ئەم جیهانە
پارکێکی گەورەی ڕابواردنە
وەک میزەڵدانێکی گەورەیە
کە پڕە لەهەوا…
گەر زیاتر فووی تێبکەیت دەتەقێت.!
وەک چەرخی کۆستەرە دەمانترسێنێت
وەلێ هێشتا پێدەکەنین
ئێمەی ژن بە بچووکی دەبیندرێین تێیدا
دەترسین بسوڕێینەوە سەرگێژ بین
هەڵبگەڕێین و بکەوین
ئااای چەند بەتووندی لێمان دەدەن وەک ئەوەی لەبازنەی زۆرانبازی بین
وەک برژاندن دەمانخەنە سەر زەوی و
دەبینە گاڵتەجاڕ
ئەو ساتانەی دەگەینە لوتکە وەک مقەست دەمانبڕن
گیرفانەکانمان خاڵی دەکەن کەچی هێشتا ڕازی نابن
دەبنە ڕکابەرێکی یارییەکی گەورە
ئاای چەند گەمژەییە
رۆژێک دەمانخەنە پێکەنین و
سەدەیەک خنکاندن .!
کە دوێنێ نیگەران بووین
واتێمەگەن تێناگەین
ئێمە دەبوورین وەلێ هەرگیز لەبیرناکەین
ئەوەی بۆ ڕۆژێک دیار نەمێنێت
دەتوانێ بۆ هەمیشە ون بێت
ئەوانەی تۆ وەک جل دەگۆڕن
داوای لێبوردن لەپێڵاو دەکەن .
چنار عەلی
