دەقی شیعری” تاڵانمان کەن”

0
03.08.2014 ، ئەو ڕۆژە بوو کە بەسەر برینەکانی “شەنگال”دا ، بەشەرییەت بە ماشێنی جەهالەت دەیان سەدە گەڕایەوە بۆ دواوە!
تاڵانمان کەن
——
دۆشەکڵەیەکی دڕاویش لە ماڵمانا مەهێڵنەوە
بەشی تارەت و دەستنوێژێکیش ، ئاو لە تەنکێکانمانا جێمەهێڵن
تاڵانمان کەن ،
سانتی و دایبی کچ و مناڵەکانمان ،
بەرماڵ وگۆچانی پیر و کەفتەکارەکانمان و
ڕیقنەی مریشکەکانیشمان حەڵاڵتانە !
ئێمەی “زندیق” لە کونجی ئیلحادەوە هاوار ئەکەین ….
تاڵانمان کەن !
دەرگای ژووری نووستنمان لە گرێژەنە بەرن،….
با بەڕووتی بمانبینن ، هەر بە ڕووتییش تاڵانمان کەن
تا ڕۆژی” نەفخی سوور” بە ڕووتی بسووڕێینەوە و
ئێمەی ” اسفل السافلین” بە ڕووتی بچینە بەر قاپیی خودا و
ئێوەی نوورانییش غەرقی ڕووباری “شرابا طهورا” بن
تاڵانمان کەن ،
ئێمە بەتاڵانکراویی جوانترین ،
بەتاڵانکراویی گەرمتر هەناسە ئەدەین !
ئاخر ئێمە لەوەتەی هەین لە تاڵانچییەکەوە…..
ئەدرێینە دەست تاڵانچییەکی تر
لە کۆشی دەعبایەکەوە هەڵئەدرێینە ئامێزی دەعبایەکی تر
تاڵانمان کەن ، منەتتان بە تۆزی سەر نەعلە جێماوەکانی دایکم
تاڵانمان کەن،….
ئۆباڵ بەگەردنم ئێمە لە زومرەی گوناهکارانین و
ئێوە ئەهلی نوور و ئیمان !
ئێمە لە بنەچەی خوێنمژانین و
ئێوە لە داوێنی فریشتە کەوتوونە خوار !
تاڵانمان کەن ،
مێژووتان شەرمەزار مەکەن ، تاڵانمان کەن
ئاخر ئێوە بە کۆڵ و باری فەرهوودەوە لە خۆتان ئەچن
بە چنگوپەلی سوورەوە ئەچنەوە سەر باپیرە گەورەتان ،…..
تاڵانمان کەن
——-
بەرزان هەستیار
ئاوگوستی 2014
ئەڵمانیا/ کۆلن
Leave A Reply

Your email address will not be published.