١٠\١٠ ڕۆژی جیهانی وەستانەوەیە لە دژی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان

0
لەسێدارەدان سزانیە ،بەڵکوو تاوانێک کە دەوڵەت ودەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەردەوام لەژێر ناوی جۆراوجۆردا ڕەوایی پێ ئەدەن وئەنجامی ئەدەن.
ئێمە هەموان بینیمان ویان ئاسەوارو وچیرۆکە پڕ تراژیدیەکانی لەسێدارەدانی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕەکانی عێراق وکوردستانمان بیستووە کە ڕژێمی بەعسی فاشیست ودڕندەی بەعس چۆن لەژێر ناوی بەکرێگیراو خائین وهتدددا ملی سەدان گەنج ولاوی کرد بەپەتتدا ومافی ژیانی لێسەندنەوە .هەموان ئێستا دەبێنین کە چۆن لە کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژ نیە ملی کەسانێکی ئازادیخواز بە بیانووی جۆراو جۆر نەکرێت بە پەتی سێدارەوەو مافی ژیانیان لێنەسەنرێتەوە و لەزۆر وڵاتی تریشدا و لە عێراقی دوای سەدام وبەعسیشدا و لەژێر ئاڵای دیموکراسی ڕۆژئاوادا ،دەسەڵاتی ئاینی قەومی وموزائیکی عێراق بەردەوام سزای لەسێدارەدان لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەگوێی کۆمەڵگەدا ئەدات و بەدیاریکراویش لە ژێر ناوی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆرو سزای تیرۆریستان وتۆڵەسەندنەوەدا درێژەیەیان بەم تاوانەداوە.
خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهاندا سزای لەسێدارەدان هەڵوەشاوەتەوە وبزوتنەوەیەکی فراوان لە جیهاندا لەدژی ئەم تاوانە لەمەیداندایەو ئێمە کۆمۆنیستەکان وبزوتنەوەی ئینسان دۆستی لە ئێران وعێراق ساڵانێکە لەدژی ئەم سزایە لەمەیدانداین وبەشێوەیەکی ڕێکخراو بەردەوام لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا لە ئێران وەک بزوتنەوەیەکی بەرجەستەی کۆمەڵایەتی دەرکەوتووەو لەعێراقیشدا حزبی ئێمەو بەرەی ئازادیخوازی بەردەوام لەدژی ئەم تاوانە لەمەیدانداین.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئاستی لە سێدارەدان تێیدا زۆر بەرزەو لە لێستی ئەو وڵاتانەدا لە پلەی چوارەم دا جێێ خۆی کردوەتەوە، هەزاران کەس لە ژێڕ ڕەحەمەتی پەتی سێدارەدان دابەش بوون بە سەر ٢٨ زینداندا لە عێراق و لە کوردستاندا. سزای لەسێدارەدان پشتی بە دانپیانان و هەواڵگری مەخفی بەستوە زۆربەی ئەوانەی ئەم سزایە سزادراون لەژێد ئەشکەنجەدا دانپیانانیان لێ وەرگیڕاوە. دادگا بێ دادییەکی تەواوەو زۆر ڕوکەشیە. هەروەها عێراق یەکێکە لەو ١٤ وڵاتەی ژن ئیعدام دەکەن.
ئێمە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان وئینسان دۆستان دەکەین لەهەر جێگەیەکی دونیاهەن لە دژی ئەم تاوانە دەوڵەتیەی کە ناوی نراوە سزا لە ١٠\١٠ ڕۆژی جیهانی وەستانەوە لەدژی سزای لەسێدارەدان و بەرگری لەژیان وکەرامەتی ئینسانی ئینسانەکان بێنە مەیدان و داوای هەڵوەشانەوەی ئەو سزایە بکەن لەژێر هەر ناوبیانوویەکدا.
نا بۆ سزای لەسێدارەدان
بەڵێ بۆ بەرگری لەژیان
حزبی کۆمۆنیستی کڕێکاری چەپی عێراق
٧\١٠\٢٠٢٥
Leave A Reply

Your email address will not be published.