مێژوویەک لە خوێن، لە دۆگما و دابڕان! بۆچی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کارەساتی ١٤ی تەممووزی ٢٠٠٠دا تەریک کەوتەوە؟ ئایا هێشتا دەرفەتی فێربوون ماوە؟

0
زمناکۆ عزیز
ڕووداوەکانی ١٤ی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سلێمانی، کاتێک هێزە چەکدارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشێکی بەرفراوان و هەمەلایەنەیان کردە سەر بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، پێنج کادری پێشڕەوی ئەوانیان بە ڕۆژی نیوەڕۆ کوشت و بە خاکیان سپاردن، دەستیان بەسەر ڕادیۆ و بارەگاکانیاندا گرت و چالاکییەکانیان قەدەغە کرد.
ئەمە تەنیا لاپەڕەیەکی ڕەش نەبوو لە مێژووی ستەمکاریی حزبی-کۆمپانیایی لە کوردستاندا؛ بەڵکو ئەم کارەساتە تاقیکردنەوەیەکی عەمەلی و تاقیگەیەکی گەورەی ستراتیژیی سیاسییش بوو.
ئەوەی کە هێشتا وەڵامنەدراوەتەوە لای ئەو حزبە، ئەو پرسیارەیە: بۆچی حزبێک کە خاوەنی سەدان کادری ڕۆشنبیر، پێگەیەکی میدیایی بەبڕشت، و گوتارێکی یەکجار ڕادیکال بوو، کەچی لە چرکەساتی هێرشەکەدا بەم جۆرە تەریک کەوت و بە تەنیا جێهێڵدرا؟
بۆچی شەقامەکانی سلێمانی، چینی کرێکار، و تەنانەت توێژە چەوساوەکانیش بەرپەرچدانەوەیەکی جەماوەریی وایان نیشان نەدا کە نەک پێگەی یەکێتی بلەرزێنێت بەڵکو لەوە بچێت کە دژی ئەو سەرکوتگەرییەن؟
و لەوەش گرنگتر، ئایا بەو مێژووە فیکرییەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە تائێستاش داکۆکی لێدەکرێت، دەرفەتێک ماوە بۆ دەرسوەرگرتن؟
کاتێک فیکر لە زەمینە مادییەکەی دادەبڕێت، ئیتر دەگۆڕێت بۆ دۆگمایەکی جێگیر، ئەمە ئەو کارەساتە بوو کە بەسەر ئەو حزبەدا هات.
دیارە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتە فرە لایەن بوون. بەڵام گرنگترینیان ئەمانەبوون:
یەکەم: لۆجیکی مادیی هێرشەکەی یەکێتی لە چوارچێوەی سەقامگیریی بۆرژوازیدا بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی یەکێتی لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیاری سڕینەوەی فیزیایی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دا، هۆکارەکەی تەنیا “خەسڵەتی ئەمنی یان دڕندەیی سەرکردەکان”ی نەبوو، بەڵکو هاوکات بنکە ئابوورییەکەی ئەو سەردەمەش بوو.
لە دوای شەڕی ناوخۆی وێرانکەری ساڵانی نەوەدەکان و لەگەڵ جێگیربوونی ڕێککەوتنامەی واشنتۆن، دەسەڵاتی کوردی (پارتی و یەکێتی) لە قۆناغی گۆڕانی جەوهەریدا بوون.
ئەوان خەریکبوو لە هێزێکی چەکداری شاخەوە دەگۆڕان بۆ «بۆرژوازییەکی بیرۆکراتی و کۆمپانیایی جێگیر» کە دەیانویست دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سەرچاوەکانی داهات، باج، گومرک و پارەی دەرەکی (بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک) بسەپێنن.
ئەم بۆرژوازییە نوێیە پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر هەبوو بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆی لە سێکتەرەکانی بیناسازی، نەوت، و بازرگانیی گشتیدا.
لای ئەوان، سەردەمی پشێویی چەکداریی سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان کۆتایی هاتبوو و قۆناغی بونیادنانی دەوڵەتۆکەی پۆلیسی دەستی پێکردبوو.
