جوتیارو ڕوخساری کۆمەڵایەتی!

ڕزگار عومەر
گەورەترین بەربەست لەبەر دەم هەر هەوڵێکی کۆمەڵناسانە، سیاسیانە، بۆ قسەکردن لە پلەو پایەی “جوتیار” لە ئەمڕۆی کوردستاندا تەنیا کێشەی “داتاو زانیاری” نیە، بەڵکو بەرکەوتنێکە لە گەڵ کۆمەڵێ چەمکی پڕ لە ناکۆکی، گرنگترین ناکۆکی کە بەرەو ڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کەمترین بەشداریان هەیە لە “ناساندن” بە فەرمی ناسینی “پلەو پایەی” ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیان، هەروەها نەزانینی هێزی کۆمەڵایەتی خۆیانە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا کە ئیستا لە هەرێمی کوردستاندا قۆناغ بە قۆناغ کەرتی کشتوکاڵ بچووك دەکرێتەوە بۆ تەنیا چەند سێکتەرێك چەند بەروبومێکی سەرەکی، کە لەسەر بناغەی ستراتیژی “خۆبژێوی نیشتیمانی” بەڕێوەناچێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ڕەهەندی تاقانەی بازاڕو قازانج بەڕێوە دەچێت.
ئەمە ئەو دیاردە ئاڵۆزانەیە کە ئاکارو کلتوری “بازرگانی” یان وردتر بڵێین “قازانج ویستی ڕووت” دەبێتە ئاکاری زاڵی هەموو چالاکیەکی ئابوری و بەرهەمهێنان بە کشتوکاڵیشەوە. لێرەوەیە بۆ حیزبی سیاسی چەپ پرسیارەکە ئەوەنیە من جوتیارم لە گەڵە، لە کۆنگرە نوێنەریان هەیە، بەڵکو پرسیارەکە دەبێ ئەوەبێت دۆخی جوتیار لە کۆمەڵگەدا چیە؟ جوتیار وەکو یەکەیەکی بەرهەمهێنان، وەکو بزاوتێك و بەرژەوەندێکی کۆمەڵایەتی بەکام دەردەوە دەناڵێنێ، لە کوێی ڕوخسارە شێواوەکانی کۆمەڵگەو کۆمەڵگەی چینایەتی وەستاوە؟
لە ساڵانی یەکەمی ڕاپەڕیندا، پاش ساڵی ١٩٩١، بزوتنەوەی جوتیاران و دەرەبەگەکان لەسەر “زەوی” و زۆر مەسەلەیتر دەرگیری یەکتر بوون، بزوتنەوەی جوتیاران لە دەوروبەری ڕانیەو ڕابەرەکانیان خەڵتانی خوێن کران، لەو سەردەمیەوە، ڕوخساری سیاسی جوتیاران وەکو “چینێك” توشی داپلۆسین و سەرکوت بوو، لەو دەمیەوە بەمانا سیاسیە زەقەکەی بزوتنەوەی جوتیاران ڕوخسارەکەی خۆی وەرنەگرتۆتەوە.
“یەکێتیە جوتیاریەکان” و “یەکێتیە هەروەزیە فەرمیەکان” کە لەسەردەمی “بەعس” هەبوون، دواتر لە دوای ڕاپەڕینەوە وەکو میرات بۆ هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەجێمان، میکانیزمی کارکردنیان خراپتر لە سەردەمی بەعس لە رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی گۆڕا بۆ ڕێکخراوێکی حیزبی زەق، بەڵام بە یەك واقیعی تازەی نەرێنی بۆ جوتیار: لەسەردەمی بەعسدا حکومەت “پاڵپشتی تێچوونی بەرهەمهێنانی” دەکرد لە کەرتی کشتوکاڵدا، بە جۆرەها پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی و نرخی داشکاوی پێویستیەکانی بەرهەمهێنان، بەڵام لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دواتر بە یەکجاری پاڵپشتی دەوڵەت لە کەرتی کشتوکاڵ لە دوای ڕوخانی ڕژێم لە ٢٠٠٣ پوکایەوە.
