حزبی شیوعی عێراق ئیدانەی هێرشە هاوبەشەکەی سعودیەو ئەمریکا دەکات بۆ سەر خاکی عێراق …
حزبی شیوعی عێراقی نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە هێرشی ئاسمانی ئەمریکی – سعودی دەربڕی، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە خاکی عێراقی کردە ئامانج و چەندین قوربانیی گیانی و برینداری لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا حزبی شیوعی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە و هەر دەستدرێژییەک دەکات بۆ سەر سەروەریی وڵات، جەختیش دەکاتەوە کە نابێت خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی داوای لە حکوومەتی عێراق و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد بە جددی کار بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو بیانووانەی کە بەکاردێن بۆ پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و خستنە مەترسی ئاسایشی هاووڵاتییان.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەت بە تەنها و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە خاوەنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بێت، و چەک بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی فەرمی دەوڵەتدا کۆبکرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، حزبی شیوعی عێراق، جەختیکردەوە کە پاراستنی خوێنی هاووڵاتییان و سەروەریی خاکی عێراق دەبێت هەمیشە لە سەرووی هەموو حساباتێکی سیاسی و بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە بێت.
داواشی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆ و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی لە عێراق و ناوچەکەدا، بە شێوازێک کە مافی گەلان بۆ ژیانێکی سەلامەت مسۆگەر بکات….
