هەژاری: شیکاری چەوسانەوەو ئاسۆکانی شۆڕش!
زمناکۆ عزیز

بەشی یەکەم:ڕەگە مادییەکانی هەژاری و گەشەی نایەکسان لە عێراق و کوردستان
بۆچی لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراق و هەرێمی کوردستاندا ملیۆنان مرۆڤی هەژار و کەمدرامەت هەن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویست ناکات بچینە ناو لاپەڕە بێشومارەکانی کتێبە ئابوورییەکان؛ تەنیا گوزەرێکی کورت و پیاسەیەک بە شەقامەکانی هەولێر، سلێمانی، یان بەغدا و بەسرە بکە.
لە لایەکەوە، تەلاری بەرز و شووشەبەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، پڕۆژە نیشتەجێبووە لوکسەکانی وەک (ئیمپایەر، گوندی ئینگلیزی و ئەڵمانی، یان کۆمەڵگا داخراوەکانی بەغدا) دەبینیت کە تێیدا نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لەبەردەم کۆشکەکاندا ڕاگیراون.
لەوێدا، دۆلار و سەرمایە بە ئاستێک دەکوڵێت کە لەگەڵ گەورەترین پایتەختەکانی ئەوروپادا کێبڕکێ دەکات. بەڵام تەنیا چەند سەد مەترێک لەولاتری ئەم کۆشکانەوە؛ لە ژێر سێبەری هەمان ئەو تەلارە بەرزانەدا، منداڵانی گەڕەکە پەراوێزخراوەکان لە ژێر گەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا خەریکی فرۆشتنی ئاون، یان گەنجانی دەرچووی زانکۆ دەبینیت کە بۆ چەند هەزار دینارێک، ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر تاقەتی جەستەیی خۆیان دەفرۆشن.
لە بەسرە، لە تەنیشت گەورەترین کێڵگەکانی نەوت کە ملیۆنان دۆلار بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و نوخبەی حاکم بەرهەم دەهێنن، خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکان ئاوی خواردنەوەی پاكیان نییە و لە ناو دووکەڵی ژەهراوی کێڵگەکاندا دەژین.
ئەم دیمەنە سەیروسەمەرانە، ڕێک ئەو شوێنانەن کە پێویستە هۆشیاریی چینایەتی تیایاندا لەدایک ببێت.
ئەمە نایەکسانییەکی ئاسایی نییە؛ ئەمە دەرەنجامی مادیی سیستەمێکە کە تێیدا هەژاریی زۆربەی خەڵک، مەرجی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەو کەمینەیەی کە لە سەرەوە دانیشتوون.
تیۆریی گەشەی نایەکسان و ئاوێتەبوو چییە؟
نەیارانی فیکری کرێکاری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دەسەڵات هەمیشە دەڵێن: “عێراق وڵاتێکی دواکەوتووە، خەڵکەکەی تەممەڵەو کلتووری کاریان نییە، یان گەندەڵی کێشەکەیە”.
ئەوان دەیانەوێت هەژاری وەک کێشەیەکی کلتووری یان ئەخلاقی نیشان بدەن تا پاوانخوازیی سیستەمەکە بشارنەوە. بەڵام لە ڕێگەی تیۆریی «گەشەی نایەکسان و ئاوێتەبوو» (Uneven and Combined Development) کۆتایی بەم درۆیانە دەهێنێت.
بەپێی ئەم تیۆریە، سەرمایەداری لە وڵاتانی پاشکۆدا (وەک عێراق)، بەو شێوەیە گەشە ناکات کە سەرەتا هەموو کۆمەڵگاکە بەرەو پێشەوە ببات.
بەڵکو دێت نوێترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و کەرەستەکانی سەرمایەداریی جیهانی (وەک سیستەمی بانکی دیجیتاڵی, تەکنەلۆژیای مۆدێرنی دەرهێنانی نەوت، پڕۆژەی شاهانەی خانوبەرە) دەهێنێت و ڕاستەوخۆ دەیدات بەسەر دواکەوتووترین و وێرانترین ژێرخانی کۆمەڵایەتیدا.
ئەمڕۆ کرێکاری کورد یان عەرەب بە مۆبایلە هۆشمەندەکەی دەستی، سەیری حسابە بانکییە بەتاڵەکەی دەکات؛ چونکە دەوڵەت مووچەکەی دواخستووە یان بازاڕ تووشی هەڵاوسان بووە.
ئەمە ڕێک جەوهەری گەشەی ئاوێتەبووە: تێکەڵکردنی لوتکەی مۆدێرنیتیی سەرمایەداری لەگەڵ لوتکەی بێمافی و هەژاریی خەڵکدا.
چەوسانەوەی دووقات
لێرەوە دەگەینە جەوهەری ئەو دژبەرییە مادییەی کە ڕۆژانە ژیانی ملیۆنان کرێکار و فەرمانبەری ئەم وڵاتە دەهاڕێت. ئەمە چەوسانەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو «چەوسانەوەیەکی دووقاتە» کە وەک مەقەستێکی ئابووری کار دەکات؛ بە باڵێک ڕەنجی دەستی تۆ دەبڕێت و بە باڵەکەی تریش نانی سەر مێزەکەت دەدزێت.
باڵی یەکەمی مەقەسەکە: کڕینی هێزی کار بە نرخی «وڵاتێکی داڕماو»
کاتێک تۆ دەچیتە بازاڕی کارەوە تا جەستە، کات، یان پسپۆڕیی خۆت بفرۆشیت، دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و خاوەنکارەکان نرخێکت پێدەڵێن کە لەسەر بنەمای “وڵاتێکی پاشکۆ و قەیران لێدراو” حیساب کراوە.
ئەوان بە پاساوی ئەوەی کە “بازاڕ خراپە، بودجە نییە، یان هەناردەی نەوت ڕاوەستاوە”، مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی یان کرێکارێکی ڕۆژانە لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دیناردا جێگیر دەکەن، کە بەپێی بەهای دراوی جیهانی بڕێکی یەکجار کەم و سەرەتاییە.
دەسەڵاتی حاکم بە ئەنقەست کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆ پێشێل کردووە تا هەمیشە سوپایەک لە خەڵکی بێکار (Industrial Reserve Army) لەسەر شەقامەکان هەبن.
کاتێک بێکاری زۆر بوو، خاوەنکارەکان دەتوانن بە کەمترین نرخ هێزی کاری تۆ بکڕن؛ چونکە دەزانن ئەگەر تۆ بەو مووچە کەمە ڕازی نەبیت، دە دەرچووی تری زانکۆ لە دەرەوە چاوەڕێ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن.
باڵی دووەمی مەقەسەکە: فرۆشتنەوەی ژیان بە نرخی «بازاڕی جیهانی»
لێرەدا کایە فێڵاوییەکە دەستپێدەکات. کاتێک تۆ ئەو مووچە لۆکاڵییە کەمەت وەرگرت و هاتیتەوە ناو بازاڕ تا بژیت، چیتر مامەڵەت لەگەڵ وڵاتێکی داڕماودا نییە؛ بەڵکو ڕووبەڕووی نرخە جیهانییەکانی سەرمایەداری دەبیتەوە. چونکە وڵاتەکە بەهۆی سیاسەتی تاڵانکارییەوە هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێت، هەموو پێداویستییەکانی ژیانی تۆ لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.
ئەو ئۆتۆمبێلەی کە پێویستتە بۆ هاتوچۆ، ئەو دەرمانەی بۆ منداڵەکەت دەینوسن، و تەنانەت تەماتە، پەتاتە، شیر و جلوبەرگیش لە دەرەوە بە نرخی گۆڕینەوەی دراوی جیهانی (دۆلار) دێنە ناو وڵاتەوە. تۆ بە دینارێکی لۆکاڵیی بێهێز کات و تەمەنی خۆت دەفرۆشیت، بەڵام کاتێک دەچیتە مارکێتەکە، دەبێت خۆراک بە نرخێک بکڕیت کە لەسەر بنەمای بۆرسەی جیهانی دیاری کراوە.
