ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی هەڵاوسان و گرانی

0
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٣٩٦ و بەدوای دابەزینی بێ‌وێنەی بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، شوێنەجیاجیاکانی بازاڕوناوچە ناوەندییەکانیتارانبوونەمەیدانی دەربڕینی تووڕەیی وناڕەزایەتی دووکانداران،کاسبکاران وجەماوەری وەزاڵەهاتوو لەمدۆخە ئابوورییە ئاڵۆزە. ڕۆژی دووشەممەش هاوکات لەگەڵ مانگرتن و داخستنی بازاڕی “بەینولحەرەمەین”، بازاڕی ئاهەنگەران و سەرافان و داخستنی دووکانەکان لە شەقامەکانی ناسر خوسرەو، سەعدی جنووبی، لالەزار، چوارڕێی ئەستەمبوڵ و دەوروبەری بازاڕی چوارسوق، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “گرانی، هەڵاوسان، بەڵای گیانی خەڵکان”، “مەترسن مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین” درێژەی هەبوو.

 

بەپێی دواین ڕاپۆرتەکان، دامنەی ئەم ناڕەزایەتییانە شارەکانی مەلارد، کەرەج، مەشهەد، هەمەدان، کرماشان، کرمان، لوڕستان و دوورگەی قیشم و چەند شاری دیکەشی گرتووەتەوە و ناڕازییان بە شعاری “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” دژی دۆخی ئاڵۆزی ئابووری و هەڵکشانی سات بە ساتی نرخەکان دەنگیان هەڵبڕی. خوێندکارانی کوی دانشگای تارانیش بە دروشمی “زانکۆ دەمرێت، زیللەت قبووڵ ناکات” ورو لە بەکرێگیراوان “بترسن بترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین” دەستیان دایە ناڕەزایەتی. هاوکات یەکێتیی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفێرانی سەرانسەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆیان لە دۆخی نالەباری ئابووری، پشتیوانی تەواوی خۆیان لەم ناڕەزایەتییانە ڕاگەیاند.

 

کاردانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بەم ناڕەزایەتییانە خێرا و ئاشکرا و سەرکوتگەرانە بوو. هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس و گاردی دژەشۆڕش دەستبەجێ لە خاڵە جیاجیاکانی تاران جێگیر کران و لە شەقامی جمهووری و چەند شوێنی دیکەی تاران لەگەڵ ناڕازییان تێکهەڵچوون و بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسک‌ڕێژیان بەکار هێنا. “موحسینی ئێژەیی”، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕژیم بۆ بێبەری‌کردنی باندە مافیاییەکانی دەسەڵات لەو تاوان و دۆخە کارەساتبارەی بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە، ڕایگەیاند:
“هەندێک کەس بە تێکدانی بازاڕی دراو و دروستکردنی هەڵکشان و داکشانی ئابووری، بژێو و ژیانی خەڵکیان کردووەتە ئامانج کە دەبێ بە وشیاری بەرپرسان بناسرێن و دادگایی بکرێن”. سپای پاسدارانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “نائومێدکردن، بڵاوکردنەوەی ترس و هاندانی تەسلیمبوون بەرانبەر بە دوژمن لە دۆخی ئێستادا نموونەی بەرچاوی ڕەفتاری فیتنەگێڕانەیە”. سپای پاسداران بە “فیتنە” ناوبردنی ئەم ناڕەزایەتییانە و بە هەڕەشە و بەڵێنی بەرخوردی “لێبڕاوانە”، بە ئاشکرا مستە ئاسنین و خوێناوییەکانی خۆی لە بەرەوڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ٨٨ و ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ بە ڕووی خەڵکی ئێراندا کێشا.
ئەوەی دەسەڵات وەک “تێکدانی نەزمی ئابووری” باسی دەکات، لە ڕاستیدا نیشانەی هەڵوەشانەوەی نەزمی سەرمایەیە لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم دۆخە و ڕەهەندە سامناکەکانی هەڵاوسان و گرانی و هەژاری و نەهامەتی ئابووری، نەک تەنیا نیشانەی بنبەستی ئیسلامی سیاسی وەک مۆدێلێکی حکوومەتی و داڕمانی سیاسەتە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامییە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەڵکوو لە هەمان کاتدا شکست و ناکارامەیی مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری، لە سەرمایەداری دەوڵەتییەوە بگرە تا نیۆلیبڕالیزم و شێوازە تێکەڵاوەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانانە نیشان دەدات. لە پێکهاتەی گەندەڵ و مافیایی کۆماری ئیسلامیدا، قۆرخکارانی سەرەکی هەر ئەو تۆڕە نیمچەنیزامی و ڕانتخۆرانەن کە کۆنتڕۆڵی هاوردە، هەناردە و بازاڕی دراویان لە دەستی خۆیاندا قەتیس کردووەتەوە. ئەم تۆڕانە نەک تەنیا هۆکاری سەرەکی دۆخی ئێستان، بەڵکوو لە ناسەقامگیری ئابووری قازانج دەبەن؛ چونکە هەر هەڵکشان و داکشانێکی دراو، دەرفەتێکی نوێ بۆ تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک دەڕەخسێنێت.
چاوگێڕانێک بەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ١٤٠٥ بە ڕوونی دەری دەخات کە حکوومەتی ئیسلامی بەپێی ماهییەتی چینایەتی سیاسەتەکانی، هیچ ئیرادەیەکی بۆ باشکردنی بژێوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا نییە. بەهۆکاری ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە ستراتیژی توندکردنەوەی سەرکوت دەبەستێت، بۆ دەربازکردنی دامودەزگا و بورۆکراسییپان و بەرینی دەوڵەت لە مەترسی مایەپووچبوون و بۆ بەهێزکردنی ماشینە سەرکوتگەرەکەی، بودجەی ئەرتەش و سپای پاسداران و هەموو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان و پڕۆپاگەندەی مەزهەبی بە شێوەیەکی بەرین زیاد کردووە و تێچووی قورسی قەیرانی ئابووریی خستووەتە سەر شانی چینی کرێکار و توێژە هەژار و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە.
لە بەرانبەر ئەم هەڵاوسان و گرانییە سامناکە و هەژاری و نەهامەتییە بێ‌وێنەیە و ئەو پەلامارە بەربڵاوەی کە ڕژیمی گەندەڵ و جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕێکی خستووە، ڕێگایەک نییە جگە لە پەلاماری بەرانبەر.
کرێکاران کە حەقدەستەکانیان چەندین بەرانبەر لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە یان بێکارن، خەڵکێک کە زیاتر لە سەدا ٦٠یان لەژێر هێڵی هەژاریدا مەرگی شێنەیی ئەزموون دەکەن، مامۆستایان و خانەنشینانێک کە لە دەست هەژاری دەناڵێنن، چیتر ڕێگایەکیان بۆ پاشەکشە نەماوە. خەڵک نابێ ڕێگە بدەن کە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە تێچووی قورسی بەپێوەڕاگرتنی دەزگای گەندەڵی دەوڵەت و ئۆرگانەکانی سەرکوت و پڕۆژە ئەتۆمی، سەربازی و ئەمنییەکان و دەزگای تەبلیغاتی خۆی بەسەر سفرەی بەتاڵی ئەواندا بسەپێنێت.
بۆ پاشەکشەپێکردنی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران، لەکارخستنی ماشینی سەرکوت و پاڵنان بە ڕژیم بەرەو هەڵدێری ڕووخان، ڕێگایەک نییە جگە لە پەرەپێدان و سەرانسەری‌کردنەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. لەم مەسیرەدا خەڵک دەبێ تەواو وریا بن و ڕێگە نەدەن دەزگای ئەمنی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە مەیداندان بە گرووپێکی سەڵتەنەت ‌تەڵەبی کۆنەپەرست، خەباتی ئازادیخوازانە و بەرابەری ‌تەڵەبانەی ئەوان بەلاڕێدا بەرن و هەر ئەم تاکیتکە بخەنە خزمەت زەربەلێدان لە ئیعتباری خەباتی خەڵک و توندترکردنەوەی سەرکوت. پەلاماری بەربڵاو و بێ‌سنووری ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر ژیان و بژێوی خەڵک، بانگەوازی سەرجەم کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەکات بۆ ناڕەزایەتی و خەباتێکی یەکگرتوو و یەکپارچە دژی دۆخی مەوجوود. ڕەمزی پێشڕەوی لە ڕێکخراوبوون، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری و لە گەشەپێدانی ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاری‌بەخشی سۆسیالیستیدایە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٨ی بەفرانباری ١٤٠٤
٢٩ی دێسامبەری ٢٠٢٥
Leave A Reply

Your email address will not be published.