لە کوردستان کێ بەرهەمهێنی ڕۆشنبیرییە ؟!

0

 

ئەنوەر نجمەدین✍️

لەم ڕۆژگارەماندا ئەرکی ڕۆشنبیر لەوە دەرچووە بەرهەمهێنی ڕۆشنبیریی بێت. ڕۆشنبیر هیچ بەرهەمناهێنێت، بەڵکو ڕۆشنبیرییەکی حازربەدەست بە هەموو وەهمەکانییەوە، لە ئینترنێت و میدیاوە دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەر.
ڕۆشنبیر توانای بەرهەمهێنانی بابەتە مەوزوعییەکان و مەعریفەی مەوزوعیی نەماوە.
بابەت و گریمانە و ئەرگومێنتیش، لە ئامێرە زیرەکەکانی ناو باخەڵی ڕۆشنبیرانەوە دێنە دەرەوە نەک لە ژیانی ڕیالیتی و مەوزوعییەوە.
ئەرکی ڕۆشنبیر لە بری بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیریی، تەنها گواستنەوەی وەهمەکانی میدیا و ئینترنێتە، بەتایبەت لە گۆگڵ و ژیری دەستکردەوە.
ئەی ئەو وەهمە حازربەدەستانە لە کوێوە دێن؟

 

چینی سەروەر خاوەنی هزری سەروەر و خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیرییشە، ڕۆشنبیرییەک کە تەنها دەربڕی بەرژوەندیی چینی دەسەڵاتدار خۆیەتی.
ئاسانترین ڕیگایش بۆ ڕاگەیاندنی ئەو ڕۆشنبیرییە کەناڵی تەلەفزیۆنییە کە بە دەنگ و ڕەنگ و وێنەوە، وەهمەکان بەخێرایی دەگەیەنێت و لە خەڵکیشی دەکاتە واقیع.
کۆمەڵگاکەیش هەروەک چۆن پێویستی بە چەک و پۆلیسە، ئا بەوجۆرە پێویستی بە بەرهەمهێنی ئایدیۆلۆژیای ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەمەجۆرەیە.

 

بەرهەمهێنی ئەو ئایدیایانە لە کوردستان بونیان نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرانی کورد ئایدیای ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نەتەوە پێشکەوتووەکان قەرز دەکەن، بۆیە لە بارودۆخی کوردستان و لەنێو سەری ڕۆشنبیراندا، هەموو مانا واقیعییەکانیان ون دەکەن و تێکەڵ دەبن بە وەهمی ناو سەری نوسەران و ڕۆشنبیران خۆیان، بەڵکو هیچیان لێدەرناچێت سەفسەتە نەبێت.
لەمێژە سەرمایەداریی جیهانی بۆتە بەرهەمهێنی ڕۆشنبیرییەکی گلۆباڵی و جێگای بە هەموو ڕۆشنبیرییە نەتەوەییەکان لەق کردوە.
چینە هەژارەکەیش کە هەرگیز وەختی نییە بۆ بەرهەمهێنانی وەهم سەبارەت بە ژیانی خۆی، ئێواران شەکەت و ماندوو، لە کەناڵەکانەوە پێشوازیی ئەو وەهمانە دەکات کە چینی سەروەر لە جیهاندا بۆی بەرهەمدەهێنێت و ڕۆشنبیرانیش بۆیان دەگوازنەوە.
ئا ئەم وەهمانە تەنها لەوکاتانەدا ڕووبەڕووی هزری دژ، هزری شۆڕشگێر دەبێتەوە کە قەیرانەکان قوڵدەبنەوە.
مارکس واتەنی: “بونی هزری شۆڕشگێر لە هەر چەرخێکی دیاریکراودا، لە پێشدا بونی چینێکی شۆڕشگێر دەخوازێت”
(الايديولوجية الالمانية، ل : ٥٧)،
بونی چینێکی شؤڕشگێریش بارودۆخێکی شۆڕشگێر دەخوازێت. واتە ئەوە بارودۆخی شۆڕشگێرییە هزری شۆڕشگێر دەهێنێتە بون نەک بەپێچەوانەوە.

تێ بی نی // ئەم بابەتە لە لەواڵی نوسەر وەگیراوە بەسوپاسەوە کە لە ٨/٦/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئێمە بەگرینگمان زانی جاریکی تر بڵاومان کردەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.