کارەساتی خانوبەرە و زەوی: نیشتەجێبوون وەک کاڵایەکی شاهانە
ئەم چەوسانەوە دووقاتە لە هیچ شوێنێکدا هێندەی بازاڕی خانوبەرە، زەوی و شوقەکان لە عێراق و کوردستاندا ڕوون نییە.
ئەگەر سەیری پڕۆژە نیشتەجێبووەکانی ئێستا بکەیت لە بەغدا یان هەولێر و سلێمانی، نرخی شوقەیەک دەگاتە ١٠٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار دۆلار (سەدان ملیۆن دینار). ئەم نرخە خەیاڵییانە تەواو هاوتان لەگەڵ نرخی شوقە لە شارە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.
ئێمە لێرەدا لەبەردەم بەراوردێکی مادیی یەکجار وێرانکەردادین کە دژبەریی ڕەهای ئەم سیستەمەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە: لە لایەکەوە، داهات و حەق دەستی هێزی کاری کرێکار و فەرمانبەری عێراقی هەیە کە تەواو لۆکاڵی، داڕماو و بە دینارێکی بێهێزەوە بەستراوەتەوە و ڕێک بۆ ژیانی وڵاتێکی جیهانی سێیەم داتاشراوە؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە، تێچووی خانوبەرە و شوقەکانت هەیە کە بە تەواوی جیهانی و شاهانەیە و بە دۆلاری ئەمریکی حیساب دەکرێت، ئەوەش بەهۆی پڕۆسەی سپیکردنەوەی پارەی نەوتی دزراو و قۆرخکاریی ڕەهای زەوییە گشتییەکان لە لایەن نوخبەی حاکمەوە.
سەرانی تاڵانچی و بۆرژوازیی لۆکاڵی، دۆلاری نەوتی خەڵک دەدزن و بۆ ئەوەی ڕەوڕەوەیەک بدەن بەو پارەیە، دێن لە ڕێگەی بازاڕی خانوبەرەوە دەیژەنن و زەوییە گشتییەکان قۆرخ دەکەن. ئەنجامی ئەم کارە ئەوەیە کە نرخی خانوبەرە بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی جیهانی. لێرەدایە کە فەرمانبەر یان مامۆستایەک کە مووچەکەی بە پێوەری وڵاتێکی هەژار پێدەدرێت، ئەگەر ١٠٠ ساڵیش کار بکات و نان نەخوات، ناتوانێت شوقەیەک لە شارەکەی خۆیدا بکڕێت؛ چونکە ئەو شوقەیە بۆ مرۆڤی زەحمەتکێش بونیاد نەنراوە، بەڵکو بۆ ساغکردنەوەی سەرمایەی دزراوی سەرەوە دانراوە. تۆ لە ناو هێڵی کارکردندا دەچەوسێیتەوە چونکە حەق دەستی ڕاستەقینەت پێ نادەن، و لە ناو هێڵی بەکاربردنیشدا دووبارە دەچەوسێیتەوە چونکە کەرستەکانی ژیان بە گرانترین نرخی جیهانی بەسەردا ساغ دەکەنەوە.
نەوت؛ پیرۆزبایی کۆمپانیاکان و نەفرەتی سەر مێزی هەژاران
با کەمێک قووڵتر بچینە ناو بنەمای ئابووریی عێراق و کوردستان: ئابووریی ڕانتی (نەوتی). هەمیشە دەبیستین کە عێراق ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و داهاتەکەی ملیاردەها دۆلارە. بەڵام پرسیارە سادەکەی مرۆڤی برسی ئەوەیە: ئەم پارەیە لە کوێیە و بۆچی ناگاتە سەر مێزی نانی منداڵەکانم؟
لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا، عێراق تەنیا وەک “کێڵگەیەکی گەورەی وزە” پێناسە کراوە.
داهاتی نەوت ناچێتە خزمەت بونیادنانی کارگەی نیشتمانی، کشتوکاڵ یان ژێرخانی پەروەردە؛ چونکە ئەگەر عێراق ببێتە وڵاتێکی بەرهەمهێن، چیتر نابێتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بیانییەکان.
داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سووڕی بانکە جیهانییەکان و لە ناوخۆدا تەنیا دەدەرێت بەو نوخبە سیاسییەی کە ئاسایشی کۆمەڵگاکەیان بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان پاراستووە.
کاتێک ئابووری تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی دەرەکی دەبەستێت، تەواوی هێزی کاری ناوخۆ پەکخراو دەکرێت. لادێنشین و کرێکاری لۆکاڵی چیتر ناتوانن بە بەرهەمی خۆیان بژین، ناچار دەبن بێنە ناو شارەکان و ببنە فەرمانبەری دەوڵەت یان کرێکاری ڕۆژانەی پڕۆژەکانی بۆرژوازی.
بەم شێوەیە، دەسەڵات کۆنتڕۆڵی ڕەهای نانی خەڵک دەکات. کاتێکیش بازاڕی جیهانیی نەوت تووشی قەیران دەبێت، یان ململانێی دارایی لە نێوان بەغدا و کۆمپانیاکاندا دروست دەبێت، دەسەڵاتداران یەکەم کاریان کەمکردنەوەی هێزی کڕینی مووچەی هاووڵاتیانە.
چۆن هەژاری قەدەری خودا نییە، بەرهەمی دەسەڵاتە؟
گەورەترین سەرکوت کە دژ بە مرۆڤی هەژار دەکرێت، سەرکوتی دەروونی و فیکرییە. سیستەمی حاکم لە ڕێگەی مەلا کڕدراوەکان، میدیا سێبەرەکان و پەروەردەی دەوڵەتییەوە، بە بەردەوامی ئەم پەیامە دەدات بە گوێی هەژاراندا کە: “ڕزق بە دەستی خودایە، ژیان تاقیکردنەوەیە، یان ئەگەر تەمەڵ نەبیت دەبیتە خاوەن کار”.؟ئەمە مەترسیدارترین درۆی بۆرژوازییە.
هەژاری لە عێراقدا قەدەری ئاسمانی نییە؛ بەڵکو بەرهەمێکی زانستی، مادی و ڕۆژانەی ئەم سیستەمە سیاسییەیە.
کۆشکەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و گەڕەکە شاهانەکانی هەولێر لە بۆشایییەوە نەهاتوون؛ ئەوان لەو داهاتە مادییە بونیاد نراون کە ڕاستەوخۆ لە دەمی منداڵی کرێکاران و فەرمانبەران بڕدراوە. کاتێک دەوڵەت باج دەخاتە سەر پێداویستییەکانی خەڵک، کاتێک نەوت دەفرۆشێت و پارەکەی لە بانکەکانی ئەوروپادا دەشارێتەوە، کاتێک زەوییە گشتییەکان دەکاتە مۆڵ و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گرانبەها، لە واقیعدا خەریکی “بەرهەمهێنانی هەژاری”یە.
هەژاربوونی تۆ، پەیوەندی بە تەمەڵی خۆتەوە نییە؛ تۆ دەچەوسێیتەوە چونکە لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەهای ڕاستەقینەی ڕەنجی دەستی تۆ ناگەڕێتەوە بۆ خۆت، بەڵکو دەچێتە ناو حسابی بانکیی خاوەنکار و سەرۆک حیزبەکانەوە. تا کاتێک ئەم ڕاستییە مادییە نەبێتە بنەمای بیرکردنەوەی شەقام، توڕەیی خەڵک تەنیا بە شێوەیەکی کوێر و بێئاسۆ دەمێنێتەوە.