یەكێتیە جوتیاری و هەروەزیەکان وەکو هەیکەل، وەکو ئۆرگانی کۆمەلایەتی مایەوە وەکو پەیکەری مۆزەخانە، تێکهەڵکێش کرا لە ڕۆتیناتی ئیدارەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بە تەواوەتی ئەم یەکێتیانەی کە بە هەموو کەم کوڕیانەوە نوێنەرایەتی “نوزەیەکیان” دەکرد لە سیمای چینایەتی ڕوون، گۆڕا بۆ دابەشبوونێکی چرووکی “زۆنی زەردو سەوز”، بەڵام ئایا لەبەرامبەر ئەم واقیعە تاڵەدا، هیچ ئەڵتەرناتیڤێك کەوتە بەرگری لە سیمای چینایەتی جوتیارو بەستنەوەی بە ستراتیژی “خۆبژێوی – یان اکتفاء ذاتي”؟
هیچ هەوڵێك هەبوو کە ویستبێتی نەك تەنیا “کشتوکاڵ” وەکو “سەرەکیترین چالاکی کۆمەڵگە” بە زیندوویی بهێڵێتەوە، بەڵکوهەوڵی دابێ پیشەی جوتیار بوون و جوتیاری ببێتە یەکێك لە هەرە پیشە گرنگ و ستراتیژیەکانی کۆمەڵگە؟
کاتێ پاڵپشتی “دەوڵەت” لە کەرتی کشتوکاڵ نەما، کاتێك لە گەیشتنی بەرهەمەکاندا ساغکردنەوەی توشی گرفتی “نرخ” دەبێ بەهۆی پێشبڕکێی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران- تورکیا) کە تا ئەمڕۆ هەردوو دەوڵەت لە پاڵپشتی کردنی بەشێکی تێچووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی جوتیارانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، ئەمە وایکرد بەشێکی زۆر لە جوتیارانی هەرێم توشی بێ هیوایی ببن لە پیشەی جوتیاری، بە تایبەتی ئەو توێژە لە جوتیار کە “ڕووبەڕ و جۆری” زەویەکانیان یان ئاو وهەوای ناوچەکانیان، بەکەڵکی چاندنی گەنم و جۆ نەدەهات، بە تایبەتر ئەو جوتیارانەی کە شارەزایی و تواناکانیان بریتی بوو لە کشتوکاڵی میوەو سەوزەی وەرزکانی بەهارو هاوین.
ئەم واقیعە “بێکاریەکی” فراوانی دروست کرد کە هەرگیز سروشتی وئاسایی نەبوو بەڵکو دەستکرد بوو، یەکێك بوو لە دەرهاویشتەکانی نەمانی “پاڵپشتی دەوڵەت” لەهەرێم و لە عێراق لە کەرتی کشتوکاڵ، لەگەل هاوردە کردنی پێویستیەکانی خۆراکی کشتوکاڵی لە ئێران و تورکیا بە نرخی هەرزانی پاڵپشت کراوی “هەردوو دەوڵەت لە جوتیارەکانی خۆیان”.
ئەم بێکاریە ناسروشتیە “سەپێنراوە” دەرگای بەرامبەر زۆرێك لە دانیشتوانی لادێیەکانی کوردستان نەهێشتەوە، بەشی زۆریان لەم “جێگۆڕکێە چینایەتیە” خۆیان تێنەگەیشتن کە پرۆسەیەکی فراوان بوو، بەشێکیان هاتن بۆ نێو شارو شارۆچکە سەرەکیەکانی کوردستان دەستیان برد بۆ ئەو “پیشە”و جۆرە لە “بازرگانی سنوردار” و بوون بە “پێشمەرگە” بۆ دابین کردنی بژێوی خۆیان خێزانەکانیان.
ئەم”جێگۆرکێیە چینایەتیە” تەنیا درزی نەخستە نێو ستراتیژی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێوی، بەڵکو کێشەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵناسیشی بەرهەمهێنا، لە شوێنکردنەوە یان دۆزینەوەی “ئەدرەس و شوناسێك” بۆ ئەم جێگۆڕکێە لە پلەو پایەی چینایەتی، بە تایبەتی ئەگەر بزانین کە ئەم جوتیارانە لە پیشە تازەکانی خۆشیان نەك تەنیا دابران لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی خۆیان وەکو جوتیارو کەرتی کشتوکاڵ، بەڵکو لەم گۆرانکاریە خێرایەدا هێشتا لە ژێر چەتری بێ سیما و ناڕوونی “کاسبکار” خۆیان پێناسە دەکەن، لێرەدایە کە دەبینین چەندە “بۆشایی”هەیە لە پرەنسیبە هەرە سادەکانی هۆشیاری چینایەتی!
بۆ هەر حیزبێکی سیاسی چەپ، ئەگەر ڕێژەی بەشداربووانی نوێنەرانی جوتیاران لە کۆنگرە تازەکانی حیزبدا ٤٠٪ تا ٥٠٪ بێت، بەڵام بزوتنەوەی جوتیاریی لە نزیکی حیزب و لە دووری حیزب لاوازبێت، کەواتە کێشەکە گەورەترە لە میکانیزمەکانی ڕێکخستن، میکانیزمەکانی نوێنەرایەتی و گەیشتن بە کۆنگرە، بۆشاییەکە لە شوێنێکیترە.
