ئازادی لە پەروەردە، داهێنەر بەرهەمدەینێت.

0
ڕەهێل دزەیی

 

 

سستمی پەرەوردە و فێرکردن، کەرتێکی هەستیار و کاریگەرە
پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گشت کایەکانی کۆمەڵگا و حکومڕانی هەیە.
جۆر و ئاستی پێشکەوتن و سەردەمیانەی سستمی پەروەردە و فێرکردن کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر فێرخواز بەجێدەهێلی و لە کۆتایی ئاستی گەشەکردنی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا دیاری دەکات.
ئەگەر بمانەوی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ژێرخانێکی بەهێزی بۆ دروستبکەین گرنگە لە سستمی پەروەردە و فێرکردن دەستپێبکەین، هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی توانیویانە کۆمەڵگایەکی گەشەکردوو و وڵاتێکی بەهێر دروست بکەن لە گرنگیدانیان بە سستمی پەروەردە وفێرکردن دەستیان پێکردوە و بە درک پێکردنیان لەوەی لەم ڕێگایەوە دەتوانن نەوەیەکی خوڵقێنەر وداهێنەر بەرهەمبێنن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، کۆمەڵگایەکی ئارام و خۆشگوزەران و حکومڕانێکی بەهێز و سەرکەوتوو و دادپەروەر بەدیبێنن.
بۆئەوەی بتوانین هاوکاربین لەوەی نەوەیەکی داهێنەر لە بوارە جیاجیاکان بەرهەمبێنین، گرنگە ئەو ئامرازانەی هاوکارن بۆ گەشەپێدانی ئاستی بیرکردنەوەی فێرخواز دابین بکرێت و یاریدەربیت لە بوارەکەی خۆی داهێنان بکات.
منداڵ فەیلەسوفێکی بچوکی خۆرسکە، شێوازی پەروەردە و سستمی پەروەردە فێرکردن وایلێدەکات، گەشە بە ئاستی بیرکردنەوەی و گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو هەموو پرسیارەی لە ناخی کەڵەکەی کردوە، یان پرسیارەکان زیندەبەچاڵ بکرێن و ئاستی بیرکردنەوەی سنورداربکرێت وگەشەنەکات.
سستمی پەروەردە وفێرکردن دەبێ سستمێک بێت لەسەر بنەمای ئازادی بنیادنری، فێرخوازەکان ئازادبن، ئازادانە بیربکەنەوە، سنورێک دانەنرێت بۆ بیرکردنەوەیان و ئازادانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت وەلامی هەر جۆرە پرسیارێک بە زهنیان دابێت بدرێتەوە و ڕێگای گەڕان بەدوای وەڵامەکانیان نیشان بدرێت، فێربن هەوڵبدەن و بەدوای وەلامی دروست و ڕاستەقینە بگەڕێن و کۆڵ نەدەن تا دەگەنە ئەو وەڵامەی دەیانگەنێتە یەقین.
سستمی پەوەردە و فێرکردنی کلاسیک کە تێدا مامۆستا سەنترە و فێرخواز گوێگرە، ئەستەمە مرۆڤێکی خولقێنەر و داهێنەرمان بۆ بەرهەم بێنێت.
مەبەست لە فیربوون و هەبوونی فێرگاکان و داڕشتنی سستمی پەروەردە وفێرکردن و بەکارهێنانی بوجەیەکی زۆر، ئەوەیە کە لە کۆتایی نەوەیەکی چالاک و پڕ لە مەعرفەت و خولقێنەر و خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و باوەڕ بەخۆ پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین لە ڕێگایانەوە بتوانین کۆمەڵگایەکی پیشکەوتوو و خاوەن ژێرخانێکی بەهێز درست بکەین و بگەین بە ئاواتی لەمێژینەی هەموو کوردێک کە خۆی لە دەوڵەتی کوردی دبێنێتەوە.
ئەگەرنەتوانین پایەکانی کۆمەڵگا بەهێزبکەین و نەبین بە خاوەن کەسانی شارەزا و داهێنەر لە بوارە جیاجیاکان، شایەنی ئەوە نابین ببین بە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، سەرکەوتوونابین بەگەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتیەکانمان.
