بەداخەوە تائێستا لە دەرەنجامی ھەلبژاردنەكان ھیچ ھەوڵێك نەبینراوە بۆ خزمەتکردنی ژنان و گێڕانەوەی تەواوی شکۆی ژن .
ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئەم جارە دۆسیەکی ئامادەکردووە تایبەت بە چەوسانەوە و توندوتیژی دژ بە ژنان چەند پرسیارێکی ئامادەکردوە بۆ چالاکوان وبەرگریکارانی مافەکانی ژنان ،بەم جۆرەی خوارەوە :
1 ــ ئایا سەرنجتان چی یە لەسەر چەوساندنەوەی ژنان لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕێکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ لەکۆمەڵگەدا هەن، بەڵام بەردەوام توندوتیژی لەبەرامبەر بەژنان تەشەنەدەستێنێت ؟
2 ــ لە دوای هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان تاچەند دەسەڵات وحکومەت کاری کردوە بۆ کەم بونەوەی توندوتیژی لەبەرامبەربە ڕەگەزی مێ و دروستکردنی یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژنان وپیاوان؟
3ــ هۆکارە سەرەکیەکانی چەوساندنەوەی ژنان چین و لەبەرامبەردا چارەسەر بۆ ئەوبەڵایانە چین کە ژیانی ژنانی لەکۆمەڵگەدا وێرانکردووە ؟
ئامادەکردنی هاوڕێیان /
-ئاوات ڕەسوڵ
-عمر چاوشین
بەشی سێ یەم
لەڕاستیدا هەبوونی ئەم هەموو بەناو ڕێکخراوە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی ترە بۆ کۆمەڵگەو ژنان بەتایبەتی ،هیچ کام لەو ڕێکخراوانەی ناونراون ڕێکخراوی ژنان، یان مافی مرۆڤ و کۆمەڵی مەدەنی کە پێیان وایە بۆ چارەسەری پرسی ژن هەن ، خاوەنی هزرو بەرنامەو پڕۆژەی چارەسەری نین سەبارەت بەپرسی ژن، تارا ئاسۆس ،خۆی یەکێکە لەهەڵسوڕاوو چالاکوانی مەدەنیە وای گووت. هەروەها ئەو هەڵسوڕاوو بەرگریکارەی مافەکانی ژنان دەڵێت، دەتوانم بڵێم هەر خودی ڕێکخراوەکانی ژنان غەرقی دونیایەک کێشەو گرفتن چونکە لەژێر باڵی ئەحزابی سیاسیدا کار دەکەن و ناتوان وەک و ژن بڕیار بدەن ،حیزبەکانیش لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن. پیاوەکانن سیاسەتی حیزب بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن.
هەر بۆیه نەیانتوانیوە بچنە ناو کێشەو پرسە شاراوەکانی ژنانەوە . لەسەر بەناو ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی کوردستان، تارا ئاسۆس ئەو گۆڕانکاریانە وەک چالاکیەکی لاواز دەبینێت و دەڵێت، لەئێستاو لەڕابردوشدا بەبڕواو بۆچونی من هەڵبژادن نەبوەتە فاکتەرێک یان هۆکاری هیچ گۆڕانکاریەک بۆ پرسی ژن و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی توندو تیژی و کێشەو نەهامەتیەکان کەڕوبەڕوی ژنانی کۆمەڵگە دەبێتەوە .
هەر خۆی پێم وایه دەسەڵات پرسی ژنی نەکردوەتە بابەتێکی گرنگ و هەمەلایەنە بۆ گۆڕانکاری کردن و پێشخستنی تاک و کۆمەڵگە، وە دەسەڵات لەجەوهەردا بڕوای بەمافی ژن و پرسی ژن نیە وەک پرسێکی بنەڕەتی ،هەروەها هەموو ئەو پارت وحیزبە سیاسیانەی کە لەدەسەلاتیشدان لەهەناوی عەشیرەت و بنەماڵەوە هاتوون و ئەقڵی دان پێدانانی مافی ژنیان وەک مرۆڤ وگرنگترین توێژی کۆمەڵگە نیە .
