ڕزگارکردنی کۆمۆنیزم لە دەست چەپ: گەڕانەوە بۆ سۆسیالیزمی زانستی

زمناکۆ عزیز
چەپ و کۆمۆنیزم گرێکوێرەکەی لە کوێدایە؟
بۆچی کە باس لە هەڵسەنگاندنی ڕابردوو ئەکەن، بەدروستی پەنجە ئەخرێتە سەر هۆکارەکان، بەڵام کە باسی داهاتوو ئەکەن، نەخشەو بەرنامەکانیان پڕ دەبێت لە لادان لە سۆسیالیزمی زانستی؟
ئەم کێشەیە لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە تادێت بەرەو ڕێچکەی خراپتریش دەروات، سەدان کەسایەتی و تیۆریسەن لەدنیادا هەن، لەناوخۆی هەر وڵاتێکیش ژمارەکە زیاترە، کە تیوری و جیهانبینەکەیان زانستییە، بەڵام بۆچی لەدەرەوەی ئەو ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستانەن؟
سەرەنجام ئایندەی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوە تاکەی بەردەوام ئەبێت؟
ئامانجی ئەم پرسیارە گشتگیر و قووڵانە، بۆ دەستنیشانکردنی برینێکی مێژووییە کە زیاتر لە سەدەیەکە جەستەی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕادیکاڵی تەنیوە لە جیهاندا. چەپی هاوچەرخ پانتۆڵێکی گەورەی لەبەرکردووە کە هی باڵای خۆی نییە؛ پانتۆڵێک کە هی مێژوویەکە پێش خۆی.
ئەو دەتوانێت پەڕتووکی ٥٠٠ لاپەڕەیی لەسەر قەیرانەکانی سەرمایەداری بنووسێت، بەڵام ناتوانێت مانگرتنی ٥٠ کرێکاری کارگەیەک ڕێکبخات.
بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە گشتگیرە، دەبێت بە تەواوی لە زمانەوانیی باوی چەپی فەرمی دوور بکەینەوە و بە مێتۆدی زانستی و مادیگەرایی دیالێکتیکی ئەنجڵس و کارڵ مارکس، نەشتەرگەری بۆ جەستەی داڕزاوی ئەم بزووتنەوەیە بکەین.
لە چەند تەوەرەیەکدا بەکورتی دەربارەی پرسیارگەلێک بدوێین و بەپێی توانا، دەستنیشانی دەردەکە بکەین:
تەوەرەی یەکەم: گرێکوێرەی چەپ لە کوێدایە؟ (فێتیشیزمی ڕێکخراوەیی و دابڕان لە چین)
کاتێک مارکس و ئەنجڵس لە ساڵی ١٨٤٥دا لە پەڕتووکی ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا مێژووی فیۆداڵیزم و سەرمایەدارییان شی دەکردەوە، پێناسەیەکی یەکلاکەرەوەیان بۆ کۆمۆنیزم دانا کە تەواوی کێشەی ئەمڕۆی چەپ لە خۆ دەگرێت:
«کۆمۆنیزم بۆ ئێمە دۆخێک نییە کە دەبێت دابمەزرێت، یان ئایدیاڵێک کە پێویست بێت واقیع خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. ئێمە ناوی کۆمۆنیزم دەلکێنین بەو بزووتنەوە واقیعییەی کە دۆخی کۆنی ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە.
مەرجەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەو پێشینە مادیانەوە سەرچاوە دەگرن کە ئێستا بوونیان هەیە».
گرێکوێرەی چەپی هاوچەرخ ڕێک لەم خاڵەدایە: ئەوان کۆمۆنیزمیان لە “بزووتنەوەیەکی مادی و عەینی ناو پێکهاتەی چینایەتی”یەوە گۆڕیوە بۆ “ئایدیاڵێکی فیکری و مۆدێلێکی تەشکیلاتی کە دەبێت بەسەر واقیعدا بسەپێنرێت”.
