خوێــندنەوەیك بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان لەسەر ئیسلامی دیموکراتیك!

0

عمر الخطاط

چەند ڕۆژێك پێش ئێســتا فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا، بە درووشمی “لە ئیسلامی دیموکراتیکەوە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیك”، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. عەبدوڵڵا ئۆجالان، پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد و ئاماژەی بە چەند خاڵێك دا لەوانە:
[* جەوهەری ئیسلام ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە.
* ئیسلامی دەوڵەتی فەرمیی یان پێکهاتە جەمعییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەك ئامرازێکی دەسەڵاتداری و تاڵانکاری بەکاری دەهێنێت، ئەم جەوهەرەی خۆی لەدەستداوە.
* ئیسلامی دیموکراتیك گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە، ئەو پەیمانە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕیی، گەل و کولتوورە جیاوازەکانە بە ئیرادەی خۆیان و بێ زۆرەملێیە.]
ئەمە پوختەی پەیــامەکەی ئۆجەلانە بۆ کۆنگرەی ناوبراو.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە لایەن زۆرێك کەوتە بەر ڕەخــنە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر و گوماناوی و تا ئەو ئەندازەیەش کە ئوجەلان بە ســازشکەر بەرامبەر بە ئیســلام لە قەڵەم بدەن یان زۆرێك لایانوایە کە ئەوە پەیــامی میــتە و ئەوان نوســینەکانی بۆ چاك دەکەن. ناسیۆنالیستەکان و ڕۆشنبیرەکانیــان، ئەوانەی کە ئاییــنی ئیســلام لە چاوی داعشەوە دەخوێــننەوە و تەنـــانەت بە “ئایینی عەرەب” دەیناســێنن هەر یەکە لە عەقڵی خۆیـــەوە و ڕووکەشــانە خوێندنەوەی بۆ پەیــامەکە کرد، هەندێ لەوانەش خۆیــان بە چەپ و کۆمۆنیســت دەزانن ئەوانیش قولاپی ڕاکانی خۆیـــانیان فڕێدایە دەریــاکەوە. ئەم نموونـــانەی خوارەوە بەشــێکن لەو کۆمێنتانە یان ئەو خوێـــندنەوانە:
– ئیسلام و دیموکراتیك کوجا مەرحەبا چ خۆشخەیاڵیەکە و ڕێك بە ئاوازی ئەردۆغان و ئیسلامیە هاوشێوەکانیەتی!!
– ئیسلام و دیمکراسی وەك قاپقاپ و حوشتر وان، ئەم قسانە سەردەمی ئەتاتورکی بەدڕەوشتمان بیر دەخاتەوە کە سەرکوتی سەید ڕەزاو شۆڕشی ئاگری داخیان پێکرد.
– نە ئازادی، نە دیموکراتی ومافی ژنان، ئەمانە هاوتەریبی ئیسلام نین، ئیسلام زمانی دیالۆگی نیە، زمانی سەرپەڕاندن وشمشێرە، ئەم پەیامە برەودانە بەداعشیزمی دیموکراتی.
– خوام نەبێ هەر دەمێکە من وتوومە سەرۆك ئاپۆ لەوپەڕی کۆمۆنیزمیەوە بایدەداتەوە بۆ ئاینگەرایی..ئاخر کێ ویستوویەتی ئیسلام دیمۆکراتی بێت؟ و چەندین خوێــندنەوەی تر کە پێوسیت ناکات لێرەدا ڕیز بکرێن.
لاموایە کەم کەس لەوانەی لەسەر پەیــامەکەی ئوجەلان قسەیەکیــان کردووە، توانیویــانە دروست خوێندنەوەیەکی ماتریالیستانەی بۆ بکەن. تەنــانەت ئەوانەشی خۆیان بە پەکەکە دەزانن و لە پەیجەکاندا هەڵسوڕاوون توانیبێتیــان ڕۆشــنایی دروست بخەنە سەر ناوەڕۆکی پەیامەکە و بەمەش پەیامەکەی ئوجەلان تەمومژێك و ناڕۆشنییەکی لەگەڵ خۆی هێــناوە کە پێویست دەکات خوێــندنەوە و شیکردنەوەیەکی جیاواز و بێ لایەنەی بۆ بکرێت. ئەم نووســینە هەوڵێکە لەو ڕاســتایەدا.
