییەکی کەسیی نایاساییەوە.
سزاکان چین؟
سزاکان بەپێی جۆری کردارەکە دەگۆڕێن، بەڵام بەگشتی بریتین لە:
1. سزای تاوانکاری (الجنائي): دەستگیرکردن و زیندانیکردن کە بەپێی جۆری گێچەڵەکە یان دەستدرێژییەکە دەکرێت بگاتە چەندین ساڵ زیندانیکردنی توند، بەتایبەت کە پێگەی مامۆستایەتییەکەی سزاکەی قورستر دەکات.
2. سزای کارگێڕی (الإداري): دوورخستنەوەی یەکجاری لە پیشەکەی، لێسەندنەوەی نازناوی زانستی، و دەرکردنی لە زانکۆ (العزل الوظيفي)، چونکە مەرجی (دەستپاکی و ڕەوشتبەرزی) لەدەست داوە کە مەرجی سەرەکیی مانەوەیە لە وەزیفەی گشتیدا.
چۆن قوربانیان خۆیان بپارێزن؟
گرنگترین هەنگاو بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە بێدەنگ نەبوونە. یاسا پارێزبەندیی تەواو دەدات بەو کەسانەی سکاڵا تۆمار دەکەن. کۆکردنەوەی بەڵگەکان (وەک نامەی مۆبایل، تۆماری دەنگی، شایەتحاڵ، یان ئاگادارکردنەوەی لیژنەی کێشەکانی خوێندکاران لە زانکۆ) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە سەلماندنی تاوانەکە و پاراستنی مافی خوێندکارەکە.