ڕاگەیاندنی هاوبەش:لە بەرامبەر نەهامەتییەکانی شەڕ دژ بە خەڵک، دەبێت ڕژیمی ئیسلامی ناچار بکرێت قەرەبووی زیانەکان بداتەوە و ئەم وێرانییانە چاک بکاتەوە.

0
بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنی دەوڵەتە تیرۆریستەکان و ئەرکەکانی ئێمە
بن‌بەستی ئاگربەستی ناسەقامگیری نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ڕۆژی ١٤ی ژوئەندا پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و هەردوولا لەسەر لێکتێگەیشتننامەیەکی ١٤ خاڵی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ گەیشتنە ڕێککەوتن.

 

بن‌بەستی شەڕ بەهۆی کۆمەڵێک بەربەستەوە، هەردوولای ناچار کرد بێنە نێو پرۆسەیەکی لەم شێوەیەوە.
لە لایەکەوە ئەمریکا و لەشکرکێشییە سەربازییەکەی لە ماوەی ٣٩ ڕۆژ شەڕدا نەیتوانی بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکانی پێشووی، واتە تەسلیمکردنی کۆماری ئیسلامی. نە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕژیم لەناو چوون، نە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ لە ئێران برایە دەرەوە، وە نە توانای مووشەکی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانیشی، سەرەڕای ئەو گورزانەی بەریان کەوت، لەناو چوون.
سەرباری ئەمانەش، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کە هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردبوو، قەیرانێکی بەربڵاوی لە بەشێکی گەورەی ئابووریی جیهانیدا خوڵقاند. گوشاری ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر دەوڵەتی ئەمریکاوە هەبوو. سەرەڕای ئەوەش، درز و کەلێنی نێو دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، لە ڕیزی ئەو گوشارانە بوون کە دۆناڵد ترامپیان ناچار بە وەرچەرخان بەرەو سازش و مامەڵەکردن و سەرەنجام قبووڵکردنی لێکتێگەیشتنێکی وا کرد. ڕوونە کە ئەمریکا و گەورەترین سوپای جیهان لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەدا، هەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی و هەم لە بەرەنگاربوونەوەی جەمسەرە ڕکابەرە جیهانییەکان، لانیکەم تا ئەم قۆناغە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە. ئەوەی لە لێکتێگەیشتننامەکەدا هاتووە، هەمان هەلومەرجی ناوچەکە و کەنداوی فارسە لەپێش دەستپێکی شەڕە ٣٩ ڕۆژەکەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، گورزە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان و درز و کەلێنی سەرەوەی دەسەڵات، کۆماری ئیسلامیشی ناچار کرد تا لە دروشمی «شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن» و تۆڵەسەندنەوەی خامنەیی پاشەکشە بکات و سەرەنجام لەگەڵ «شەیتانی گەورە»دا لێکتێگەیشتننامەیەک واژۆ بکات کە ئەگەر بێت و جێبەجێ بکرێت، کۆمەڵێک ئیمتیازی ئەمنی و ئابووریی بەرچاو بۆ کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت.
بەڵام لێکتێگەیشتننامە شەست ڕۆژەکە لەرزۆک و ناسەقامگیرە، چونکە خۆی بەرهەمی ئەو هەلومەرجە و ئەو هاوسەنگی هێزەیە کە پاش ٣٩ ڕۆژ شەڕ هاتووەتە ئاراوە و تێیدا لایەنەکان نەیانتوانیوە باڵادەستییەکی یەکلاکەرەوە بەسەر یەکتریدا مسۆگەر بکەن.

 

لە ئەنجامدا، لەم ئاستەشدا ماهییەتێکی ناسەقامگیری هەیە. سەرباری ئەوەش، دەستی بۆ ڕەگ و ڕیشەی قەیرانە درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبردووە. ئەو لێکدانەوانەی کە بۆ هەندێک لە بڕگەکانی دەکرێن، دەتوانن ببنە هۆی ناکۆکی و هەڵوەشاندنەوەی سەرتاپای ڕێککەوتنەکە. بەم پێیە، خاڵی هاوسەنگی سەقامگیر لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیلدا دروست ناکات. لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، وێستگەیەکە لەسەر ڕێڕەوی بازنەی شەڕ و دانوستان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیلدا. ئەم خاڵەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت کە کۆماری ئیسلامی، کە شوناسە دژەئەمریکایی و دژەئیسرائیلییەکەی یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوەی، بەئاسانی ناتوانێت لە پاشەکشەیەکی گەورەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا هاوڕا بێت.
لە ئەگەری نهایی بوون و پەسەندکرانی ئەم لێکتێگەیشتنە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا و بەدەستهێنانی پارە و ئیمتیازی دارایی بۆ کۆماری ئیسلامی، ڕوونە ڕژیمێک کە مانەوە لە دەسەڵاتدا بە هەر نرخێک ئەولەویەتی یەکەم و کۆتاییەتی، ئەو پارەیە بۆ چاککردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی گشتی بەکار ناهێنێت؛ بەڵکوو هەروەک پێشوو تەرخانی دەکات بۆ پڕچەککردن و نۆژەنکردنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان و دامەزراوە خورافییەکانی و دەرفەتە داراییەکان لە پێناو ئەواندا خەرج دەکات. بەڵام سەرەنجامی ئەم لێکتێگەیشتنە بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، خودی کۆتایی‌هاتنی شەڕ بۆ کۆمەڵگەی ئێران و ژیان و بژێوی پڕمەینەتی دەیان ملیۆن خەڵکی زەحمەتکێش کارێکی دڵخوازە و دەرفەتێکە بۆ بووژاندنەوەی بارودۆخی ئاسایی کۆمەڵگە و گرنگتر لەوەش، دەرفەتێک بۆ هەستانەوەی سەرلەنوێی بزووتنەوە ناڕەزاییەکان دەڕەخسێنێت.
شەڕە ١٢ ڕۆژەکەی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤ و بەتایبەتی شەڕە ٣٩ ڕۆژەکەی ئەم دواییە، جارێکی تر ڕیزی دۆستان و دوژمنانی لێک جیا کردەوە. نیشانی دا کە کۆمەڵگەی ئێران لەسەر ڕێڕەوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا چ مەترسی و کۆسپێکی لە بەردەمدایە.

