کاتێک بێ ئومێدیەکان دەگەنە لوتکە

✍️ شاناز رەمزی ئیبراهیم
کاتێک شتە پوچەکان جێگەی مەعریفە و زانین دەگرنەوە ئەو داڕمان و سەرلێشێواویە روودەدات کە لەئەنجامدا دەبێتە هۆی بێ ئومێدبون لەهەمو ئەو شتانە کە بەهایەکی پیرۆزیان هەبوە لای تاک.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ بە گشتی ئەوپەڕی بچوکردنەوەو داماڵینە کە رۆژگارێک هەزاران کەس بۆی دەبونە سوتماک و خۆیان دەکردە قوربانی ئەو موقەدەساتانە بێ ئەوەی بزانن داهاتو چی بۆ داناون، بەڵام لەکۆتاییدا مایە پوچ و بێ ئومێدیەکی ترسناک بەرۆکی هەموانی گرتوەو دۆخێک دروست کراوە کە کەس نازانێ بەرەو کامە لێوار دەیبات.
لەرابردودا یەکێک لە بنەما هەرە گرنگ وستراتیژیەکان لەناو هەر حزب و رێکخراوێک لەئارادابو بریتی بوو لە رادەی تێگەیشتن و تێرامانە فیکرییەکان بۆ ئایندەو چۆنیەتی کارکردن و خۆ سەلماندنی هەر مرۆڤێکیش بوو کە بیەوێت لەو نێوەندەدا شتێکی نوێ پێشکەشی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەی بکات.
ئامادەسازی و خۆ پێگەیاندن لەسەر بەهێزی ئەو بنەما فیکرییانە بون کە دەبونە پایەو ئاراستەکەرو نمایندە، لەهەمان کاتدا پێوەرێکی گرنگ بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری، وەلێ ئێستا ئەو پێوەرانە گشتیان پێچەوانە بونەتەوەو تەنیا کار لەسەر دۆزینەوەی دەرفەتی کارو نفوزدایە.
ئەمەش وایکردوە تاکی ئارەزومەند زۆربەی جار ببێتە تاکێکی ناچارکراو بۆ گەران تەنیا بەدوای ئەو نفوزو دەرفەتانە.
لەو روەوە سوچی مرۆڤەکان نیە کەوا بیر دەکەنەوە، جونکە کاتێک ئاورێک لەو رابردوو دەداتەوە سەیر دەکات ئەوانەی رۆژێک لەرۆژان هەڵگری مەشخەڵی دروشمە قەبەکان بون و بانگەشەیان بۆ یەکسانی و دادپەروەری دەکرد لەرێگەی روچونە نێو بەها فکیرییەکان، کەچی ئێستا بونەتە وێڵ بوی بەرژەوەندییە شەخسیەکان و تەنیا کار بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگی هێزو پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەی خۆیان دەکەن، ئەمەش جۆرێک لە مایەپوچبون و بێ ئومێدبونی دروست کردوە لەناخی تاک و ئیدی ئەویش چیتر بەدوای پرەنسیپی قوڵ ناگەرێ .
لەناخی خۆیدا پرسیارێک بیرو هۆشی داگیرکردوە( ئەی من بۆ لەگەڵ ئەو واقیعە پوچە نەرۆم؟!) !!
بەمەش پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە لەشوێنی خۆیدا چەق دەبەستێت و کۆمەڵگە تەنیا تاکێکی بەرژەوەندیخوازو خاڵی لەهەر بنەما فیکری و ئایدیایەک دەخاتە نێو گۆرەپانەکە…
ئا لێرەدا دارمانی راستەقینە دەست پێدەکات و وردە وردە بەرەو بچوک بونەوەو تێکشکان و نەمان دەچین…