لەناو دادگای گەرمیان پۆلیسێک خۆی کوشت
عمرچاوشین/ ئەلتەرناتیڤی شورایی/ گەرمیان
بەهۆکارێکی نادیار پۆلیسێک لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لەناو دادگای کەلار فیشەکێکی لەخۆیداو گیانی لەدەستدا ، لەدوای ڕوداوەکە پۆلیس دۆسیەی بۆ ڕووداوەکە کردۆتەوە ،بەڵام ڕونی نەکردۆتەوە ئەو پۆلیسە بۆچی دوای پەیوەندیکردن بە دەوام دەستبەجێ خۆی کوشتووە.

تایبەت بەو ڕووداوە ،عەقیدی مافپەروەر ( علی جەمال قدووری) وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ،لەبەرواری 2025\9\12 بڵاویکردۆتەوەو نوسیویەتی : بەیانی ئەمڕۆ هەینی لەکاتی ئەرکدا کارمەندامان بەنێوی ( سباح تاهر قادر ) لەدایکبووی 1978 دانیشتووی ناحییەی ڕزگاری، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندی بەدەوامەوە کردوە، کە ئەرکی پاسەوانی دادگای بەرایی کەلار بووە، بەچەکی جۆری کڵاشکۆف فیشەکی بەخۆیەوە ناوەو لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
عقید جمال نوسیویشیەتی ، لە ئێستادا بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی لەنەخۆشخانەی قەزای کەلار کراوە، لەدوای ڕوداوەکە پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکردۆتەوەو لەسەر هۆکاری ڕوداوەکە دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان پرسەیان ڕاگەیاندو سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی ئەوپۆلیسە کردووەو نوسیویەتی: بەناوی بەڕێوەبەرو سەرجەم ئەفسەرو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری کارمەندی ناوبراومان دەکەین و هیوادارین دواکۆست و ناخۆشی خانەوادەی بەڕێزیان بێت .