پەیامی بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان بەبۆنەی ١٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە

0

جەماوەرى دلسۆزی کوردستان،
دۆست و ئەندام و لایەنگران و کادیرانی بزوتنەوەى نوێبوون،
چواردە ساڵ بەر لەئێستاو له‌ ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لە ڕێکەوتی (٥ – ٣ – ٢٠١٢)، وەک زەڕورەتیی قۆناغەکە و بە هەست کردن بە بەرپرسیارەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان، بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردستانی بەدرۆشمی ” سەربەخۆیی، دادپەروەری و پێکەوەژیان ” لەلایەن کۆمەڵێک خەباتگێڕ دامەزرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژى ڕاپەرینی گەلی کوردستان.

بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی پیرۆز و ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی نوێبوون، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گشت چین وتوێژە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنی بەردەوام بۆ گەلە قارەمانەکەمان دەخوازین. هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە، سڵاو بۆ گەلەکەمان و هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستان دەنێرین و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بزوتنەوەی نوێبوون وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کوردستان دووپات دەکاتەوە و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندا بەردەوام دەبێت.

 

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان،
وێڕای ئاستەنگیەکان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ڕاگەیاندن، لەسەروی هەموویانەوە نائومێدبوونی گەل لەپارت و لایەنە سیاسیەکان، بەڵام بە هەوڵی ئەندامان و دلسۆزان و کادیرە خۆبەخشەکان، بزوتنەوەی نوێبوون لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و کاری رێکخراوەیی و دروستکردنی پەیوەندییەکان گەیشتووتە ئاستێکی بەرچاو لەگوڕەپانی سیاسی پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆیەوە بینیووە.

جەماوەری قارەمانی کوردستان،
لەکاتێک دا یادی بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان دەکەینەوە کە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە قۆناغێکی زۆر هەستیارو ئاڵۆز تێپەڕدەبن. لەسەر هەموومانە بە یەکگرتوویى و یەکگوتارى و تەبایی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییمان گشت پیلان و پیلانگێڕیەکان پوچەڵ بکەینەوە. دەبێت بە هەر نرخێک بێت ئەزموونى گەلەکەمان بپارێزین و گیانى تەبایی و یەکڕیزیی بەهێزتر و پتەوتر بکەین و گەشەى زیاترى پێ بدەین و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین.

پارت و لایەنە سیاسیەکان،
بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان لە١٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا جەخت لەبەردەوامبوون و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندییەکان دەکاتەۈە لەگەڵ گشت هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان. ئەم بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانین داوا لە هێزو پارت و لایەنە سیاسیەکان بکەین کە بزوتنەوەی نوێبوون ئامادەیە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەکان، کەببێتە هۆی پاراستن و بەدیهێنانی زیاتری مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

جەماوەری دلسۆزی کوردستان،
بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان بزوتنەوەیەکی سیاسی نیشتمانیی کوردستانیە و هەڵقولاوی ناخی گەلی کوردستانەو هەمیشە لەسەنگەری خەبات و تێکوشاندایە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. دووپات دەکەینەوە کە وەک هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی گەل و نیشتمان دەبین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان تا بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
دامەزراندنی بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان وەچەرخانێکی گرنگ و چارەنوسسازە لە مێژووی سیاسی گەلەکەمان. ئەم هەنگاوە نەک تەنها وەڵامێکی پێویست بوو بۆ داواکارییەکانی قۆناغەکە، بەڵکو دەستکەوتێکی گەورە و مژدەبەخش بوو کە هیوا و ئومێدی نوێی لە دڵی خەڵکدا چەسپاند.
جارێکی تر پیرۆزبێت ١٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی نوێبوون و ڕاپەرینی پیرۆزی گەلی کوردستان.
هیوادارین گەلەکەمان هەمیشە تەندروست و سەرفرازو سەرکەوتووبێت و لەگشت نەخۆشیەکان پارێزراوبێت.
– بژی کوردستان
– نەفرەت لەتیرۆر و تیرۆرستان و داگیرکاران

ئەنجومەنى سەرکردایەتى
بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان
١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ی کوردی
5 / 3 / 2026
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Leave A Reply

Your email address will not be published.