ڕۆڵی فەیلەسوف لە جەنگدا چییە؟

0
نووسینی: ئیبتیهال عەبدلوەهاب
و: ڕزگار عومەر
ڕەنگە هەندێك وا بیربکەنەوە کە “دەنگی بیرکردنەوە” لە کاتی کوشتارکاری کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو ساتانەی مرۆڤایەتی “قیبلەنمای ئەخلاقی” خۆی لەدەست دەدات ئەو دەمی ئەو ساتانەیە کە فەلسەفە زۆر پێویستە.
فەیلەسوف هیچ “چەکێکی” نییە جگە لە بیری خۆی، هیچ قەڵغانێکی نییە جگە لە ویژدانی. لە کاتێکدا گولەتۆپەکان نیشان دەگرن و دەتەقن و تەپڵی شەڕ لێدەدەن، فەیلەسوف بە تەنیا وەستاوە و لە نێو ژاوەژاوی ئەم شێتیەدا و بە لۆژیکی پرسیار دەچرپێنێ و تەحەدای ئەم توندوتیژییە دەکات. لە پشتی ژاوەژاوەوە چاودێری ئەو شتانە دەکات کە کەسی تر نایبینێت: کەوتنی مرۆڤ لە ژێر “خاپووری دروشمەکاندا” و “داڕمانی مانا” لە ژێر وێران بووندا.
لە ئان و ساتی جەنگدا؛ فەیلەسوف بەدوای “سەرکەوتن” و “شکستدا” ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای ئەو “ڕاستییەدا” دەگەڕێت کە هەرکات ئاگری جەنگ هەڵگیرسا “تیرۆر دەکرێت”، ئەو حەزی لە نەخشەی جوگرافیای پاش و پێشی جەنگ نییە، بەڵکو حەزی لە ئاماژەدانە بەو “نەخشە شاراوانەی” کە لە هۆش و مێشکی مرۆڤەکان بە ڕقی ڕەش و ترسەوە دووبارە لە بەرامبەر یەکتردا دەکێشرێنەوە.
فەیلەسوف نە لە پشتی لایەنە سەرکەوتووەکان نە لە ڕیزی لایەنی دۆڕاوەکان دەوەستێت، بەڵکو هەمیشە لایەنگری ئەو دۆخەیە کە لە زاراوەی “سەرکەوتن” و “شکست” تێدەپەڕێنێت دێتەوە سەر: “حەقیقەت” و “دادپەروەری” و “کەرامەتی مرۆڤایەتی”.
لە کاتی جەنگدا گەورەترین ئازایەتی ئەوەیە “پرسیار بکەیت”؛
پرسیار بکەیت دەربارەی مەبەستی کوشتن، هۆکارەکانی ڕق و کینە، لۆژیکی دوژمنایەتی، سەرچاوەی ئەو گوتارەی کە حەشامەتەکان بەرەو کۆمەڵکوژیی و قەسابخانەکان کۆدەکاتەوە. ئەو گوتارە لە کوێوە هاتووە؟ خزمەت بە کێ دەکات؟ بۆچی گفتوگۆی لەسەر ناکرێ؟
فەیلەسوف تفەنگی لەشان نیە، بەڵکو گومان لە دەستی ئەو کەسانەدا دەچێنێت کە تفەنگیان لەشانە. سەرناکەوێتە سەر سەکۆیەکی سیاسی، بەڵکو گوێ لە “دەنگی ویژدان” دەگرێت، پرسیار دوروۆژێنێ، لە نێوان ئاگرخۆش کردن و هاندان بە دوای “لۆژیکێکی ونبوو” دەگەڕێت، لە ژێر پێی دروشمدانی پڕ لە ژاوەژاودا ڕژاوە بە دوای “مرۆڤایەتی”دەگەڕێت.
ڕۆڵی فەیلەسوف لە جەنگدا چییە؟
ڕۆڵی ئەو بریتیە لە ئاشکراکردن و ڕسوا کردنی “نەووتراوەکان” ، ڕەتکردنەوەی پاساودانی خوێنڕشتن لە پای پیرۆزکردنێكی مێژوو، یان کەلەپوور، یان ترسێك لە بەرامبەردا. فەیلەسوف ئەو پرسیارە “یاساغە” دەکات: ئایا ئەوەی پێمان دەوترێت ڕاستیە؟ ئایا دوژمن دوژمنە، چونکە ناواخنەکەی خراپەکاریە، یان لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان پێویستی بە شەیتانکردنی “دوژمن” هەیە؟
ئایا نیشتمان بە خوێن بنیات دەنرێ، یان بە دەیالۆگ؟ ئایا بەرگریکردن لە “بەهاکان” بیانووە بۆ سڕینەوەی جیاوازەکان، یان لە ئامێزگرتنیان؟
ئەم پرسیارانە تەنیا لە “جۆرێکی تایبەتی ئازایەتییەوە” سەرهەڵدەدەن: ئازایەتی وەستانەوە بەرامبەر “حەشامات و مێگەل” کاتێک بە پەلە بەرەوخەرەند و وێرانەو کۆتایی دەڕوات.