 

ئاگرخۆشکەرانی شەڕ و لایەنگرانی بێشەرمی بۆمباران و مووشەکبارانی شار و کارگە و قوتابخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک، شەرمەزارییەکی بێوێنەی خستە سەر مێژووە هەمیشەڕەشەکەیان.
هارترین بەشیان، کە ڕەوتی سووپەرشۆڤێنیستی پاشایەتیخوازە، بۆ وێرانبوونی کۆمەڵگە و ڕژانی خوێنی منداڵانی قوتابخانەی میناب و بۆمبارانی زانکۆکان، نەخۆشخانەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون، لە شارە گەورەکانی ڕۆژئاوا دەستیان دایە سەمای سەرشەقام و خواردنەوەی شامپاین، و تفیشیان لە مرۆڤایەتی و بەرگریکردن لە کەرامەتی جیهانی سەردەمی هاوچەرخ کرد.

 

بێگومان ئەوان تەنیا نەبوون. ڕیزی چاوەڕوانی بۆرژوازیی لایەنگری ڕۆژئاوا و بەشێکی بەرفراوان لە حیزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان، و لە سەروویانەوە هاوپەیمانی شەش ڕەوتی ناسیۆنالیستی لە کوردستان، بە هیوای بەرهەمداربوونی شەڕی تاوانکارانەی ئەمریکا و ئیسرائیل و «ڕژیم چەینج» لە سەرەوە، شاگەشکە بوون، بێ‌ئابڕووانە ئامادەی هاوپەیمانیی سەربازی بوون لەگەڵ سوپای دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا و بێشەرمانە لە ڕێگەی میدیا دژەکۆمەڵگە و شەڕخوازەکانەوە، بە پڕوپاگەندەکردن بۆ باشییەکانی شەڕ، بایەخ نەدانیان بە ئاسایش و پاراستنی گیان و ماڵی دەیان ملیۆن مرۆڤ خستە ڕوو.
لێکتێگەیشتننامەی ئەم دواییە، دوایین بزمارە لە تابووتی «ڕژیم چەینج» و مەرەخەس‌کردنی شەڕخوازانە تا کاتێکی نادیار لەلایەن ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاوە. یارمەتی ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی «لە ڕێگەدا» بوو، نەک بۆ کەسێکی تر!
یەکێک لە بڕگەکانی ئەم لێکتێگەیشتننامەیە، لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، دەستوەردان‌نەکردنی دەرەکییە لە کاروباری ناوخۆیی ئێراندا. باڵی شەڕخواز، لە ڕاستی پاشایەتیخوازەوە بگرە تا تەیفی میللییەکانی پرۆ-ڕۆژئاوا و ناسیۆنالیستەکان، دوای تێپەڕاندنی دڵەڕاوکێ و بێئومێدی و داماویی ئەم ڕۆژانەیان، دەبێت لە داهاتوودا لەبەردەم خەڵکی ئێران و ویژدانە بێدار و مرۆڤدۆستەکاندا، وەڵامدەرەوەی سیاسەتە دژەگەلییەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا و لە بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی ٩٠ ملیۆنیدا بن.
کۆمەڵگە و بزووتنەوەی هەقخوازانە سەرلەنوێ هەڵدەستێتەوە و ئابڕووی جووڵەی ئەم دواییەی شەڕخوازە بێشەرمەکان، لەپاڵ ئەو هێزە دژەخەڵکییانەی کە لەم قۆناغەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگە قۆڵیان هەڵماڵیبوو، دەبات.
کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەی هێشتاکە دەزگای حاکمیەتە تاوانکارانەکەی بەپێوە وەستاوە و نەڕووخاوە، خۆی بە براوەی شەڕەکە دادەنێت. بەڵام ڕوودانی شەڕ و هەلومەرجی شەڕ و بەم بیانووەوە توندکردنەوەی سەرکوت و لەسێدارەدان و زیندانیکردن، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەرەی ڕاستەقینەی شەڕی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دژ بە کۆماری ئیسلامی پەراوێز بخات.
شەڕە ڕاستەقینەکە دووبارە لە هەمان شوێنەوە درێژەی پێدەدرێت کە پێش شەڕەکە بوونی هەبوو. ڕووبەڕووبوونەوەی کرێکاران و ئەو جەماوەرەی کە قین و بێزارییان لە کۆماری ئیسلامی هەیە، کۆنتر و ڕیشەییترە لە هەر شەڕێک.

