گوڵەگەنمەکان یەک یەک دەستی مەرگیان دەگرت (لەیادی ڕەشترین تابلۆ لە مێژووی گۆرانی و ناندا)

0

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١٩٨٨ – ٢٠٢٢
کوردستان – کەنەدا
گوڵەگەنمەکانیان دەوەراند و گۆرانییان بۆ نان دەوت
باڵی پەپوولەکانیان دەسووتاند و سترانیان دەچڕی بۆ فڕین
خەونیان دەکردە نێو کیسەی مردنەوە و
گلێنەکانیان دەفرۆشتە چەرچییەکانی بازاڕەکانی ستەم و غەدر و زوڵم
شیعریان دەناردە سەر ڕێگەی بیابانە غەمگینەکان،
تا هەرچی یادەوەری کانیاو و چۆم و زرێبارە لە خۆ داتەکێنن
چ تاریکییەک بوو ئەو ڕۆژەی هەتاو دەیویست هەڵنەیەت و
تاسەی گەرمی ڕێبوارەکانیش دەبوون بە هەناسەی کوژراو و
دەبوون بە باڵی گۆرانی و،
بە پریاسکەی خەمە زیز و لەخەمڕسکاوەکانی
کیژانی بەر سێلەی هەتاو و فیشەک و خوێنی تەڕ و گەرم
چ بێدەنگی و بێزمانی و بێ تروسکە و بێ مانگەشەویی بوو وەختێک
فیزاح و هاوار و ناڵە و ئاخ و ئۆفی حەسرەتەکان،
وەک ئۆرکێسترای مەرگ لەنێو دڵی ئەو بیابانە وشکە،
شەپۆڵ..شەپۆڵ..قەدی چرکە و خوولەک و کاتیان دەبڕی و
گوێی مێژوویان کاس دەکرد کاس
ترس ببووە چەتری چاڵە گەورەکانی ماڵی ئینسان
چاو دەمەیی و نیگا دەوەری و لەژێر پێی لم
دەبوون بە نەخشەی غەدرێکی بێوێنە لە ئەتلەسی جینۆسایدی تازەی مێژوودا
لەودەمەی ڕا خۆزگەکانیان یەک یەک کردە کۆی زوخاڵ و
لەنێو هاوەنی حەسرەتدا کردیانن بە ئاردی نێو لمی بیابانی ترس و وەحشەت
لافاوێکی سوور لەخوێنی کورد هەڵیکرد
مەتەڵێکی ژەنگاوی هات کۆدەکانی خۆی دەکردەوە
لەو کەڤاڵەی دەنگ و ترس و خوێن و نزای لێدەچٶڕا
گوڵە گەنمەکان زمانی ئاو و ژیانیان دەزانی
ئەوان گیرفانیان پڕ بوو لە زەنوێڕ و کوێستان و لالەزاری ئەوین
لەو شەوەی کە سەد و هەشتا و دوو هەزار پەڵەی شەرمەزاری کەوتە سەر تەوێڵی مرۆڤایەتی
لەو تاریکییەی سەد و هەشتا و دوو هەزار چاو بوون بە مۆم و
بوون بە چرا و بوون بە ملوانکەی پساوی گەردنێکی تازە خنکاو
لەو چارەنووسە قەترانییەی چیرۆک تیایدا ڕیشی بۆ مەرگ هێشتبووەوە
لەو پرسە گەورەیەی سەرجەم بەشەرییەتدا
دەستە ڕەشەکان هەر دەستی سوارچاکانی شۆڤینیزمی ناوەند نەبوو
دەستی خۆشمی لەگەڵدا بوو
چاوەکان هەر چاوی بەخوێن سوور بووی نێو ماشێنی زیل و ئیڤا نەبوو
بەڵکو گلێنە و نیگاکانی خۆشم بوون لەپێشەوەی سوپای مەرگ
دەچوونە نێو دڵی ئەشکەوتەکانی ئەم سەرزەمینە سەوز و پڕ لە بۆنی بەهارەی ژیان
هەنگاوەکان هەر بە تەنها هەنگاوی ساڵێکی سست و تەمەڵ نەبوون
بەڵکو دەبوون بە مۆتیڤی خەونی گەورە و
دەبوون بە کۆلارەی خۆشنوودی منداڵە هەژارەکانی چاو لە هەتاو نەتروکێنەر
هەر خۆی نەبوو سوپای لم و بیابان و ئەنفالە ڕەشەکەی بەعس
منیش بووم من دەستیم گرت و کچەکانی خۆم پێ بەخشی
منیش بووم من خەونەکانی خۆم لەبەرپێیدا سەربڕی
منیش بووم من شیعرم کوشت و
ئازادیم دایە بەر چەقۆ و
خۆمکردە قوربانی دەستی جەللادێکی زەنوێڕ نەدیو
جەللادی من شمشێرێکی چواردە سەدە لەوەوبەری گرتبووە دەست
هەر خەریکی قرتاندنی ملی ئارامی و دڵنەوایی بوو
هەر خەریکی سەربڕینی وشە پرسەدارەکان بوو
چ تاریکییەکی قەترانی خۆری لەخۆیدا هەڵكیشا
دەنگ خەجاڵەت
هاوار تا سەر ئێسقان شەرمەزار و کەنەفت
بیابان تینوو بۆ خوێن و
تفەنگیش ئامادە بۆ نیشانەگرتن
لە هەشتاوهەشت گۆڕ غەریب بووم، نەمدەزانی دەبمە گۆرانییەکی غەمبار
لە هەشتاوهەشت لەڕێرەوێکی مێژوودا ونیان کردم
بەبێئەوەی ناسنامەم لە گیرفان و لە باخەڵی پڕ نهێنی دەربهێنن.
