خنکانی ٢٨ کرێکاری پیشەسازی جلوبەرگ لە مەغریب
خنکانی ٢٨ کرێکاری پیشەسازی جلوبەرگ لە مەغریب

مەغریب:: 09FEB2021 ڕۆژی ٨ی فێبریوەری ٢٠٢١ بۆ دانیشتوانی شاری طەنجە و تەواوی مەغریب ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو، هەر لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا، کاتژمێر ٨:٤٥دەقە دانیشتوان گوێبیستی تراژیدیای گیانلەدەستدانی دەیان کرێکاربوون. شارەکە بە هەواڵی گیانلەدەستدانی ٢٨ کرێکاری پیشەسازیی جلوبەرگ لە ژێرزەمیی کارگەیەکی نایاساییدا ڕۆژیان کردەوە. تا ئێستا ڕووداوەکەو هۆکارەکان و لێکەوتەکانی بە پانتایی بیر هزر و میدیاو حکومەت و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی خستووەتە بەردەم لێکدانەوەو بەرپرسیارێتییەکی گەورە.
کارگاکە لە ژێر زەمینی خانووی خاوەن کارگەکەدایەو نایاسایییە، تەنها یەک دەرگای هەیە و هیچ ڕێگەیەکی دەرچوونی تری نییە، لەکاتی بارینی بارانێکی زۆر لەو ڕۆژەدا تا بەرزایی دوو مەتری ژێرزەمینەکە پڕ ئەبێت لە ئاو. ١٨ کرێکار ڕزگارئەکرێن بەلام ٢٨یان هەر لەوێدا ئەخنکێن و گیان لەدەست ئەدەن.
گەندەڵی لە وەڵامدانەوەی خواستی داواکارییەکانی ڕستن و چنین و جلوبەرگ دروستکردن و پێشبڕکێی کۆمپانیاکانی جلوبەرگدروستکردن لەگەڵ کاڵا تورکی و چینییە هەرزانەکان لەو وڵاتە وای لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کردووە چاوپۆشی لەم جۆرە کارگانە بکەن و لە کاتی ڕووداوەکاندا دەربکەون.
بارودۆخی کارکردن لەم کارگانە سەختن، سەرباری ڕەچاونەکردنی هیچ جۆرە سەلامەتییەکی کارو کرێکار، بێ هیچ ئاگرکوژێنەوە، نەبوونی دەرگای دەرچوون لە کاتی ڕووداوی نەخوازراو، جگە لە سەعاتکاری زۆر و کەمی کرێ و ئاسانکاری لە دەرکردنی کرێکار.
کامەران احمد