«کاتێک ڕاستی دەبێتە تاوان!!»

0


ڕێبوار یاسین فەتاح 

لە جیهانێکدا کە ڕۆژنامەنووسان وەک پاڵەوان ناسراون و خەڵات دەکرێن کاتێک گەندەڵی و دۆسیە شاراوەکان ئاشکرا دەکەن، لای ئێمە پێچەوانەکەی ڕوودەدات؛ ڕاستی دەبێتە تاوان و ڕۆژنامەنووس دەبێتە تاوانبار.

بۆ نموونە، لە ئەمریکا جولی کەی براون (JULIE K. BROWN

– THE MIAMI HERALD -)وەک ڕۆژنامەنووسێک گەورەترین دۆسیەی ئەخلاقی و دەستدرێژی سێکسی لە مێژووی وڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد؛ دۆسیەی جێفری ئێپستاین، کە چەندین سەرۆک، ملیاردێر و بەرپرسی باڵای جیهانی تێدا ناویان هات.

هیچ کەسێک بە “سیخوڕ” تۆمەتبار نەکرا، هیچ کەسێکیش نەگوت “مەترسییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی”. بە پێچەوانەوە، وەک پاڵەوان ناسرا، خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشران و ڕێز و پێزانینی کۆمەڵگا بەدەست هێنا.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان، شێروان شێروانی تەنها ویستی پەردە لەسەر گەندەڵی و هەندێک دۆسیەی ئەخلاقی بەرپرسان هەڵبداتەوە. ویستی خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، پاکی و ڕووناکی بخاتە شوێن تاریکی. بەڵام لەبری سوپاس و پشتگیری، بە زنجیرەیەک سیناریۆی بێ مانا ڕەوانەی زیندان کرا، تۆمەتە جۆراوجۆرەکان بۆ دروستکران و وەک مەترسی بۆ ئاسایش و ووڵات ناسێنرا.

ئەمە جیاوازی نێوان دوو جیهانە:

لە وڵاتانی خاوەن یاسا، ڕۆژنامەنووس چاوی کۆمەڵگەیە.

لای ئێمە، دەسەڵات هەوڵ دەدات ئەو چاوە کوێر بکات، بۆ ئەوەی گەندەڵییەکانی بە ئارامی و سەلامەتی بەردەوام بن.

کێشەکە تەنها شێروان نییە؛ کێشەکە ڕاستییە.

ئەگەر ڕۆژنامەنووس تاوانبار بێت، ئەوا گەندەڵی دەبێتە یاسا.

ئازادی بۆ شێروان شێروانی

ئازادی بۆ ڕاستی

ئازادی بۆ هەموو دەنگێکی ئازاد

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.