بەرەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی و چەپ لەعێراق و هەرێم و وڵاتانی ناوچەکەدا،هیچ ناسراویەکیان لەنێو کۆمەڵگەدا نەماوەتەوە
ئەڵتەرناتیڤی شورایی سەبارەت بەهەبونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە لەکوردستان و عێراق بۆچی ناڕەزایەتی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتوبێ لەهێنانەدی داواکارییە ڕەواکانیدا ؟،زۆر جار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراوبکرێت ئەمە چۆن دەکرێ و کێ ئەنجامی بدات ،حزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لەم کۆمەڵکەیەدا،ئاکامی ناڕەزایەتی یەکان چۆن بەرەو باشتر دەچێ؟
ئادەکتردنی /ئاوات ڕەسوڵ

تاهیر حاجی حەسەن لەم هەفتەدا وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی داوەتەوە لەم بارەیەوە نوسێوێتی و دەڵێت:::
لەڕاستیدا،هەرچۆن لەو باردۆخەی عێراق و هەرێم و ناوچەکەو دنیای موچەو بێ موچەی و هەژمونی سەراسەری حکومەتی کەرتی تایبەت و جەنجاڵی سۆشیال میدیاو بێ ئاسۆی زۆری خودی دنیای سەرمایە لەنێو ڕکابەرە تێکچڕژاوەکانیانداو جەنگی بەردەوام و ناڕەزایەتی پەرشوبڵاووە .بێ ئاسۆی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دنیای سۆسیالیزم وەک دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕزگاری چینی کرێکارو کۆی مرۆڤایەتی،بۆخۆی،جۆرێک لە تاریک بینی زاڵە لەنێو کۆی چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەکەدا.
شوێنێکی وەک عێراق و هەرێم،جاران جێگەی تاک دەوڵەتی و تاک سەرۆکی و نەهێشتنی مردنی خێڵ و عەشیرەت، و مەزهەب و ئاین و شۆفێنیزمی قەومی،لەدوای ڕوخانی ڕژێمە تاک دەسەڵاتیە خانەوەداییەکانەوە،ئیتر ئەو ناوچانەیش وەک هەرزانترینی ناوچەکان،بوەتە شوێنی تەراتێنی کۆی کۆمپانیا ڕکارە زلهێزەکانی ناو دنیای سەرمایەو لەلایشەوە سەدان حیزبی چەتەی گیرفان بڕی ئاینی و مەزهەبی و عەشیرەتی و قەومگەرای و برەودان بەشۆفێنیزم لەهەزارو یەک ڕەنگیدا،بۆخۆی،سەدان هێندەی دوێنێ زیرەکانە پێگەی ئومێدەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا کوشتوە.
ئۆپۆزیسیۆن لەدەسەڵات چەتەترو گیرفانبڕتر لەدەسەڵات و دەسەڵاتیش ئەوە مێژووەکەی ڕونەو دیارە،بۆیە،ئەو قەیرانەی لەهەرێم و عێراقدا هەیە،گەر تەنها وەک قەیرانێکی ناوخۆیی شرۆڤەی بکرێت،ئەوا،تەواو نائاگاییانەیە،چونکە شوێنێکی وەک عێراق و یەمەن و سوریاو لیبیاو لوبنان و ئەفغانستان و وڵاتانی دیکە،بۆخۆی،ڕەنگدانەوەی کۆی هەژمونی داگیرکاریانەی کۆمپانیاکانی دەوڵەتانی زلهێزە لەناوچەکەو ئامانجیشیان وێران کردن و تاڵان کردنی سامانی گشتی کۆمەڵگەو لەولایشەوە،ناچار کردنی بەشێکی زۆری تاک و خێزانەکان بەوەی بەهەرچ نرخێک بێت ئەو بەناو نیشتیمان و وڵاتانەیان بەجێ بهێڵن و ڕو لەوڵاتانی ڕۆژئاوا بکەن،بەوەی شوێنێکی بڕێک ئارام و کارێک پێی بژین بدۆزنەوە.
