ئەوەی بێزاری زیاتریشی لەلای خەڵکی کوردستان دروست کردووە ئەوەیەکەئەم هێزەمیلشیایی وچەکدارانەهەر جارناجارێک شوێنی ژیان گوزەرانی خەڵکی دەکەنە شەڕی نێوان خۆیان وبەکوشتدانی گەنجانی بێچارە !
بابەتی چەکداری حزبەکان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان کە پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بکرێت ئەویش بە هەڵوەشانەوەی سەرجەم گروپ و دەستە میلیشیاو و چەکدارەکانیان .
*ئێمە وەک ئەڵتەرناتیڤی شورایی بەخستنە ڕوویی پڕۆژەیەکی ئینسانی ومەدەنی و شارەستانی وەک چارەسەرێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپ وڕێکخراوە چەکدارەکان لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت بە ناڕەوا ودیاریدەیەکی ناشارەستانی دەزانین بەهیچ شێوازێک لەگەڵ هەبونی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی ومەدەنی وشارەستانی نایەتەوە . لەدرێژەی ئەو گرنگی پێدانەدا لە دۆسیەی ئەم جارەی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا هاوڕێ ستاری چیمەنتۆ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە بەم جۆرە .
ئامادەکردنی / ئاوات ڕەسوڵ
ئەڵتەرناتیڤی شورایی: ئایا سەرنجت چییە لەسەر هەبونی چەکداری حیزبەکان
ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵگەی کوردستان ئاراستەبکرێت بەجۆرێک کە ململانێیە سیاسییەکان دووربخرێنەوه لەململانێی چەکداری لەشوێنی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان؟

ستاری چیمەنتۆ :سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەکەت. سوپاس بۆ پرسیارە پڕ بایەخەکانت. سەرەتا بابپرسین چەک کێ دروستی کرد وبۆ چ مەبەستێک بەکارهێنرا؟ چەک لەسەر دەستی خاوەن دەسەڵات وکۆمپانیاکان دروست دەکرێت وهەر لەپێناو پاراستنی قازانج وسەرمایە ودەسەڵاتی ئەوانیشدا بەکاردەهێنرێت.
لێرەدا نامەوێ ئەم بابەتە زۆر گشتیتر بکەمەوە، چونکە کوردستان و حیزب وبنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کە پرسیارەکەتانی لەبارەوە کراوە باشترین نموونەن بۆ پێناسەکردنی قێزەونی چەک و دڕندەیی بەکارهێنەرانی.. لە هەرێمی کوردستان ولەماوەی سی وچوار ساڵی بزووتنەوەی کوردایەتیەکی وحیزب وبنەماڵەکانیدا هیچ کاتێک حکومەت ودامودەزگایەکی ڕێکخراوی سیاسی و ئیداریی نێو پەرلەمان و دادگا وسوپایەکی یەکدەستی نەبووە، تا لەبەرانبەردا خەڵکی چەوساوە و ناڕازی ئێخەی ئەو دام ودەزگایانە بگرێت و خواستەکانی خۆی بخاتە بەردەم.
لەکوردستان حیزب وبنەماڵە وگرووپی چەکداری میلیشیایی بوونی هەیە و ناوچەکانی کوردستان نەک هەر بەسەر زۆنی زەرد وسەوزدا دابەش بووە، بەڵکو بەسەر شار وشارۆچکە وگرد وگردۆڵکەکان، واتا خێڵ وعەشرەتەکاندا دابەش بووە..!!
خێڵی بارزانی و هەرکی وسورچی وزێباری لەولا و دەباشان و زەرگەتە و لالەزار وگوڵەخانە و شێخ نەهرۆیی و چەندینی تریش لەملا بوونیان هەیە.