لەم قۆناغەدا، بوونی بزووتنەوەیەکی پڕ هاواری ڕادیکالی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە بەردەوام باسی لە “بێمافی، مانگرتن، بێکاری و ڕووخاندنی دەسەڵات” دەکرد و کۆمەڵێک ڕێکخراوی وەک بێکاران و سەنتەری بەرگری لە مافەکانی ژنانی دەجوڵاند، قابیلی تەحەمول نەبوو.
هاوکات هۆکارێکیتر کە سەغڵەتیەکانی یەکێتی و تاڵەبانی چەند بەرابەرتر کردبوو، ئەوەبوو کە دەرگاکانی ئەم حزبە و تەواوی ئۆرگانەکانی واڵا کرابوون بۆ دەستێوەردانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران و بە بەرچاوی ئیتڵاعات و دەزگا جاسوسیە ناوخۆیی و ئیقلیمەکانەوە ئەوەی کە لە ووڵاتانی ئەروپا دەیانکردو دەیانووت، بەباش و بە خراپ، هەمان شتیان لە ناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا بەزیادەوە دووبارە دەکردەوە.
لە کردەوەیەکی ناسیاسیانەو حساب بۆ نەکراویشدا ئەم حزبە ( حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران) بە ئاشکرا هەستا بەناردنی ژمارەیەک ئەندامی خۆی بۆ ناوخۆی ئێران بەناوی چالاکی سەربازی، ئەمەش ببووە مایەی سەرئێشە و مەترسی بۆ سەر یەکێتی و بۆ پرۆسەی سەقامگیریی بازاڕ کە بە دەرجەی یەکەم لەژێر کۆنترۆڵ و هەژمونی ئێراندا بوو.
یەکێتی ئەم فرسەتەی قۆستەوە، چونکە پێویستی بەوە بوو کە پێگەی خۆی وەک تاقە ڕابەری زۆنی سەوز بسەپێنێت و پەیامێک بداتە بەغداد، واشنتۆن و وڵاتانی دراوسێ کە ئەو توانای “کۆنتڕۆڵکردنی ناوخۆیی و پاراستنی سەرمایە”ی هەیە.
لاوازترین ئەڵقەش بۆ سەلماندنی ئەو باڵادەستییە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بوو لەسلێمانی کە خۆی فرسەتەکەی خولقاندبوو بۆ یەکێتی.
بەڵام هێشتا کێشە ڕاستەقینەکە لێرەدا نەبوو؛ چونکە لۆجیکی بۆرژوازی هەمیشە سەرکوتکردنی نەیارەکانیانە کاتێک بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە مەترسییەوە.

 

کێشە گەورەکە ئەوە بوو کە یەکێتی پێش ئەوەی هێزی سەربازی بنێرێتە سەر بارەگاکان، لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانییەوە پێشتر دڵنیابوو لەوەی کە «کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مادییەوە لە ناو جەماوەردا گۆشەگیرە». ئەوان دەیانزانی کە لێدانی ئەم حزبە تێچوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی لە سەر شەقام نابێت، چونکە توڕەیی گشتیی خەڵک لە دەوری ئەم حزبە ڕێکنەخرابوو.
ئەم تەریککەوتنەش، بەرهەمی ڕاستەوخۆ و لۆجیکیی ئەو لادانە تیۆری و ستراتیژییانە بوو کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ حیزبەکەی نەخشاندبوو.
دووەم: سێکتاریزم و ڕەتکردنەوەی تاکتیکی «بەرەی یەکگرتوو»
هێزی چینی کرێکار تەنیا لە ژمارەکەیدا نییە، بەڵکو لە توانای دروستکردنی هاوکاریی سیاسی دایە لە کاتی تەنگژەکاندا.
یەکێک لە هەرە دەستکەوتە گەورەکانی مێتۆدی شۆڕشگێڕی لە مێژوودا، چەمکی «بەرەی یەکگرتووی کرێکاری» (The United Front) بووە.
ئەم تاکتیکە دەڵێت: لە کاتی گەشەسەندنی ستەمکاریی دەوڵەتی، فاشیزم، یان هێرشی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی بۆرژوازیدا، ئەبێت هێزە جیاوازەکانی چەپ، ڕێکخراوە کرێکاری و مەدەنییەکان، تەنانەت ئەوانەشی کە ناکۆکیی قووڵی فیکرییان هەیە، هاوپەیمانیی کاتی و عەمەلی ببەستن بۆ بەرگری لەمانەوەی فیزیکی، بەرگری لە ئازادیی سیاسی و سەندیکایی.
