جاران ژیان زۆر جیاواز بوو وەفاداری و میهرەبانی لەکۆمەڵگەدا بوو !! غەزال یادت هەمیشە زیندووە لەناو دڵ وهێزی تێکۆشانمان !

0

ئاوات ڕەسوڵ
لەگەڵ هەبوونی دەسەڵاتێکی ملهوڕی چەوسێنەرو نایەکساندا خەڵک کاتێکی زیاتریان دەویست بۆ ژیان و پەیوەندیکردن.
خێزانەکان زۆرجار کۆدەبوونەوە و پەیوەندییەکان ڕاستەوخۆتر بوون و پڕ لەمیهرەبانی و ئینسان دۆستی بوون لەهاوکاری و بەدەنگەوە هاتنی یەکتری لەناو ژان وئازارەکانیاندا ، بەبێ تەلەفۆن و ئینتەرنێت.
نامەکان بەدەست لەسەر کاغەز دەنووسران، خەڵک چەند ڕۆژێک چاوەڕێی وەڵامیان دەکرد و دەگەڕان یەکێک بدۆزنەوە هەتا نامەی نووسراوی هاتوویان بۆ بخوێنێتەوە لە دێهاتێک یان شارۆچکەیەک کەمێک لەمرۆڤەکان خوێندەواربوون بەبێ ئەوەی خاوەنی ئەو هەمووبڕوانامەی ماستەرو دکتۆراو پڕۆفیسۆر و فەیلەسۆفەی بەردەم مینبەرومایک و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن بن
ئەمڕۆ هەموو شتێک زۆر خێراتر دەگۆڕێت . بەهۆی تەکنەلۆژیا نوێیەکانەوە دەتوانرێت دەستبەجێ پەیوەندی لەگەڵ کەسێکدا بکرێت لە دیوەکەی تری ژوورەکەتان یان هەر شارێکی وەڵاتێکی تری جیهان.
تەلەفۆن و کۆمپیوتەر و سۆشیال میدیا شێوازی ژیان و کارکردنمان گۆڕیوە. بەڵام ئەم خێراییە دەتوانێت مرۆڤەکان لە یەکتر دوور بخاتەوە.
جیهانی ڕابردوو زۆرجار سادەتر بوو و جوانترو میهرەبانترو ئینسان دۆستربوو لە هاوکاری و هەروەزکاری ژیاندا ، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە قورستر بوو، وەک کار یان چاودێری تەندروستی.
ئەمڕۆ لەشارەکان چەندین نەخۆشخانەی بیناو ئەپارتمانی چەندین نهۆمیمان هەیە بەڵام بەبێ ئەوەی بڕوانامەی پزیشک و دکتۆرو ماستەر وفەیلەسوفەکان توانیبێتی خۆیان ومرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەمان فێری بەرپرسیارێتی هەماهەنگی و هاوکاری و بەدەنگەوە هاتنی مرۆڤایەتی یەکتری کردبێت بەبێ ڕەچاوکردنی هەبوونی هەرجیاوازێکی فکری وئایینی و نەتەوەیی و حیزبی و ڕەگەزی !
ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنەوە لەجیهانی مرۆڤایەتی دا ژیان ئاسوودەترە ، بەڵام دەکرێت سترێس و نەخۆشی دەروونی زیاتریش هەیە .
لەکۆمەڵگەمان پێشکەوتن و زانین وزانیارییەکان تەنها بۆتە بەکاڵاکردن و هەڕاج کردنی مرۆڤەکان وشکاندنی شکۆی ئینسانیان و ڕاهاتن وگونجاندنێکی کوشندەیە لەگەڵ بێ مافی و چەوسانەوە و نایەکسانی ونادادییەکاندا خەریکە کۆی گشتی کۆمەڵگە هەرسپێدەهێنێت!
لە کۆتاییدا دەڵێم هەموو سەردەمێک سوود و زیانەکانی خۆی هەیە.
گرنگە بەهاکانی ڕابردوو بپارێزین لە هەمان کاتدا سوود لە پێشکەوتنەکانی ئێستا وەربگرین ڕاستگۆیانە باوەش مرۆڤایەتی و ئازادی و یەکسانیخوازی دا بکەین .
چەند ناشیرین و ڕیسوایی وشەرمەزارییە باوەش بەدرۆیی ڕەنگاو ڕەنگدا بکەین دەنگ بەرز بکەینەوە لەبەردەم میدیا وکەناڵەکانی ڕاگەیاندا ، باسی دیموکراسی و ئازادی وماف و مەدەنیەت و شارەستانیەت و مرۆڤایەتی بە گوێی مناڵانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستاند دا بدرێت بەڵام هەر جوڵە و کردارێکی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی بوون ئاوڕیی لێ نەدەینەوە!
لەبەرچاوی گشتی کۆمەڵگەی ئێمەدا لاشە وجەستەی مرۆڤەکان بسووتێندرێت وڕێگە بدرێت لەژێر بیانوی جێبەجێ کردنی یاسا و ڕێنمایی وفەرمانی زاڵمەکانی دەسەڵاتدا هەناسەدانی کۆتایی ژیانی مرۆڤێکی میهرەبان وئازادیخواز پڕ لەژان وئازارێک بێت هاوشێوەی نەبێت لەتەنهایی لەناو جیهانی مرۆڤایەتی دا بێ هەڵوێست وبێ دەنگ بین نەڵێین نابێت بسووتێن و بکوژرێن .
ئیتر ئێمەی مرۆڤ ئەو جەستەمان بۆچی یە کەنەتوانین و نەوێرین ،بەهۆی بەرژەوەندی پارە پەرستی و خۆپەرستی بەرگری لە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پڕشکۆی ئینسانی بکەین . ئاخر نرخی مرۆڤ بوون و ئینسان بوونمان لەکوێ دایە کەنتوانین بەرگری لەماف و شکۆی مرۆڤەکانی تربکەین .
هێندە خۆپەرست بین کەخاوەنی چەندەها وسەدەها وهەزارەها خاوەن بڕوانامەی دیکتۆراو پڕۆفیسۆرو ماستەرو فەیلەسوفی میدیاکان بین بۆ خۆ دەرخستن بەڵام ڕۆژ دوایی ڕۆژ کۆی کۆمەڵگە زیاتر ئاراستەدەبێت کە دەچمێتەوە لەبەردەم سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەپەرست ودژە ئینسانی دەسەڵاتی دزو چەوسێنەردا .
ئیتر بەسە با هەنگاو بنێن بۆ گەشەی تێکۆشانی هاودەنگی هێانەدی ژیانێکی باشتر.
Leave A Reply

Your email address will not be published.