 

دژایەتی بەرامبەر بە بەڵای بێکاری و هەژاری و تەحەممولکردنی بژێوییەکی پڕمەینەت لە پاڵ نائەمنی و سەرکوتی هەر دەنگێکی ناڕازی، دووبارە دەبووژێتەوە.
بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر سەرلەنوێ دێنەوە گۆڕەپان.
لە گەرمەی هەر ئەم شەڕە وێرانکەرەشدا، دەنگی کرێکار و خوێندکار و ژنی یەکسانیخواز کپ نەبوو. مێژوو و دۆسیەی ڕژیمی دژەدیموکراتی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ملیۆنان خەڵکی خەباتکار و خوازیاری ڕووخاندا، بەم شەڕەی دوایی سپی ناکرێتەوە.
ئەو جۆگە خوێنەی کەوتووەتە نێوان خەڵکی جەرگسووتاو و کۆمەڵگەی داخدار، بە پاساوی هێرشی دەرەکی و سیخوڕتاشین بۆ نەیارانی سیاسی، پڕ ناکرێتەوە.
یەکلاکردنەوەی کۆتایی حیساباتی کۆمەڵگەی ئێران لە شەڕی ڕاستەقینەی دژ بە کۆماری ئیسلامی و ئامادەکردنی کۆمەڵگە بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و مرۆڤایەتی بۆ نێو کۆمەڵگە، تەنیا بە ڕێڕەوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت.
ئەمەش ئەجێندا و دەستووری کاری چینی کرێکار و ڕیزی ئازادیخوازیی کۆمەڵگە و ئێمەی کۆمۆنیستەکانە.
ئەمڕۆکە سەرباری شەپۆلی ملیۆنی بێکاری و هەژاری، گرانی و هەڵاوسان و سەختی بژێوی، هەڵاواردن و سەرکوت و لەسێدارەدان و دەیان مافی پێشێلکراوی تر، کۆتایی‌هاتنی شەڕ وێرانەیەکی بەدوای خۆیدا جێهێشتووە کە تاوانەکەی (باجەکەی) کەوتووەتە سەر شانی خەڵکێکی بێتاوان کە هیچ ڕۆڵێکیان لە پێکهێنانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نەبووە.
لە بەرامبەر نەهامەتییەکانی شەڕ دژ بە خەڵک، دەبێت ڕژیمی ئیسلامی ناچار بکرێت قەرەبووی زیانەکان بداتەوە و ئەم وێرانییانە چاک بکاتەوە.
دەبێت ژیان و چارەسەری پزیشکی بریندارەکان و ئەو خێزانە بێتاوان و بێسەرپەرشتانەی بوونە قوربانی شەڕ، دابین بکرێت.
و سەرەنجام بۆ درێژەدان بە خەبات دژ بە ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی، ئێمە لە سفرەوە دەست پێناکەین. ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە مەزنانەی ساڵانی دوایی کە کۆماری ئیسلامییان تا لێواری ڕووخاندن پاشەکشە پێکرد، ئەزموونگەلێکی گەورەیان فێر کردووین کە دەبێت ببنە چرای ڕێنوێنی پێشڕەوییەکانی داهاتوومان.
هەروەها هاوپشتی، ڕێکخستن و ڕێکخراوبوون، کە دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕانکاری و سەرکردایەتیکردنی خەباتی ڕەوای چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر.
ئەمانە ئەڵقە کلیدییەکانی سەرکەوتنی خەباتی کۆمەڵگەن بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی.
ئەمڕۆ چیتر سیاسەتی دژەخەڵکی و چاوەڕوانی بۆ «ڕژیم چەینج»، و مانەوە بە یارمەتی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕزگاربوون لە ڕژیمی دژەمرۆڤی کۆماری ئیسلامی، لە ئاستێکی بەرفراواندا داڕماوە و هاندەران و پڕوپاگەندەکارانی لە دۆخێکی سەرگەردانی سیاسیدا دەژین.

 

دەبێت ئەم ئەزموونە بکرێتە هێزی متمانەبەخۆبوون و بڕوابوون بە خۆ و بە توانای جەماوەری ڕاپەڕیوو.
داهاتووی کۆمەڵگەی ئێران و یەکلاکردنەوەی کۆتایی لەگەڵ ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی، ئەرکی چینی کرێکاری ڕێکخراو و جەماوەری زەحمەتکێشە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
تەشکیلاتی کوردستانی ئیتحادی سۆسیالیستیی کرێکاری
کۆمەڵە ـ
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ـ حیکمەتیست
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ ـ ٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦
Leave A Reply

Your email address will not be published.