غەزاڵ و ڕوقییە .. چیرۆکی دوو تەرم!

غەزاڵ مەولان ، کچێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئێوارەیەک لە باشووری کوردستان بوو بە قوربانیی بۆردومانێک و شەهید بوو ،جوانی و هیوا و خەونەکانی لە یەک ساتدا کۆتایی هات، چەند کەسێکی کەم لە پێشوازی بەڕێکردنی تەرمەکەیدا بوون،لە هیچ مزگەوتێک نوێژی لەسەر نەکرا، بە بێدەنگی و ترسەوە ، تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.
ڕوقیە ئەحمەد کچێکی عەرەبی خوارووی عێراق بوو ، چەند ڕۆژێک لەوەوپێش بەهۆی خنکانەوە ژیانی لەدەستدا. کاتێک تەرمەکەی دۆزرایەوە و درایەوە بەکەس و کاری، هەزاران کەس لە پێشوازیی و ماڵاواییی تەرمەکەیدا بەشدارییان کرد. فرمێسک لە چاوی زۆریان ڕژا، گوڵ و نوێژ و وشەی خەمبارانە، هەموو شوێنێکی گرتەوە!!
ئەم قسانە بۆ بەراوردکردنی دوو قوربانی نییە، چونکە ژیانی هەر مرۆڤێک نرخ و پیرۆزیی خۆی هەیە.
بەڵام پرسیارێک هەمیشە دەمێنێتەوە:
بۆچی هەندێک کارەسات دەبنە هۆی هەڵچوونی ویژدانی گشتی و هەزاران دەنگ بەرزدەبێتەوە، بەڵام مردنی هەندێکیتر بە بێدەنگی تێدەپەڕێت؟!!
ئازار، هەر ئازارە؛ فرمێسک هەر فرمێسکە. دایکی غەزاڵ هەمان ئازاری دایکی ڕوقیەی هەیه،. دڵی خێزانەکانیان وەک یەک شکاوە، بەڵام ئەوەی دەردی زیاتر دروست دەکات ئەوەیە کە هەندێک جار خەم و هاوسۆزی بە پێی ناسنامە و ناسین و گرنگیی میدیایی دابەش دەکرێت، نەک بە پێی قەبارەی کارەساتەکە!!
ئەگەر بتوانین بۆ هەموو قوربانییەک، بێ جیاوازیی نەتەوە و ئاین و زمان، هەمان حەسرەت و هەمان خەم بخەینە دڵمانەوە، ئەوا مانای مرۆڤایەتی ڕاستەقینەمان پێگەیشتووە. بەڵام ئەگەر هەندێک خوێن ببینرێت و هەندێکی تر لەبیر بکرێت، ئەوا کێشەکە تەنها لە مردن نییە، بەڵکو لە شێوازی سەیرکردنمانە بۆ مردن و ئازاری خەڵک!!
غەزاڵ و ڕوقیە هەردووکیان ڕۆیشتن، بەڵام پرسیارەکە هێشتا ماوە: ئایا دەتوانین لەبەر مرۆڤبوونی قوربانییەکان خەمیان بۆ بخۆین، یان تەنها کاتێک دەگریین کە چیرۆکەکەیان دەگاتە گوێمان؟!!