لەسەر هۆکارەکانی چەوساندنەوەی ژنان تارا بوێرانە پەنجە ڕادەکێشێت بۆ کلتورو نەریتی باوی کۆمەڵگە، ئایین و ئەقڵی فیوداڵ و عەشیرەتگەرایی کە هۆکاری سەرەکین بۆ ناوشیاری ونائاگایی ژن و بێ ئیرادە هێشتنەوەی ژن لەچوار چێوەیەکی تەسکی ژیاندا و سنوردار کردنی ژن و مافەکانی ژن ،وە هەروەها سیستمی سەرمایەداری وەک قێزەونترین بەڵا بۆسەر ژن کە ژنی کردوەتە ئامڕازی گەیشتن بە ئامانجە ئابوریەکان ولە جەوهەر دورخستنەوەی کۆمەڵگە لەکەسایەتی ژندا بە پلە یەک ،وەبەبڕوای من وشیاری و خۆ پەروەردەکردنی ژن بەرامبەر بەو جەنگە تاریکەی کە لەناویدا دەسوتێت، کاری لەپێشینەو پێویستە . کاتێک ژن وشیار بوو ، مناڵ وشیار و تەندروست پەروەردە بوو ئەوکاتە کۆمەڵگەش لەسێبەری وشیاری و ئیرادەی ژندا ڕۆشن و پێشکەوتودەبێت.
خدیجە موسا__سكرتێری كۆمەلەی ئافرەتانی كوردستان ، لە بابەت بە چەوساندنەوەی ژنان و ڕەشەکوژیکردنیان دەڵێت ، داب و نەریت وكلتورو شێوازی بیركردنەوە لەژن ھەموو سنورەكانی تێپەڕاندوە .
بۆیە تا گۆرانكاری لە دەسڵاتی خۆسەپێن و بەرژەوەندی خودی و ھۆشیاری تاك روونەدات بەرامبەر بە ماف و ئازادیەكانی ژنان توندوتیژی كەم نابێتەوە .
ھەرچەندە ڕێكخراوەكان لەھەوڵەکانی خۆیان بەردوامن وناوەستن بەڵام بەداخەوە، ھەوڵێكی خراپیش درا بۆ كەم كردنەوەی جوانیەکانی رێكخراوەكان، وە ناشیرن كردنیان لە لای كۆمەلگە.
خەدیجە موسا بەداخەوەیە کە حکومەت و پەرلەمانێکی نیەتپاک نیە لە ڕاستایی کێشەکانی ژنان و مافەکیانیان و دەڵێت ، بەداخەوە تائێستا لە دەرەنجامی ھەلبژاردنەكان ھیچ ھەوڵێك نەبینراوە بۆ خزمەتکردنی ژنان و گێڕانەوەی تەواوی شکۆی ژن .
وە هەروەها ھۆكارە سەرەكیەكان لە كەلتورو داب و نەرت ھەوڵێكی راستگۆیانە نیە لەلایەن حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار ،وە خودی ژنیش یەكێكە لەھۆكارەكان چونكە تائێستا خەباتێكی یەكگرتوو بەھەڵوێست نیە بۆ روبەرو بونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان .
ھەر بۆیە دەبێت كاربكرێت بۆ جێبەجێ كردنی یاسای توندوتیژی خێزانی و چاودێری كردنی ھەموو جومگەكانی راگەیاندن ، وە دەسەڵاتی تنفیزی و تشریحی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە كاربكەن بۆ جێگیركردن و كارپێكردنی یاساكانی باری كەسیەتی چونكە پەروەردەكردنی تاكی ھۆشیار ھەنگاوە بەرەو خێزانێكی تەندروست و كۆمەلگایەكی ھۆشیار.