سازشی سەرکردەکان و سەنگەری چینایەتی

0

زمناکۆ عزیز
ڕاگەیاندنی خاڵەکانی ئەو پرۆسە نوێیەی ناویان ناوە «ئاشتی» لە تورکیا و هاوکات ملدانی بێدەنگی دەستەبژێری سیاسی بۆ هەڵوەشاندنەوە یان تواندنەوەی «قەسەد» لە ناو گەرووی مەکینەی سەربازی و ئەمنیی دەوڵەتدا، تەواوی کایەی سیاسیی کوردی خستووەتە بەردەم دوو جەمسەری دژبەیەک.

 

لە لایەکەوە، نوخبەی حیزبی و دەستەمۆکراوانی هێڵی ئیمڕاڵی، سەرباری هەموو نیشانەکانی تەسلیمبوون، خەریکی چنینەوەی پاساوی جۆراوجۆر و ماکیاژکردنی ئەم سازشە خوێناوییەن؛ لە لایەکی ترەوە، بێدەنگییەکی پڕ لە شۆک، خەمۆکییەکی قووڵ و تووڕەیییەکی بریندار لە ناخی کادرە مەیدانییەکان و جەماوەری بەشخوراو لەدایک بووە.
هیچ ساتەوەختێک لە مێژوودا هێندەی ئەو چرکەساتە تراژیدی و جەرگبڕ نییە بۆ گەریلایەکی سەنگەرە بەستووەکان، شەڕڤانێکی جەستەبریندار، یان دایکێکی ڕەشپۆش، کاتێک دەبینن کە چۆن دەیان ساڵ قوربانیدانی بێهاوتا لە پێناو «ئازادی» و «خەونی برایەتیی گەلان»دا، لەسەر مێزی سەودامامەڵەی نهێنیدا دەکرێتە قوربانیی چەند بەڵێنێکی کاغەزی و دەستکەوتێکی کاتیی بێبایەخ. بەڵام کاتێک کە هاوکێشەی «ئاشتی لە سەرەوە» دەگاتە بنبەستی مێژوویی خۆی، تەواوی ئەو دەمامکە ئایدیۆلۆژی و پیرۆزانە دادەدڕێن کە ساڵانێکە بۆ شاردنەوەی واقیع و بەپیرۆزکردنی پاشەکشەکان بەسەر عەقڵی بزووتنەوەکەدا کێشراون.
لێرەدا ئەو پرسیارە گەورەیەی کە سەرکردایەتییەکان لێی دەترسن و دەیانەوێت لە ناو بێدەنگخانەی حیزبدا زیندانیی بکەن، ئەوەیە:

 

