لە زانستی شۆڕشەوە بۆ زانستی سەربازی:

0

زمناکۆ عزیز 

 

ئەنجلس و تروتسکی وەک ئەندازیارانی ڕزگاریی پرۆلیتاریا
مێژوو کاتێک دەست بە جووڵە دەکات، بە بیرۆکەی پەتی ناجووڵێت؛ بەڵکو بیرۆکەکان لەو کاتەوە دەبنە هێزێکی مادی کە ڕێکخستن، سەرباز، و زانستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانەیان دەدرێتێ.
لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاران و سۆسیالیزمی زانستیدا، ناوی کارل مارکس و ڤلادیمێر لینین وەک دوو جەمسەری تیۆری و سیاسی هەمیشە لە لووتکەدایە، بەڵام بینای شۆڕش لە هەوادا دانەنراوە. ئەگەر مارکس “مێشکی زانستیی سۆسیالیزم” و لینین “دەستپێشخەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر” بووبن، ئەوا فرێدریک ئەنجڵس و لیۆن تروتسکی ئەو دوو ستوونە داڕێژەر و مادییە بوون کە بەبێ ئەوان، شتێک بەناوی “مارکسیزم-لینینیزم” لە واقیعی مێژووییدا بوونی نەدەبوو، یان لە باشترین حاڵەتدا وەک دەستنووسێکی ئەکادیمی نیوەناچڵ و شۆڕشێکی سەرکوتکراو لە بیردەچوونەوە.
فرێدریک ئەنجلس: “جەنەراڵ”ێک کە دیالەکتیکی کردە چەک
ئەنجلس بە سادەیییەوە ووتویەتی: “من لە تەنیشت مارکسدا کەمانچەی دووەمم دەژەند”، بەڵام راستییە مێژوویییەکە ئەوەیە کە بەبێ ئەم “کەمانچەی دووەمە”، سەمفۆنیای مارکسیزم هەرگیز تەواو نەدەبوو.
ئەنجلس تەنیا پشتیوانێکی دارایی یان دۆستێکی دڵسۆز نەبوو؛ ئەو یەکەم کەس بوو کە ئابووریی ڕاستەقینەی سەرمایەداریی لە ناو کارگەکانی مانچستەرەوە ناسی و ئەزموونی مادیی چینی کرێکاری لە کتێبی بەنرخی “بارودۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا” دا کردە هەوێنی توێژینەوەکانی مارکس.
دوای کۆچی دوایی مارکس، بەشەکانی دووەم و سێیەمی کتێبی “سەرمایە” (Das Kapital) کە تەنیا کۆمەڵێک دەستنووسی شێواو، پەرشوبڵاو و ناڕوون بوون. ئەنجلس زیاتر لە دە ساڵ لە تەمەنی تەرخان کرد بۆ کۆدکردنەوە، دەستکاریی زانستی و بڵاوکردنەوەی ئەم شاکارە ئابوورییە.
ئەگەر ئەنجلس نەبووایە، تیۆریی ئابووریی مارکسیزم بە نادیاری دەمایەوە و جیهان هەرگیز تێڕوانینی تەواوی بۆ چەوسانەوەی سەرمایەداری دەستنەکەوت.
جگە لەوەش، کتێبەکانی وەک “دژە دووهرینگ”، “ڕەچەڵەکی خێزان، موڵکایەتی تایبەت و دەوڵەت” و “دیالەکتیکی سروشت” بوونە هۆی ئەوەی مارکسیزم لە فەلسەفەیەکی ئاڵۆزەوە ببێتە میتۆدێکی زانستیی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە جیهان.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و جەوهەریترین ڕەهەندەکانی کەسایەتی ئەنجلس، خولیای قووڵی ئەو بووە بۆ زانستی سەربازی. لە ناو خێزانی مارکسدا، کچەکانی مارکس (جێنی، لاورا و ئێلینۆر) و خودی کارل مارکس بە خۆشەویستییەوە نازناوی “جەنەراڵ” (Der General) یان لێنابوو. نازناوی “جەنەراڵ” بۆ ئەنجلس بەڵگەی مێژوویی نووسراو و ڕاستەوخۆی لە ناو بەڵگەنامە، نامەکان و بیرهاتنەوەکانی خێزان و هاوڕێ نزیکەکانی مارکسدا هەیە.