تێگەیشتن لە ڕەگە مادییەکانی هەژاری، یەکەم هەنگاوە بۆ هۆشیاریی ڕاستەقینەی چینایەتی. عێراق وەک قەوارەیەکی ئابووری و کوردستان لە واقیعدا هەژار نین؛ بەڵکو خەڵکەکەی بە زەبری هێز، بە یاسای ئیمپریالیستی و بە چەکی ناسیۆنالیزم و تائیفیەت تاڵان کراون. هەژاری لێرەدا دیاردەیەکی سروشتی نییە، بەڵکو تاوانێکی ڕێکخراوی چینایەتییە.
بەشی دووەم: دەمامکی تائیفیەت و ناسیۆنالیزم (بۆرژوازیی لۆکاڵی و تەڵەی پشکپشکێنە)
ئەفسانەی «ناکۆکیی نەتەوەیی و مەزهەبی» لە سەرەوە
دوای ئەوەی لە بەشی یەکەمدا سەلماندمان کە هەژاری لە عێراق و کوردستاندا قەدەری ئاسمانی نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی مادی و ڕێکخراوی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانییە، ئێستا پێویستە بچینە ناو دڵی ئەو مەکینە سیاسییەی کە ڕۆژانە ئەم واقیعە دەپارێزێت. کاتێک لە مرۆڤێکی هەژار دەپرسیت: “بۆچی دۆخی ژیانت بەم شێوەیەیە؟” زۆرجار وەڵامەکە بەم جۆرە دەبیستیتەوە: “چونکە شیعە دژی سوننەیە، یان بەغدا مافی کوردی خواردووە، یان نەتەوە و مەزهەبەکان ناتوانن پێکەوە بژین.” ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ڕاگەیاندنە فەرمییەکان و حیزبەکانی دەسەڵات دەیانەوێت تێیدا بوەستیت. ئەوان دەیانەوێت تۆ وا بیربکەیتەوە کە کێشەی سەرەکیی وڵاتەکە، ڕق و کینەی مێژوویی نێوان پێکهاتەکانە. بەڵام شیکاریی مادی و زانستی شتێکیتر دەڵێت: ئەم ناکۆکییە نەتەوەیی و مەزهەبییانە، کارگەیەکی گەورەی دەستکردی چینی حاکمن بۆ تێکدانی یەکێتیی ڕاستەقینەی چەوساوەکان.
کاتێک کرێکارێکی کورد لە گەڕەکەکانی سلێمانی یان هەولێر، و کرێکارێکی شیعە لە کارگەکانی بەسرە یان گەڕەکی سەدری بەغدا، تێبگەن کە دەردی هەردووکیان یەکە و لە لایەن دوو باڵی جیاوازی یەک چینی سەرمایەدارەوە دەچەوسێنەوە، تەختی دەسەڵاتی سەرەوە دەلەرزێت. بۆیە، بۆرژوازیی لۆکاڵی (سەرانی کوردایەتی لە کوردستان و تاقمە مەزهەبییەکان لە بەغدا) پێویستیان بەوە هەیە هەمیشە تۆوی دووبەرەکی بچێنن، تا کرێکاری کورد لە چەوسێنەرە لۆکاڵییەکەی خۆی خۆش بێت بە بیانووی “پاراستنی نەتەوە”، و کرێکاری عەرەبیش چاوپۆشی لە دزییەکانی سەرۆکە مەزهەبییەکەی بکات بە بیانووی “پاراستنی مەزهەب”.
جەوهەری ڕاستەقینەی سیستەمی پشکپشکێنە (المحاصصة)
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، سیستەمێکی سیاسی لە عێراقدا چەسپێندراوە کە پێی دەوترێت «المحاصصة الطائفية والقومية» (پشکپشکێنەی نەتەوەیی و مەزهەبی). میدیا لایەنگرەکانی دەسەڵات و تەنانەت ڕۆشنبیرە لیبڕالەکان وا باسی ئەم سیستەمە دەکەن کە پڕۆسەیەکی دیموکراتییە بۆ “پاراستنی مافی پێکهاتەکان و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە”.
بەڵام ئەم سیستەمە هیچ نییە جگە لە «ڕێککەوتنامەیەکی بازرگانی لە نێوان چەتە بۆرژواکاندا بۆ دابەشکردنی سامانی وڵات لە سەرەوە». دەوڵەتی عێراق لێرەدا نە پەرلەمانی هەیە و نە یاسا بە واتا ڕاستەقینەکەی؛ بەڵکو کۆمپانیایەکی گەورەی پشکدارە. سەرۆک حیزب و سەرکردە خێڵەکییەکان لە پشتپەردەوە کۆدەبنەوە و وەزارەتەکان، کۆنتڕۆڵی نەوت، دەروازە سنوورییەکان، و بانکەکان وەک کێکێک لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. وەزارەتی نەوت بۆ ئەم تاقمە، وەزارەتی دارایی بۆ ئەو حیزبە، و گومرگەکان بۆ ئەو بنەماڵەیە. ئەمە سیستەمی پشکپشکێنەیە. گەندەڵی لێرەدا کێشەیەکی لاوەکی یان هەڵەیەکی کارگێڕی نییە کە بە گۆڕینی وەزیرێک چاک ببێت؛ بەڵکو گەندەڵی، مەرجی سەرەکیی مانەوەی ئەم سیستەمەیە.
ئەوان پێویستیان بە دەوڵەتێکی بەهێز و نیشتمانی نییە کە یاسای کار و مافی کرێکاران بپارێزێت؛ ئەوان پێویستیان بە کەرتی گشتییەکەی لاواز و داڕماو هەیە تا بتوانن لە ڕێگەی کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆیانەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (وەک کارەبا، تەندروستی و پەروەردە) قۆرخ بکەن و بە پارەیەکی گران بیفرۆشنەوە بە خودی ئەو خەڵکەی کە سامانی نیشتمانییان لێ دزراوە.
ئەفسانەی «بۆرژوازیی نیشتمانی» و بریکاری دەرەکی
یەکێک لە گەورەترین تەڵە فیکرییەکان کە چەپی ڕیفۆرمیست و ناسیۆنالیستەکان هەمیشە خەڵکی پێ دەخەڵەتێنن، دروشمی بونیادنانی “ئابووریی نیشتمانیی سەربەخۆ لە ژێر سایەی سەرمایەدارە ناوخۆییەکاندا”یە.
ئەوان دەڵێن ئەگەر ئێمە بازرگان و سەرمایەداری دەوڵەمەندی خۆمان هەبێت، وڵات ئاوەدان دەکەن و هەژاری نامێنێت.
ئەم تێڕوانینە لە ڕوانگەی مادییەوە تەواو پووچە. بۆرژوازیی لۆکاڵی لە عێراق و کوردستاندا (جا چ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بنەماڵە حاکمەکانی باشوور بن، یان نوخبە داراییە نوێیەکەی بەغدا)، هیچ کاتێک نابنە خاوەن پیشەسازی و گەشەپێدانی ڕاستەقینە.
بۆچی؟ چونکە بەرژەوەندیی مادیی ئەوان بەستراوەتەوە بە «بریکاریەت و نێوەندگیریی سەرمایەی بیانی».
ئەم نوخبە حاکمە، دۆلاری نەوتی وڵات دەدزن، بەشێکی زۆری دەبەنە دەرەوە لە بانکەکانی ئەوروپا و دوبەی دەیشارنەوە، و ئەو بەشەشی کە لە ناوخۆدا دەیهێڵنەوە، نایخەنە خەرجی بونیادنانی ژێرخانی پیشەسازی و کشتوکاڵی کە هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ گەنجان دروست بکات.
