ئایا سۆڤیەت سەرمایەداری دەوڵەتی بوو یان دەوڵەتی کرێکاری شێوێنراو؟ خوێندنەوەیەک بۆ هەڵوێستی چەپ بەرامبەر بە دەستکەوتەکانی چینی کرێکار!

زمناکۆ عزیز
مشتومڕ لەسەر ناسنامە و سروشتی ئابووریی یەکێتی سۆڤیەت، تەنها گەڕانەوەیەکی مێژوویی یان کێشەیەکی تیۆریی نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە هەستیارترین تاقیکردنەوەکان بۆ دیاریکردنی هەڵوێستی ڕاستەقینەی چەپی شۆڕشگێڕ بەرامبەر بە دەستکەوتەکانی چینی کرێکار. بۆ ئەوەی لەم بابەتە بگەین، سەرەتا دەبێت پێناسەی هەردوو چەمکەکە و مێژووی سەرهەڵدانیان بزانین، پاشان وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە.
پێناسەی چەمکەکان و مێژوویەکی کورت
لەسەر ئاستی فیکری، دوو خوێندنەوەی سەرەکی بۆ سۆڤیەتی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەبوو:
دەوڵەتی کرێکاریی شێوێنراو: ئەم چەمکە دەڵێت کرێکاران لە ڕێگەی شۆڕشەوە دەسەڵاتی بۆرژوازی (سەرمایەدارەکان)یان ڕووخاند و ئابوورییەکی پلانبۆداڕێژراوی مەرکەزییان بونیاد نا. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، بەهۆی گۆشەگیری و نەبوونی دیموکراسییەوە، توێژێکی بیرۆکراتی مشەخۆر (کە لێرەدا مەبەست لە ستالینیزمە) دەسەڵاتی سیاسیی لێ دزین. کەواتە بنکە ئابوورییەکە هێشتا کرێکارییە (چونکە کەرتی تایبەت بوونی نییە)، بەڵام سەرخانە سیاسییەکە شێوێنراوە.
سەرمایەداریی دەوڵەتی: ئەم تیۆرییە پێی وایە کاتێک دەوڵەت هەموو کارگەکان نیشتمانی دەکات و کەرتی تایبەت ناهێڵێت، خودی دەوڵەت یان بیرۆکراسیی حاکم ڕۆڵی “سەرمایەدارە گەورەکە” دەگێڕێت و بەردەوام دەبێت لە چەوساندنەوەی کرێکاران لە پێناو قازانجدا.
شایەنی باسە کە ئەم چەمکی “سەرمایەداری دەوڵەتی”یە، نەک هەر دۆزینەوەیەکی نوێ نیە، بەڵکو سەرەتا لە بیستەکاندا لە لایەن ئەنارکیستەکانی وەک ئێما گۆڵدمانەوە دژی لینین و تروتسکی بەکارهاتووە. دواتر لە کۆتایی بیستەکانیشدا کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا پێداگرییان لەسەر کردوەتەوە، و لە ساڵی ١٩٤٨یشدا، تیۆریستێکی چەپی بەریتانی بە ناوی تۆنی کلیف مۆدێلێکی سیستماتیکی بۆ داڕشت بۆ ئەوەی بسەلمێنێت سۆڤیەتی سەردەمی ستالین گۆڕاوە بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی.
تروتسکی لە پەڕتووکی (شۆڕشێک کە خیانەتی لێکرا)دا سەرمایەداری دەوڵەتی لە سۆڤیەت ڕەت دەکاتەوە. ئەو دەڵێت لە سۆڤیەتدا بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی سەرمایە نەمابوو، بیرۆکراسیش “چینێکی نوێ” نەبوو چونکە نەیدەتوانی کارگەکان بکاتە موڵکی شەخسی یان لە ڕێگەی میراتەوە بۆ منداڵەکانی بەجێبهێڵێت؛ ئەوان تەنها کاست( cast)ێکی مشەخۆر بوون لەسەر جەستەی دەوڵەتەکە.
چۆن لەم پێناسانەوە هەڵوێستی کرێکاری لە غەیرە کرێکاری جیا دەکەینەوە؟
ئەم پێناسە جیاوازانە تەنها کێشەی سەر کاغەز نەبوون، بەڵکو لە کاتی ململانێ ڕاستەقینەکاندا (وەک جەنگی جیهانی دووەم یان جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت) هەڵوێستی سیاسیی هێزەکانیان دیاری دەکرد.