ئەوەیشە دەیبینین،ئەم هێزی کاری هەرزانە،بۆخۆی چەندین گرێ و کێشە بۆ خودی چینی کرێکاری وڵاتانی ڕۆژئاوایش بەرهەم دەهێنێت و بەقازانجی خودی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا تەواو دەبێت و باڵی ڕاسیست و ڕاست تێیدا دەچێتە پێشەوەو خودی کێشەو گرانی و قەیرانەکانیان دیسانەوە دەیخەنە ئەستۆی پەنابەرو زۆریەکەیان و خۆیانی لێ دەرباز دەکەن.
جا ئەم سەدەیە،سەدەیەکی هاوشێوەی سەدەکانی دوێنێ و پێرێ نیەو ناشبێت،بۆیە،بەرەوپێشچونی دنیای تەکنەلۆژیاو کاری بەرهەمهێنان و کاڵای زۆرو ساغ نەکردنەوەی کاڵاکان و گران کردنی ژیان لەسەر زۆرینەکە،دەبینین،زۆرینەکە،وەک مێگەلێک لەلایەن کۆمپانیاو دەوڵەتانی سەرمایەداریەوە دەبینرێن و چۆنیان بوێت ئاوا هەڵمان دەسوڕێنن. بۆیە،دەڵێم ناتوانم وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە.
چونکە،خودی بەرەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی و چەپ لەعێراق و هەرێم و وڵاتانی ناوچەکەدا،هیچ ناسراویەکیان لەنێو کۆمەڵگەدا نەماوەتەوەو دەبینین،لەڕێی میدیاو دنیای بازاڕو هەژمونی کۆنەپەرستی ئاینیەوە،زۆرترین تاکەکانیان خستۆتە ژێر دنیایەکی تەواو جیاواز لەوپێگەی سەدەی بیستویەک سەپاندویەتی لەڕێی چونەپێشی دنیای زانست و تەکنەلۆژیاو گەیشتن بەداگیرکاری هەسارەکانی تریش،بۆیە،دەبینین،هەرچی بڵێین و بنووسین،لەنێو کۆمەڵگەدا،ئاوڕێکی لێ نادرێتەوە.
لەولایشەوە،چەتەیەکی وریای کۆنەپەرست بەخۆی حیزبێک دروستیان کردوەو لەواقعیشدا هەڵسوڕێنەریان دامودەزگا هەواڵگریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانن،دەبینین،زۆر بەئاسانی زۆرینەکە هەڵدەخەڵەتێنن و لەڕێی پەرلەمان و دەنگدان و بێ دەنگ بونیەوە زۆرینەکە فریودەدەن و زۆر بەئاسانیش بۆیان چوەتە سەر لەماوەی زیاد لە سی ساڵی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە.
ئەم سەدەیە،سەدەی دنیای کەرتی تایبەت و بێ بەهاکردنی دامودەزگا گشتیەکانە لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو دەبینین،زۆر بەئاسانی تاڵانکردن بوەتە ناسراوترین جۆری سیاسەت کردن لەناو کۆی حیزبەکاندا،بۆیە،هەرچی بڵێین:
کاتێک بواری فریودان بۆ زۆرینەکە زۆر لەبارە،دەبینین،لەهەر ساڵێکدا،حکومەتی کەرتی تایبەتی بنەماڵە حزبیەکان،سێ تا چوار موچە نادەن بەموچەخۆران و بۆیشیان دەچێتەسەر،بنەماڵەو سەرۆک خێڵ و کۆنەپەرستی ئاینی و مەزهەبیش لەوپەڕی پێگەی تاڵانچیەتی خۆیان دان و زۆرینەکەیش تەنها بۆڵەبۆڵ و ناڕەزایەتیەکی ناڕێکخراو باڵی بەسەر کۆی زۆرینەکەدا کێشاوە،جا ئەم بێ ئاسۆییە،بۆخۆی گرێ کوێرەکەیەو چارەسەرەکەیشی پێ ناچێت لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە سەر دەربێنێ،گەر بێت و پێشڕەوی چینی کرێکاران لەوڵاتانی زلهێزدا نەبێتە ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆتایهێنان بەکۆی دنیای سەرمایەداری.
ببورن کە ناتوانم وەڵامی دروستی تەواو بدەمەوە،لەگەڵ ڕێزمدا.
