ڕاگەیاندنی هاوبەشی پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی قەیراناوی ئێران و کوردستان و پەلامارەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر خەڵکی ڕاپەڕیو.
لە ڕۆژانی رابردوودا بەهۆی دۆخی قەیراناویی ئێران، ژمارەیەک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێران و شارەکانی کوردستان دەستی پێکرد و خێرا گوێزرایەوە بۆ شارەکانی دیکە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان دەستی دایە سەرکوت و زەبروزەنگ، لەم سەرکوتانەشدا وەک ڕابردوو کورد توندترین هێرشی بەرکەوت و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە لە خوێنی خۆیاندا نوقم بوون.
ئێمە، ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو سەرکوتە خوێناوییەی رژێمی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیو لە ئێران و کوردستان بەگشتیی و لە ناوچەکانی مەلەکشاهیی و لورستانات بەتایبەتی خوڵقاندوویەتی بە تاوانێکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی زەقی مافی مرۆڤ دەزانین و بەتوندیی مەحکوم و شەرمەزاری دەکەین.
ئێمەی ژنان کە بەردەوام پێشەنگی راپەڕین بووین و ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەرمان هەبووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان و هاوکات لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان بەگژ دوژمنێکدا ڕۆیشتووین کە بناغەکەی لەسەر دژایەتی ژن وەک ڕەگەز و کورد وەک نەتەوە دامەزراوە؛ ئێمە خۆمان بە پشتیوان و پشت و پەنای خەڵکی ڕاپەڕیو و بەرهێرشکەوتووی دوژمن دەزانین
لە کۆتاییدا، داوا له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە دیموکراتیکەکان و هەموو هێزە ئازادیخوازەکان دەکەین، کە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن و پشتگیرییەکی ڕاستەقینە و کارامە لە خەباتی ژنان و پیاوانی کوردستان و خەڵکی ئێران بکەن.
6 ی ژانوییەی 2026 ز
16ی بەفرانباری 2725 ک
16ی دەی مانگی 1404 هـ
1_ ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان (نینا)
2_ ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە
3_ ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
4_ ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار
5_ یەکێتی ژنانی دیموکراتی
کوردستانی ئێران