١. دابڕانی سەر لە جەستە (تیۆری لە چین”طبقة”):
بەپێی تێڕوانینی کۆمۆنیزمی زانستی، فیکر لە ناو واقیعی کاردا دروست دەبێت. بەڵام چەپی مۆدێرن، کۆمۆنیزمی کردووەتە “یانەیەکی فیکریی” خوێندکاران، کادیرانی تاراوگە و ڕۆشنبیرانی شار کە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و مادییان بە ژیانی ڕۆژانەی چینی کرێکارەوە نییە. چەپ بووەتە خاوەنی فیکرێک کە “جەستە مادییەکەی خۆی” (چینی کرێکاری ڕێکخراو لە شوێنی کاردا) لەدەستداوە.
٢. فێتیشیزمی حزبی (Party Fetishism):
لای چەپەکانی دنیای ئەمڕۆ، حزب چیتر ئامرازێک نییە بۆ ڕێکخستنی مادیی چین، بەڵکو بووەتە “بت”ێک کە بە زاتی خۆی شەرعیەتی هەیە. ئەوان پێیان وایە ئەگەر مۆری حزب، ناوی حیزب، و بیرۆکەی حزب هەبێت، کەواتە کۆمۆنیزم بوونی هەیە.
ئەمە فێتیشیزمێکی ئاینییە؛ حزب لێرەدا ڕۆڵی کەنیسە یان مزگەوت دەگێڕێت کە پارێزگاری لە “ئیمانی پاک” دەکات، لە کاتێکدا لە دەرەوەی کەنیسەکە، جەماوەری کرێکار لە ژێر چەپۆکی بێوێنەی سەرمایەدا دەچەوسێنەوە.
تەوەرەی دووەم: بۆچی چەپەکان مێژوونووسی باش و ستراتیژنووسی گێلن؟ (تەڵەی ئایدیاڵیزم و دەرئەنجامەکانی ئۆکتۆبەر)
پرسیارەکە لێرەدا زۆر دیاریکراوە: بۆچی کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەن، زانستین، بەڵام بۆ داهاتوو دەبنە ئایدیالیست و لە سۆسیالیزمی زانستی لادەدەن؟
١. شیکردنەوەی پاسیڤ بەرامبەر ئەکتیڤ:
کاتێک چەپ شیکاریی ڕابردوو دەکات، وەک پزیشکێکی دادوەری کار دەکات کە تەرمەکە لەسەر مێزەکەیە. تەرمەکە نابیستێت، ناجوڵێت، بۆیە پزیشکەکە دەتوانێت بە لۆژیکی سارد و مادیی کاپیتال پێمان بڵێت بۆچی ئەم نەخۆشە مردووە.
بەڵام کاتێک دێتە سەر داهاتوو، پزیشکەکە دەبێت “بڕیاری سیاسی عەینی” بدات. لێرەدا، چونکە چەپ هێزێکی مادیی ڕاستەقینەی لەسەر عەرز نییە (پەیوەندی بە کارگەکانەوە نییە)، ناچارە لە مێشکی خۆیدا دەست بکات بە نەخشەکێشان. چەپ پێی وایە: “ئەگەر ئێمە جوانترین بەرنامە بنووسین، ئەگەر باشترین ڕادیۆمان هەبێت، ئەگەر بە توندی دژی دەسەڵات قسە بکەین، خەڵک دێنە پاڵمان”.
ئەمە ڕێک تێپەڕینە لە مادیگەراییەوە بۆ ئایدیالیزم؛ واتە پێدانی پێشینە بە “فیکر” بۆ گۆڕینی “ماددە”.
٢. شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لادانە تەشکیلاتییەکەی:
دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ڕووسیا، کارەساتێکی مێژوویی لە تیۆریی مارکسیستیدا ڕوویدا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەهۆی تێکەڵبوونی چەند هەلومەرجێکی مادیی دەگمەنەوە سەرکەوت (جەنگی جیهانیی یەکەم، داڕمانی ئیمپراتۆریەتی تزار، ڕاپەڕینی مادیی سەربازان و جوتیاران کە زۆربەیان کۆمۆنیست نەبوون بەڵام نان و ئاشتییان دەویست).
دوای سەرکەوتنی بەلشەفیکەکان و گۆشەگیربوونی شۆڕشەکە لە ڕووسیادا بەهۆی شکستخواردنی شۆڕشی ئەڵمانیا، مۆدێلێکی تەشکیلاتیی دیاریکراو (حزبی پێشڕەوی هیرارکیی ناوەندگەرا) پیرۆز کرا.