ئەوان دێن پارەکە لە کەرتی هاوردەکردنی کاڵا کەم کوالیتییەکانی تورکیا و ئێران و چین دەخەنەگەڕناویەتی، یان دەیکەنە پڕۆژەی شوقەی خەیاڵی بۆ سپیکردنەوەی پارە. ئەوان پارە لە سیستەمی بانکیدا دەسوورێننەوە کە تەنیا خزمەت بە بازرگانیی کورتخایەن دەکات. ئەوان ڕێگا نادەن کارگەی ناوخۆیی دروست بێت، چونکە بەرژەوەندیی مادیی کۆمپانیا هاوردەکارەکانیان لەوەدایە کە عێراق هەمیشە بە بەکاربەریی ڕووت بمێنێتەوە. لێرەوە، چینی حاکمی ناوخۆ تەنیا بریکارێکی ناوخۆیی (Comprador)ی بازاڕی جیهانییە کە ئەرکی سەرەکیی پاراستنی لێشاوی نەوتە بۆ دەرەوە، لە بەرامبەر گۆڕینی وڵات بۆ زبڵدانێکی گەورەی کاڵا دەرەکییەکان.
چۆن ئەم تەڵەیە هەژاری بەرهەم دەهێنێتەوە؟
کاتێک سیستەمی پشکپشکێنە دەبێتە بنەمای بەڕێوەبردنی وڵات، ئەنجامە کۆمەڵایەتییەکەی ڕاستەوخۆ بەسەر شانی هەژاراندا دەشکێتەوە:
دابەشبوونی چینایەتیی توند:
لە لایەکەوە کەمینەیەکی حیزبی-بنەماڵەیی هەیە کە تەواوی داهاتی نەوت، گومرگەکان، و گرێبەستە حکومییەکانی کۆنترۆڵ کردووە و لە ناو دەریایەک لە پارەدا دەژی؛ لە لایەکی ترەوە ملیۆنان مرۆڤی ڕەنجدەر هەن کە تەنانەت ناتوانن سەرەتاییترین مافی ژیان (وەک ئاوی پاك، کارەبای هەمیشەیی و چارەسەری پزیشکی بێبەرامبەر) مسۆگەر بکەن.
تێکشکاندنی ئیرادەی هۆشیاری: سیستەمی پشکپشکێنە لە ڕێگەی دامەزراندنی حیزبی و بەخشینی مووچەی بچووک لە بەرامبەر دڵسۆزیی کوێرانەدا، جۆرێک لە کۆیلایەتیی ئابووری (Clientelism) دروست دەکات. فەرمانبەر یان کرێکار ناچار دەکرێت لە کاتی هەڵبژاردنە ساختەکاندا دەنگ بە جەلادەکەی خۆی بداتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەترسێت ئەو تاقمە نانی کاتیی منداڵەکانی ببڕن.
بۆرژوازیی لۆکاڵی لە عێراق و کوردستاندا، بە جیاوازیی نەتەوە و مەزهەبەکانیانەوە، لە پشت پەردەی تەلەفزیۆنەکاندا وەک دوژمن خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە ناو حسابە بانکییەکان و دابەشکردنی پشکی تاڵانیی نەوتدا، هاوبەش و هاوپەیمانی یەکترین. تەڵەی پشکپشکێنە (المحاصصة) ئەو پەرژینە سیاسییەیە کە ناهێڵێت سامانی وڵات بگاتە خزمەت نەهێشتنی هەژاری. دژبەریی ڕاستەقینە لەم کۆمەڵگایەدا لە نێوان کورد و عەرەب، یان شیعە و سوننەدا نییە؛ بەڵکو لە نێوان چینی چەوسێنەری سەرەوە و چینی چەوساوەی خوارەوەدایە.
بەشی سێیەم: ماشێنی شەڕ و قۆرخکاریی چەکدارەکان (میلیشیاگەرایی و سەرکوت)
کاتێک دەمامکەکان دەڕووشێن، تفەنگەکان قسە دەکەن
لە دوو بەشی ڕابردوودا نیشانماندا کە چۆن سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و تەڵەی پشکپشکێنەی حیزبی لە سەرەوە، واقیعی هەژاری وەک کەرستەیەکی ڕۆژانە بەرهەم دەهێننەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێک فێڵە فیکرییەکان، درۆ میدیاییەکان و دروشمە مەزهەبی و ناسیۆنالیستییەکان لای خەڵکی چەوساوە باوەڕپێکراوی خۆیان لەدەست دەدەن، چینی حاکم چۆن دەسەڵاتەکەی دەپارێزێت؟ کاتێک مامۆستایەک، کرێکارێک، یان دەرچوویەکی بێکاری زانکۆ دێتە سەر شەقام و دەڵێت: “من چیتر گوێ بە مەزهەب و نەتەوە نادەم، من نان و کەرامەتم دەوێت”، وەڵامی سەرەوە چی دەبێت؟
لێرەدایە کە ڕووی ڕاستەقینە و دڕندەی دەسەڵات دەردەکەوێت: «ماشێنی شەڕ و سەرکوتی مادی».
سیستەمێک کە لەسەر بنەمای دزینی ڕەنجی دەستی ملیۆنان مرۆڤ بونیاد نرابێت، ناتوانێت تەنیا بە قسەی خۆش و بەڵێنی هەڵبژاردن بمێنێتەوە. ئەو پێویستی بە هێزێکی مادیی چەکدار هەیە تا هێڵی سووری نێوان کۆشکەکانی دەسەڵات و گەڕەکە هەژارنشینەکان بپارێزێت.
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم ماشێنە تەنیا لە سوپای فەرمیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو خۆی لە دیاردەیەکی مەترسیدارتری هاوچەرخدا دەبینێتەوە کە ئەویش میلیشیاگەرایی و حیزبی چەکدارە. چەک لێرەدا ئامرازی پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو گۆچانی دەستی چینی سەرمایەدارە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی شەقام.
دەوڵەت وەک کەرستەی سەرکوت و شێواندنی بودجە
لە زانستیی کۆمەڵناسیدا، دەوڵەت پێکهاتەیەکی بێلایەن نییە کە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان بە یەکسانی بکات. دەوڵەت لە جەوهەری خۆیدا، بریتییە لە کۆمەڵێک دەزگای مادی (سوپا، پۆلیس، دەزگای ئەمنی، زیندانەکان) کە چینی باڵادەست بەکاریان دەهێنێت بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا.
ئەگەر سەیری بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین لەم ساڵانەی دواییدا، بە ڕوونی دەبینین کە ئەم بودجەیە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیی کام چینەیە. ملیاردەها دۆلار و تریلیۆنەها دینار ساڵانە بۆ کڕینی چەک، پەرەپێدانی دەزگا ئەمنییەکان، پاراستنی فەوجە تایبەتەکانی سەرۆکەکان و مووچەی هێزە چەکدارە حیزبییەکان تەرخان دەکرێت. لە بەرامبەردا، کەرتی تەندروستی، پەروەردە، و لایەنی خزمەتگوزاریی گشتی تەنیا پاشماوەی بودجەکەیان پێدەبڕێت.
کاتێک نەخۆشخانەیەکی گشتی لە بەسەرە یان سلێمانی دەرمانی سەرەتایی تێدا نییە، یان کاتێک قوتابخانەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغدا سێ دەوامیین و لە ناو بینای قوڕیندا وانە دەخوێنن، ئەمە بەهۆی “کەمیی پارە”وە نییە؛ بەڵکو بەهۆی ئەوەی پارەی گشتی بە ئەنقەست ئاڕاستەی ئەو دەزگایانە دەکرێت کە ئەرکیان پاراستنی کۆشکەکانە لە توڕەیی خەڵک. دەسەڵاتداران دەزانن کە کۆمەڵگایەکی نەخۆش و نەخوێندەوار ئاسانتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام ئەگەر چەکدارەکانیان کەم ببنەوە، تەمەنی حوکمڕانییەکەیان لە چەند ڕۆژێک تێپەڕ نابێت.
ئابووریی میلیشیایی؛ چەک لە خزمەت قازانجی بۆرژوازیدا
دیاردەی میلیشیاگەرایی لە عێراق و هێزە چەکدارە حیزبی و بنەماڵەییەکان لە کوردستان، تەنیا گروپگەلێکی ئایدۆلۆژی یان سەربازی نین؛ ئەوان لە واقیعدا «کۆمپانیا گەورەکانی سەرمایەدارین کە چەکیان بەدەستەوەیە». هێزی چەکدار لەم وڵاتەدا بووەتە ئامرازی سەرەکیی بازرگانی و قۆرخکردنی بازاڕ.