تێڕوانینی “دەوڵەتی کرێکاریی شێوێنراو” نوێنەرایەتی هەڵوێستی دروستی کرێکاری دەکرد. ئەم هێڵە پێی وابوو لە کاتی شەڕدا، دەبێت بەرگریی بێ مەرج لە سۆڤیەت بکرێت لە دژی هێرشی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، چونکە پاراستنی ئابووریی پلانبۆداڕێژراو و نەمانی کەرتی تایبەت دەستکەوتی مێژوویی چینی کرێکار بوو، هاوکات لە ناوخۆشدا دەبوو خەبات بکرێت بۆ شۆڕشێکی سیاسی و لادانی ستالین.
بەڵام لە بەرامبەردا، تیۆری “سەرمایەداری دەوڵەتی” دەبووە هۆی هەڵوێستێکی غەیرە کرێکاری و تەسلیمخوازانە لەژێر فشاری ئایدۆلۆژیی بۆرژوازی ڕۆژئاوادا. ئەم هێڵە دروشمی “نە واشنتۆن، نە مۆسکۆ”ی بەرز دەکردەوە و سۆڤیەت و ئەمریکای یەکسان دەکرد؛ ئەمەش کرێکارانی ڕوسیا، لە کاتی ململانێکاندا تووشی بێ لایەنی و پاسێڤبوون دەکرد و ڕێگای خۆش دەکرد بۆ گەڕانەوەی بازاڕی ئازاد (وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا لە ڕووسیا ڕوویدا کە کرێکاران هەموو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانیان لەدەستدا).
بۆچی یەکسانکردنی سۆڤیەت بە سەرمایەداری دەوڵەتی، سڕینەوەی دەستکەوتی کرێکارانە؟
بۆ ئەوەی وەک کرێکارێک لە کێشەکە بگەین، پێویست ناکات بچینە ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی زانکۆ و ئابورییەوە؛ با نموونەیەکی زۆر سادەی واقیعی بهێنینەوە:
کارگەیەکی دزراو:
بیهێنە پێشچاو، تۆ و هاوڕێ کرێکارەکانت، دوای ساڵانێک لە چەوسانەوە، ڕاپەڕین دەکەن و خاوەنکارە سەرمایەدارەکە لە کارگەکە دەردەکەن. کارگەکە دەکەنە موڵکی گشتی و بڕیار دەدەن چی پێویستە بۆ کۆمەڵگە، ئەوە بەرهەم بهێنن.
بەڵام دوای ماوەیەک، چەکدارێک یان بەڕێوەبەرێکی چاوچنۆک و گەندەڵ بە زەبری هێز کۆنتڕۆڵی کارگەکە دەکات. ئەو بەڕێوەبەرە گەندەڵە دەچێتە گەورەترین ئۆفیس، مووچەی خۆی زیاد دەکات و ڕێگە نادات کرێکاران لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار بدەن. ئەو پیاوێکی زاڵم و دزە، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێستا کارگەکە بووەتەوە بە کۆمپانیایەکی سەرمایەداریی تایبەت؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە! چونکە هێشتا کارگەکە موڵکی گشتییە، تەنها دزێک کۆنتڕۆڵی کردووە. ئەرکی کرێکاران لەم حاڵەتەدا ئەوە نییە کە کارگەکە بسووتێنن یان ئەگەر کارگەیەکی تر هێرشی کردە سەری بڵێن “بۆمان گرنگ نییە”؛ بەڵکو دەبێت کارگەکە بپارێزن و هاوکات ئەو دزەش لەسەر کورسییەکە داگرن.
ئەمە ڕێک جیاوازیی نێوان “ئابووریی پلانبۆداڕێژراو” و “ئابووریی بازاڕی ئازاد”ە:
١. لە بازاڕی ئازاددا (سەرمایەداریی ڕاستەقینە): مەکینەی جووڵێنەری هەموو شتێک قازانجە. ئەگەر کارگەیەک قازانج نەکات، خاوەنکارەکەی دایدەخات و کرێکاران فڕێ دەداتە سەر شەقام. لەم سیستەمەدا حاکم فەوزای بازاڕە؛ سەرمایەدار بەرهەم هێنان لە پێناو کێبڕکێدا دەکات، نەک لە پێناو پێداویستیی مرۆڤەکاندا. ئەم میکانیزمە بۆ سەرمایەداری دەوڵەتیش هەمان شتە.
