ماڵئاوا لە شکۆی ژن و دەنگی ئازاد (خاتوو یەنار)

0

ئەم تیـرۆرســتە ئیسلامگەرایانە چەند قێزەونن! خۆ جگە لە تیــرۆر و تۆقاندن هیچ بنەمایەکی تریان نییە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئازادی.

٢ی ئازاری ٢٠٢٦ خاتوو یەنار، وەک مرۆڤێکی گەورە، وەک قەڵایەکی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی ژن، لە بەغدا تیرۆرکرا. تیرۆرستانی ئیسلامگەرا، کە هەمیشە لە ڕووناکی و هۆشیاری دەترسن، دەنگی(یەنار)یان خامۆش کرد و هەر ئەوەش لە تیرۆرستان چاوەڕێ دەکرێت، چونکە لای ئەوانە شتێک نییە ناوی فکر و ئازادی بێت و بەو هۆیەی کەرامەتیان نییە ئیتر نازانن کەرامەتی مرۆڤ چ بەهایەکی هەیە.
خاتوو یەنار تەنها چالاکوانێک نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەڕۆکی مرۆڤدۆستی بوو. لەهەر شوێنێک توندڕەوی هەبوایە یان خەریکی چاندنی تۆوی ڕق و کینە و تیرۆرستی بووایە، ئەو لەوێ بوو، خەریکی چاندنی خۆشەویستی و یەکسانی بوو. جێپەنجەی ئەو لە هەموو ئەو بوارانەدا دەردەکەوت کە تێیدا مرۆڤایەتی مەینەتی دەچێشت:
خاتوو یەنار دژی ستەم بوو: هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی دژایەتیکردنی تیرۆر و تاریکپەرستیدا بوو.
خاتوو یەنار ژنێکی ئازاد بوو: باوەڕی وابوو کە کۆمەڵگەیەک ئازاد نابێت، ئەگەر ژن تێیدا هیچ بێت.
خزمەتەکانی ئەو بۆ کەرامەتی مرۆڤ، کێشێکی هەیە کە بە مێشکە بچووک و ڕقاوییەکانی تیرۆرستانی ئیسلامگەرا ناپێورێت.
ئەو وشیارییەی لای بەشێک لە ژنان چاندوویەتی، ئێستا لە ناو دڵی هەزاران گەنج و ئازادیخوازدا لێدەدات. تیرۆرستان بەم کارە نامرۆڤانەیان تەنها ترسنۆکیی خۆیان و گەورەیی “یەنار”یان سەلماند.
مێژوو وەک پاڵەوانێکی ڕێگای ئازادی ناوی دەنووسێتەوە و بکوژانیشی وەک پەڵەیەکی شوورەیی لە زبڵدانی مێژوودا دەمێننەوە.
یەنار موحەممەد ١٩٦٠، یەکێکە لە دیارترین تێکۆشەرە فێمینیستەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراق و ناوچەکە. ژیانی ئەو نموونەیەکە لە خۆڕاگری لە بەرانبەر تاریکی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
خاوەنی پێگەیەکی زانستی بوو؛ لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێنا. دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە هەندەران کرد و لە ساڵی ١٩٩٣ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدا وەرگرت.
سەرەڕای ژیانێکی ئارام لە دەرەوە، دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ نیشتمان دا تا ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤ.
دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، یەنار بووە یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری “ڕێکخراوی ئازادیی ژنان”. ئەو لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوەوە و وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی “المساواة”، بوو بە دەنگی ئەو ژنانەی کە لە ژێر هەڕەشەی توندوتیژیی ئیسلامگەراکاندا بوون.
بنەماکانی خەباتی ئەو لەسەر سێ تەوەری سەرەکی وەستابوون:
چەسپاندنی عەلمانییەت و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت.
بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری و گۆڕینی یاسا چەوسێنەرەکان.
دژایەتیکردنی هەر جۆرە توندڕەوییەکی ئایینی و داگیرکارییەکی دەرەکی.
بەهۆی هەڵوێستە مرۆییە بوێرەکانیەوە، هەمیشە ئامانجی گرووپە توندڕەوەکان بووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە چەندین جار بە فەرمی هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەتایبەت لەلایەن گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکانەوە.
چەندین خەڵاتی شایستەی پێبەخشراوە، دوو دانەیان نێودەوڵەتی بووە:
١. خەڵاتی دامەزراوەی گرووبەر بۆ مافەکانی ژنان (٢٠٠٨).
٢. خەڵاتی ڕافتۆ (Rafto)ی نەرویجی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠١٦)، وەک ڕێزلێنانێک بۆ داکۆکیکردنی لە مافی ژنان و کەمینەکان لە ناوچە پڕ ململانێیەکاندا.
خاتوو یەنار وەک مێژوویەکی زیندوو لە ناو لاپەڕەکانی ئازادیدا دەمێنێتەوە؛ چونکە ئەندازیارێک بوو کە نەک هەر باڵەخانە، بەڵکو بناغەی هۆشیاریی نەوەیەکی نوێی لە عێراقدا دانا.
مەریوان هەڵبجەیی ✍️
Leave A Reply

Your email address will not be published.