چۆن دروشمی «هاوڵاتیی یەکسان» خزمەت بە شۆڤێنیزم دەکات؟

زمناکۆ عزیز
چۆن دروشمی «هاوڵاتیی یەکسان» خزمەت بە شۆڤێنیزم دەکات؟
ململانێی فیکری لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا دەربارەی پرسی نەتەوەیی، هەمیشە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ماتریالیزمی زانستی و ئایدیاڵیزمی ڕواڵەتی بووە. ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بەرزکردنەوەی دروشمی «مافی هاوڵاتیی یەکسان» لە جیاتی مافی بڕیاردانی چارەنووس تا ئاستی جیابوونەوە، دەکەوێتە ناو تەڵەیەکی یاسایی بۆرژوازی، کە لە واقیعدا ڕیزی خەباتی مادیی چینی کرێکار پارچەپارچە دەکات.
لێرەدا هەوڵئەدەم بە پشتبەستن بە بەڵگە تیۆری و مێژووییەکانی مارکس و لینین، نادروستیی دروشمی هاوڵاتیی یەکسان لە بەرامبەر مافی مادیی جیابوونەوەدا بسەلمێنم.
١. ژێرخانی مادیی دەوڵەت و وەهمی یەکسانیی یاسایی
چەمکی “هاوڵاتیی یەکسان” لە بنەڕەتدا چەمکێکی لیبرالی پەرلەمانییە کە واقیعە مادییەکان دەشارێتەوە. لە فیکری مارکسیستیدا، دەوڵەت دەزگایەکی بێلایەن نییە، بەڵکو ئامرازی چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەییە. دەوڵەتانی باڵادەستی ناوچەکە (عێراق، تورکیا، ئێران) لەسەر بنەمای باڵادەستیی نەتەوەی حاکم بونیاد نراون.
کورتکردنەوەی ستەمێکی مێژوویی، خوێناوی و مادی (وەک ئەنفال، کیمیاباران، قەدەغەکردنی زمان و تاڵانکردنی خاک) بۆ کێشەی “نووسینی یاسای یەکسانی لە دەستووردا”، بازدانە بەسەر ماتریالیزمدا.
کاتێک کۆمۆنیزم داواکاریی کۆنکرێتیی نەتەوەیەکی چەوساوە بۆ سەربەخۆیی فەرامۆش دەکات و دروشمی گشتیی هاوڵاتیبوون بەرز دەکاتەوە، جەماوەری چەوساوە متمانەیان بە چەپ نامێنێت و بە ناچاری دەچنە باوەشی ناسیۆنالیزمی بۆرژوایی لۆکاڵی (پارتی و یەکێتی)، ئەمەش زەربەی کۆتایی لە یەکگرتوویی چینی کرێکار دەدات. با بزانین چۆن؟
خەڵکی چەوساوە لە ژێر زەبروزەنگ، گۆشەگیری و ترسی لەناوچووندان، پێویستیان بە وەڵامێکی کۆنکرێتی و دەستبەجێ هەیە بۆ پاراستنی فیزیکی، زمان و کلتووری خۆیان. کاتێک چەپ پێیان دەڵێت “سنوور گرنگ نییە، ئێمە هەموان هاوڵاتیی یەکسانین”، جەماوەر وا هەست دەکەن چەپ ئازارە ڕاستەقینەکانیانی بە کەم سەیر کردووە یان هەر تێینەگەیشتوە؛ لێرەوە متمانە دەقرتێت.
هەر بۆیە خێرا حیزبە ناسیۆنالیستەکان (وەک پارتی و یەکێتی) ئەم بۆشایی و بێهیواییە دەقۆزنەوە. ئەوان دێنە مەیدان و گوتارێکی سۆزداریی مادی بەرز دەکەنەوە: “ببینن! چەپەکان کێشەی نەتەوەیی ئێوەیان بە لادان زانی، تەنیا ئێمە پارێزەری خاک، زمان و ناسنامەی ئێوەین دژ بە دەوڵەتی مەرکەزی”. بەم شێوەیە خۆیان دەکەنە تاقە هێمای ڕزگاری.