دروشمی ئەم تاکتیکە ڕوونە: «جیاواز ڕێ بکەن، بەڵام پێکەوە لێبدەن». ئەمە تاقە ڕێگایە بۆ ئەوەی پێشڕەوی شۆڕشگێڕی نەکەوێتە داوی تەریککەوتن و گۆشەگیرییەوە.
بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری، لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی تێزەکانی مەنسور حیکمەتدا، تووشی جۆرێک لە «سێکتاریزمی ئایدۆلۆژیی ڕەها» بوبوو.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە، تەواوی هێزەکانی تری دەرەوەی خۆیان (چ ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان، چ چەپە تەقلیدییەکانی وەک حزبی شیوعی، چ بزووتنەوە مەدەنی و ڕێکخراوەکانی تر) هەموو پێکەوە وەک یەک بلۆکی بۆرژوازی و کۆنەپەرست پۆلێن دەکران و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نەبوو.
ئەوان بەم دیدگا دۆگماتیکە، تاقە قەڵای فیکریی ڕاستەقینەیان تەنیا بە حیزبەکەی خۆیان دەزانی و هەموان وەک دوژمن یان لادەر سەیر دەکران.
کاتێک یەکێتی لە ١٤ی تەممووزدا هێرشی کرد، کۆمۆنیزمی کرێکاری پێشتر تەواوی پردە سیاسی و تاکتیکییەکانی لەگەڵ هێزەکانی تری نێو کۆمەڵگادا تێکشکاندبوو.
ئەوان بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان، لە جیاتی بەستنی بەرەی هاوبەش بۆ پاراستنی فەزای دیموکراتی، خەریکی جەنگێکی فیکریی بەردەوام بوون دژ بە کۆی ڕەوتەکانی تر.
لەبەر ئەوە، کاتێک بارەگاکانیان دەورەدرا و دواتریش کە داخران، هیچ ڕێکخراوێکی چەپ، هیچ بزووتنەوەیەکی مەدەنی، و هیچ توێژێکی کۆمەڵایەتی ئامادەنەبوو بێتە سەر شەقام بۆ داکۆکیکردن لەوان؛ چونکە حیزبی کۆمۆنیست پێشتر هەموانی وەک پاشکۆی بۆرژوازی پۆلێن کردبوو.
ئەوان خۆیان دۆخی کۆتاییان بۆ خۆیان خوڵقاندبوو: تەنیا و بێدەرەتان لە بەرامبەر مەکینەی سەربازیی یەکێتیدا جێهێڵدران.
سێیەم: حیزب لە جیاتی چین (جێگرەوەخوازی – Substitutionism) و نەبوونی ڕەگی مادی لە کارگەکاندا لە فیکری مارکسیستییدا، هێزی حیزبێکی سیاسی لەناو تیژیی ووشەکانی ناو بەیاننامەکانیدا نییە، بەڵکو لە پەیوەندییە ئۆرگانیک و مادییەکەیدایە کە لەگەڵ جومگەکانی بەرهەمهێناندا هەیەتی.
ئەگەر حیزبێک نەتوانێت لیژنەی کرێکاریی ڕاستەقینە، شانەی ڕێکخراو لە ناو دڵی کارگەکان، و شوراکانی گەڕەک بونیاد بنێت، ئەوا وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندنی باش یان پێگەیەکی ڕۆشنبیریی سەرنجڕاکێش دەمێنێتەوە، نەک ئۆرگانێکی دەسەڵاتی سیاسیی کرێکاری.
تایبەتمەندیی حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەو سەردەمەدا ئەوە بوو کە لە ڕووی عەمەلییەوە تووشی نەخۆشیی «سەبستتیوشنیزم یان جێگرەوەخوازی» بوو بوو؛ واتا حیزب و دامودەزگاکانی، شوێنی بوون و ڕۆڵی ڕاستەقینەی چینی کرێکاریان گرتبووەوە.