٢. لە ئابووریی پلانبۆداڕێژراودا (تەنانەت لە سۆڤیەتی ستالینیشدا): کارگەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بە بڕیاری وەزارەتێکی مەرکەزی و بەپێی پلانێکی پێشوەختە کاریان دەکرد، نەک بۆ کێبڕکێ لە بازاڕدا. ئەگەر کارگەیەک پێداویستیی خەڵکی بەرهەم بهێنایە و قازانجیشی نەکردایە، دانەدەخرا و کرێکارانی بێکار نەدەکران، چونکە دەوڵەت بودجەی بۆ دابین دەکرد. خوێندنی خۆڕایی، خانوووبەرەی هەرزان یان بێبەرامبەر، و بیمەی تەندروستی بەهۆی ئەم پلانەوە بوون نەک بەهۆی بەخشندەیی ستالین.
چۆن تیوریی “سەرمایەداریی دەوڵەتی” سیستەمی سەرمایەداریی پاراستوە؟
کاتێک لە ناوخۆی بزووتنەوەی چەپی ڕادیکاڵدا مشتومڕی ئەوە دەکرێت کە ئایا یەکێتی سۆڤیەت “سەرمایەداریی دەوڵەتی” بوو یان “دەوڵەتی کرێکاریی شێوێنراو”، زۆرجار وەک کێشەیەکی وشکی کتێبخانەیی و تیۆری دەردەکەوێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئاکامە سیاسییەکانی ئەم ناونانە لە سەر شەقام و لە دڵی مێژوودا ڕەنگیان داوەتەوە.
پێداگریی بەشێک لە چەپەکان لەسەر بەکارھێنانی چەمکی “سەرمایەداریی دەوڵەتی” بۆ سۆڤیەت، لەبری ئەوەی خزمەت بە ڕزگاریی کرێکاران بکات، لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بووە بە گەورەترین دیاری بۆ سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و بە سێ شێوازی بنەڕەتی خزمەتی بە مانەوەی کردوە:
١. چەسپاندنی دۆگمای “هیچ جێگرەوەیەک نییە”
بۆرژوازی و دەسەڵاتدارانی بازاڕی ئازاد هەمیشە یەک چەک بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی مێشکی خەڵک، ئەویش چاندنی نائومێدییە؛ ئەوان پێمان دەڵێن سەرمایەداری کۆتایی مێژووە، سیستەمێکی تەواو نییە بەڵام تاقە سیستەمی مومکینە لە جیهاندا و هیچ جێگرەوەیەکی تر بوونی نییە.
لێرەدا، تیوری “سەرمایەداری دەوڵەتی” ڕێک دەچێتەوە خزمەت ئەم پڕوپاگەندەیەی واشنتۆن و دەسەڵاتی بۆرژوازی. کاتێک چەپەکان خۆیان دێن و دەڵێن تەنانەت شۆڕشی ئۆکتۆبەریش کە تێیدا ڕژێمی پاشایەتی و سەرمایەدارەکان دەرکران و کارگەکان کرانە موڵکی گشتی، دیسان هەر بووەوە بە سەرمایەداری، بیانەوێ یان نا، بە کردار بە کرێکار دەڵێن: “هەوڵدان بێهودەیە، چونکە هیچ ڕێگایەکی تر لە دەرەوەی سەرمایەداری بوونی نییە”. ئەم تێڕوانینە ئومێدی شۆڕشگێڕانەی لە ناو دڵی چینی کرێکاردا کوشت و وای لێکردن تەسلیمی واقیعی تاڵی سیستەمی باڵادەست ببن.
٢. شاردنەوەی سەرکەوتنی مێژوویی “ئابووریی پلانبۆداڕێژراو”
بۆ ئەوەی سەرمایەداری ڕەوایەتی بە خۆی بدات، دەبێت وا نیشان بدات کە بەبێ بازاڕی ئازاد، کێبڕکێی کۆمپانیاکان و بانکە تایبەتەکان، کۆمەڵگە پەکى دەکەوێت و پەرە ناسێنێت.