ئەم هێزانە چۆن کار دەکەن؟ ئەوان دێن دەست بەسەر دەروازە سنوورییەکان، گومرگەکان، و کێڵگە نەوتییە بچووکەکاندا دەگرن. ئەوان بازاڕی هاوردەکردنی کەلوپەل، پڕۆژەکانی بەڵێندەرایەتی و تەنانەت زەوییە گشتییەکانی شارەکان بە زەبری هێزی چەک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن.
ئەگەر سەرمایەدارێکی سەربەخۆ یان بازرگانێکی بچووک بییەوێت پڕۆژەیەک بکات، دەبێت سەرانە (سیاسی یان مادی) بدات بەو میلیشیا و هێزە حیزبییەی کە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەی لایە.
ئەنجامی ئەم ئابوورییە میلیشیاییە ڕاستەوخۆ بەسەر شانی هەژاراندا دەشکێتەوە. کاتێک ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە خۆراکی هاووڵاتیانی پێیە، لە نێوان شارەکانی عێراقدا ناچار دەکرێت لە هەر بازگەیەکی میلیشیاییدا سەدان دۆلار باج و سەرانە بدات، ئەو پارەیە لە کێ دەردەهێنرێتەوە؟ ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر نرخی تەماتە، برنج و دەرمانی ئەو کرێکارەی کە لە کۆتایی ڕۆژدا دەچێتە بازاڕ. چەک لێرەدا دەبێتە مەکینەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان و دۆشینی گیرفانی خەڵکی کەمدرامەت لە پێناو پڕکردنی خەزێنەی حیزب و سەرکردە چەکدارەکاندا.
بەرهەمهێنانی هەژاری وەک کەرستەی سەربازگیری (سووتەمەنیی شەڕ)
لێرەوە دەگەینە یەکێک لە تاریکترین و نامرۆییترین هاوکێشەکانی ئەم سیستەمە: «بۆچی چینی حاکم پێویستی بە مانەوەی هەژاری هەیە؟»
وەڵامەکەی یەکجار سادە و ترسناکە. ئەگەر لە عێراق و کوردستاندا ئابوورییەکی تەندروست هەبێت، ئەگەر کارگەکان کار بکەن و گەنجان دوای دەرچوونیان لە زانکۆ هەلی کاری شایستە و کەرامەتپارێزیان دەستبکەوێت، کێ ئامادەیە بچێتە ناو ڕیزی میلیشیاکان و هێزە چەکدارە حیزبییەکان؟
کێ ئامادەیە لە پێناو ٥٠٠ دۆلاردا تفەنگ هەڵبگرێت و ببێتە پاسەوانی کۆشکی بازرگانە سیاسییەکان؟
دەسەڵات بە ئەنقەست ئاسۆی ژیانی گەنجان تاریک دەکات. کاتێک کشتوکاڵی لادێکان و پیشەسازیی شارەکان وێران دەکرێن، گەنجی هەژار تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە: یان دەبێت ڕوو لە کۆچکردنی بەکۆمەڵ و خنکان لە دەریاکاندا بکات، یان دەبێت ببێتە چەکدار لەو هێزانەی کە سەر بەم یان ئەو سەرۆک خێڵ و سەرکردەی مەزهەبین.
بەم شێوەیە، هەژاری دەبێتە باشترین کەرستەی سەربازگیری بۆ سەرەوە. چینی حاکم سەرەتا گەنجەکان برسی دەکات، پاشان چەکێکیان دەداتێ تا پارێزگاری لەو سیستەمە بکەن کە برسی کردوون. گەورەترین تراژیدیا ئەوەیە کە لە کاتی شەڕە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا، کوڕی کرێکارێکی هەژاری بەسەرە و کوڕی زەحمەتکێشێکی کورد لە کەرکوک یان دێگەڵە، بە گژی یەکدا دەدرێن و خوێنی یەکتر دەڕێژن؛ لە کاتێکدا منداڵانی سەرکردە و بازرگانە سیاسییەکان لە ئەوروپا و دوبەی خەریکی سەرفکردنی ئەو قازانجانەن کە لەسەر حسابی خوێنی ئەو لاوە هەژارانە کۆکراوەتەوە.
ماشێنی شەڕ و هێزی میلیشیایی، مەرجی کۆتایی مانەوەی بۆرژوازیی لۆکاڵییە لە عێراق و کوردستاندا. ئەو تفەنگەی کە بە دەست چەکداری حیزبییەوەیە، بۆ بەرگری لە خاک یان خەڵک نییە؛ بەڵکو پەرژینێکی پۆلیسییە تا خەڵکی برسی نەتوانن دەستبەسەر سامانی دزراوی خۆیاندا بگرن.
کاتێک تفەنگ ئاڕاستەی سنگی مامۆستای ناڕازی، کرێکاری مانگرتوو و گەنجی سەر شەقام دەکرێت، پێمان دەڵێت کە شەڕی ڕاستەقینە، شەڕی نێوان نەتەوەکان نییە، بەڵکو شەڕی تفەنگی دەسەڵاتە دژ بە نانی خەڵک.
تێگەیشتن لە ڕۆڵی چەک وەک پارێزەری سەرمایە، هۆشیاریی چینایەتی دەباتە قۆناغێکی باڵاتر. لێرەوە، لە بەشی چوارەمدا دەچینە سەر واقیعی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی سەر عەرز؛ باسی گەڕەکە پەراوێزخراوەکان، باسی گۆڕینی خزمەتگوزارییەکان بۆ کاڵا، و چۆنیەتی تاڵانکردنی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤەکان دەکەین لە ژێر سایەی ئەم ماشێنە پۆلیسییەدا.
بەشی چوارەم: باجە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی چەوسانەوە (عەرزیواقیع)
کاتێک ژمارەکان دەبنە گۆشت و خوێن
لە سێ بەشی ڕابردوودا، لەسەر بنەمای فاکتە ئابووری و سیاسییەکان شیکردنەوەی ئەو مەکینە گەورەیەمان کرد کە لە سەرەوە خەریکی بەرهەمهێنانی هەژارییە. باسی ئیمپریالیزم، نەوت، سیستەمی پشکپشکێنە و هێزی میلیشیامان کرد. بەڵام بۆ ئەوەی جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم تاوانە چینایەتییە ببینین، پێویستە لە کایە گەورەکان دابەزینە سەر شەقام و بچینە ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان؛ چونکە هەژاری لە عێراق و کوردستاندا تەنیا ژمارەیەک نییە لە ڕاپۆرتەکانی بانکەکاندا، بەڵکو «برینێکی زیندووە لە جەستە، دەروون و داهاتووی ملیۆنان مرۆڤی زەحمەتکێشدا».
سیستەمی سەرمایەداریی لۆکاڵی تەنیا سامانی ئەم وڵاتە نادزێت، بەڵکو کەرامەت، تەندروستی، پەروەردە و سەرەتاییترین هیوای مرۆڤبوون لە خەڵک زەوت دەکات. لەم بەشەدا، پەردە لەسەر ئەو باجە قورسە مرۆییانە لادەدەین کە چینی چەوساوەی عێراق و کوردستان ڕۆژانە بە گۆشت و خوێنی خۆیان دەیبەخشن تا کۆشکەکانی سەرەوە ئاوەدان بمێننەوە.