ئەوان وا کایەکەیان وێنا دەکرد کە مادام ڕادیۆی “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری” گوێگری زۆرە و ڕۆژنامەکانیان لە ناو گەنجاندا دەخوێنرێتەوە و ڕابەری ناسرواویان هەیە، کەواتە چینی کرێکار لە پشتیانەوە وەستاوە. بەڵام ئەمە هۆشیارییەکی درۆینە و میدیایی بوو نەک ڕێکخستنێکی مادی.
پرۆسەی مادیی شکستەکە لەم سەرنجە کورتەدا بەم شێوەیە بوو:
داڕمانی پێکهاتەیی لە چرکەساتی هێرشەکەدا
١. لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا کاتێک دەزگای ئەمنیی یەکێتی تێدەگات کە حیزبەکە ڕەگی مادیی لە ناو کارگەکاندا نییە، بۆیە بە ئاسانی هێزی سەربازی دەخاتە گەڕ بۆ دەورەدانی بارەگاکان.
٢. لە ناوەڕاستی ڕۆژدا حیزب لە ڕێگەی میدیا و ڕادیۆکەیەوە هاواری “مانگرتنی گشتی” دەکات و داوا لە کرێکاران دەکات شار ڕابگرن، بەڵام گوێگرێک پەیدا نابێت، چونکە پردەکان لەگەڵ کارگەکاندا تەنیا کاغەزین و هیچ پلانێکی پێشوەختە بوونی نەبوو.
٣. لە چرکەساتی یەکلاکەرەوەشدا هیچ کارگەیەک، هیچ فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری، و هیچ جومگەیەکی ئابووری ڕانامێنت؛ کرێکاران وەک تەماشاکار دەمێننەوە چونکە هیچ ڕێکخستنیێکی شورایی بوونی نەبوو.
٤. لە کۆتایی ڕۆژیشدا، بارەگاکان دەگیرێن، پێنج کادر دەبنە قوربانی، و سەرکردایەتی ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی یان ڕێگای تاراوگە بگرێتە بەر.
کاتێک هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر بارەگاکان، حیزبەکە چەکی مادیی لەبەردەستدا نەبوو بۆ بەرگری.
چەکی مادیی کۆمۆنیزم لەو کاتەدا ئەوە بوو کە کاتێک فیشەکێک دەنرێت بە بارەگای حیزبەوە، کارەبای شار بکوژێتەوە، کرێکارانی کەرتی گواستنەوە مانگرتن ڕابگەیەنن، و بازاڕ بە تەواوی پەکیبکەوێت.
بۆچی ئەمە ڕووی نەدا؟
چونکە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە نوسینەکانی مەنسور حکمەتدا، «بەرنامەی گواستنەوە»ی ڕەتکردبووەوە و بە ڕیفۆرمیستی ناوزەندی دەکرد.
هەر بۆیە نەیدەزانی چۆن لە سەر داواکارییە بچووکەکانی ڕۆژانەی کرێکارانەوە (وەک حەقدەست و بیمە) پردی ڕێکخستنی پۆڵایین دروست بکات.
کرێکارانی سلێمانی لەو کاتەدا کێشەکەیان وەک “شەڕی نێوان دوو حیزب لە سەر دەسەڵات” دەبینی، نەک وەک شەڕێک دژ بە نان و ئازادیی خودی چینی کرێکار.
کرێکاران هاوسۆزییان هەبوو، بەڵام ڕێکخستنی مادییان نەبوو تا گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ حیزبێک کە لە سەرەوەی ئەواندا دەژیا و تەنیا داوای “شۆڕشی ماکسیمالیستیی ڕەها”ی دەکرد.
چوارەم: نامۆبوونی کلتووری و فەرامۆشکردنی برینەکانی نەتەوەی چەوساوە
واقیعی ساڵی ٢٠٠٠ی کوردستان شیکاری ناکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو برینە مێژووییە دەروونی و مادییانەی کە جەماوەری خوارەوە پێدا تێپەڕیبوو.
کۆمەڵگای کوردستان هێشتا لە ژێر کاریگەریی تراومای جینۆسایدی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، و گۆشەگیریی گەمارۆی ئابووریی دوو لایەنەدا (لە لایەن ڕژێمی بەغداد و گەمارۆی نێودەوڵەتییەوە) دەیناڵاند.
هۆشیاریی نەتەوەیی لەو کاتەدا، تەنیا پڕوپاگەندەی بۆرژوازی نەبوو، بەڵکو غەریزەیەکی مادیی پاراستنی فیزیکی بوو لای جەماوەر دژ بە دەوڵەتی شۆڤێنیستی ناوەند.
مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری، بە گوتارێکی هێندە ئەبستراکت و جیهانی هاتنە ناو مەیدانەکە، کە تەواوی ئەم کێشە نەتەوەییەی نەک هەر وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر دەکرد، بەڵکو زۆرجار بە شێوازێکی سیستماتیک گاڵتەی بە هەستی نەتەوەیی مرۆڤی چەوساوەی کورد دەکرد.
ئەوان لەوە تێنەگەیشتن کە هەموو ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی بندەست لە جەوهەری خۆیدا داواکارییەکی دیموکراتیی شاردراوەی هەیە دژ بە ستەم، کە دەبێت کۆمۆنیزم جڵەوەکەی بگرێتە دەست و گرێی بدات بە کێشەی چینایەتییەوە، نەک کوێرانە ڕەتی بکاتەوە.
ئەم تێکەڵکردنەی کورد و ناسیوبالیزم، بەهەمان شێوە بەرامبەر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی دووبارە بووەوە. ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو تێگەیشتنە دروستنەبوو کە ئەو دوانە لەیەک جیا بکاتەوە.
بەم هۆیەوە زۆرینەی فراوانی و کوردو ئیسلامیان بەناهەق خزاندە ناو ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسیەوەو ئەوانیان پێ بەهێزتر کردو کۆمۆنیزمیشیان تەریکتر کردەوە.
کاتێک کۆمۆنیزمی کرێکاری خۆی لەم برینە مێژووییە دابڕاند، یەکێتیی نیشتمانی توانی بە ئاسانی چەکی پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستی دژ بەوان بەکاربهێنێت.
دەزگای میدیایی یەکێتی لەو کاتەدا وا پیشانی دا کە ئەم حیزبە “هێزێکی نامۆ و هاوردەکراوە لە دەرەوەی کلتوور و ئازارەکانی خەڵکی کوردستان، و دەیەوێت ئەو ئەزموونە فیدراڵییە کەمئەندامەی هەرێم تێکبدات کە بە خوێنی هەزاران گەنج بونیاد نراوە”.
ئەم درۆ ئایدیۆلۆژییەی یەکێتی لای شەقامی ماندووی سلێمانی کڕیاری هەبوو، تەنیا لەبەر ئەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خۆی نەبەستبووەوە بە ئازارە ڕاستەقینەکانی نەتەوەی چەوساوەوە و لە دەرەوەی مێژووی ناوچەکەدا قسەی دەکرد.
خەڵکی ئاسایی نەیانویست بەرگری لە هێزێک بکەن کە لە ڕووی کلتووری و دەروونییەوە وەک “نامۆ بە ئازارەکانیان” دەردەکەوت.
پێنجەم: ئایا دەرفەتی دەرسوەرگرتن لە مێژوو ماوە؟
ئەم پرسیارە‌ کڕۆکی ئایندەی ئەو بزووتنەوەیەیە: ئایا بەو میتۆدەی مەنسور حیکمەت کە تائێستاش وەک دەقێکی پیرۆز تەماشا دەکرێت و داکۆکی لێدەکرێت، فرسەتی ئەوە ماوە کە دەرس لەو ئەزموونە تاڵە وەربگیرێت؟
بە کورتی و بێپەردە: نەخێر، هیچ دەرفەتێک بۆ دەرسوەرگرتن لەو ئەزموونە نەماوە، تا ئەو کاتەی خودی ئەو میتۆدە وەک سیستەمێکی فیکریی بێخەوش سەیر بکرێت، هیچ دەرسێک نرخی پوشێکیشی نابێت.
هۆکاری ئەمەش بۆ لایەنی شەخسی یان کەلەڕەقیی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە ناگەڕێتەوە، بەڵکو کێشەکە لە بونیادی تیۆریی خودی میتۆدەکەدایە.
کاتێک میتۆدێک لە سەر بنەمای ئیرادەگەرایی ئەبستراکت (Voluntarism) بونیاد دەنرێت، سیستەمێکی فیکریی وادروست دەکات کە لە ڕووی لۆجیکییەوە توانای خۆڕەخنەکردنی زانستی لەدەست دەدات.
