لە پەڕۆی پیرۆزەوە بۆ وێنەی سەرۆک: بازنە داخراوەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی

0
زمناکۆ عزیز ✍️
کاتێک سەیری مێژووی سەدەی ڕابردووی کوردستان دەکەین، وا هەست دەکەین گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویداوە: شێخەکان کۆشکەکانیان چۆڵ کرد و سکرتێرەکان چوونە شوێنیان، خانەقاکان جێگەیان دا بە بارەگاکان، و مێزەرو عەمامەکان گۆڕڕان بۆ قات و ڕیبات. بەڵام کاتێک بە وردی دەچینە ناو قووڵایی ئەم گۆڕانکارییە، دەبینین ئێمە تەنیا لەناو هەمان بازنەدا “خولاوینەتەوە”.
١. گۆڕینی “نیشانەی وەفاداری”: لە دەرزی و پەڕۆوە بۆ باج و ئاڵا
لە سەردەمی دەسەڵاتی شێخ و تەریقەتدا، مرید پارچە پەڕۆیەکی “موبارەک”ی لە شێخەکەی وەردەگرت و بە دەرزییەک بە لایەخەی قەمسەڵەکەی یان کراسەکەیەوە هەڵیدەواسی. ئەم پەڕۆیە تەنیا قوماش نەبوو، بەڵکوو “بەڵێنی وەفاداری” بوو؛ نیشانەی ئەوە بوو کە ئەم مرۆڤە چیتر هی خۆی نییە، بەڵکوو “پاشکۆ”ی شێخە و لەژێر سێبەری ئەودا پارێزراوە.
کاتێک ناسیۆنالیزمی سێکۆلار هات، ئەم دیمەنە بە تەواوی دووبارە بووەوە. گەنجی کورد پەڕۆ پیرۆزەکەی فڕێدا، بەڵام لە جێگەی ئەو، “باج”ی حیزب یان “وێنەی بچوکی سەرۆک”ی بە هەمان دەرزی و لە هەمان شوێندا هەڵواسی. ئەمە گۆڕینی ئامراز بوو نەک گۆڕینی ئەقڵییەت. لێرەدا، سەرۆکی حیزب بووە “شێخە نوێیەکە” کە مریدە سیاسییەکانی بە وێنەیەک و ئاڵایەکەوە دڵخۆش دەکرد، بێ ئەوەی بیانکاتە “هاووڵاتییەکی خاوەن بڕیار”. ئەگەر جاران پەڕۆکە نیشانەی وەفاداری بوو بۆ قیامەت، ئێستا وێنەکە بووەتە نیشانەی وەفاداری بۆ حیزب. بەڵام لە هەردوو بارەکەدا، “دەرزییەکە” هەر لە سینگی ئەو مرۆڤە چەقێنرا بوو؛ یانی هێشتا ئەو مرۆڤە وەک پاشکۆ مابووەوە و پێویستی بەوە بوو “پیرۆزییەک” بە خۆیەوە هەڵبواسێت تا خۆی بباتە پێشەوە.
٢. پیرۆزییەک کە تەنیا ناوی گۆڕا
لە لۆژیکی تەکیەدا، قسەی شێخ “قودسیەت”ی هەبوو؛ ڕەخنەگرتن لێی وەک “کفر” دەبینرا. ناسیۆنالیزمی سێکۆلار کە دەبوو لۆژیکی عەقڵ و ڕەخنە بهێنێت، هەمان قودسیەتی گواستەوە بۆ ناو سیاسەت.
• سکرتێر وەک پیر: سکرتێری حیزب بووە کەسایەتییەکی “ئەفسانەیی” کە هەڵە ناکات.
• پەیڕەو و پرۆگرام وەک ویرد*: ئەگەر جاران مریدەکان ویردیان دەخوێند، ئێستا کادیرەکان دروشمە حیزبییەکانیان وەک “وەحی” دووبارە دەکردەوە.
ئەمە ئەو “خولانەوەیە” بوو کە جەماوەری لە مریدێکی ئایینییەوە گۆڕی بۆ مریدێکی سیاسی. مرۆڤی کورد هێشتا پێویستی بە “کەسی ڕزگارکەر” بوو؛ جاران چاوەڕێی “کەراماتی شێخ” بوو بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشەکانی، و دواتر چاوەڕێی “کەراماتی سەرۆک” بوو بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان.
٣. دەرد و مەینەتییەکان: ژێرخانێک کە نەگۆڕا
گەورەترین ناهەقیی ناسیۆنالیزمی سێکۆلار بەرامبەر بە گەنجی کورد ئەوە بوو کە “خەونە مادییەکانی” فەرامۆش کرد. خەڵک وایان دەزانی کاتێک پەڕۆ موبارەکەکە لادەبەن و ئاڵایەکی سێکۆلار هەڵدەواسن، ئیتر برسییەتی کۆتایی دێت و ستەم و چەوسانەوە نامێنێت. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوە بوو:
• ئاغایەتی بە بەرگی نوێوە: زۆرجار ئەو ئاغایەی کە پێشتر لەسەر پشتی جووتیار دەژیا، تەنیا بە گۆڕینی لایەنگرییەکەی بۆ ناو حیزب، بووەوە بە “فەرماندە” یان “بەرپرسی باڵا”، کە زۆر دڕندەتر بوو لە ئاغاکەی جاران، بۆ گیانی خەڵکی.