بەڵام واقیعی مێژوویی سۆڤیەت شتێکی تری سەلماند. سۆڤیەت توانی لە ماوەی چەند دەیەیەکی کەمدا، وڵاتێکی دواکەوتووی کشتوکاڵی و پڕ لە نەخوێندەواری بگۆڕێت بۆ زلهێزێکی پیشەسازی، پزیشکی و زانستی، ئەویش تەنها بە پشتبەستن بە ئابووریی پلانبۆداڕێژراوی مەرکەزی و بەبێ بوونی تەنانەت یەک سەرمایەداریش. کاتێک تۆ ناوی ئەم ئەزموونە دەنێیت سەرمایەداری دەوڵەتی، لە ڕاستیدا ئەم سەرکەوتنە دەشاریتەوە و دەیدەیتەوە پاڵ خودی سەرمایەداری. بەمەش تاقە بەڵگەی عەمەلیی چەپ کە دەیسەلماند دەکرێت کۆمەڵگە بەبێ ملیاردێرەکان بەڕێوەبچێت، لەناو دەبەیت.
٣. بێچەککردنی چەپ و کارەساتی تەسلیمبوونی ١٩٩١
ئەمە گەورەترین و کوشندەترین زیانی عەمەلی بوو. لە کاتی جەنگی سارددا، ئەو چەپانەی باوەڕیان بە تیۆری سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، دروشمی “نە واشنتۆن، نە مۆسکۆ”یان بەرزکردەوە؛ واتە خۆیان لە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان کێشایەوە و بێلایەن بوون.
کاتێک لە ساڵی ١٩٩١دا یەکێتی سۆڤیەت بەرەو داڕمان چوو، ئەم چەپانە لەبەر ئەوەی پێیان وابوو سۆڤیەت هەر سەرمایەدارییە، چوونە لایەک و بەرگرییان لە موڵکداریی گشتی و دەستکەوتە ئابوورییەکانی نەکرد. ئەمەش وایکرد ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بە ئاسانی و بەبێ هیچ بەرگرییەک بێتە ناو بلۆکی ڕۆژهەڵات و لە ڕێگەی “چارەسەری شۆک”ی ئابوورییەوە، هەموو کارگە، نەخۆشخانە و قوتابخانە گشتییەکان تاڵان بکات و بیانداتە کەرتی تایبەت.
ئەگەر چەپی جیهانی بە جۆرێک سەیری سۆڤیەتی بکردایە وەک “دەوڵەتی کرێکاریی نەخۆش و شێوێنراو” بەرگری لە جەستە ئابوورییەکەی بکردایە لە بەرامبەر هێرشی بازاڕی ئازاد، ڕێگەی نەدەدا ملیۆنان کرێکاری پۆست-سۆڤیەت لە دەیەی نەوەدەکاندا بخرێنە ناو زەلکاوێکی کوشندەی هەژاری، بێکاری و مافیاگەرییەوە، کە هۆکارەکەی تەنها و تەنها گەڕانەوەی سەرمایەداریی ڕاستەقینە بوو.
لە کۆتاییدا، ئەگەر ئێمە بڵێین سۆڤیەت “سەرمایەداری دەوڵەتی” بووە، جیاوازیی نێوان ئەم دوو دنیایەمان سڕیوەتەوە. بەم کارە بە کرێکار دەڵێین: “ئەو شۆڕش و قوربانییەی کە داتان، هیچ ئەنجامێکی نەبوو و ناتوانرێت کۆمەڵگەیەک بێ خاوەنکار و بازاڕ بەڕێوەببرێت”.
پێناسەکردنی سۆڤیەت وەک سەرمایەداری دەوڵەتی، سەکۆیەکی فیکریی بەخشیە لیبڕالیزم بۆ ئەوەی بڵێت: سۆسیالیزم هەر لە بنەڕەتدا تاقینەکراوەتەوە یان بوونی نەبووە. ڕاستە ستالینیزم خیانەتی لە دیموکراسیی شۆڕش کرد، بەڵام نەیتوانی بنکە ئابوورییەکەی (نەمانی کەرتی تایبەت) لەناو ببات. پاراستنی ئەو بنکەیە لە سەر کاغەز و لە مێژوودا، پاراستنی ئەو باوەڕەیە کە دەکرێت جیهانێک بەبێ خاوەنکار و بەبێ بازاڕی دڕندە بونیاد بنرێت.