خوێندنەوە جیاوازەکان
ئێمە لە ناو پەیامەکەی ئۆجەلان لەسەر ئیسلام بە گشتی و “ئیسلامی دیموکراتیك” بە تایبەتی لە بەرامبەر دوو خوێــندنەوەی جیـــاواز و لە هەمانکاتدا هاوبەشــدا وەســتاوین. هەردوو خوێندنەوەکە لەسەر پایەی وەلادان و نکوڵیکردن “نفي” لە ئیسلام بارگەیـان داکوتاوە و بەم شێوەش هەردوو خوێندنەوەکە بە حوکمی ئایدیالیست بوون و ئاتەیستبوونیان ناتوانن لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە لە ئایین بە گشتی و لە ئایینی ئیسلام بە تایبەتی بگەن و بەمەش ئیشکالییەتەکانی تێگەیشتن نەك وەك خۆی دەهێـــڵنەوە بەڵکو کاریگەریی دادەنێن لەسەر بەردەوامی پشێوی کۆمەڵایەتی و وونکردنی قیبلەنومای خەباتی چینایەتی و تەسلیمبوون بە شەڕی شوناسە لاوەکییــەکان.
خوێندنەوەیەی یەکەم:
خوێندنەوەیەکی ناسیۆنالیستانەیە. لەم خوێندنەوەیەدا، ئیســلام یەکســان دەکرێت بە دینی عەرەب، ئایینێکی کوشتن و کۆیلەکردن کە هەستی نەتەوایەتی لاواز دەکات. دیسان لەم پێناسەیەدا ئیسلام میکانیزمێکە بۆ کۆلۆنیالیزمی عەرەبی لە پێناو زاڵبوون و پاراستنی دواکەوتوویی گەلی کورد و لەبیرکردنی خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ڕەتکردنەوەی ئیسلام لەلایەن بەشێك لە ناسیۆنالیستەکانی کوردەوە و پێناسەکردنی وەك ئایینی کوشتن و کۆیلەکردن و ئامرازێك بۆ لاوازکردنی هۆشیاری نەتەوایەتی، لە ڕەهەندێکی تەواو ئایدیۆلۆژییەوە سەرچاوە ناگرێت. بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونێکی مێژوویی درێژخایەنی ئەزموونە ستەمکارەکانە کە تیایدا ئایینی ئیســلام لەگەڵ دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکان و دواتر لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرندا تێکەڵ بووە. بۆ چەندین سەدەیە کورد وەك ئەزموونێکی ئەبستراکتی ڕۆحی یان ئەخلاقی ڕووبەڕووی ئیسلام نەبووەتەوە، بەڵکو وەك زمانێك بۆ هەژموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوژمنەکانی بەکارهاتووە، ئەمە چ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بووبێت یان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نەتەوەیانەی کە لە دوای کۆلۆنیالیزمەوە پێکهاتن و کولتوری کۆلۆنیالیزمیان بە میرات وەگرت.
لەم ئەزموونە مێژووییەدا، زۆرجار ئایین- ئیسلام وەکو بەرگێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ پاساودان لە نکۆڵیکردن لە بوونی کورد وەك نەتەوە، تاوانبارکردنی زمان و کولتوورەکەی و گۆڕینی هەر داواکارییەك بۆ مافەکانی وەك فیتنە یان یاخیبوون لە کۆمەڵگەی ئیسلامی گەورەتر، کاری کردووە.