کاتێ چینێك، گروپێکی کۆمەڵایەتی تەریک دەکرێتەوە لە شوێن و کایەی بەرهەمهێناندا پیشەسازی بێت یان کشتوکاڵی، ئەوە تەنیا پایە ئابوری و چینایەتیەکەی لێ نەسەندراوەتەوە، بەڵکو ئەو دەرفەتەشی لێ سنوردار دەبێت کە بە پێی پلەو پایەی لە بەرهەمهێناندا بەریەککەوتنی هەبێ لەگەڵ “سیاسەتی چینایەتی”.
ئەمە تەنیا بەشی یەکەمی بۆشاییەکەیە لە ڕووی هۆشیاری سیاسیەوە، ئەم کێشەیە ئەو کاتە قوڵتر دەبێ کاتێ لە جێگۆڕکێیە چینایەتیەکەش حیزبە چەپەکەو ئەم جوتیارە لە هێڵی تەریب بەیەکتر ناگەن، چونکە حیزبەکە لەلایەك و جوتیارەکەش لەلایەك هاوبەش نین لە “ئەدرەس کردنی قۆناغ و شوناسی چینایەتی” بە کورتی سیگناڵیان بە یەکتر ناگات، ئایا ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ستراتیژی حیزبێکی چەپ لە ئەمڕۆی کوردستاندا، بەر لە هەموو شتێك ناسینی پێکهاتە چینایەتیەکانی ناو ڕێکخستنەکانی خۆیەتی نەك بە پێی لیست کردنی ڕۆتیناتی پۆلین کردن، بەڵکو بە تێگەیشتن لە بارودۆخی هۆشیاری، کۆمەڵایەتی، دەروونی وپشتی هەر دانەیەك لەم پۆلین کردنانە.
تۆڕی ڕێکخستنی حیزب دەبێ لەو تێگەیشتنە کلاسیکە بترازێ کە “پۆلین”کردنە جیاوازەکانی ڕێکخستن تەنیا وەکو جوگرافیا، ژمارە، میکانیزمەکانی دەنگدان و نوێنەرایەتی کۆنگرەو کۆنفرانسەکان ببینێ، هەر چینێکی کۆمەڵایەتی کە چینی سەرەکی بن لە پلەو پایەی بەرهەمهێناندا دەبێ ئەو هەستەیان لا دروست بێتەوە کە “ئەوان” تەنیا لە خزمەتی ئەرکی حیزبی نین، بەڵکو لەوە تێبگەن کەبەر لە ئەرکی حیزبی ئەرکی فراوان کردنی هۆشیاری چینایەتی خۆیان لە دەرەوەی ڕێکخستنەکانی خۆیان ئیعتیبار دەهێنێتەوە بۆ قورسی سیاسیان.
ستراتیژی حیزب لە بەرامبەر ئەم دۆخە شل و شێواوەی چینی جوتیار: بەتایبەتی لە ڕووی دانانی ناونیشان بۆ جێ و ڕێی چینایەتی خۆی، بەستنەوەی “ئامانجە گەورەکانە” بە لێکدانەوە دروستەکانی “دۆخی هەر ئێستای” ئەم چینەو کۆکردنەوەی ڕای گشتی کۆمەڵگەیە لە دەوری دروشمە ستراتیژیەکانی “خۆبژێوی” و گەڕاندنەوەی پشتیوانی “دەوڵەت” بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراك وەکو “پشتیوانی و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی فراوانتر” لە قەبارەی پۆلین کراوەکانی ناو ڕێکخستنەکان ڕۆڵی کاراتر مەیسەر دەکات، هەیبەتی چینایەتی بەر لەوەی “قەبارە” بێت “هۆشیاری” و “ستراتیژە”.
حیزبی سیاسی چەپ خۆکوژی دەکا ئەگەر لە ناو جوتیاری “پۆلین”کراوی نێو ڕێکخستنی حیزب تەنیا جوتیارە “مەلاکە” خاوەن زەویە کشتوکاڵیە فراوانەکانی گەنم و جۆ وەکو ڕەگەزی سەرەکی ئەم چینە مامەڵەی لە گەڵ بکات. بەشی زۆری پێکهاتەی چینی جوتیار لە کوردستان خاوەن زەوی بچووك، مامناوەندی، زەوی بەکرێگیراون، ئەم تایبەتمەندیە ئابوریە وا دەخوازێ پایەو ستراتیژی بەهێزکردنەوەی ئەم چینە شێوازی تازەتر لە خۆی بگرێ، ئەم چینە پەرش و بڵاو بێ سیمایە، پێش ئەوەی لە ڕووی ڕێکخستنی حیزبیەوە بەهای پێبدرێتەوە، دەبێ لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و دروست کردنەوەی قەبارە سەرەکیەکەی خۆی مامەڵەی لە گەڵ بکرێ.