کاتێک جەماوەر دەچنە باوەشی ناسیۆنالیزم، چینی کرێکار بەسەر هێڵی ئەتنی و نەتەوەییدا شەق دەبێت:
کرێکاری چەوساوە (کورد) لە ترسی داگیرکەر، دەبێتە چەک بە دەستی چەوسێنەرە خۆماڵییەکەی خۆی.
کرێکاری سەردەستیش (عەرەب/تورک) چونکە چەپ پێشتر متمانەی بۆ دروست نەکردبوو لە ڕێگەی داکۆکیکردن لە مافی جیابوونەوەی کورد، هەر بۆیە داواکاریی کورد وەک “پیلانگێڕی دژ بە دەوڵەتەکەی” دەبینێت.
سەرەنجام کرێکاران لە جیاتی ئەوەی وەک یەک بلۆکی چینایەتی دژ بە سەرمایەداریی جیهانی و لۆکاڵی بجەنگن، دەبنە سووتەمەنیی شەڕی قەومیی حیزبە بۆرژواکان. دروشمی “هاوڵاتیی یەکسان” گۆڕەپانەکە بۆ بۆرژوازیی تاڵانکار چۆڵ دەکات تا ڕیزی خەباتی کرێکاران بۆ هەمیشە وێران بکات.

٢. بەڵگە مێژووییەکانی مارکس و لینین
پێداگری لەسەر “مافی جیابوونەوە” نەک هەر دژ بە سۆشیالیزم نییە، بەڵکو مەرجی یەکەمی یەکێتیی ڕاستەقینەی کرێکارانە. مێژووی مارکسیزم ئەم ڕاستییە بە چەندین بەڵگە دەسەلمێنێت:
بەڵگەی یەکەم: کارڵ مارکس و کێشەی ئێرلەندا (١٨٧٠)
کارڵ مارکس لە سەرەتای خەباتیدا پێی وابوو شۆڕشی کرێکاری لە ئینگلتەرا کێشەی ئێرلەندا چارەسەر دەکات، بەڵام دواتر لە نامەکانیدا بۆ کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆچوونی خۆی گۆڕی و سەلماندی کە کرێکاری بەریتانی ناتوانێت ئازاد بێت کاتێک دەوڵەتەکەی خەریکی چەوساندنەوەی کرێکاری ئێرلەندایە. مارکس ئەڵێت:
«نەتەوەیەک کە نەتەوەیەکی تر بچەوسێنێتەوە، پلانی زنجیری کۆیلایەتیی خۆی دادەڕێژێت. یەکەم مەرجی ڕزگاریی چینی کرێکاری ئینگلتەرا، گۆڕینی داگیرکاریی ئێرلەندایە بۆ فیدراسیۆنێکی ئازاد یان جیابوونەوەی تەواو».
مارکس داوای “هاوڵاتیبوونی یەکسان”ی لە ژێر سایەی تاجی بەریتانیادا نەکرد، چونکە دەبینێت ئەو چەمکە، ستەمە مادییەکە دەشارێتەوە.
بەڵگەی دووەم: ڤلادیمێر لینین و مافی نەتەوەکان (١٩١٤)
لێنین لە کتێبی «مافی نەتەوەکان بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان»دا بە توندی دژ بەو باڵە چەپە وەستایەوە (هاوشێوەی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و دواتریش مەنسور حیکمەت) کە پرسی نەتەوەییان بە کایەیەکی بۆرژوازی دەزانی. لێنین چەسپاندی کە بەبێ دروشمی ڕوونی “مافی جیابوونەوەی تەواو”، کۆمۆنیستەکانی نەتەوەی حاکم دەبنە سۆسیال-شۆڤێنیست. لینین ئەڵێت:
«ئەگەر سۆشیالیستەکانی نەتەوەی چەوسێنەر داکۆکی لە ئازادیی جیابوونەوەی نەتەوەی چەوساوە نەکەن، ئەوا تەنیا پۆپۆلیستن و شەرعییەت دەدەنە توانەوە لەناو سنوورەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی».