لەم پاشــخانە و لەناو هۆشیاری خەڵکی کورددا، بەتایبەتی لەناو ڕەوتە ڕادیکاڵەکانیدا، تێڕوانینێك بۆ ئیسلام سەرهەڵدەدات، کە ئەم ئاییــنە، نەك وەك ئایینێکی مێژووکرد کە دەتوانرێت لێکدانەوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت، بەڵکو وەك پێکهاتەیەکی پاوانخوازانە کە بە شێوەیەکی ئۆرگانیك پەیوەستە بەو شتەی کە بە کۆلۆنیالیزمی عەرەبی یان ئیسلامی-ناسیۆنالیستی ناو دەنرێت. عوروبە و ئیسلام وەك یەك شوناسی یەکگرتوو لە زهنی بەشێکی خەڵکی کورددا وێنا دەکرێن. ئەم تێڕوانینە بۆ ئیسلام لە مێژوویەکی کۆنەوە تا ئێســتا، ئــاووسە بە چەندین دەقی فیقهی و مێژوویی ڕاستینە کە پاساودەری فەتحکردن و کۆیلەکردن و باجی جزییە و باڵادەستی ئایینین. هەموو ئەم تووندوتیژیــیانە بۆ زۆرێك لە خەڵکی کورد، ئەو تێڕوانینە دەچەسپێنێت کە هۆکاریی هەموو ئەم تاوانکارییانە، خودی ئیسلامە، نەك لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی.
بەڵام ئەم ڕەتکردنەوە گشتییەی ئیســلام، لەگەڵ خۆیدا هەڵگری پارادۆکسێکی قووڵە. لە لایەك کاردانەوەیەکی سروشتییە بەرامبەر بە مێژوویەکی دوور و درێژی ستەم، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەکەوێتە داوی خوێندنەوەیەکی جەوهەرگەرایی بۆ ئایین، یانی دانانی ئایــین وەك قەوارەیەکی جێگیر، خاڵی لە مێژوو یان ململانێ ناوخۆییەکانی. ئەمە هەمان لۆژیکی بزووتنەوە سەلەفی و جیهادییەکانە کاتێك بانگەشەی خاوەندارێتی “ئیسلامی ڕاستینە” دەکەن. له هەردوو تێڕوانینەکەدا، ئایین بۆ پاوانخوازیی و توندوتیژیی فۆرمەکانی کورت دەکرێتەوە و مێژووێکی دوور و درێژی ململانێ و لێکدانەوەی جۆراوجۆریی ڕەوتەکانی ناو ئیسلام پشتگوێ دەخرێت.
ئەو تێڕوانینەش کە ئیسلام هەستی نەتەوەیی لاواز دەکات و ڕێگری دروست دەکات لە خەبات بۆ سەربەخۆیی کورد، واقیعییە و لەسەر ئەزموونێکی واقیعیش دامەزراوە. گوتاری ئیسلامیزم هەمیشە بەکارهێنراوە بۆ دژایەتی کردنی داخوازییە نەتەوەییەکان، بەو پێیــەی کە ئەم داواکاریانە “ئوممەت” کەرت وپەرت دەکات و خزمەت بە دوژمنانی ئیسلام دەکات. بەڵام کێشەکە لە خودی ئاییـــندا نییە، بەڵکو لە بەکارهێــنانی گوتاری ئایــینیدایە وەك ئامرازێك بۆ سەرکوتی جیاوازییە چینایەتی و نەتەوەییەکان. لێرەدا گوتاری ئایــینی دەبێتە گوتاری خزمەت کردن و هەژموونی دەسەڵات. کاتێك داوا لە کورد دەکرێت بەبێ دانپێدانان بە زمان و خاك و مێژووەکەی خۆیاندا، ئاسمیلە بکات لە ناو “نەتەوەی ئیسلامی”دا، ئەوا ئایــین- ئیسلام دەبێتە فۆرمێکی تری هەژموونی کۆلۆنیالیستی.