• مانەوەی هەژاری: ئەو دەرد و مەینەتییەی کە لە گوندەکاندا هەبوو (بێکاری، نەخۆشی، نەبوونی زەویی)، تەنیا لە گوندەوە گوازرایەوە بۆ پەراوێزی شارەکان.
ناسیۆنالیزمی سێکۆلار نەیتوانی (یان نەیویست) ژێرخانی ئابووری بگۆڕێت؛ نەیویست زەوی بداتە جووتیار و کارگە بۆ کرێکار دروست بکات، چونکە خۆی لەسەر هەمان لۆژیکی “پاشکۆیەتی و بەخشین” دەژیا کە شێخەکانی پێشوو لەسەری دەژیان. ئەم پەکخستنەی چاکسازیی ئابووری و دابەشنەکردنی زەوی، تەنیا دواخستنێکی کاتی یان نەزانین نەبوو، بەڵکوو ستراتیژێکی قووڵ بوو بۆ هێشتنەوەی جەماوەر لەژێر ڕەحمەتی حیزبدا. چونکە ئەگەر ناسیۆنالیزمی سێکۆلار بە ڕاستی زەویی دابەش بکردایە یان ژێرخانێکی پیشەسازیی سەربەخۆی دابمەزراندایە، ئەوا مرۆڤی کوردی لە “موریدێکی سیاسییەوە” دەگۆڕا بۆ “هاووڵاتییەکی ئابووریی سەربەخۆ”. مرۆڤێکی وەهاش، کە نان و بژێوییەکەی لە گیرفانی خۆیدا بێت، چیتر پێویستی بەوە نابێت بۆ پارە و واستە، کڕڕنۆش بۆ بارەگا بەرێت و وێنەی سەرۆک یان ئاڵاکەی، بە لایەخەی قەمسەڵەکەیەوە بلکێنێت. لێرەدا ناسیۆنالیزمی سێکۆلار هەمان لۆژیکی خێرخوازیی پاشکۆکەری شێخی دووبارە کردەوە؛ وەک چۆن شێخ لە ڕێگەی “بەرەکەت و نان”ەوە مریدەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرد، حیزبیش لە ڕێگەی “مووچە، وەزیفە و ئیمتیاز”ەوە هەمان کۆنتڕۆڵی پاراست. بەم شێوەیە، حیزب نەبووە هێزی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ، بەڵکوو تەنیا بووە “ئاغایەکی گەورەی مۆدێرن” کە سامانی وڵاتی وەک موڵکی شەخسی بەکارهێنا بۆ کڕینی وەفاداریی خەڵک نەک بۆ دەوڵەمەندکردنیان؛ چونکە گەیشتنی خەڵک بە ڕزگاریی مادی، پێویستیی ئەوانی لەو ‘شێخە سیاسییە’ دادەبڕی کە لەسەر تەختی شێخایەتیی پێشوو دانیشتبوو.
٤.هاووڵاتییەک کە هەرگیز لەدایک نەبوو
کێشەی سەرەکی ئەم خولانەوەیە لەوەدایە کە “تاکی کورد” هەر بە پاشکۆ مایەوە. ئەو تەنیا “خاوەنەکەی” گۆڕی. ئەگەر جاران بۆ پارچە نانێک و نزایەک لە بەردەم تەکیەدا دەپاڕایەوە، ئێستا لەبەردەم بارەگای حیزبدا بۆ دامەزراندن و مووچە و پلە دەپاڕێتەوە.
ئەو دەرزییەی کە جاران پەڕۆی پێ هەڵدەواسرا، ئێستا وێنەی سەرۆکی پێ هەڵدەواسرێت، کە هەمان دەرزییە، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە ئەو “پەتە” بپچڕێنین کە مرۆڤی کورد بە “پیرۆزییە ساختەکانەوە” دەبەستێتەوە. ناسیۆنالیزمی سێکۆلار لەبری ئەوەی نان و کەرامەت دابین بکات، تەنیا “وەهمێکی نوێ”ی بە ناوی “نەتەوەپەرستیی حیزبی” فرۆشتەوە بە گەنجێک کە هێشتا دەرد و مەینەتییەکانی وەک خۆیان ماونەتەوە.
ئەم باسە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە سێکۆلاریزم تەنیا بە لادانی دین نایەتە دی، بەڵکوو بە تێکشکاندنی ئەو “بازنە”یە دێت کە مرۆڤ وەک “مورید” دەهێڵێتەوە. تا ئەو کاتەی مرۆڤی کورد نەبێتە “هاووڵاتییەکی سەربەخۆ” کە نان و ئازادییەکەی لە دەستی هیچ شێخ و سەرۆکێکدا نەبێت، ئەم خولانەوەیە هەر بەردەوام دەبێت.
* “ویرد” لە ناو تەسەوف و تەریقەتدا، بریتییە لە کۆمەڵێک زیکر، دوعا، یان ئایەتی قورئان کە “شێخ” بۆ “مورید”ەکەی دیاری دەکات تاوەکوو لە کاتێکی دیاریکراودا (زۆرجار دوای نوێژی بەیانی یان ئێوارە) بیخوێنێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.