لە بری ئەوەی تیۆری ئامرازێک بێت بۆ تێگەیشتنی واقيع و سەرەنجامگۆڕینی، کەچی لێرە واقيعەکە دەکرێتە قوربانی تا تیۆرییەکە بە پاکی بمێنێتەوە.
داکۆکیکردنی کوێرانە لەو میتۆدە، بە تەواوی ڕێگرە لە دەرسوەرگرتن بەهۆی لانی کەم سێ بەربەستی پێکهاتەییەوە:
١. حەشارگەی پاکی ئایدۆلۆژی
میتۆدی کۆمۆنیزمی کرێکاری شانازی بەوەوە دەکات کە “پاکی فیکریی کۆمۆنیزمی” پاراستووە و تێکەڵی ڕەوتەکانی تر نەبووە. بەڵام لە زانستی ململانێی چینایەتیدا، پاکییەک کە هاوتای گۆشەگیری، بێدەسەڵاتی و تەریککەوتنی کۆمەڵایەتی بێت، هیچ بەهایەکی مادیی نییە.
حیزبێک کە تائێستاش پێی وابێت تاکتیکی بەرەی یەکگرتوو پاشەکشەیە، سبەینێش ئەگەر هێرشێکی تری بکرێتە سەر، ڕێک هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٠ تەریک دەکەوێتەوە.
ئەوان ناتوانن دەرس لە مێژوو وەربگرن، چونکە چەمکی “سازش یان تاکتیکی هاوبەش لەگەڵ هێزە نا-کۆمۆنیستەکاندا بۆ پاراستنی مافەکان” لە فۆرمۆلەی فیکریی ئەواندا وەک “لادان” پۆلێن کراوە.
٢. فێتیشیزمی حزبی و گۆڕانی بۆ ئاینی فیکری
لای مەنسور حیکمەت، حیزب تەنیا ئامرازی ڕێکخستن نییە، بەڵکو خۆی لوتکەی بەرجەستەبوونی هۆشیاریی چینی کرێکارە.
ئەم تێڕوانینە دەبێتە هۆی جۆرێک لە پاراستنی پیرۆزیی حیزب و سەرکردایەتیی مێژوویی. کاتێک تیۆرییەک خۆی وەک “کۆتایی مێژووی مارکسیزم” بناسێنێت، هەر جۆرە شکستێکی عەمەلی لە سەر عەرز، لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆکاری پێداچوونەوە بە تاکتیکەکانی حیزبدا، دەخرێتە ئەستۆی فاکتەری دەرەکی:
“دواکەوتوویی چینی کرێکار”، “هەژموونی ناسیۆنالیزم”، یان “دڕندەیی دوژمن”، هەندێکیش هێشتا هەر دەڵێن “شکستی بلۆکی شەرق”.
بۆیە، لە ناو ئەدەبیاتی تائێستای ئەو ڕەوتەدا، ڕووداوی ١٤ی تەممووز تەنیا وەک “تاوانێکی دەسەڵاتی کوردی” باس دەکرێت—کە بێگومان تاوان و ستەم بوو—بەڵام چاو لە کەمکوڕییە مادییەکانی خۆیان دادەخرێت. کاتێک تۆ خۆت هەمیشە بە بێتاوان بزانیت، ئیتر دەرگای فێربوونیش بە ڕووی خۆتدا دادەخەیت. هەر بۆیە بەلایەوە ئاساییە کە ٥٠ ساڵ لەسەریەک لە لوتکەی ڕابەریدا بمێنێتەوە.
٣. تەڵەی ماکسیمالیزمی بەستووی مێژوویی
جیهانی دەوروبەری ئێمە، هاوسەنگیی هێزەکان لە ناوچەکەدا، و پێکهاتەی چینی کرێکاری لۆکاڵی لە ئێستادا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری هێشتا بەو دروشم و داواکارییانە قسە دەکات کە لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا نوسراون.
ئەوان پڕۆگرامی گواستنەوە ڕەت دەکەنەوە؛ ناتوانن لە ناو کێشە کۆنکرێتەکانی ئێستای گەنجی بێکار، مامۆستای گرێبەست، و فەرمانبەری بێمووچەدا، پردێکی عەمەلی بەرەو دەسەڵاتی سیاسی دروست بکەن.
