ئەو دەستانەی بە یەکتر ناگەن!

0

ڕزگار عومەر

 

 

کۆمەڵگەی ئێمە ساڵانێکی زۆرە، کە تەرمی پڕۆژە سیاسیەکان و یۆتۆبیاکان لە چوار دەوری خۆی دەبینێ، کە دەبینێ تەرمی “ڕاستیش” چ وەکو حەقیقەت چ وەکو خوێن و گۆشتی مرۆڤەکان، تێکەڵ بە تەرمی “ڕەمزیانەی” پڕۆژەکان و ئومێدەکان دەبێ. دێ خۆی بەو لەتە دارە دەروونیانەی دەگرێتەوە چەشنی: کە لە بەر خۆیەوە دەڵێ:- “خراپتر بەڕێوەیە!”

 

 

ڕەنگە ڕاستیەك لەم قسەیەدا هەبێت، بەڵام بەو رادەیە ڕاست دەردەچێ کە تۆ وابزانیت “دوا ڕۆژت” دوورترە لە ئەمڕۆ، وابزانیت تۆ ناتوانی جێ پەنجەیەك لە بچمی ئەمڕۆ بدەی!

 

کاراکتەرە فەیکەکان تەنیا سیاسەتمەدارو دەوڵەتە خراپەکان نیە، کە تراژیدیان کردۆتە سەرو سیمای سەرەکی ژیان، بەڵکو بەشێکی زۆری ئەو رەخنەگرانەن کە بە ڕەخنەکانیان لەم کاراکتەرو دەوڵەت و حکومات و ڕژێمانە تەنیا ئەوەندە دەڵێنەوە کە سێبەرو تەمەن و فاکتەکانی مانەوەی “بەرەی خراپ” درێژتر بکەن.

 

 

 

پرسیارەکەش هەرگیز لە سروشت و پێناسەی “ڕەخنەی دروست نیە” بەڵکو هەمیشە لە “دێرە نەوتراوەکانی ڕەخنەیە”، ئێمە پێویستیمان بە وێستگەیەكە کە بەر لە پشوو، تۆزی سەردەمێك لە خۆمان داتەکێنین!

 

 

 

ئەو قسەکەرە زۆر بڵێیانەش، ئەو خەیاتە ئایدیۆلۆژیا فەیکانە “ژمارەیەکی نوێ و تازە پەیدابوونە” کە سەر لەنوێ حیکایەتە کۆنەکانمان بە تەونێکی تازە بەسەر ساغ دەکەنەوە، ئەوان دەڵێن وەرن با “نیشتمان- نیشتیمانی بوون” بنیات بنێینەوە، بەڵام دەست لە پیرۆزی و بتەکانی حیکایەتە کۆنەکە مەدەن، چونکە ڕیتمی بالورەکە تێك دەچێ، ئەبێ حیسابی برغویەکیان بۆ بکەین لە هەمان سیستەم.

 

 

 

بەرگرتن لە تراژیدیا؛- تێزێکی “ئیرادەگەری” نیە بە تێگەیشتنە میکانیکیکەی، بەڵکو ئەرک و ساغبوونەوەیە.

 

 

تێگەیشتن لە سیستەمی “دووبارە بوونەوە یان گەڕانەوە” لە بەرەوپێشچوونی مێژوو پێشمەرج و بەرچاو ڕوونیە لە ئامرازە مومکینەکانی بەرگرتن لە دووبارە بوونەوەی تراژیدیا.

 

 

لە ڕووی هۆشیاریەوە “خۆ جیاکردنەوە” خۆ داماڵین لە حیکایەتی “بکەر یان دروست کەرانی تراژیدیاکان” بەشی دووەمی ئامرازەکانی نەقش کردنی ئەمڕۆتە، واتە نەقشی دوا ڕۆژت!
Leave A Reply

Your email address will not be published.