٣. چۆن ژەهری شۆڤێنیزم لە زەینی کرێکاری نەتەوەی سەردەست دەسڕێتەوە؟

لیۆن تروتسکى لە تیۆریی شۆڕشی بەردەوامدا ڕوونی دەکاتەوە کە ژەهری ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی لە زەینی کرێکاری نەتەوەی سەردەستدا (عەرەب، تورک، فارس) بە ڕامکردنی کلتووری یان بە دروشمی ئەبستراکتی “هاوڵاتیی یەکسان” ناسڕێتەوە. ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی، هێزێکی مادییە و پێویستی بە چەکێکی مادیی پێچەوانە هەیە.
تاقە ڕێگای مادی بۆ تێکشکاندنی شۆڤێنیزم لە زەینی کرێکاری نەتەوەی حاکم، ئەوەیە کە حیزبی شۆڕشگێڕ ئەو کرێکارانە ناچار بکات لە سەر شەقام داکۆکیی بێشەرتومەرج لە مافی جیابوونەوەی نەتەوەی چەوساوە (کورد) بکەن.
کاتێک کرێکاری عەرەب یان تورک دژ بە سوپای دەوڵەتەکەی خۆی دەوەستێتەوە لە پێناو مافی سەربەخۆیی کورددا، ڕێک لەو چرکەساتەدا وەهمی شۆڤێنیستی لە ناخیدا دەقرتێت. ئەم تاکتیکە بۆ کرێکاری چەوساوەش دەسەلمێنێت کە هاوچینەکەی لە نەتەوەی باڵادەست جەلاد نییە، بەڵکو هاوڕێی سەنگەریەتی. لێرەوە متمانەیەکی واقیعی دروست دەبێت کە ڕێگا خۆش دەکات لە ئایندیەکی ئازاددا، هەردوو نەتەوە بە ئارەزوومەندانە بڕیاری فیدراسیۆنێکی سۆشیالیستیی هاوبەش بدەن.
٤- یاسای تەڵاق و فیدراسیۆنی ئازاد
بۆ ڕوونکردنەوەی کۆتایی، لینین نموونەی یاسای جیابوونەوە (تەڵاق) لە خێزاندا دەهێنێتەوە؛ پێیوایە کە یاسای تەڵاق خێزان وێران ناکات، بەڵکو هاوسەرگیریی زۆرەملێ و کۆیلایەتیی ژن لەناو دەبات. ئەگەر قەرارە یەکێتییەک هەبێت، ئەوا پێویستە لەسەر بنەمای ئازادی و ڕەزامەندی بێت.
یەکسانی بە بێ یاسای تەڵاق، زنجیرێکی زێڕینە کە جەوهەری کۆیلایەتی دەشارێتەوە. تەنیا بوونی مافی کۆنکرێتی و مادیی جیابوونەوەیە کە وا دەکات لایەنی بەهێز ناچار بێت حساب بۆ لایەنی لاواز بکات. ئەگەر لە داهاتووشدا یەکێتییەک لە نێوان نەتەوەکان یان مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە، تەنیا لە ڕێگەی بوونی ئەم مافەوە دەبێتە یەکێتییەکی ئازاد، ئارەزوومەندانە و لەسەر بنەمای ڕێزی مادیی دوولایەنە. بەبێ مافی تەڵاق، هاوسەرگیریش و دەوڵەتی هاوڵاتیبوانیش تەنیا قەفەسی پاراستنی سەرمایە و شۆڤێنیزمن
داکۆکیکردن لە مافی جیابوونەوەی نەتەوەکان، ڕێک هاوشێوەی یاسای تەڵاقە لە کۆمەڵگادا.
بەبێ مسۆگەرکردنی ئەم مافە کۆنکرێتییە، دروشمی “هاوڵاتیی یەکسان” تەنیا فێڵێکی حقوقییە کە نەتەوەی چەوساوە بە زۆری چەک لە ناو قەفەسی دەوڵەتی بۆرژوازیدا دەهێڵێتەوە، گۆڕەپانەکە بۆ ناسیۆنالیزمی تاڵانکار چۆڵ دەکات، یەکگرتوویی ڕاستەقینەی چینی کرێکار بۆ هەمیشە وێران دەکات. ڕزگاری لە دروشمی یاسایی سەر کاغەزەوە نایەت، لە ڕێکخستنی مادیی خوارەوە دژ بە تەواوی پێکهاتەی دەوڵەتی بۆرژوازی دەستپێدەکات.