لەم تێگەیشتنەدا، تێدەگەین کە بۆچی بەشێك لە ناسیۆنالیستەکان، ئیسلام وەك میکانیزمێك دەبیــنن بۆ هێشتنەوەی گەلی کورد لە دۆخی دواکەوتوویی و سست کردنی خەباتەکەیاندا. کاتێك ئایین- ئیسلام لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی خۆی جیا دەکرێتەوە و وەك ئەلتەرنایڤێك بۆ کردەی سیاسی بەکار دەهێنرێت، خۆبەخۆ دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی بێهۆش کردن، هەروەك چۆن مارکس لە ڕەخنەی ئایین دا باسی کردووە. بەڵام هەڵەکە لێرەدا لە گشتاندنی ئەم ئەرکەیە بۆ ئایین بە گشتی و پشتگوێخستنی ئەگەری هەڵوەشاندن و ئاڕاستەکردنەوەی ئەم ڕۆڵەیە بە شێوەیەکی تر. ئیسلام وەك هەر ئایینەکانی تر هەمیشە لە پێگەی دەسەڵاتدا نەبووە؛ بەڵکو لە هەندێك ساتەوەختی مێژوویــیدا، بووەتە زمانی ڕاپەڕینێکی ئەخلاقی، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕاپەڕینانەش پەرەی نەسەندبێت بۆ پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی تەواو.
لەم پاشخانەوە دەکرێت ڕەخنە و خوێندنەوەی ناسیۆنالیستی نەریتی لە پەیامەکەی ئوجەلانەوە بخوێندرێتەوە و وەك “خەڵەفاو” و “جێبەجێکەری پیلانی دوژمنان” تاوانبار بکرێت و تەنــانەت گومان بکرێت لەوەی کە ئەو قســانە هی ئەو نین. بەڵام پەیامەکەی ئوجەلان و تێگەیشتنی ئەو لە ستراتیژ و کاری ســیاسی زۆر لەم خوێــندنەوانە قوڵترە.
پرۆژەکەی ئۆجەلان و پەیامەکەی وەك ڕێگایەك بۆ تێپەڕاندنی ئەو جەمسەرگیرییە تیژەی نێوان ناسیۆنالیزمێك کە بە تەواوی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە و پاوانخوازییەکی ئایینی کە بە ڕەهایی ناسیۆنالیزم ڕەتدەکاتەوە، دەکرێت بخوێندرێتەوە. ئۆجەلان نکۆڵی لەوە ناکات کە ئیسلام وەك ئامرازێکی چەوساندنەوە بەرامبەر کورد بەکارهێنرابێت، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە کە کێشەکە بۆ خودی ئایین بچوك بکاتەوە. ئەو دەڵێت ئەمە پارادۆکسێکە و ڕەتکردنەوە تووندی ئایین خزمەت بەو هێزانە دەکات کە ئایینیان بۆ هەژموون بەکارهێناوە، چونکە مەیدانەکەیان بە کراوەیی بۆ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیکردنی ئیسلام لە کۆمەڵگادا قۆرخ بکەن. ئوجەلان لایوایە کاتێك ئایین لە پرۆژەی ڕزگاریخوازی کورد دوور دەخرێتەوە، ملیۆنان کوردی باوەڕدار بەجێدەهێڵرێن یان پاڵیان پێدەنرێن بەرەو هێزە کۆنەپەرست و دژە ئازادییەکان، ئەمەش هۆشمەندی و خەباتی خەڵکی کورد پەرت پەرت و لاواز دەکات.