لە هەشتاو هەشت وەک گوڵە گەنم هەڵوەریین
بووین بە جۆگەلەی پرسیار و بە بەنداوی نەفرەت لە ستەم و غەدر
بووین بە کانیاوی تەقیوی نێو گەرووی وشکی ئەم مێژووە بێکەسەی خۆمان
بووین بە شیعر
بووین بە تابلۆیەک تا ئێستاش نەکێشراوین.
لە هەشتاو هەشتەوە تا ئەمڕۆ و تا دنیا تەواو دەبێ
باڵەکانمان بە ئاگری ئەنفالەکە هەڵکروزاون
خەونەکانە زیندووەکانمان زیندەبەچاڵ کراون
شیعرم یەک یەک درزی بردووە و گۆرانیم هەتیوو کەوتووە
نەسیمێکم لێ ونبووە و
ئاوێنەکانی نێو مێژووم، دانە بە دانەیان شکان.
لەو تاریکییە کەرنەڤاڵی مەرگ ببوو بە کەڤاڵێک
وشەی دڵە ژەنگاوییەکان ببوون بە جەللادی دڵڕەق
قوربانییەکان بە کۆرس هوتافیان دەکێشا
زانستی ڕەش ئێمەی کوشت و
بە کتێبێک خراینە ژێر لمی سوورەبووی عەرعەر
ئێمە ڕەگمان لەناو کار و ژیاندا بوو
ئێمە ئاومان لە فرمێسکی هەڵوەریوی چاوەکانی ئاسمانی میهرەبانیی بوو
لەباخچە هەڵواسراوەکانی خەیاڵ و پیاسەی عەشق و
لەڕووبارە دڵڕفێنەکەی سەر سینگی میزیۆپۆتامیا تینووێتی خۆمان دەشکاند
ئێوە هاتن شارستانییەتتان تەفرەدا
ئێوە هاتن دەستی کار و داهێنانتان هەر لەبنەوە بڕییەوە
ئێوە هاتن لەجێگای ماچ؛ دڕکتان ڕوواند
ئێوە هاتن ژیانتان گۆڕی بە مردن
چەند بەسادەیی کەوتینە ژێر سێبەری فریوی ئێوەی زۆردار و
کاڵفامانە.. بڕوامان کرد؛ ئاشتیخوازن!
کالفامانە.. وەک فریادڕەس لێمان ڕوانین!
ئەو ساتانەی لەناو دەمی شۆڤەڵەکان دەستە دەستە شایی مەرگمان دەگێڕا
هەر گلێنە بوو هەڵدەهات
هەر فرمێسک بوو ڕای دەکرد
هەر هەناسە بوو دەخزایە ژێر حوشترالووکی نەهامەت
تازە ئیتر زۆر درەنگە بچینەوە ئەودیو ژیان
درەنگە بچینەوە لای دار و بەرد و شاخ و ڕووبار و باوەڕ و سەرفرازی و پێیان بڵێین فریویان داین
زۆر درەنگە ئەم حیکایەتە بۆ گوڵ و باخچە و باڵندە باس بکەین
زۆر درەنگە باران ڕازی کەین ببارێ بەسەر کێڵگەی ونبوومانا
تا لە بەهاری ئازادی سبەینێدا وەک گوڵاڵە سوورەی قەدپاڵی چیاکان بژێینەوە
ئاخ داخەکەم زۆر درەنگە؛ هەتا بڵێی زۆر درەنگە جارێکی تر
گۆرانییەکی ڕەنگاوڕەنگی غەرقی ئەفسوون لە بۆ ژیان بڵێینەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.