فێرگاکان و مامۆستایان ئەرکی سەرەکی و پیرۆزیان لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەیان. شێوازی وانە وتنەوە و مامەڵەکردنی مامۆستا و بەڕێوەبەر، ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دروست کردنی کەسایەتی و ئاستی مەعرفی وزانستی فێرخواز. شێوازی وانەوتنەوەی کلاسیک (بەداخەوە تا ئێستا پەیڕەو دەکرێت لە هەرێمی کوردستان) نەوەیەکی دەستەمۆ بەرهەم دەهێنێت، باوەڕ بە خۆ و بە زانیاری و تواناکانی نابێت، لەبەر ئەوەی وا فێرکراوە هەردەم چاوەڕوانبێت زانیاریەکان بە ئامادەیی بێتە بەردەستی و بەخۆی هیچ ڕۆڵێکی نەبێ لە گەڕان بەدوای زانیاریەکان و گومان لە ڕاستی و دروستی زانیاریەکان بکات، بەلام لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەر و دیموکراتدا، فێرخواز بە شێوازێک فێردەکرێت، ئەرکی فێربوونی لە ئەستۆی خۆیدایە وبە هەوڵ و کۆششی خۆی دەگات بە زانیاریەکان و ئەوەش وادەکات باوەڕەکی زۆری بە خۆی و تواناکانی هەبێ وهەوڵی زیاتر بدات تا دەگاتە ئەوەی داهێنان بکات و ئامانج و چاوەڕوانیەکانی لە گەشەکردنی ئاستی زانستی خۆی زۆر بەرزبێتەوە.
لە سستمی پەورەدە و فێرکردنی هاوچەردا فێرخواز بە حەزەوە بەرەو فێربوون هەنگاو دەنێ، لەوێ بە شێوازێک فێردەکرێت لەگەڵ ئەم شێوازە دێتەوە کە هەر یەک لە فێرخوازەکان لەڕێگایەوە فێردەبن، پاڵەپستۆی دەروونی و دڵەڕاوکێ لەلای فێرخواز دروست ناکات، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی فێرخوازەکان فیری زانستەکان ببن و هەوڵ دەدەن قوڵبنەوە لەم بوارەی لەگەڵ حەزەکانی دێتەوە و زیاتر فێربن و ئاستێکی بەرز لە بوارەکەی خۆیان بەدەستبێنن، بە پێچەوانەوە لە سستمی کلاسیک مامۆستا بە یەک شێواز وانە دەڵێتەوە و (مێتۆدی فێربوونی گونجاو) بەکارناهێنێت کە لەگەڵ شێوازی فێربوونی زۆربەی فێرخوازەکان ناێتەوە، ئەمەش وادەکات فێرخوازەکان توانایەک و کاتی زیاتر بەکاربێنن بۆ ئەوەی لە وانەکە تێبگەن کە مامۆستا مەبەستیتی فێریان بکات، بۆیە فێرخواز پەنا دەبات بۆ ئامرازی جیاجیا، بۆ ئەوەی قۆناغەکە ببڕێت بێ ئەوەی زانستەکە لەلای ببێت بە مەعرفەت و گەشەی پێبدات، لەهەندی کات فێرخواز هێزی نامێنێت و دەستبەرداری فێربوون دەبێ وازلە فێرگا دەهێنێت، دەشێ ئەو فێرخوازەی وازدەهێنێت ئەگەر بە شێوازێکی سەدەمیانە وئەو شێوازەی ئەو پێی فێردەبێ فێرکرابا، کەسێکی خولقێنەر و زانایەکی گەورەی لێدەرچووبا.
فێرگا ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر، شیواز و بینای فێرگا و پۆلەکان و ئامرازەکانی وانە بێژی و چالاکیەکانی ناو فێرگا هەر هەمووی کاریگەریان هەیە لەوەی نەوەیەکی باش پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین.
پۆلەکان دەبێ ئازاد بن، ئەم شێوازە لە دانیشتنی فێرخوازەکان لەناو پۆلدا کە تەنها پشتی یەکتر دەبینین و ڕووی یەکترنابین، ئەمەش وادەکات پەیوەندی نێوانیان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون و زانیاریەکان و هاوکاری کردنی یەکتر لە نێوانیان ڕوونەدات، هەر فێرخوازەک زانیاریەکانی خۆی بشاریتەوە لە هاوڕێکەی، ئەمەش دەبێە هۆی گەشەنەکردنی زانیاریەکانیان و دڵنیانەبوون لە دروستی زانیاریەکانیان. لە پۆلی ئازاد کە فێرخوازەکان بەرامبەر یەکتر دادەنیشن و سەیری چاوی یەکتر دەکەن، فێری ئەوەدەبن بەیەکەوە فێربن و زانیاریەکانیان بەشبکەن لەگەڵ یەکتر و لەیەکتر فێربن، فێری کاری بە کۆمەڵ دەبن، گیانی هاوکاری و دابەشکردنی ئەرکەکان دەبن، بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە بەیەکەوە سەرکەوتنی مەزن بەدەستدێنن.
هەر کۆمەڵگایەک نەبێتە خاوەن کەسانی داهێنەر و زانا و شارەزا لە بوارە جیاجیاکان، ناتوانێت شوێنی خۆی بکاتەوە لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەها وڕێز بۆ نەتەوەیەکەی دروست باکات.
٢٩/٩/٢٠٢٥
Leave A Reply

Your email address will not be published.