لای ئوجەلان کێشەکە لەوەدا نییە کە ئیسلام هۆشمەندی نەتەوەیی لاواز بکات، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە کام ئیسلام و کامە ناسیۆنالیزم و کامە پەیوەندی نێوانیان؟. ناسیۆنالیزمێك کە لەسەر نەفی تەواوەتی ئایین بنیات نرا بێت، خۆشی دەبێتەوە بە ئایدۆلۆژیایەکی وەلانەر و هەمان لۆژیکی دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە کە کورد لە مێژوودا بەدەستیەوە زەرەرمەند بووە. بە پێچەوانەوە ئایینێك کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە بخوێندرێتەوە، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کۆکەرەوەی ئەخلاقی کە پاڵپشتی پرۆژەی ڕزگاریخوازیی بێت، نەك بەربەســتێك. ئەمە ئەو تەحەدا فیکری و سیاسییەیە کە ئۆجەلان دەیەوێت لە پەیامەکیدا بیڵێت. تەحەدایەکی قورسە، چونکە پێویستی بەوەیە کە هەردوو بەرە دەستبەرداری یەقیــنە پیرۆزەکانی خۆیان بن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاسۆیەکی واقیعیتر بۆ ڕزگاری دەکاتەوە کە لەسەر جێگرتنەوەی فۆرمێکی هەژموون بە فۆرمێکی تری هەژموون نییە، بەڵکو لەسەر بنیاتنانەوەی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بناغەی فرەیی و یەکتر قبوڵ کردن و واقیعبینی مێژوویی بنیات دەنرێت.
خوێندنەوەی دووەم:
خوێندنەوەیەکی چەپیـیانەیە. کە بەشــێك لە مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکان هەیــانە سەبارەت بە ئیسلام. لەم خوێندنەوەیەدا گەڕانەوەیەك نابینرێت بۆ مارکس و تێزەکانی لەسەر ئایین کە پڕیەتی لە عەقڵ و تێگەیشتنی مێژووییــانە، لە بری ئەوە بەبێ مەبەســت پەنا دەبرێتە بەر خوێندنەوەکانی پێش مارکس لەوانە فیورباخ کە ڕەخنەکانی لە ئایــین، ڕۆشنگەریی، ئەخلاقی و هیومانیستین. چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئاییـــن هیــــچ شتێکیان نیــیە، ئەوەی هەیـــانە، یاخود ڕەخنەی ئەوان زیاتر لە کارکردنی ئیسلامیزمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەمەش زۆرجار وا دەکات کە ئەوان لە کاتی ڕەخــنەدا، ئاییـــن و ئیسلامیزم کە ئەوان ناوی دەنێن ئیسلامی ســیاسی تێکەڵ بە یەك دەکرێن.
لای مارکس، ئایین بەرهەمی سروشێکی میتافیزیکی نییە و درۆیەك و فێڵێکی پەیامبەرانیش نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژووکردە و بۆ تێگەیشتن لێی، نابێت لە ئاسمانەوە بۆی دابەزین، بەڵکو پێویستە لە زەمینەوە لە ئاسمان تێبگەین! بۆ ئەم تێگەیشتنەش، پێویستمان بە شیکردنەوەی ئەو بارودۆخ و داکەوتە مێژووییە هەیە کە ئایین تێیـــدا سەری هەڵداوە و بەردەوامە. دیسان لای مارکس شەڕی کۆمۆنیزم شەڕە لەگەڵ دەوڵەت، نەك ئایینی دەوڵەت. دەوڵەت لەو شەڕەدا ئازادیی سیاسی، ئازادیی تاك، ئازادیی ئایین، ئازادیی نەتەوە مسۆگەر دەکات. ئەرکی کۆمۆنیزم ڕزگاریی سیاسی نییە، بەڵکو ڕزگاریی ئینسانییە، ڕزگاربوونە لە دەوڵەت. بۆیە مارکس ئەم لایەنە تیۆلۆژییە بەجێ دەهێڵێت و دێتە سەر لێکۆڵێنەوەی بناغە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین، نەك خودی ئایین خۆی! ئایین لای مارکس وەڵامێكە بە نامۆیی ئینسان، ئینسانێك کە خۆی ون کردووە! بەڵام خۆ ئەم نامۆییە مۆرێکی ئەبستراکتی نیـیە لە دەرەوەی مێژوو هاتبێت و درابێت لە ناوچەوانی ئینسان، بەڵکو بەرهەمی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە! بەرهەمی کۆمەڵگەیەکە کە ئەو دیدگا لنگەوقووچە دەداتە ئینسان و پەنای پێ دەبات بۆ ئاسمان، چونکە کۆمەڵگەکە خۆی لنگەوقووچە، یانی پڕە لە چەوسانەوە! ئایین لەم پێناسەیەدا تۆپەڵە وەهمێکی هەڕەمەکی نییە لە خورافات و بیروباوەڕی کۆن، بەڵکو “تیۆرە گشتی”یەکەی ئەم جیهانە نامۆیەیە کە ئینسانی وا لێ کردووە پەنای بۆ ببات و لەوێدا مانایەك بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکات. بۆیە مارکس خەبات لە دژی ئایین دەبەستێتەوە بە خەبات لە دژی جیهــــانێك کە ئایین بۆنوبەرامە ڕۆحانییەکەیەتی!