ئەم پیرۆزکردنە بووە هۆی سەرهەڵدانی چەمکێک کە تروتسکی ناوینا چەمکی “جێگرەوەخوازی” (Substitutionism) واتە:
حزب دەبێتە جێگرەوەی چینی کرێکار.
کۆمیتەی ناوەندی دەبێتە جێگرەوەی حزب.
سکرتێری گشتی دەبێتە جێگرەوەی کۆمیتەی ناوەندی.
پاش ئۆکتۆبەر، ئەم مۆدێلە لە ڕێگەی “کۆمینتێرن”ەوە بەسەر تەواوی پارتەکانی جیهاندا سەپێنرا. کۆمۆنیزم لە بزووتنەوەیەکی چینی کرێکارەوە گۆڕدرا بۆ ئامێرێکی بڕیاردانی بیرۆکراتی.
لەو کاتەوە، هەر کاتێک چەپ دووچاری کێشەیەک دەبێت، لەبری گەڕانەوە بۆ ناو کارگەکان و گۆڕینی پێگەی مادیی کرێکاران، دەست دەکات بە “داڕشتنی ڕێسای نوێی حزبی” و دروستکردنی “سەربازی حزبیی گوێرایەڵ”. ئەم نەخۆشییە مێژووییە تادێت خەستتر دەبێتەوە، چونکە چەپ زیاتر لە واقیعی مادیی ئابووری دوور دەکەوێتەوە.
تەوەرەی سێیەم: کارەساتی “مارکسیستە سەربەخۆکان” (بۆچی زانست لە دەرەوەی کەنیسەیە؟)
یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێش و لە هەمان کاتدا تراژیدییەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە دەیان و سەدان دۆست، تیۆریسەن، ئابووریناس و نووسەری مارکسیستی زانستی لە جیهان و لە ناوخۆی وڵاتاندا هەن کە لە دەرەوەی ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانن. بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟
مارکس لە نامەیەکدا بۆ شڤایتزەر لە ساڵی ١٨٦٨دا دەنووسێت:
«تاقمچێتی و فیرقەگەری (Sectarianism) هەمیشە کاتێک دروست دەبێت کە بزووتنەوەی ڕاستەقینەی چینی کرێکار، هێشتا لەڕووی مێژووییەوە ئامادە نییە بۆ گرتنی دەسەڵات. فیرقەگەری تەنیا مناڵدانی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکارییە،کاتێک کۆمۆنیزم دەبێتە زانست و پراکتیس، فیرقەگەری دەبێتە کۆسپێک لە بەردەم گەشەکردنیدا».
ئەمڕۆ، ڕێکخراوە چەپەکان وەک “سێکت یان فیرقەی ئاینی” کار دەکەن، نەک وەک ناوەندی زانستیی خەباتی چینایەتی. ئەمەش چەند لێکەوتەیەکی هەیە کە وادەکات مرۆڤی زانستی و ژیر لە دەرەوە بمێنێتەوە:
ڕەتکردنەوەی ڕەخنەی زانستی: لە سێکتی چەپدا، بیرکردنەوەی زانستی قبووڵکراو نییە ئەگەر هاوتەریب نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕابەری حزبدا. حزب پێویستی بە مریدی گوێرایەڵە، نەک زانای مارکسیست و شارەزا، کە بتوانێت بە شێوازێکی زانستی ڕەخنە لە تاکتیکەکانی حزب بگرێت.
پیرۆزکردنی پاپا (سکرتێر): لەم ڕێکخراوانەدا، سکرتێر یان ڕابەری حزب پێگەیەکی نیمچە-موقەدەسی هەیە. زانای ڕاستەقینە ناتوانێت لە ژێر چەتری پیاوێکدا کار بکات کە خۆی بە نوێنەری حەقیقەتی ڕەها دەزانێت.
دابڕانی فیکری: ئەم ڕێکخراوانە لە بازنەیەکی داخراودا دەژین و کێشەی ڕۆژانەیان بووەتە “جەدەلی ناوخۆیی و گۆشەگیری”. زانای مارکسیست و شارەزاش، دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە گەشەی نوێی سەرمایە، ئۆتۆماتیکاسیۆن، ژیریی دەستکرد، و سیستەمی دارایی جیهانی بکات؛ لە کاتێکدا حزب لە گێژاوی “تەسفیەحسابی دەیان ساڵ پێش ئێستا”دا ماوەتەوە.