١. کڕین و فرۆشتنی ژیان: تەڵەی تایبەتکردن (Privatization)
یەکێک لە گەورەترین و دڵڕەقترین ڕێگاکان کە چینی حاکم بۆ چەوساندنەوەی خەڵک پەیڕەوی دەکات، بریتییە لە گۆڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ “کاڵا”. لە هەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆستدا، دەبێت کەرتی تەندروستی، خوێندن، ئاوی پاك و کارەبا، مافی سەرەتایی و بێبەرامبەری هەموو مرۆڤێک بن. بەڵام لە عێراق و کوردستاندا، دەسەڵاتی بۆرژوازی بە ئەنقەست ئەم کەرتە گشتییانەی وێران کردووە تا بازاڕ بۆ کۆمپانیا ئەهلییەکانی خۆی خۆش بکات.
تەندروستی وەک بازرگانی: کاتێک نەخۆشخانە گشتییەکان دەکرێنە کەلاوە و دەرمانیان تێدا نامێنێت، باوکی هەژار ناچار دەکرێت منداڵە نەخۆشەکەی بباتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان یان دەرمانخانە تایبەتەکان کە نرخەکانیان خەیاڵییە. لێرەدا هاوکێشەکە دەبێتە: «ئەگەر پارەت نەبێت، مەحکوومیت بە ئازار کێشان یان مردن». تەندروستی چیتر ماف نییە، بەڵکو ئیمتیازێکە تەنیا دەوڵەمەندەکان دەتوانن بیکڕن.
پەروەردە وەک جیاکاریی چینایەتی: قوتابخانە گشتییەکان بێ بەش دەکرێن لە سەرەتاییترین کەرستەکان، لە کاتێکدا قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی سەر بە بەرپرسان و بازرگانە سیاسییەکان وەک قارچک زیاد دەکەن. کاتێک خوێندنی باش دەبێتە پارە، داهاتووی منداڵانی هەژار لەبار دەبرێت. کوڕ و کچی کرێکارێک هەرچەندە زیرەک بن، بەهۆی هەژاریی باوکیانەوە بێبەش دەکرێن لە گەیشتن بە خەونەکانیان، لە کاتێکدا منداڵانی دەوڵەمەندەکان بە پارە کورسییەکانی سەرەوە قۆرخ دەکەن.
بازرگانیی کارەبا و ئاو: کارەساتی مۆلیدە ئەهلییەکان و کڕینی ئاوی پاک بە تەنکەر، نموونەیەکی تری ئەم تاڵانکارییەیە. خەڵک باجی سەرەتایی دەدەن، بەڵام دەبێت مانگانە بەشێکی زۆری داهاتە کەمەکەیان بدەن بە خاوەن مۆلیدەکان (کە زۆرجار بەرپرسی حیزبی یان چەکدار لە پشتیانەوەن) تەنیا بۆ ئەوەی لە گەرمای هاویندا نەخنکێن.
٢. سێ تابلۆی مرۆیی لە واقیعی پرۆلیتاریای عێراق و کوردستان
بۆ ئەوەی بزانین چەوسانەوە لە ژیانی واقیعییدا چۆن کار دەکات، پێویستە سەیری سێ تابلۆی واقیعی و زیندووی ناو کۆمەڵگاکەمان بکەین:
تابلۆی یەکەم: کرێکاری مەیدان (سووتانی تەمەن بۆ نان)
بەیانیان زوو، پێش دەرکەوتنی خۆر، سەیری مەیدانەکانی کار بکە لە بەغدا، بەسرە، سلێمانی یان هەولێر. سەدان گەنج و پیاوی تەمەن جیاواز دەبینیت کە چاوەڕێی وەستاندنی ئۆتۆمبێلێک دەکەن تا بۆ تەنیا یەک ڕۆژ کاریان پێبدات. ئەم مرۆڤانە هیچ گرێبەستێکی یاسایی، هیچ بیمەیەکی تەندروستی، و هیچ مووچەیەکی خانەنشینییان نییە. ئەگەر لە کاتی کارکردندا لەسەر تەلارێک بکەونە خوارەوە یان بریندار بن، خاوەنکارەکە بە ئاسانی فڕێیان دەداتە سەر شەقام و کرێکارێکی تر دەخاتە جێگەیان. ئەوان ڕۆژانە ڕەنجی جەستەی خۆیان دەفرۆشن، و ئەگەر ئەو ڕۆژە کاریان دەستنەکەوێت، شەو بە دەستی بەتاڵ و بە دڵێکی شکاوەوە دەگەڕێنەوە بۆ لای منداڵەکانیان.
تابلۆی دووەم: ژنی زەحمەتکێش (چەوسانەوەی دووقات)
ژنان لە خێزانە هەژارەکاندا، قورسترین باجی ئەم سیستەمە دەدەن. ئەوان نەک تەنیا لە دەرەوەی ماڵ (ئەگەر کاریان دەستبکەوێت) بە کەمترین حەق دەست و لە ژێر خراپترین مەرجدا دەچەوسێنرێنەوە، بەڵکو لە ناوماڵیشدا دەبێت چەوسانەوەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بچێژن. ژنی هەژار ئەو مرۆڤەیە کە دەبێت ڕۆژانە موعجیزە بکات؛ دەبێت بیر لەوە بکاتەوە چۆن بە بڕە پارەیەکی یەکجار کەم کە تەنانەت بەشی تێچووی سێ ڕۆژ ناکات، خێزانێک بۆ مانگێک تێر بکات. ئەو کاتێک نەخۆش دەکەوێت، ئازارەکەی دەشارێتەوە چونکە دەزانێت پارەی دکتۆر و دەرمان لە ناو ماڵەکەدا نییە.
ئەوان قوربانیی یەکەمی ئەو دڵەڕاوکێ و فشارە دەروونییانەن کە هەژاری دەیهێنێتە ناو خێزانەوە.
تابلۆی سێیەم: منداڵانی سەر شەقام (دزینی تەمەنی منداڵی)
لە پشت شووشەی تەلاری کۆمپانیاکان و لە پشت ترافیک لایتەکانی شارە گەورەکاندا، سوپایەک لە منداڵ دەبینیت کە لەبری ئەوەی لە ناو پۆلەکانی قوتابخانەدا بن، خەریکی فرۆشتنی کلینێکس، بنێشت، یان شۆردنی شووشەی ئۆتۆمبێلەکانن. ئەم منداڵانە، داهاتووی تێکشکاو و ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن. ئەوان لە تەمەنێکی زۆر سەرەتاییدا فێری ئەوە دەکرێن کە ژیان جەنگەڵە و ئەگەر ڕەنج نەدەن، دەمرن. بۆرژوازیی لۆکاڵی بە بینینی ئەم دیمەنانە شەرم ناکات؛ چونکە بۆ ئەوان، ئەم منداڵانە تەنیا هێزێکی کاری هەرزانی داهاتوون کە دەتوانرێت لە کارگە بچووکەکان یان وەک چەکداری هێزەکان بەکاربهێنرێنەوە.
٣. هەڵاوسان و گەمە داراییەکان: تاڵانکاریی بێدەنگ لە ناو چێشتخانەکاندا
کاتێک لە بەشەکانی پێشوودا باسی بڕیارە داراییەکانی دەسەڵاتمان کرد (وەک چاپکردنی پارەی بێ پشتوانە، یان گۆڕینی بەهای دراو بەرامبەر بە دۆلار)، ڕەنگە هەندێک کەس وایبۆچووبێت کە ئەمە کێشەیەکی تەکنیکی کورتخایەنە. بەڵام لە واقیعدا، ئەم گەمە داراییانە «ڕاوڕووتێکی چەکدارانەی بێدەنگە کاتێک جەماوەر خەوتوون».
کاتێک دەوڵەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خۆی، پارەی کاغەزیی بێ بەهای نوێ دەڕژێنێتە بازاڕەوە، نرخی کاڵاکان بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە چۆن لە سەر شانی هەژاران ڕەنگدەداتەوە؟
بازرگانە گەورەکان و سەرکردە سیاسییەکان کە سەرمایەکانیان بە دۆلار و لە بانکەکانی دەرەوەدایە، هیچ زیانێکیان بەرناکەوێت.
