کاتێک مرۆڤ زمانی مرۆڤی لەبیر دەکات !

0

 


هەندێک جار، یەک ڕستە لە دەنگی هەزار مووشەک وێرانکەرترە.
مووشەک تەنها دیواری قوتابخانەیەک تێکدەدات؛ بەڵام وشەیەک کە مردنی منداڵان بکاتە ئارگومێنتێکی سیاسی، وێرانەیەکی قووڵتر لە ویژدانی مرۆڤدا بەجێدەهێڵێت.

دوای کوشتنی منداڵان لە قوتابخانەیەکی شاری میناب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، مەسیح عەلینەژاد ڕستەیەکی گوت کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە: “لانی کەم خێزانەکان پارە نادەن بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکانیان”.

لەو ساتەوەختەوە ئیتر ئەو لێدوانەم بە شیکاری سیاسی نەزانی؛ وەک بریندارکردنێک بۆ کەرامەتی مرۆڤ بینیم.

کام دایکە، لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە، بتوانێت بێ هیچ نرخێک، مردنی منداڵەکەی بخاتە سەر تەرازوو؟

دایک ناوێکی ترە بۆ ژیان. دایک دوا پەناگەی منداڵە.

وە منداڵ ژمارە نییە، ئامار نییە، ئامراز نییە بۆ سەلماندنی هیچ گێڕانەوەیەکی سیاسی.

کاتێک جەستەی بێ گیانی منداڵان دەبنە ئامرازی مشتومڕ، شتێکی گەورەتر لە ڕاستی لەدەست دەچێت:

مرۆڤایەتی.
من بەرگری لە حکومەتێک ناکەم، نە شەڕێک، نە ئەو زلهێزانەی جیهانیان کردۆتە مەیدانی خوێن.

بەڵام من بە دڵم باوەڕم وایە هیچ ئایدیاڵێک و هیچ ئایدۆلۆژیایەک و هیچ دوژمنێک مافی ئەوەی نییە فرمێسکی دایک و تەرمی منداڵێک بکاتە کەرەستەی پڕوپاگەندەی سیاسی.

لەو شوێنەی کە مرۆڤ ئازارەکانی مرۆڤ دەکاتە ئامرازی سەرکەوتنی خۆی، زمان چیتر زمانی مرۆڤ نییە.

شامی سەڵاواتی

وەرگێرانی /ئاوات ڕەسوڵ 
٣ی ئابی ٢٠٢٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.