لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دەکات؛ داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن

0
دەقی یاداشتنامه‌كه‌:
یاداشتنامه‌ی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
بۆ / ڕای گشتیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
دەبێ دەستدرێژی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕابوەستێ
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی، پابەندی خۆی بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەست لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕادەگەیەنێت، کەچی بەردەوامە لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ئەم دەستدرێژییانە کە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
هەرێمی کوردستان نەک هەر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم پەلامارانە هیچ پاساوێکی یاساییان نییە و تەنها لە چوارچێوەی هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆیییەکان و تێکدانی ئاشتی پۆلێن دەکرێن، هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی فەرمی بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندووە.
لەم سۆنگەیەوە، ئێمە وەک لایەنە چەپەکانی کوردستان جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
1- داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی un دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵبستن و فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمپەکانی پەنابەران وەک ناوچەی بێبەری لە ململانێ سەربازییەکان.
2- حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی و خاکی وڵات؛ پێویستە بێدەنگیی بشکێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.
3- بانگەواز لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە گیانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بە شێوازی شارستانی، دەنگی ناڕەزایەتی دژی ئەم پێشێلکارییانە بەرز بکەنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی خاکی هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان:
– حزبی شیوعیی کوردستان
– بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
– حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٨ی نیسانی
٢٠٢٦
Leave A Reply

Your email address will not be published.