بەڵام ئەو باوکە فەرمانبەر یان کرێکارەی کە مووچەکەی بە دیناری بێبایەخ پێدەدرێت، کاتێک دەچێتە بازاڕ، دەبینێت نرخی فەردەیەک برنج یان دەبەیەک زەیت دووقات بووەتەوە. ئەمە پێی دەوترێت هەڵاوسان (Inflation). لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، هەڵاوسان یانی: دەسەڵات بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دێتە ناو چێشتخانەی ماڵە هەژارەکان و نیوەی ئەو نان و خۆراکە دەدزێت کە بۆ منداڵەکانیان کڕیوویانە. ئەمە وایکردووە کە تەنانەت چەمکی “برسییەتی” لە عێراق و کوردستاندا بگۆڕێت؛ خەڵک هەیە کار دەکات، ڕۆژانە ١٠ کاتژمێر عارەق دەڕێژێت، بەڵام هێشتا ناتوانێت پێداویستیی خۆراکیی خێزانەکەی دابین بکات. ئەمە لوتکەی دڕندەیی سیستەمی سەرمایەدارییە.
باجە مرۆییەکانی هەژاری تەنیا لە کەمبوونی پارەدا کورت نابنەوە؛ هەژاری واتە تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤ، واتە مردنی پێشوەخت بەهۆی نەبوونی پارەی دەرمان، واتە کوشتنی بەهرە و تواناکانی ملیۆنان گەنج لە ناو زبڵدانی بێکاریدا. بۆرژوازیی لۆکاڵی لە عێراق و کوردستاندا ئەم دۆخە وەک ئامرازێک بەکاردێنێت تا خەڵک هەمیشە لە ڕاکردنی بەردەوامدا بن بۆ دەستخستنی نان، بەو هیوایەی کاتیان نەبێت بیر لە “شۆڕش و گۆڕینی سیستەمەکە” بکەنەوە.
بەشی پێنجەم: ڕێگای ڕزگاریی ڕاستەقینە (سەربەخۆیی چینایەتی و دەسەڵاتی شورایی)
تێپەڕاندنی خەیاڵپڵاوی ڕیفۆرم و بازنە داخراوەکانی دەسەڵات
دوای ئەوەی لە بەشەکانی ڕابردوودا بە تەواوی پەردەمان لەسەر تەواوی مەکینە دڕندەکەی سەرمایەداری لە عێراق و کوردستان لادا، و نیشانمان دا کە چۆن هەژاری، چەوسانەوەی دووقات، سیستەمی پشکپشکێنە و ماشێنی میلیشیاگەرایی وەک تەڵەیەکی ڕێکخراو خەریکی داڕشتنی ژیانی ڕۆژانەی زەحمەتکێشانن، ئێستا دەبێت ڕووبەڕووی میحوەرترین پرسیار ببینەوە: «چۆن لەم دۆزەخە ڕزگارمان ببێت؟»
مێژووی چەند دەیەی ڕابردووی عێراق و کوردستان پڕە لە ڕاپەڕین، خۆپیشاندان و شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی؛ لە ڕاپەڕینەکانی کوردستانەوە بگرە تا دهگاته بزووتنەوەی تشرینی ٢٠١٩ لە بەغدا و باشووری عێراق. بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوە بووە کە هەر کاتێک توڕەیی خەڵک گەیشتووەتە لوتکە، چینی حاکم لە ڕێگەی دەزگا میدیایی و سیاسییەکانییەوە توانیویەتی تەڵەیەکی نوێ بخاتە بەردەم شەقام. ئەو تەڵەیەش دروشمی ساختەی وەک: “چاوەڕێی هەڵبژاردنی داهاتوو بن”، “دەنگ بە حیزبێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن بدەن”، یان “چاکسازی لە ناو دەوڵەتدا دەکەین” بووە.
ئەمڕۆ، لە ژێر سایەی ئەم دۆخە وێرانکەرەدا، پێویستە یەکەم هۆشیاریی باڵای چینایەتی بەم ڕاستییە دەستپێبکات: ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوورییەی ئێستا هەیە، بە هیچ جۆرە ڕیفۆرم، چاکسازی، یان گۆڕینی دەموچاوەکان چاک نابێت.
تۆ ناتوانیت داوا لە جەلاد بکەیت کەمتر بتچەوسێنێتەوە؛ ناتوانیت لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانێکەوە کە خودی چەتە بۆرژواکان و میلیشیاکان یاسا و دادگاکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، کۆتایی بە هەژاری بهێنیت. هەر حیزبێکی نوێ یان هەر باڵێکی لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستی کە بێت و بەڵێنی دابینکردنی نان بدات بە بێ دەستکاریکردنی بنەمای مادیی سیستەمەکە (واتە بە بێ گۆڕینی خاوەندارێتیی سەرمایە و نەوت)، کاتێک دەگاتە سەر کورسیی دەسەڵات، ناچار دەبێت خزمەتی بانکە جیهانییەکان و کۆمپانیا گەورەکان بکات و دیسان قورسیی قەیرانەکە بخاتەوە سەر شانی هەژاران. ڕێگای ڕزگاری لە گۆڕینی حاکمەکانەوە دەستپێنەکات، بەڵکو لە تێکشکاندنی تەواوتی ماشێنی دەسەڵاتی ئەوان لە خوارەوە دەستپێدەکات.
١. بنەمای یەکەم: سەربەخۆیی ڕەهای چینایەتی
یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ بونیادنانی بەدیلی شۆڕشگێڕانە، بریتییە لە «سەربەخۆیی ڕەهای چینایەتی». ئەمە بەو مانایەیە کە چینی کرێکار، فەرمانبەرانی کەمدرامەت، مامۆستایان، دەرچووانی بێکار و تەواوی چەوساوەکانی عێراق و کوردستان، دەبێت هێڵی جیاکەرەوەی خۆیان لە تەواوی باڵەکانی بۆرژوازی (جا دۆستی حکومەت بن یان خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نیشان بدەن) جیابکەنەوە.
ناکرێت خەڵکی هەژار متمانە بەو بازرگان و سەرمایەدارانە بکەن کە بە ناوی “بەرگری لە مافی مەزهەب یان نەتەوە” یان تەنانەت بە ناوی “مۆدێرنیتی و دیمۆکراسیی لیبڕاڵی” دەیانەوێت ببنە دەمڕاستی شەقام. بەرژەوەندیی مادیی ئەو نوخبە نوێیانەش ڕێک وەک بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی ئێستایە؛ ئەوانیش دەیانەوێت هێزی کاری تۆ بە هەرزان بکڕن و کاڵاکانت بە گران پێ بفرۆشنەوە.
شۆڕش کاتێک سەر دەکەوێت کە چەوساوەکان تەنیا و تەنیا پشت بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان ببەستن. سەربەخۆیی چینایەتی واتا کۆتاییهێنان بەو وەهمەی کە دەڵێت “سەرۆکێکی باش یان حیزبێکی دادپەروەر دێت و ڕزگارمان دەکات”. ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنیا و تەنیا کار و دەستکەوتی خودی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کاتێک کە بە شێوەیەکی چینایەتی ڕێکدەکەون.
٢. بەدیلی واقیعی: دەسەڵاتی شۆرایی لە خوارەوە
کاتی ئەوە هاتووە لە خۆمان بپرسین: ئەگەر پەرلەمان و دەزگاکانی دەوڵەتی ئێستا تەڵەی چەوسانەوەن، ئێمە چ جۆرە دەسەڵاتێکمان دەوێت؟ وەڵامە مێژوویی و واقیعییەکە بریتییە لە: «بونیادنانی دەسەڵاتی شۆرایی لە خوارەوە».