ئەم نازناوە تەنیا یارییەکی خێزانی نەبووە؛ ئەنجڵس لە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ی ئەڵمانیادا، ئەنجلس خۆی چووە بەشداریی جەنگی ڕاستەقینەی شەقامی کرد. ئەو لە مێژووی سەربازیی جیهان، تاکتیکەکانی جەنگ، و پێکهاتەی سوپای دەوڵەتە بۆرژوازییەکانی بە وردی دەکۆڵییەوە و لە ڕۆژنامەکاندا شیكاریی سەربازیی ئەوەندە بڕشتانەی دەکرد، کە ئەفسەرە پلەبەرزەکانی پرۆس پێیان وابووە ئەم وتارانە لەلایەن جەنەراڵێکی باڵای سوپاوە دەنووسرێن! وتارەکانی فرێدریک ئەنجلس لەسەر زانست، ژیۆپۆلیتیک و تاکتیکی سەربازی لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری کاریگەری سەدەی نۆزدەیەمدا چاپ و بڵاودەکرانەوە، کە دواتر لە دووتوێی چەندین کتێب و نامیلکەدا کۆکرانەوە.
ئەم لیستە بریتییە لە ناسراوترین کتێب و نامیلکە سەربازییەکانی ئەنجڵس:
1. «پوو و ڕاین» (Po und Rhein – ١٨٥٩): ئەمە ناووبانگترین نامیلکەی سەربازیی ئەنجلسە. بە بێناونیشان (Anonymous) بڵاوی کردەوە؛ شیکارییەکی ئەوەندە ئاستبەرز و وردی بۆ ستراتیژیی سەربازیی نەمسا و فەرەنسا کردبوو، کە جەنەراڵە باڵاکانی پرۆس پێیان وابوو لەلایەن جەنەراڵێکی ئەزموونداری ئەرکانی سوپای پرۆسەوە نووسراوە.
2. “تێبینییەکان لەسەر جەنگ” (Notes on the War – ١٨٧١): کۆکراوەی ئەو ٦٠ وتارە سەربازییە بوو کە لە ڕۆژنامەی Pall Mall Gazette لە کاتی جەنگی فەرەنسا-پرۆسدا بڵاوی کردبووەوە.
3. “سافۆی، نیس و ڕاین” (Savoyen, Nizza und der Rhein – ١٨٦٠): شیکاریی بەردەوامی تاکتیکە ژیۆپۆلیتیکی و سەربازییەکانی ئەوروپا بوو.
4. “پرسی سەربازیی پرۆس و حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا” (١٨٦٥): لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ڕێکخستنی دەوڵەت، سوپا و هەڵوێستی چینی کرێکار بەرامبەر سەربازگیری.
ئەنجلس لە ڕێگەی ئەم لێکۆڵینەوانەیەوە سەلماندی کە شۆڕش تەنیا دروشم نییە، بەڵکو “هونەرێکی سەربازییە”.
ئەو زانیویەتی کە دەوڵەتی بۆرژوازی لە ڕێگەی هێزی چەکدارەوە دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت، بۆیە پرۆلیتاریا بەبێ تێگەیشتن لە زانستی سەربازی و ڕێکخستنی بەرگریی چەکدارانە، لە بەرامبەر ئامێری سەرکوتی دەوڵەتدا دەپڵیشێتەوە. ئەم تێگەیشتنە سەربازییەی ئەنجلس، بنەمای مادیی ئەو بیرۆکەیە بوو کە دواتر لینین و تروتسکی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا پەیڕەوییان کرد.
لیۆن تروتسکی: قەڵغانی پرۆلیتاریا و ئەندازیاری سوپای سوور
ئەگەر ئەنجلس تیۆریست و “جەنەراڵ”ی فکریی زانستی سەربازیی پرۆلیتاریا بووبێت، ئەوا لیۆن تروتسکی جێبەجێکاری کردەییی ئەم تیۆرییە بوو لە سەدەی بیستەمدا. لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا، لینین ئاڕاستەکار و ڕابەری سیاسی بوو، بەڵام تروتسکی وەک سەرۆکی کۆمیته‌ی سەربازیی شۆڕشگێڕیی سۆڤیەتی پترۆگراد، ڕاستەوخۆ پلانی دەستبەسەرداگرتنی ناوەندەکانی بڕیاردان و ڕوخاندنی حکومەتی کاتیی داڕشت.