ئەمە پوختەی تێڕوانینی مارکسە بۆ ئایــین. ئایا تا چەند ئەم تێڕوانیــنە مارکسیستییە لە پەیامەکەی ئوجەلاندا ڕەنگدەداتەوە؟
مشتومڕەکانی پەیوەند بە پەیامەکەی ئۆجەلان سەبارەت بە ئایین و بەتایبەتی ئیسلام، لە جەوهەردا لە ناوەڕۆکی خودی ئارگیومێنتەکانییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو زیاتر لە هەڵە تێگەیشتنێکی دوو لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکێکیان لە مارکس و ئەوی دیکەیان لە کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێکی بەرچاو لەو کۆمۆنیستانەی کە ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرن، لە پێگەیەکی ئاتەیستییەوە ڕەخنە دەگرن نەك لە واقیعی بوونی ئایـــین لە کۆمەڵگە و ئەو زەمیــنە مادیـــیانەی کار دەکاتە سەر برەودان بە ئیمانداریی و لەگەڵیشیدا ئیسلامیزم. لەم پێگە ئاتایستییەدا، ئایین وەك پاشماوەیەکی میتافیزیکی کە دەبێ لە هۆشیاریدا بنبڕ بکرێت، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەك وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-مێژوویی کە لە پرۆسەی زەوت ونامۆبووندا دروست بووە و گەشەی کردووە. ئەم هەڵوێستە پارادۆکســییە، کەمتر سەر بە مارکسیزمە و زیاتر سەر بە سەردەمێکی پێش مارکسە، یانی بۆ سەردەمێك کە ڕەخنەی ئایینی وەك وەهمێکی ئیپیستمۆلۆژی یان فریودانی ئەخلاقی دەبینرا. مارکس خۆی قەدردانی لەم ڕەخنەیە کرد و وەك دەستکەوتێکی مێژوویی داینــا، بەڵام چیتر پێویستی بەم ڕەخنەیە نەبوو، بۆیە بەجێیهێشت.
لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەی پەیامەکەی ئۆجەلان لەلایەن هەندێك لە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە لە بنەڕەتدا نامارکسیانەیە، چونکە تەنیا لە ئاستی هۆشیاری ئایـــینیدا دەوەستێت و ناچــێتە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەوە. ڕەخنەی ئاتەییستی چەپ و کۆمۆنیستەکان زۆرجار دەگۆڕدرێت بە ئایدۆلۆژیایەکی ئێلیتەیی سەرەوە بۆ خوارەوە کە دژایەتی خەڵك دەکات لەبری دژایەتی پەیوەندییەکانی هێز کە هۆکارە بۆ مانەوەی خەڵك لە دۆخی نامۆبووندا. لێرەدا ئاتەییزم نابێــتە دژە ئیلاهیات، بەڵکو هەمــان وێنە هەڵگەڕاوەکەی خۆیەتی، چونکە ئاتەییزم وەك جەوهەرێکی جێگیر و نا مێژوویی مامەڵە لەگەڵ ئایین دەکات، هەروەك چۆن سەلەفیزم دەیکات- بە ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان. ڕەخنەی ڕووکەشانەی ئەو هاوڕێــیانە، بەڵگەیە لەسەر ووشکبوون لەناو خوێندنەوەیەکی سادە و ساکارانەی سێکیولاریزمدا. مارکسیزم، ئەگەر بەڕاستی تیۆرێکی ڕەخنەیی زیندوو بێت، ناتوانرێت بکرێتە لیستێك لە تابۆی ئایدیۆلۆژی؛ بەڵکو هەر وەك چۆن بووە دەبێت وەك ئامرازێك بۆ تێگەیشتن و گۆڕینی واقیع بمێنێتــەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، تێگەیشتن لە ئارگومێنتەکەی ئۆجەلان ناکرێت لەو پرسیارەوە لێی تێبگەین کە ئایا “ئایین ڕاستە یان هەڵەیە، باشە یان خراپ؟” بەڵکو دەبێ بپەڕێــینەوە بۆ پرسیاری: ئایا “ئاین چۆن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە کاردەکات و کێ سوودمەندە لەم کارە؟”. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا وەك عەقیدە بەرگری لە ئیسلام ناکات و پڕۆژەیەك بۆ بە ئیسلامیکردنی سیاسەتیش پێشنیار ناکات. بەڵکو هەوڵ دەدات ئەو ئەرکە پاوانخوازییە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە درێژایی مێژووی ناوچەکەوە بە ئایینەوە گرێدراوە، چ لە ڕێگەی ئیمپراتۆریەتەکان یان دەوڵەت-نەتەوە، یان سیستەمی سەرمایەداریی جیهانییەوە، کە لە ئیسلامی جیهادیدا ئامرازێکی ئایدیاڵی باشــیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگاکان و گۆڕینی ململانێی چینایەتی بۆ ململانێیەکی خوێناویی شوناسیی دۆزیەوە. نموونەی مۆدێلی مەدینە بۆ ئوجەلان، مۆدێلێکی تیۆلۆژی یان تەشریعی نیــیە، بەڵکو هێنانەوەیەکی ڕەمزیــانەی وەزیفەدارە، مۆدێلێکی مێژوویی سەردەمێکە کە تیایدا ئایین بەشێك بووە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی فرەیی، نەك ئامرازێك بۆ نەهێشتنی جیاوازی یان لەناوبردنی ململانێ کۆمەڵایەتیەکان. وەك ووتم، هێنانەوەیەکی ڕەمزییە نەك کۆپی کردنی سیستەمێکی حوکمڕانی. بەڵام ئەم نموونە ڕەمزییە لە هەمانکاتدا بێ وەزیفەش نیــیە. لە لایەك ڕەمزییە چونکە گفتوگۆ لەگەڵ ویژدانی ئایینی دەکات، دەتوانێت دەرگایەکی سایکۆلۆژیی لای ئیماندارێك بکاتەوە کە “ئەمە نامۆ نیــیە بە ئایینەکەم” و لە هەمانکاتدا دەتوانێت هەژموونی خوێندنەوەکانی ئیسلامییزم بۆ “ئیسلامی ڕاستینە” هەڵبوەشــێنێتەوە. وەزیفەکەشی ئەوەیە کە دەتوانێت زمانێکی هاوبەش یان پردێك دروست بکات لە نێوان کەسێکی ئیماندار و کەسێکی سێکیولاردا و پۆلاریزەبوون و دەمارگیریی کەمتر بکاتەوە و لە هەمووشی گرنگتر ئەم پرۆژە ســیاسییەی ئەویش لە قبوڵبوونێکی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بێت.
لێرەدا ئۆجەلان لەگەڵ جەوهەری ڕەخنەی مارکسیستی لە ئاییندا یەکدەگرێتەوە نەك لەگەڵ لێکدانەوە ڕووکەشەکاندا. وەك چۆن مارکس ئایینی وەك ڕەگی خراپەکاری نەدەبینی بەڵکو وەك ڕەنگدانەوەی جیهانێکی هەڵگەڕاوە دەبینی، ئۆجەلانیش ئیسلام وەك هۆکاری دواکەوتوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینێت. بەڵکو ئەم دواکەوتووییە بە بەرهەمی پێکهاتەیەکی پاوانخوازی و ئابووری دەبینێت کە ئایینی لە فۆرمێکی ئایدۆلۆژیی تووندوتیژ و خوێناویدا بەرهەمهێناوەتەوە. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئۆجەلان لە ســیاقی مێژووییەکی جیاواز لە سیاقی مێژوویی لە مارکس کاردەکات. سیاقێك و ناوچەیەك کە بە پرۆسەی ڕۆشنگەریدا تێپەڕ نەبووە، ئاییــن لە دەوڵەت و یاساکان جیا نەکراوەتەوە.
