ئیسپانیا:بۆ ڕێگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی کرێکارانی دلیڤەری یاسایەک بۆ ناچارکردنی خاوەنکارەکان لە دامەزراندنی کرێکارانی دلیڤەری بە شێوەی فەرمی دەربچێت
ئیسپانیا:: 12FEB2021 کرێکارانی دلیڤەری کەبۆکۆمپانیاکانی گەیاندنی خۆراک کار ئەکەن زۆربەی کات هیچ چەشنە گرێبەستێکی کاریان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە.سیماکانی کارکردن لەم کەرتە ڕوولەسەرە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بریتییە لە کرێی کەم، سەعاتکاری زۆر، مەترسییەکانی هاتووچۆ، جگە لە بێبەشبوون لە دەستەبەربوونی کرێکار و دەرماڵەکانی تەندروستی و …هتد.
بڕیاروایە ئەم هەفتەیە لە ئیسپانیا بۆ ڕێگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی کرێکارانی دلیڤەری یاسایەک بۆ ناچارکردنی خاوەنکارەکان لە دامەزراندنی کرێکارانی دلیڤەری بە شێوەی فەرمی دەربچێت.
بەڵام ژمارەیەک لە کرێکاران یاساکەیان پێ باش نییەو پێیان وایە کە خۆیان ئازادن لەوەی بۆ کێ کار ئەکەن و کەی کارئەکەن. یەکێتییە کرێکاراییەکانیش دووپاتی ئەکەنەوە ئەبێت یاساکە بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە لە بەرژەوەندی کرێکاراندا بێت.
لە مانگی مەی ٢٠١٩ کاتێک کرێکارێکی مۆتۆڕسوار( ٢٢ ساڵ وبە ڕەگەز نیپاڵی کە تەنها چەند مانگێکی کەم بوو گەیشتبووە ئیسپانیا) لە کاتی گەیاندنی خۆراکدا لە بەرشلۆنە گیانی لەدەستدا ، ناڕەزایەتی دژ بە کۆمپانیای Glovo دەستی پێکرد. لەوکاتانەدا یەکێتی کرێکاریی UGT ڕایگەیاند “کۆمپانیاکانی گەیاندنی وەک Glovo و Deliveroo و Uber یاساکانی کاریان شکاندووە وکرێکاران ئەچەوسێننەوە و پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم کۆمپانیایانە شکستخواردوون بەهۆی نەبوونی گرێبەستی فەرمی کار، نەبوونی دەرماڵەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی دلیڤەری”.
کامەران احمد