شۆرا (Council) مانای چییە؟ شۆرا پەرلەمانێکی دوورەدەست نییە کە چوار ساڵ جارێک چەند کەسێکی بۆی بچن و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە یاسا دژی نانی خەڵک دەربکەن. شۆرا ئۆرگانێکی دیمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و جەماوەرییە کە لە لایەن خودی خەڵکەوە لە ناوەندی ژیانی مادیی خۆیاندا دروست دەکرێت:
کرێکارانی کێڵگە نەوتییەکان شۆرای خۆیان لە ناو کێڵگەکاندا بونیاد دەنێن.
مامۆستایان و پزیشکان شۆرای خۆیان لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا ڕادەگەیەنن.
گەنجان، ژنان و دانیشتووانی گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی وەک گەڕەکی سەدر لە بەغدا، یان گەڕەکەکانی دەرەوەی سلێمانی و هەولێر، شۆرای گەڕەکەکانیان پێکدەهێنن.
لە سیستەمی شۆراییدا، بڕیارەکان لە سەرەوە شۆڕ نابنەوە، بەڵکو لە خوارەوە و لە ناو جەرگەی کۆبوونەوە گشتییەکانی خەڵکدا دەردەچن. نوێنەرانی شۆراکان لە لایەن خودی کرێکاران و دانیشتووانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام بە یەک مەرجی بنەڕەتی کە تەواوی دیمۆکراسیی بۆرژوازی تێکدەشێنێت: نوێنەری شۆرا هیچ ئیمتیازێکی مادی لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە، و لە هەر کاتێکدا ئەگەر لە بەرژەوەندیی چینایەتیی خەڵک لایدا، جەماوەر دەتوانن دەستبەجێ لەو پۆستە لایببەن و کەسێکی تر بخەنە جێگەی.
ئەمە ئەو جۆرە دەسەڵاتەیە کە دەتوانێت ماشێنی بیرۆکراسی و پۆلیسیی دەوڵەتی ئێستا ڕاماڵێت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕادەستی خودی ئەو مرۆڤانە بکات کە بەرهەمهێنەری ڕاستەقینەی ژیانن.
٣. هەنگاوی یەکەمی ئابووری: دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی نەوت و غاز
بۆ ئەوەی دەسەڵاتی شۆرایی تەنیا وەک دروشمێکی جوان نەمێنێتەوە، پێویستە دەستبەجێ کەرستە مادییەکانی دەسەڵات بگرێتە دەست. لە وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ڕەگی مادیی تەواوی کۆشکەکان و میلیشیاکان برتییە لە «نەوت».
هەنگاوی یەکەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی ڕاستەوخۆی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان، پاڵاوگەکان، کۆمپانیاکانی وزە و بانکەکان لە دەستی کۆمپانیا ئیمپریالیستە فرەنەتەوەییەکان و مافیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی ناوخۆ. ئەمە بە مانای نیشتمانیکردنی دەوڵەتی (کە تێیدا بیرۆکراسیی نوێ پارەکە بدزێت) نییە؛ بەڵکو بە مانای «خستنەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ و کرێکاریی (Workers’ Control) سەرجەم سێکتەرەکانی بەرهەمهێنانە».
کاتێک داهاتی نەوت لە ژێر چاودێریی شۆراکاندا بێت، چیتر یەک دۆلار ناچێتە ناو بانکەکانی ئەوروپا بۆ کڕینی کۆشک بۆ منداڵانی سەرکردەکان، و ناچێتە خزمەت کڕینی تفەنگ بۆ میلیشیاکان. ئەو کاتە، تەواوی ئەم سامانە زەبەلاحە ئاڕاستەی پڕکردنەوەی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت: بونیادنانی سیستەمێکی تەندروستی و پەروەردەیی یەکگرتوو، بێبەرامبەر و پێشکەوتوو بۆ هەمووان، دابینکردنی نیشتەجێبوونی کەرامەتپارێز بۆ سەرجەم خێزانە هەژارەکان، و زیندووکردنەوەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ تا هیچ گەنجێک ناچار نەبێت تەمەنی خۆی لە ژێر تفەنگی میلیشیاکاندا بکوژێت.
٤. ئاسۆی ئەنتەرناسیۆنالیستی: فیدراسیۆنی سۆسیالیستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لێرەدا دەگەینە خاڵێکی یەکجار گرنگ کە ستراتیژی کۆتایی شۆڕشەکەمان پێناسە دەکات. هەژاری لە عێراق یان کوردستاندا ناتوانرێت لە ناو سنوورێکی کەرنتینەکراو و دابڕاودا بە تەواوی بنبڕ بکرێت. ئەگەر کرێکارانی کوردستان یان بەغدا ڕاپەڕین بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست، دەوڵەتە بۆرژوازییەکانی دەوروبەر (ئێران، تورکیا) کە خاوەنی سوپای سەرکوتکارن، دەستبەجێ هێرش دەکەن بۆ خنکاندنی ئەم مۆدێلە نوێیە، چونکە دەترسن کرێکارانی ئەنقەرە و تاران چاو لەم ڕاپەڕینە بکەن.
بۆیە، شۆڕشی کۆمەڵایەتی ناچارە کە هەمیشە وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام (Continuous Process) سەیری خۆی بکات و سنوورە دەستکردەکان ببڕێت. هاوپەیمانیی ڕاستەقینەی کرێکاری کورد، لەگەڵ بۆرژوازیی کورددا نییە، بەڵکو لەگەڵ کرێکاری عەرەب، تورک و فارسدایە.
شۆڕشێک کە لە کێڵگەکانی بەسەرە و سەر شەقامەکانی سلێمانی و هەولێرەوە دەستپێدەکات، دەبێت ڕاستەوخۆ دەستی هاوپشتی درێژ بکات بۆ هاوچینەکانی خۆی لە تەواوی ناوچەکەدا. تاکە وەڵامی واقیعی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە تائیفی و نەتەوەییەکان کە ئیمپریالیزم و بۆرژوازیی لۆکاڵی پێمان دەفرۆشنەوە، بریتییە لە ڕووخاندنی سەرجەم دەوڵەتە داگیرکەر و کۆنەپەرستەکان و ڕاگرتنی ئاڵای «فیدراسیۆنی سۆسیالیستیی ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست». تەنیا لە ژێر سایەی دیمۆکراسیی شۆرایی و سۆسیالیستیی گشتگیردایە کە سنوورەکان وەک کەرستەی جیاکاری نامێنن و مرۆڤەکان دەتوانن لەسەر بنەمای یەکسانی و خۆشگوزەرانی پێکەوە بژین.
دەرەنجامی کۆتایی زنجیرە وتارەکە
هەژاری کێشەیەکی تەکنیکی نییە کە ئابووریناسانی دەسەڵات چارەسەری بکەن؛ هەژاری ڕووی ڕاستەقینەی تاڵانکاریی چینایەتییە.
کاتێک تۆ وەک هاووڵاتییەکی چەوساوە تێدەگەیت کە ڕەنجی دەستت چۆن دەدزرێت، هۆشیارییەکەت لە ئاستی “خەمۆکی و گریان بۆ واقیع”ەوە دەگۆڕێت بۆ «هۆشیاریی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی واقیع».
چینی حاکم لە چەک، تانک، و میدیاکانی خۆی ناترسێت؛ ئەوان تەنیا لە یەک شت دەترسن، ئەویش بریتییە لەوەی کە چەوساوەکانی خوارەوە، بێ گوێدانە زمان، نەتەوە و مەزهەب، بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێکبکەون و بە ڕوونی بزانن کە دۆزەخی ئێستایان بەهۆی مانەوەی کۆشکەکانی سەرەوەیە. ئایندەی ئەم نیشتمانە لە ناو هۆڵەکانی پەرلەمان و کۆنگرە دیپلۆماسییەکاندا نانووسرێتەوە، ئایندە لەسەر دەستی ئەو جەماوەرە ڕێکخراوە بونیاد دەنرێت کە شەقامەکان دەقۆزنەوە تا مێژوو لە خوارەوە و بە ئارەزووی نانی چەوساوەکان سەرلەنوێ بنووسنەوە.