کۆتایهێنان بە دیاردەی چەکداری لە هەرێمی کوردستان بەپلەی یەکەم لە گرەوی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی ویەکێتی دایە

0

 

هیوا ئەحمەد لەبارەی هەبونی چەکداری و میلیشایی حیزبەکانەوە و چارەسەری بارودۆخێکی بەم  جۆرە دەنوسێت و سەرنجی خۆی دەخاتە ڕوو بۆمان :::

 

دیاردەی چەکداری و بەسەرربازیکردینی کۆمەڵگا و شوێنی ژیانی خەڵک نەک هەر لە سایەی دەسەڵاتێکی میلیشیایی چەکداری وەک هەرێمی کوردستاندا، تەنانەت لەژیر سایەی دەسەڵات و دەوڵەت و حکومەتێکی سەرمایەداری موتەعارف و نۆرماڵیشدا، دیاردەیەکی خوازراو نییە و ترس و تۆقاندن و کەش و هەلومەرجێکی جەنگی و عەسکەرتاریەت زاڵ دەکات بەسەر خەڵک وکۆمەڵگادا، بەمەش دەبێتە هۆکار بۆ شەڕی چەکداری و هەڕەشەیەک بۆ سەرژیانی خەڵک، هەروەها شیرازەی ئاسایی و مەدەنیەتی کۆمەڵگا دەشێوێنیت و پاشەکشە بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و چینی کرێکار دەکات لە پێناو بەدەستهێنانی خواست وداواکاریەکانیاندا.

 

 لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ٣٣ ساڵ لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، و ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس، سەرەڕای بونی حکومەت و پەرلەمانێکی کارتۆنی، بەڵام هێشتا لە ڕووی واقعی و لە کردەوەدا دەسەڵات و حوکمڕانی بەدەست دوو میلیشیای خێڵەکی چەکدارەوەیە کە هەریەکەیان بۆخۆی ناوچەیەکی پاوانکردوە کە سنوریان دێگەڵەیە و هیچیان لە ناوچەکەی ئەوی تردا دەسەڵاتی پوشکەیەکی نییە و هەموو فەرمانەکان لە لایەن هێزی حیزبی و بنەماڵەییەوە جێبەجێدەکرێن چونکە لە دنیای واقعدا حکومەتێک نییە کە توانای حوکمڕانی و جێبەجێکردنی یاسای هەبێت.

 

هەڵبەت ئەم جۆرە لە حوکمڕانی میلیشیایی لە عێراقیشدا بەهەمان شێوەیە و میلیشیا دینییە شیعی و سونییەکان دەسەڵاتیان زۆر لە حکومەت و پەرلەمان زیاترە و هەریەکەیان بۆخۆی ناوچەیەکی کردۆتە جێپێی هەژمونی خۆی، تەنانەت حکومەت بەبێ پرسکردن بە بەرپرسانی ئەم میلیشیایانە ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات یان سیاسەتێک بباتەپێشەوە، بەمەش چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و قورسی دروستکردوە بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دژ بەم دەسەڵاتە دز وگەندەڵ و میلیشیایانە و لە شوێنی دوژمنێکی سەراسەری چەندین دوژمنی ناوچەییان هەیە کە هەریەکەیان بونتە هۆکار بۆ بونی دیاردەی چەکداری و هەروەها پارچەپارچەکردن و پەرتەوازەکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک.  

 

ئەم جۆرە لە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەمڕۆ بەهۆی قەیران و بنبەستی سیاسی، حوکمڕانی،  ئابوری وکۆمەڵایەتی سیستمی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی بۆتە مۆدێل و شێوازێکی حوکمڕانی بۆرژوازی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک سوریا، ئەفغانستان، لوبنان، سودان، یەمەن…وە ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە کە بۆتە شوێنگرەوەی حکومەتێکی موتەعارف و فەرمی خاوەن یاسا و سیستمی دادوەری تەنانەت بە شێوازە بۆرژوازیەکەشی، هۆکاری سەرەکی دیاردەی چەکداری و چەکداربونی حیزبەکانە، واتە کێشە و گرفتە سەرەکیەکە خودی ئەو دەسەڵاتە میلیشیاییەیە کە بەپێی یاسا و شێوازی پاوانخوازی دەسەڵاتی میلیشیای چەکدار بەرخورد لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگا و حیزب و هیزە ئۆپۆزیسیۆن و ڕێکخراوەکانی تری ناوکۆمەڵگا دەکات و ڕێگە بەهیچ هیزو دەنگێکی تری دەرەوەی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی خۆی نادات.