بۆیە گواستنەوەی جەنگ بە ڕاستەوخۆیی بۆ “ڕەخنەگرتن لە ئایین”، تەنیا نامۆبوون قووڵتر دەکاتەوە و جەماوەر پاڵ پێوە دەنێت بەرەو هێزگەلێکی کۆنەپەرستانەتر کە خۆیان دەکەنە دەمڕاست و نوێنەری ئیسلامی ڕاستیــنە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نیــیە کە ئایا ئۆجالان بە مانا ئۆرتۆدۆکسـیەکەی مارکسیستە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لەم باسەدا، لە چوارچێوەی ئەو مەنهەجەدا کار دەکات کە مارکس کاری لەسەر کردووە یان نا؟ یانی ئاسۆی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ پێشــنیار دەکات بۆ کۆمەڵگا و ململانێکانی ناوی نەك شەڕ لەگەڵ باوەڕ و ئایدیاکان. وەڵامەکە بە تێڕوانینی من بەڵێــیە. واتە ئەو سەر بە رەوتێکە کە ئایین وەك مەیدانێکی کێشمەکێشی لێکدانەوە و ئەخلاقیات دەبینێت کە دەتوانرێت پۆتانسێلێکی مرۆیی لەدەستچوو لێیەوە وەربگیرێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ململانێی چینایەتی یان بەڵێنی ڕزگاربوونی ئیسکاتۆلۆژی.
لایەنێکی تری پەیامەکەی ئوجەلان کردنەوەی ئاسۆیەك نییە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان ئایین و مەزهەبەکاندا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دابەزاندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ئاسمانەوە بۆ زەمین و شەڕ نەکردنی بێهوودەیە لەگەڵ ئاســمان و خوداکان. هەوڵێکە بۆ دەرکێشــانی ئەرکی بێهۆشکەرانەی ئایین بەبێ لێسەندنەوەی مانای وجودییەکەی و گەڕانەوەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بۆ شوێنی سروشتی خۆیان، یانی بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سیستەم، سامان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.
لە کۆتاییدا ئۆجەلان بە مانا تەسکەکەی نە ناسیۆنالیستێکی پراگماتیکە و نە مارکسیستێکی تەقلیدیی، بەڵکو بیرمەندێکی ماتریالیستی مێژووییە کە کاردەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بارودۆخی هۆشیاری و ڕزگاری لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە وێران بووە. ئۆجەلان، بەبێ گوێدانە ئەوەی مرۆڤ لەگەڵیدا هاوڕا بێت یان نا، یەکێك لە هەوڵە جددیەکان دەدات بۆ بەکارهێــنانی ئەم مەنهەجە ڕەخنەیییە لە یەکێك لە ئاڵۆزترین و شێواوترین ناوچەکانی جیهاندا.
ئاگامبین لە “میترۆپۆلیس”دا، یادوەرییەکی خۆی دەگێڕێتەوە لەگەڵ “گی دێبۆر”دا. دەڵێ؛
مشتومڕێکمان بوو کە من لاموابوو باسەکەمان لەسەر فەلسەفەی ســیاسییە، تاکو لە خاڵێکدا گی باسەکەی پچڕاند ووتی: “بڕوانە، من فەیلەسووف نیم، ســتراتیژیستم”، ئەم قسەیەی گی دیبۆر دەکرێت بۆ ئوجەلان بەکار بهێنرێت؛ ئوجەلان بۆ بزووتنەوەکەی خۆی بە ڕاستی ســیاسی و ستراتیژیستە.
30.12.2025
Leave A Reply

Your email address will not be published.