ئەمانە جگە لەوەی کە هەر هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی پێکەوە و لەنێوان خۆشیاندا نەک هەر سەرچاوە سەرەکیە ئابووریەکانی سەرزەوی وژێرزەوی داگیر بکەن ولەسایەیدا زۆرترین سەرمایە کۆبکەنەوە، دەسەڵاتی سەرکوتگەرانە وپڕ چەک وچۆڵیان بەسەر خەڵکی نەداری کوردستاندا بسەپێنن، بەڵکو بەزەبری هێزی سەکوتگەرانەیان، کە تەواوی کوچەو کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستانیان پێ تەنیوە، ببنە گەورەترین مۆتەکەی سەر سنگی خەڵکی وبە شەڕوکوشتاری نێوان سەرانی خودی حیزبەکانیشیان، بەتۆپ وتانک درۆنەکانیان ئارامیی لەسەر ژیان وگوزەرانی خەڵکی هەڵبگرن وڕۆڵەکانیان بەکوشت بدەن.!
ئەوەی بێزاری ونیگەرانیی زیاتریشی لەلای خەڵکی کوردستان دروست کردووە ئەوەیە، کە ئەم هەموو هێزە میلشیایی وچەکدارەی هەر جارناجارێک شوێنی ژیان گوزەرانی خەڵکی دەکەنە مۆڵگەی شەڕی نێوان خۆیان و بەکوشتدانی گەنجانی بێچارە، کەچی لەهەمان ئەو کاتەدا لەبەرانبەر هێرشەکانی داعش و حەشدی شەعبیدا بەهیچ شێوەیەک بەرگرییان نەلەخەڵکی کوردستان و نە لە” خاکی کوردستان “نەکردووە، لەکاتێدا کە وا ئیددیعا دەکەن کە هێزە چەکدارەکانیان بیریتیە لە “هێزی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرگریکاری خاکی پیرۆزی کوردستانە!”
بۆیە خودی ئەم حیزب و بنەماڵانە و مێژووی ئەم سی وچوارساڵەیان پێمان دەڵێن، کە هێزە چەکدارەکانیان دوور ونزیک هیچ پەیوەندیەکیان بە بەدیهێنانی ئارامی وئاسایشی خەڵکی کوردستان و پارێزگاریکردن لە ” خاکی کوردستان” وتەنانەت ” قەوارەی هەرێمی کوردستان” یشەوە نیە! بەڵکو بەپێچەوانەوە بووەتە خەتەری بەردەم هەموو ئەوانەی کە خۆیان باسی لێوەدەکەن وئیددیعای بۆ دەکەن.!
بۆیە پێویستە لەبەرانبەر ئەو هەموو نائارامی و دڵەڕاوکێیەی کە خودی ئەم میلشیا چەکدارانەی حیزبەکانی بنەماڵە دروستیان کردووە، خەڵکی داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزە چەکدارەکان لە شار و شارۆچکەکان بکەن و لەهەمان کاتیشدا لەهەوڵی ئیدارەدانێکی ڕاستەوخۆی خۆی بێت بە بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیکانەی ڕاستەوخۆی خۆی، لەڕێگای کۆبوونەووە گشتیەکانەوە، تا چیتر وبۆهەتاهەتایە ئەم مۆتەکەیەی شەڕ وکوشتاری نێوان هێزە چەکدارەکان لەسەر سنگی خۆی دوور بخاتەوە..
بەدەستهێنان وگەیشتن بەم ئامانجەش پێویستیی بەهۆشیاریەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی وسیاسی هەیە، کە بیری باوەڕ بەخۆبوون وکاری هاوبەش وهەرەوەزیی بەڕێوەبردن لەنێو کۆی کۆمەڵگەدا بەهێز بکات..
ئەمە ئەو بنەمایەیە کە ئاڵوگۆڕی جیددی وئۆرگانی دروست دەکات وبنەماکانی دەسەڵاتێکی خوارەوەیی بۆ سەرەوە واتا ئاسۆیی دادەمەزرێنێت، کە چیتر لەوێدا حیزب و بنەماڵە وچەکەکانیان بڕیاردەرنین ونابن…