بۆیە، مارکسیستە زانستییەکان ناچارن لە دەرەوەی ئەم بارەگا و کەنیسانە بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە جدی کار لەسەر زانستی مارکسیزم بکەن و مێتۆدەکە لە وشکبوونەوە بپارێزن.
تەوەرەی چوارەم: “تاکەی بەردەوام دەبێت؟” (سەرەتای مردنی جیهانی کۆن)
ئەم بارودۆخە نەخوازراوە کەی کۆتایی دێت؟ ئەم دۆخە بە وتاری ئەخلاقی یان بە ئامۆژگاری کۆتایی نایەت؛ بەڵکو کاتێک کۆتایی دێت کە واقیعی مادیی سەرمایەداری بە تەواوی ئەم شێوازە کۆنەی چەپ لەناو ببات.
ئەنجڵس لە دژە-دۆهرنگدا دەڵێت:
«هێزە کاراکانی کۆمەڵگە بە تەواوی وەک هێزەکانی سروشت کار دەکەن: کوێر، وێرانکەر و سەرکەش، تا ئەو کاتەی کە تێیان ناگەین و دانیان پێدا نانێین. بەڵام کاتێک تێیان گەیشتین، ئەوە لە دەستی خۆماندایە کە بەرەو کایەی هاوبەش ئاڕاستەیان بکەین».
ئەمڕۆ، مۆدێلی کۆنی سەرمایەداری (سەرمایەداریی دەوڵەتی-نەتەوەیی کاتی) بەرەو گۆڕانکاریی قووڵ دەڕوات. گەشەی تەکنەلۆجیا، بێکاربوونی بەکۆمەڵی خەڵک، قەیرانی فیزیکیی زەوی، و لاوازبوونی دەوڵەتە نەریتییەکان، بە ناچاری وادەکەن کە چینی کرێکاری نوێ بە شێوازێکی جیاواز لە ڕابردوو خۆی ڕێکبخاتەوە.
ئەم دۆخە نەخوازراوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە:
1. جەماوەری کرێکار تێدەگەن کە حزبە کۆنەپەرستەکانی چەپی نوخبە هیچ سوودێکیان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان نییە.
2. شێوازی نوێی خەباتی مادی لە ناو شوێنی کاردا (سەندیکا عەینییەکان، شوراکانی ئۆرگانیک، بەکۆمەڵکردنی هێزی کار لە ڕێگەی تۆڕە دیجیتاڵییە مادییەکانەوە) سەرهەڵدەدەن.
3. ئەم سەرهەڵدانە نوێیە خۆبەخۆ ئەو چەپە کۆنەی کە لە تاراوگەکان و نووسینگە داخراوەکاندا خەریکی بەرهەمهێنانی دروشمن، ڕادەماڵێت و دەیخاتە پەراوێزی مێژووەوە.
تەوەرەی پێنجەم: پلانی گشتگیر بۆ ڕزگارکردنی کۆمۆنیزم لە چەپ
(نەخشەڕێگای پێنج هەنگاوی)
ئەگەر بمانەوێت باسێکی فراوان و گشتگیر دەربارەی چارەسەری ئەم گرفتە جیهانییە بکەین، دەبێت لۆژیکی “چاکسازی لە ناو حزبە کۆنەکاندا” بە تەواوی فڕێ بدەین.ئاوێک کە لە سەرچاوەوە لێڵ بێت، خوارەوەی ڕوون نابێتەوە. پلانەکە دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ سۆسیالیزمی زانستی داڕێژرێت، بەپێی ئەم پێنج پایە سەرەکەی خوارەوە:
هەنگاوی یەکەم: لەناوبردنی لۆژیکی “حزبی جێگرەوە” و گەڕانەوە بۆ “ڕێکخستنی مادیی چین”
یەکەم هەنگاو لەم ڕێگەیەدا، تێکشکاندنی ئەو وەهمە بەلشەفیکییە دواکەوتووەیە کە پێی وایە “کۆمەڵێک ڕۆشنبیر دەبێت ببنە ڕابەری عەقڵیی کرێکاران”.