لە سەردەمی جەنگدا فەیلەسوف ستراتیژی بۆ جەنگ پێشنیار ناکات، بەڵکو خەریکی دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمپاس و قیبلەنمای ئاکارو ئەخلاقی مرۆڤایەتیە. لەلای ئەو گرنگ نییە ژمارەی بێ ئەژماری سەربازەکانی جەنگ چەندن، بەڵکو ئەو گرنگی بە ژمارەی ئەو درۆ ئەفسانانە دەدات کە “باوەڕی” پێکراو کرا بە بیانووی ساختە بۆ کۆکردنەوەو بەگەڕخستنی ئەم هەموو سەربازە. فەیلەسوف نەخشە ناکێشێت، بەڵکو نەخشەکانی ڕق و کینە دەدڕێنێت کە لەسەر دیواری ئەقڵەکاندا کێشراون.
هەندێک جار، دەنگی فەیلەسوف کزە، لە نێو هات و هاوارو ئاژاوەدا نابیسترێت، بەڵام ئەم دەنگە هەر بە نەمری دەمێنێتەوەو پرسیارەکانی خۆی لە “هۆشیاری” دەستەجەمعیدا هەڵدەکۆڵێ و دەنەخشێنێ، چەشنی ئەوەی لە کێڵگەکانی زەمەن و مێژوودا مینی دژە نەزانی و دژە خۆشخەیاڵی بچێنێ. ڕەنگە ساڵانێک دواتر، دوای خامۆش بوونی جەنگ، کاتێک خەڵک دەست دەکەن بە ژماردنی زیانەکان، دەنگی پرسیارە کۆنەکەی فەیلەسوف بزرینگێتەوە: ئەرێ بۆچی ئەوەمان کرد؟ لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە فەیلەسوف بێدەنگ نەبووە، بەڵکو بە زمانێک قسەی کردووە کە “سەردەمی جەنگ” کەس لێ ی حاڵی نەبوو، بەڵام بۆئاشتی پێویست بوو.
هیچ شتێک لەهەڵویستی سوکرات ی فەیلەسوف مانادارتر نیە ، کە “مردنی” پێ باشتر بوو لە وازهێنان لە”بیری ئازاد” لە شارێکدا کە بەهۆی دووبەرەکیی تەواو ترازابوو، هیچ شتێک لە نامەکانی تۆڵستۆی گەورەتر نییە کاتێک بە ناوی “خۆشەویستییەوە” دژایەتی توندوتیژی دەکرد، هیچ شتێک لە هاوارەکەی ژان پۆڵ سارتەر ڕاستتر نییە کە گووتی: “ئەگەر جەنگ نەخەینە ژێر گومانەوە،ئەوا پاساوی بۆ دەهێنینەوە”.
ئەم فەیلەسوفانە نەیانتوانی بەر بە جەنگەکان بگرن، بەڵکو ڕووخساری مرۆڤبوونی مرۆڤیان گەڕاندەوە، لە کاتێکدا وازی لێهێنابوو.
ڕۆڵی فەیلەسوف لە جەنگدا ئەوەیە کە شایەتحاڵێکە ئیمزا ناکا، بیرمەندێکە بەلایەکدا ڕاناکێشرێت، قیبلەنامەیەکە بەرنامەڕێژ ناکرێت. فەیلەسوف مرۆڤێکە پێداگری دەکا کە گوناح و خەتا بە خوێن پاك نابێتەوە، ستەمکاری بەهێز چاک نابێتەوەو و کەرامەت بە بۆمب ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە تێگەیشتن و دانپیانان و “بنیاتنانەوەی مانا” دەگەڕێتەوە.
جەنگ لە فەیلەسوفەکان ناباتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێدەنگیان بکات. چونکە ئەو وشەیەی کە بە دڵسۆزی دەگوترێت، لە سەردەمی گەڕەلاوژەو حەماسەت و شێتیدا لە ژێرخۆڵەمێشەکاندا بە گەشی هەر دەمێنێتەوە ، ڕێگەی خۆی دەکاتەوە بۆ ناو ویژدانی جیهان، وەکو بەڵگەو گەواهی لەسەر ئەوەی مرۆڤایەتی بە تەواوی لە خەودا نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی پرسیارەکانی فەیلەسوفەکانەوە هەوڵی هەناسەدانی دەدا.
ڕۆڵی فەیلەسوف لە جەنگدا “هات وهاوار” نیە بەڵکو”مانەوەیە”. قامەتی بە پێوەبێت و بمێنێتەوە لەکاتێکدا هەمووان ئەژنۆ شکاون. بۆ ئەوەی ” پرسیار” بە زیندوو بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی “مانا” نەمرێت.
لە کۆتاییدا ڕەنگە جەنگ دەنگی فەیلەسوفەکان بێدەنگ بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ڕۆشنایی پرسیارەکانیان بکوژێنێتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.