ئەوان پێیان وایە دووبارەکردنەوەی دروشمە گشتییەکانی وەک “سۆشیالیزم هەر ئێستا”، نیشانەی دڵسۆزییە، لە کاتێکدا لە ڕووی مادییەوە ئەمە تەنیا دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو مۆدێلە ڕاگەیاندنەیە کە لە چرکەساتی جەنگدا بێ بەرگری جێیان دەهێڵێت.
شەشەم: مێژوو وەک کۆمیدیا یان پێویستیی پچڕانی ڕادیکال
وتەیەکی مێژوویی بەناوبانگی مارکس هەیە کە دەڵێت: «ڕووداوە مێژووییە گەورەکان دوو جار ڕوودەدەن؛ جاری یەکەم وەک تراژیدیا، جاری دووەم وەک کۆمیدیا یان گاڵتەجاڕی».
ساڵی ٢٠٠٠ بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری تراژیدیایەکی ڕاستەقینە بوو؛ کادرە دڵسۆزەکانیان خوێنیان بەخشی و ئومێدێکی گەورەی جەماوەر هاڕدرا. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ، بەبێ گۆڕینی میتۆدە فیکرییەکە، بەبێ بەستنی بەرەی یەکگرتوو، بەبێ چوونە ناو قووڵایی کێشە مادییەکانی لادێ و نەتەوەی چەوساوە، و بەبێ دروستکردنی شانەی چەکدار و ڕێکخراوی مادی لە ناو جەرگەی کارگەکاندا، دووبارە پەیڕەوی لە هەمان میتۆد بکرێت، هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئایندە ناگۆڕێت بۆ شۆڕش، بەڵکو دەبێتە کۆمیدیایەکی مێژوویی و تەنیا دووبارەکردنەوەی شکستەکان دەبێت لە ناو هۆڵەکان و دەزگا میدیاییە پەراوێزخراوەکاندا لە تاراوگە.
بۆیە، دەرسوەرگرتن لە مێژوو پێویستی بە «بەرپەرچدانەوەیەکی ڕادیکال و نەمانی پیرۆزیی ئەو میتۆدە» هەیە.
تەنیا کاتێک دەتوانرێت دۆخی چەپ بگۆڕدرێت کە فیکر لە سەر زەمینەی ڕەق و کۆنکرێتی ماتریالیزمی مێژوویدا دابڕێژرێتەوە، نەک لە ناو لاپەڕە جێگیرەکانی دەقە کۆنەکاندا.
بە دروشمی پیرۆز، ناتوانی ڕووبەڕووی تانک درۆن و موشەکی واقیعی مادی ببنەوە!
میتۆدی مادی و شۆڕشگێڕی، سوپای چەوساوەکان بۆ ڕووخاندنی مۆنۆپۆلەکان کۆدەکاتەوە؛ چونکە شۆڕش لە بنەڕەتدا زانستی تێگەیشتن و گۆڕینی واقیعی مادییە، نەک پاراستنی دەقی پیرۆز لە سەر کاغەز بەبێ توانای دەستێوەردان.
پێنج کادرەکەی ١٤ی تەممووز، مرۆڤی یەکجار دڵسۆز، بوێر و شۆڕشگێڕ بوون کە بە باوەڕێکی پۆڵایینەوە چوونە بەردەم لولەی تفەنگەکان؛ بەڵام ئەوان بوونە قوربانیی پڕۆگرامێکی سیاسیی ناتەواو کە نەیدەزانی چۆن هێزی مادیی ملیۆنان مرۆڤ لە پشتیان تەیار بکات.
وانەی گەورەی ئەو ڕۆژە ئەوەیە کە بۆ گۆڕینی تەلاری حزبی-کۆمپانیایی لە کوردستان، پێویستمان بە “یانەی فیکریی پاک” نییە، بەڵکو پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی چینایەتیی بەرفراوانە کە ڕەگەکانی لە ناو قوڕاوی واقیعی خوارەوەدا چەقاندبێت و ئامادە بێت بۆ هەر قۆناغێکی خەبات، تاکتیکی گونجاو دابڕێژێت.
تەنیا هێزی ڕێکخراوی جەماوەر زامنی سەرکەوتنە، خەباتیش لە سەر شەقامەکان بەردەوامە!
Leave A Reply

Your email address will not be published.