ئەم بەرە ناڕازییە گەورەیە و ئەو مرۆڤە ماندووانەی هەست دەکەن خەون و خوێنیان هەڕاج کراوە، ڕوو لە کام بیابان یان کام ئاسۆ دەکەن؟
چارەنووسی ئەم بێئومێدییە لە سێ ڕێڕەوی جیاوازدا دابەش دەبێت:
١. کاردانەوەی زبر:
پەلکێشبوون بەرەو ناسیۆنالیزمێکی پەتی و شەڕانگێز
کاتێک بۆ سی ساڵ بە کادر و گەنجەکانی چوار دەورت دەڵێیت چەکت بۆ تێپەڕاندنی دەوڵەت و دروستکردنی باخچەی کۆنفیدراڵیزم لەگەڵ گەلان هەڵگرتووە، کەچی لەپڕ بە چاوی خۆی دەبینێت دەوڵەتی فاشیست لە باکوور و دەسەڵاتی کۆنەپەرست لە سووریا بە شۆڤێنیزمی ڕووتەوە خەریکی هاڕینی کەرامەت و سڕینەوەی هەموو مافێکی ئەون، یەکەم پەرچەکرداری ئەو مرۆڤە شۆککراوە بریتی دەبێت لە فڕێدانی تەواوی دروشمە کۆنەکان و باوەشکردنەوە بۆ ناسیۆنالیزمێکی ڕادیکاڵ و دژە-عەرەب و دژە-تورک. ئەم باڵە ناڕازییە کە لە کادرە مەیدانییەکان و گەنجانی تووڕە پێکدێت، بەرەو دروستکردنی گرووپی تۆڵەسێنەر و یاخیبوون لە فەرمانی سەرکردەکان دەڕۆن؛ چونکە لە دەرەوەی سنووری نەتەوەپەرستی، هیچ ئاسۆیەکی تری فیکری و ڕزگارییان پێ نیشان نەدراوە.
٢. تەڵەی فەتالیزم و هەڵاتن بەرەو ئیسلامی سیاسی
بۆ بەشێکی زۆر لە جەماوەری بریندار و خێزانە چەوساوەکانی باکوور و ڕۆژئاوا، مۆتەکەیەکی تاریکتر لە کەمیندایە: کاتێک بزووتنەوەیەکی چەپی چاکسازیخوازی وەک پەکەکە یان پەیەدە، ناتوانێت نان، ئاسایش و سەرەتاییترین کەرامەت بۆ خەڵکی خۆی دابین بکات و دوای ئەو هەموو ڕووبارە خوێنە کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، ئیتر جەماوەری بێئومێد بۆ ڕاکردن لە تاڵی و پووچیی ژیان، پەنا دەبەنە بەر تەسلیمبوونێکی فەتالیستییانەی ئایینی.
لێرەدا دەزگا خێرخوازییە ئیخوانییەکان و ڕێکخراوە کۆنەپەرستەکانی وەک «هوداپار» و تەریقەتە تاریکەکان بە پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەکان، لەسەر تەرمی ئەم خەونە شکاوە دەست دەکەن بە چنینەوەی هۆشیاری و دەنگی هەژاران؛ بەتایبەت کە پێشتر خودی سەرکردایەتی لە ژێر ناوی «ئیسلامی دیموکراتیک»دا ڕێگەی بۆ دروستبوونی ئەم لادانە ئاوەڵا کردووە.
٣. چرای بێداری: ڕاچڵەکین بەرەو سۆسیالیزمی زانستی و شکاندنی بتەکان
لە ناو جەرگەی ئەم داڕمانە گەورەیەدا، تاقە ڕێگای ڕزگاری بۆ دەستەیەکی هۆشیار لە کادر، گەنجان و پێشڕەوانی ڕاستەقینە، بریتی دەبێت لە دابڕانێکی بوێرانە لە وەهمەکان و گەڕانەوە بۆ سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕانە. ئەم کەمینەیە لەوە تێدەگەن کە ڕزگاریی ئینسان بە پیرۆزکردنی دەقی سەرکردە لە زیندان، یان بە پەنابردن بۆ تیۆرییە پۆست-مۆدێرن و لیبراڵییە تەمومژاوییەکان بەدەست نایەت؛ بەڵکو لەو چرکەساتەوە چەکەرە دەکات کە تێبگەن چەکی دابڕاو لە شاخەکان بە تەنیا ناتوانێت مێژوو بگۆڕێت ئەگەر نەبەسترێتەوە بە شادەماری خەباتی چینایەتی لە ناو کارگەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان و زانکۆکانەوە، لەگەڵ بزووتنەوەی سەراسەریی تەواوی زەحمەتکێشانی کورد، تورک و عەرەب.
ڕووداوەکان پەردەیان لەسەر هەموو شتێک هەڵماڵیوە؛ کاتێک کۆشکنشینانی ئەنقەرە و ژەنەڕاڵە شۆڤێنییەکان لەسەر شاشەکانەوە ئەم پرۆسەیە وەک «سەرکەوتنی مەزنی دەوڵەت و بنەبڕکردنی تیرۆر» ناوزەد دەکەن، ئیتر هیچ پاساوێک بۆ ماکیاژکردنی ئەم تەسلیمبوونە نامێنێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە وەهمی ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکان بهێنرێت.
ڕزگاریی ڕاستەقینە لە دیپلۆماسیی پشتپەردە و سێبەری ژەنەڕاڵەکاندا بەدی نایەت؛ تەنیا کاتێک دێتە دی کە جەماوەری چەوساوە و زەحمەتکێشانی ناوچەکە، بە وشیاریی سەربەخۆی چینایەتییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە و ستەمکاریی دەوڵەت بهێنن و خۆیان ببنە خاوەنی چارەنووسی خۆیان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.