 

لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ٣٣ ساڵ لە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد وبزوتنەوەی کوردایەتی، هێشتا بە واقعی و بە کردوە حکومەتێکی یەکگرتوو و یەک پارچەی دامەزراوەیی نییە کە لەبەرامبەر خەڵک و کێشە وگرفتەکانی کۆمەڵگادا خۆی بەبەرپرسیار بزانێت و بەیەک چاو سەیری هەموان بکات و یاسا جێبەجێبکات، بەڵکو ئەوەی هەیە دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی عەشیرەتی چەکدارە کە هیچ ئینتیمایەکی بۆ هاوڵاتیبون نییە، بەڵکو هەموو ئینتیماکەی تەنها بۆ پاراستن دەسەڵات بنەماڵە و حیزب و سنوری دەسەڵاتەکەیەتی.

 

 وەختێک خودی ئەم دەسەڵاتە خۆی میلیشیا بێت و هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و دامەزراوەکانی کردبێتە هێزی چەکدار و زمانی چەک، ئەوا ئیتر لە هەلومەرجێکی ئاوادا و لە نەبونی دەسەڵات و یاسا وسیستمێکی دادوەری سەربەخۆ و سەروەر و خاوەن دەسەڵات کە بتوانێت پارێزگاری لە ئاسایش و کەرامەتی هاوڵاتیان و کۆمەڵگا و لایەنە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگیەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت، ناچار هەر هاوڵاتیەک بیرلەوەدەکاتەوە کە خۆی خۆی بپاریزێت و هەوڵبدات کە چەکی هەبێت، حیزب و لایەنە سیاسیەکانی تریش هەوڵدەدەن کە هێزی چەکداریان هەبێت تا بتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن.. 

 

لەهەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی دیاردەی چەکداری و میلیشیایی خودی ئەو دەسەڵاتەیە کە خۆی لە پارتی ویەکێتیدا دەبینێتەوە کە خۆی دەسەڵاتێکی حیزبی و میلیشیایی چەکداری هەیە، بۆیە وەختێک دەسەڵاتێک خۆی حیزبی و بنەماڵەیی بێت و هێزی چەکداری میلیشیایی هەبێت ئەوا ناتوانێت دیاردەی چەکداری کۆتایی پێبهێنێت لە کۆمەڵگادا، هەربۆیە دیاردەی چەکداری لە هەرێمی کوردستان ئەوە بۆ ٣٣ ساڵە کۆتایی پێنەهاتوە و هەر بەردەوامە. وەختێک دەسەڵاتیش دەم لەوە دەکوتێت کە کۆتایی بەدیاردەی چەکداری دەهێنێت لە ڕاستیدا مەبەستی کۆتایهێنان بەوهیزانەیە کە نەیاری دەسەڵاتەکەی خۆیانن جا هەر جۆرە نەیارێکی چەکدار یان حیزبی، یان سیاسی و مەدەنی بن.

 

بۆیە کۆتایهێنان بە دیاردەی چەکداری لە هەرێمی کوردستان بەپلەی یەکەم لە گرەوی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی ویەکێتی و ئەو سەرگەردانییە سیاسی وحوکمڕانی و ئابوری وکۆمەڵایەتیەی کوردستانە کە لە ژێر ناوی فیدراڵیەتدا ئەوەە بۆ سێ دەەیەیە بەردەوامە و لانی کەم پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنی و دامەزراوەیی و خاوەن سەروەری یاسا کە مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هەموو هاوڵاتیان وەک یەک بپارێزێت و گوزەرانێکی سەردەمیانە و شایستە بۆ هەموان فەراهەمبکات.

                          

Leave A Reply

Your email address will not be published.