کارنامەی مادی: کار و چالاکیی کۆمۆنیستی دەبێت لە دەرەوەی “بەندینخانەی حزب” و لە ناو خودی کارگەکان، بەشە تەندروستییەکان، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، و ناوەندەکانی کاردا دەست پێبکاتەوە.
لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا هاتووە: “کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز نین لە بەرامبەر حزبەکانی تری چینی کرێکاردا. ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکی جیاوازیان لە بەرژەوەندییەکانی تەواوی پڕۆلیتاریا نییە”.
ئەمە واتە پێویستە چالاکی لە پێناو خەباتی عەینیی کرێکاردا بێت، نەک لە پێناو هێنانی دەنگ و شەرعیەت بۆ “مارکەی حزبێکی تایبەت”.
هەنگاوی دووەم: گۆڕینی کایەی ململانێ لە “شەڕی کلتوری و سەرخان”ەوە بۆ “ململانێی ژێرخان”
چەپی هاوچەرخ بە تەواوی بووەتە پاشکۆی لیبڕالیزم لە ڕێگەی شەڕکردن لەسەر بابەتەکانی سەرخان (فێمینیزمی ئەبستراکت، شەڕی زمانەوانی، دژایەتی ڕووتی ئاین… هتد).
کارنامەی مادی: دەبێت سەرنج بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان. شەڕی ڕاستەقینە لەسەر کاتژمێرەکانی کارکردن، بڕی مووچە، بیمەی تەندروستی، کۆنترۆڵکردنی بەرهەم، و دابەشکردنی سەروەتە لە شوێنی کاردا.
لە پەیوەند بە کوردستانەوە، ئەگەر خیتابەکە لەسەر ئاستی دروشمی گشتیی “کارگە و کرێکاری پیشەسازیی تەقلیدی” بمێنێتەوە، ئەوا دەکەوێتە ناو هەمان تەڵەی ئایدیالیزمەوە کە واقیع وەک خۆی نابینێت، تۆ ناتوانیت پۆستەرێکی شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان مۆدێلێکی ئەوروپای پیشەسازی کۆپی بکەیت و بیهێنیتە ناو (واقیعێک) کە تایبەتمەندیی مادیی خۆی هەیە.
لەکوردستان سەرباری هەبوونی کێڵگە و کارگەکانی نەوت، ژێرخانی ئابووری خاوەن سێ خەسڵەتی مادیی زۆر موشخەس و کۆنکریتە، کە دەبێت خیتاب و ڕێکخستنی کۆمۆنیستی ڕێک لەسەر ئەم سێ خاڵە بونیاد بنرێت:
١. ئابووریی ڕانتی و دەوڵەتی حزبی (Rentier Economy)
ژێرخانی ئابووریی کوردستان لەسەر بەرهەمهێنانی پیشەسازیی ناوخۆیی نەوەستاوە، بەڵکو ئابوورییەکی ڕانتییە (پشتبەستوو بە داهاتی نەوت، دەروازە سنوورییەکان، و بودجەی هاتووی بەغداد).
دیاردەی مادی: حیزبە فەرمانڕەواکان لێرەدا تەنها ڕێکخراوی سیاسی نین، بەڵکو “کۆمپانیا و خاوەنکارە سەرەکییەکەن”.
ئەوان لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی ڕانتی نەوت و بودجەوە، جەماوەرێکی گەورەیان کردووە بە “مووچەخۆری پاشکۆ”.
ئاڕاستەی خیتابەکە: شەڕی مادی لێرەدا تەنها لە ناو کارگەکەدا نییە، بەڵکو شەڕە دژ بە “بارمتەکردنی بژێویی خەڵک لە ڕێگەی مووچەوە”. کاتێک دەسەڵات مووچە وەک چەکێکی مادی بۆ سەرکوتی هۆشیاریی چینایەتی بەکاردێنێت (بە سیستمەکانی پاشکەوت، لێبڕین یان دواکەوتن)، خیتابی کۆمۆنیستی دەبێت شەڕی مووچە و دابینکردنی بژێویی عەینی بکاتە کڕۆکی ململانێی ژێرخان.
