کرامەتی ژن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی لە سووک کردنی ژن بە ناوی شەرع و سەرگەرمی!!

شیرین جەلالی
لە کاتێکدا کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بە پێوەری زانست، ڕۆشنبیری، پاراستنی مافی مرۆڤ و یەکسانیی ڕەگەزی هەڵدەسەنگێندرێن، بەداخەوە هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی هەن کە بەردەوامن لە دروستکردنی بەربەست لە بەردەم گەشەپێدانی کۆمەڵگا. یەکێک لەو دیاردانە، کەم نرخاندن و سووکایەتی کردن بە ژنە، کە لە هەندێک پلاتفۆڕم و میدیای بێبەرپرسیاردا بە شێوەی گاڵتە، پێکەنین و ئاساییکردنی چەمکی فرەژنی و هاوسەرگیرییە جیاوازەکان بڵاودەکرێتەوە.
لەو باسانەی لەم دواییانەدا زیاتر جێی مشتومڕ بووە، چەمکی «زەواجی مسیار»ە. ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە نە بەرهەمی پێداویستیی کۆمەڵایەتی کوردستانە و نە بەشێکە لە کولتووری کۆمەڵگەی ئێمە. هەرچەندە هەندێک لایەن هەوڵدەدەن بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی شەرعی، ڕەوایەتی پێ ببەخشن، بەڵام ئەوە نابێت ببێتە هۆکاری پشتگوێخستنی پێوەرەکانی دادپەروەری، یەکسانی و پاراستنی کرامەتی مرۆڤ.
ئەوی کە زیاتر جێی سەرنج و لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە هەندێک ژن و کچی خوێندەوار، لە جیاتی ئەوەی ببنە دەنگی هۆشیاری، ڕەخنە و پاراستنی مافەکانی ژنان، بە شێوەیەک یان بە شێوەیەکی تر دەبنە بەشێک لە پرۆسەی ئاساییکردنی ئەو گوتارانەی کە وێنە و پێگەی ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ماف لاواز دەکات. کاتێک ژن لە گوتاری میدیایی و کۆمەڵایەتیدا وەک ئامرازێکی دابینکردنی ئارەزووەکانی پیاو پیشان بدرێت، ئەوا چاوەڕوانبوون لە دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسانخواز کارێکی ئاسان نابیـت.
مێژووی کوردستان بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە دروستکردنی ژیانی ڕۆشنبیری، ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەبووە. کەسایەتییە وەک مەستورە خانی ئەردەڵان، حەپسە خانی نەقیب و عادیلە خان، تەنها بە ژن ناسراو نەبوون، بەڵکو بە هۆی زانست، ئەدەب، سەرکردایەتی و خزمەتەکانیان بۆ کۆمەڵگا شوێنەواریان لە مێژووی کورددا جێهێشتووە. ئەم میراتە ڕۆشنبیرییە پێویستە ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی ئێستا، نەک ئەو گوتارانەی کە بایەخی ژن دادەبەزێنن.
لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە، گەشەپێدانی هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ بەشداریی یەکسان و پاراستنی کرامەت و مافەکانی ژنان مەیسەر نییە. بۆیە، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێویستی بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، ناساندنی مێژووی ژنانی کاریگەر هەیە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گوتار و کردارێک کە هەوڵی سووککردن یان کەم نرخاندنی پێگە و بایەخی ژن دەدات.