کوا با ژینای تێدا بنێم !

هەر دوو دەستم دەخەمە گوێم
تا بەقیژەی ئەم گەردونە ،
کەم بتاسێم !
چارەنووسم
جەنگەڵێکی پڕ دەعبایە
ڕۆژ نا ڕۆژێک وەکو سەگی هار دەمگازێت !
کە دەمیشی پێم نەیگەشت
لە دورەوە دەوەڕێت پێم !
ئەرێ جیهان هەتاکو کەی
لە شاخ و دۆڵ ،
ئاو و کانیی زێدی باو باپیرم هەڵبێم ؟!
کامە بستی ئەم وڵاتە
تێر خوێن نییە ؟!
کوا با ژینای تێدا بنێم !
سەرم بەرزە وەکو قەندیل
وەک دار بەڕوو !
بم سوتێنن هەڵمکێشن
هەر دەمێنم !
هەر دەگەشێم!
لە هەزار شوێنی تر دەڕوێم!
مام ڕێباز