٢. سەرمایەداریی کۆمپانیایی حزبی و کەرتی خزمەتگوزاری
ئەو پیشەسازییەی لە کوردستاندا هەیە، زۆرجار پیشەسازیی کەرتی بیناسازی، غاز و نەوت، یان مۆنۆپۆلی کەرتی خزمەتگوزاری (پەیوەندییەکان، کۆمپانیاکانی ئاسایش، لۆجیستیک و گواستنەوە)یە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن بنەماڵە و کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزبەوە کۆنتڕۆڵ کراون.
پڕۆلیتاریای واقیعی: کرێکاری نەوت لە کوردستاندا، زۆرجار لە ژێر سایەی کۆمپانیا بیانییەکان یان بەڵێندەرە حزبییەکاندا لە ڕووی مادییەوە گۆشەگیر کراوە و لە ژێر چاودێریی توندی ئەمنیشدایە. لە بەرامبەردا، جەماوەرێکی گەورەتری پڕۆلیتاریا هەیە لە “کەرتی گواستنەوە (شۆفێرانی بارهەڵگر، تەکسی، دیلیڤەری)، کەرتی بیناسازیی نافەرمی، و کرێکارانی کاتیی بازاڕەکان”.
ئاڕاستەی خیتابەکە: خیتابی موشخەس دەبێت بچێتە ناو ئەم کەرتە ناڕێکخراوانەوە. بۆ نموونە، ڕێکخستنی شۆفێرانی هێڵی گواستنەوە یان کرێکارانی بیناسازی لە دژی باج و سەرانەی کۆمپانیا حزبییەکان لە سەر سنوورەکان و ناو شارەکان.. هتد، ئەمانە خاڵی دەستپێکی ململانێیەکی مادیی ڕاستەقینەیە.
٣. نامۆبوونی مادی لە ژێر سایەی شڵەژانی دارایی بەغداد-هەولێر
ململانێی دارایی نێوان حکومەتی ناوەندیی بەغداد و هەرێم، لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە وەک “کێشەیەکی دەستووری و نەتەوەیی” وێنا دەکرێت، بەڵام لە ڕوانگەی سۆسیالیزمی زانستییەوە، ئەمە “گەمەیەکی مادییە بۆ دابەشکردنی بەهای زیادە لە نێوان توێژە جیاوازەکانی بۆرژوازیدا” کە تێچووەکەی تەنها کرێکاران دابینی دەکەن.
ئاڕاستەی خیتابەکە: پێویستە ئەم وەهمە نەتەوەییە لە مێشکی کرێکاراندا تێکبشکێنرێت. خیتابەکە دەبێت بە ڕوونی پیشانی بدات کە چۆن هەردوولا (بۆرژوازیی بەغداد و هەولێر) لەسەر بنەمای وشککردنەوەی گیرفانی پڕۆلیتاریا ڕێککەوتوون.
شەڕەکە لەسەر پاراستنی قەوارەی نەتەوەیی نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە کام توێژەی بۆرژوازی مافی تاڵانکردنی هێزی کاری کرێکاری کوردی هەبێت.
کاتێک کرێکاران لەسەر کەرامەت و نانی مادیی خۆیان لە شوێنی کاردا یەکدەگرن، خۆبەخۆ جیاوازییە نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئاینییەکانی نێوانیان کاڵ دەبنەوە. یەکێتیی مادی لە کایەی بەرهەمهێناندا دروست دەبێت، نەک لە کەمپینە کلتورییەکانی سۆشیاڵ میدیادا.
هەنگاوی سێیەم: داماڵینی پۆستی “ڕابەری موقەدەس” و بونیادنانی ناوەندی زانستیی هاوبەش
دەبێت بونیادی حزبی کۆنەپەرستی هیرارکی ڕابماڵرێت. سۆسیالیزمی زانستی پێویستی بە پاپا و مرید نییە؛ پێویستی بە ناوەندی لێکۆڵینەوە و پراکسیستی هاوبەشە.
کارنامەی مادی: ڕێکخستنەکان دەبێت لەسەر شێوازی ئاسۆیی و دیالێکتیکی بونیاد بنرێن. بڕیارەکان دەبێت لە ناو کار و خەباتی ڕاستەقینەوە سەرچاوە بگرن، نەک لە ڕێنماییەکانی کۆمیتەیەکی ناوەندی کە لەناو ئۆفیسە ئینجیئۆ ئاساکان یان لە دەرەوەی وڵات دانیشتوون.