گەورەترین و مێژووییترین نەخشی تروتسکی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش دەستپێپێکردوە. کاتێک ١٤ دەوڵەتی ئیمپریالیستی لەگەڵ سوپای سپیی پاشایەتیخوازەکان لە هەموو لایەکەوە هێرشیان کردوەتە سەر دەوڵەتە نوێیەکەی کرێکاران، شۆڕش لە لێواری لەناوچوونی یەکجارەکیدا بووە.
سۆڤیەت هیچ سوپایەکی ڕێکخراوی نەبووە؛ تەنیا گرووپی پەرشوبڵاوی پارتیزانی و کرێکاری ماندوو بوون.
بە بڕیاری لینین، تروتسکی بووەتە کۆمیساریی گەلی بۆ ئەرکی سەربازی و “سوپای سوور” (Red Army)ی لە سفرەوە دامەزراندوە، کە یەکەمین سوپای ڕاستەقینە و ڕێکخراوی چینی کرێکار بوو لە مێژوودا. تروتسکی بە شەمەندەفەرە زرێپۆشە ناودارەکەیەوە، ساڵانێک لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر دەگەڕا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کیڵۆمەتری لە ناو ئاگر و خوێندا بڕی. ئەو توانی ملیۆنان کرێکار و ڕەنجدەر ڕێکبخات، و دیسپلینی سەربازی لەگەڵ هۆشیاریی ئایدیۆلۆژیدا تێکەڵ بکات.
بەبێ سەرکردایەتیی سەربازیی تروتسکی و دامەزراندنی سوپای سوور، دەوڵەتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩١٨ یان ١٩١٩ لەلایەن ئیمپریالیزمەوە هەڵدەتەکێنرا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبووە تەنیا یادوەرینامەیەکی غەمگین لە مێژوودا.
تروتسکی لە ڕووی تیۆریشییەوە بە تێزی “شۆڕشی بەردەوام” (Permanent Revolution) سەلماندی کە سۆسیالیزم ناتوانێت لە ناو سنووری یەک وڵاتدا قەتیس بمێنێتەوە و دەبێت ببێتە پرۆسەیەکی جیهانی؛ تێزێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئینتەرناسیۆنالیزمی ڕەسەنی مارکس و ئەنجڵسدا بوو.
دیالەکتیکی تەواوکاری: بۆچی “مارکسیزم-لینینیزم” بەبێ ئەم دووانە مەحاڵ بوو؟
لە مێژووی دیالەکتیکیی بزووتنەوەی کرێکاریدا، پەیوەندییەکی ئەندامی و جەوهەری لە نێوان ئەم چوار بیرمەندەدا دەبینین. ئەگەر مارکس بناغەی فەلسەفی و ئابووریی داڕشتبێت، ئەنجلس ئەو بناغەیەی کردە زانستێکی بەردەست، دیالەکتیکی سروشتی پێوە بەستەوە و ڕەهەندی سەربازیی دەوڵەت و شۆڕشی ڕوون کردەوە. بە هەمان شێوە، کاتێک لینین تیۆریی حزبی پێشڕەو و داڕمانی ئیمپریالیزمی گەشەپێدا، تروتسکی ئەو هێزە مادی و سەربازییەی دروست کرد کە تیۆرییەکانی لینینی لەسەر زەوی پاراست و هێشتییەوە.
بۆیە، کورتکردنەوەی مێژووی کۆمۆنیزم تەنیا لە ناوی مارکس و لینیندا، جۆرێکە لە نادیدەگرتنی مێژوویی. بەبێ ئەنجڵس (“جەنەراڵ”ی تیۆری)، مارکسیزم بەبێ شاکارە ئابووری و فەلسەفییەکانی دەمایەوە. بەبێ تروتسکی (“جەنەراڵ”ی کردەیی)، شۆڕشی بەلشەڤیکی لە ژێر دەستی ئیمپریالیزمدا دەخنکێنرا.
ئەم دوو ڕابەرە سەلماندیان کە سۆسیالیزمی زانستی، نە دروشمی خەیاڵییە و نە کورتکراوەی کودەتای تەکنیکیی نوخبەیەک؛ بەڵکو ئاوێتەبوونی هوشیاریی قووڵی تیۆرییە لەگەڵ ڕێکخستنی مادیی زەبەلاحی خودی چینی کرێکاردا بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی مێژوویی خۆی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.