پێویستمان بە گەشەی هونەری سەما و گۆرانی یە !!

ئاوات ڕەسوڵ
دژایەتی دزی و چەوسانەوە ونایەکسانی بەبێ دژایەتی سەرکوت و ملهوڕی ناتەواوە ،لەبەرئەوەی بنەمایی سەر کوت لەسەر بنەمای دزی و گەندەڵی و چەوسانەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئازادییەکان جێگیر دەبێت .
واتە لەگەڵ تێکۆشانی هاودەنگی چینایەتی بزوتنەوەی خەڵکی ناڕازی کرێکارو زەحمەتکێشدا بۆهێنانەدی عەدالەت و دادپەروەری ومافەکان لەهەمان کاتیشدا بەرگری لەئازادی ڕادەربڕین و ئازادی هونەر وسەما وشانۆیە کە کۆمەڵگە بەرەو گەشەی دیموکراسی وشارەستانی دەبات نەک دژایەتی هونەر وسەما و ئازادی .
هەروەها بەپێی تێگەیشتن لە زانستی سەردەمی مرۆڤایەتی هەر کارێکی هونەریی و ئەدەبیی پەیامی ڕۆشەنی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە. کە سەیری نمائیشی ئەم کارە هونەرییەش بکەین وردبینی بۆ بکەین لۆژیکانە دەردەکەوێت پەیامێکی ئینسانی هەیە کە گوزارشتە لەڕەتکردنەوەی تاریکی و لەئامێزگرتنی ئازادی یە . داوا لە مرۆڤایەتی وکۆمەڵگەکەی دەکات کە پێویستە ئازادی ژن و ئازادی ڕادەربڕین لە باوەش بگرن .
هەر ئەمەشە کە لایەنگرانی تاریکخوازانیش نەک هەر بەم سەما هونەرییە ، بەڵکوو بە هەر کارێک کە دژ بەتاریکستانی تیرۆریستی و کۆنەپەرستی داعشیزم بێت ، قەڵس و توڕە دەبن لەبەر ئەوەی بە هەبونی گەشەی ئازادی و دیموکراسی ئەوان دەکەون پەروێزی ئاراستەکانی داهاتوویی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یەوە .
ئەم جۆرە جل وبەرگەی کە گروپی هونەری بەناوی ‘هونەرگەها وڵات لە ڕۆژ ئاوایی کوردستان لە زانکۆی ئەمریکی شاری سلێمانی باشووری کوردستان ،لەعێراق کە توانج و ڕەخنەی هونەری لێ گیرا لەلایەن داعشی تیرۆریستەوە بەزۆرەملێ بەسەر کچان وژناندا سەپاوە نەک بەشێوەی ئازادانە کچان وژنان خۆیان هەڵیان بژاردبێت.
،کەوایە ئەوانەی دژایەتی ئەو جۆرە نمائیشە هونەرییەی گروپەکەی ڕۆژ ئاوای کوردستان دەکەن لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت ڕاستەوخۆ بەرگری لەکردەوەی تیرۆریستی دەکەن نەک ئازادی ڕادەربڕین .
ئەو گروپە هونەری یە ئەو نمائیشە هونەری یە لەناو هەر وڵاتێکی دیموکراسی دا ئاسایی یە. مێژوویی خەڵکی کوردستان نامۆیە بەجۆرە جل وبەرگە داعشی یە …
هەر خودی ئەم نمائیشە جوانەی ئەم گروپە نیشانەی پێشکەوتن وگەشەی پرۆسەی دیموکراسی و شارەستانییە لە ڕۆژئاوایی کوردستان لەسووریا کە پێویستە سەرجەم جیهانی مرۆڤایەتی باشتر بەرگری و پشتیوانی لەم جۆرە پێشکەوتن وگەشەیەی دیموکراسی یە بکات وەک ئەرکێکی ئینسانی و ئازادیخوازی وپێشکەوتنخوازی جیهانی .