کار و تێزی تیۆریی هاوڕێیان و نووسەرانی دەرەوەی ڕێکخراوەکان دەبێت ببنە کەرەستەی فیکریی سەرەکی، بەبێ ئەوەی داوای سوجدەبردنیان لێ بکرێت بۆ لۆگۆی حزب.
هەنگاوی چوارەم: ئەنتەرناسیۆنالیزمی مادی بەرامبەر تۆڕی دیپلۆماسیی ئەبستراکت
چەپی هاوچەرخ فێربووە لە ڕێگەی ناردنی بەیاننامەی هاوسۆزییەوە “ئەنتەرناسیۆنالیزم” جێبەجێ بکات. ئەمە تەنها خەریککردنی خۆیەتی بە کاغەزەوە.
کارنامەی مادی: ئەنتەرناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە واتە پەیوەستکردنی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی (Global Supply Chains). کاتێک کرێکارانی بەندەرێک لە ئەڵمانیا مانگرتن دەکەن بۆ هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی کارگەیەکی تاڵانکراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە کارێکی مادییە.
پێویستە کار لەسەر ڕێکخستنی جیهانیی هێزی کار بکرێت لەو شوێنانەی کە سەرمایەی جیهانی لێیانەوە تێپەڕ دەبێت (بەندەرەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی جیهانی، کەرتی دیجیتاڵ و گەیاندن).
هەنگاوی پێنجەم: ڕووبەڕووبوونەوەی مادی لەگەڵ ئامرازە نوێیەکانی سەرمایە (AI و ئۆتۆماتیکاسیۆن)
ئەگەر کۆمۆنیستەکان نەیانەوێت ببنە مێژوویەکی کۆن، دەبێت تێبگەن کە شۆڕشی نوێی تەکنەلۆجی چۆن پێکهاتەی چینی کرێکاری گۆڕیوە.
کارنامەی مادی: چینی کرێکاری ئەمڕۆ تەنها کرێکاری کارگەی ئاسن نییە؛ بەڵکو کرێکاری گەیاندن (Delivery)، کارمەندی بەشی پشتیوانیی دیجیتاڵی، کرێکارانی کەرتی تەندروستی، مامۆستایان و گرێبەستەکان و جەماوەرێکی گەورەی بێکار و پەراوێزخراویشە.
پلانەکە دەبێت شێوازەکانی ڕێکخستن بەپێی کەرەستەکانی ساڵی ٢٠٢٦ دابڕێژێتەوە. بەکارهێنانی پلاتفۆرمە کۆد کراوەکان، پاراستنی دیجیتاڵیی هێزی کار، و دروستکردنی شوراکانی هاوبەشی نافەرمی کە لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا نین، دەبێت ببنە بنەمای خەباتی نوێ.
گەڕانەوە بۆ دەستپێکەکە
ئەگەر بمانەوێت هەموو ئەم کێشە و چارەسەرانە لە کۆتا ڕستەدا کورت بکەینەوە، دەبێت بڵێین: چەپ نەخۆشە چونکە دەیەوێت بە “ڕێوشوێنی کلتوری و دەروونی و حزبی”، کێشەیەکی مادی چارەسەر بکات.
کۆمۆنیزم لە کارگە و لە سەر شەقام و لە شوێنی بەرهەمهێناندا لەدایک دەبێت، نەک لە ناو کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسیی حیزبەکاندا. تا ئەو کاتەی کە تەواوی ئەم بونیادە کۆنەپەرست و سێکتییەی چەپی هاوچەرخ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی مادیی بێبەزەییانە نەبێتەوە، چەپ تەنها وەک بەشێک لە سیستەمی هێورکەرەوەی سەرمایەداری بەردەوام دەبێت. ڕێگای ڕزگاریی ڕاستەقینە لێرەوە دەست پێدەکات: فڕێدانی بتە حزبییەکان، گەڕانەوە بۆ ناو کارگەکان، و ڕێکخستنی مادیی هێزی کار لە سەر عەرز. مارکس بۆ هەمان ئەم جێگایە ووتی: گوڵ لێرەیە، هەر لێرەش سەما بکەن.