ئازادی بۆ گیراوەکانی بادینان، نا بۆ حوکمی بێ بەڵگە و نادادپەروەرانە
ئازادی بۆ گیراوەکانی بادینان، نا بۆ حوکمی بێ بەڵگە و نادادپەروەرانە
دادگای٢ی ههولێر، سێشهممه (١٦-٢-٢٠٢١)، سزای شهش ساڵ زیندانی داسەپاند بهسهر (شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا) لە رۆژنامهنوس و چالاكوانانی دەڤەری بادینان.
لە دانیشتنەکانی دادگادا هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نەخراوەتەڕوو تا ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت کە دراوەتە پاڵیان، بەڵام دادگا ئەو حوکمە قورسانەشی دەرکردوە.
هەروەک گرتنەکەیان لە (٧-١٠-٢٠٢٠)دا دوور لە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بوو، کە هێزێکی دەمامکدار هەڵیکوتاوەتەسەریان و دەستگیری کردوون، و بۆ ماوەی نۆزدە ڕۆژ بێسەروشوێن کراون، بێ ئەوەی ڕێگە بە چاوپێکەوتنی خانەوانەدە و پارێزەرانیان بدرێت، شکەنجەش دراون، وا ئەمڕۆ دوای چوارمانگ و نۆ ڕۆژ ئەو حوکمە قورسانە و بێ بوونی بەڵگە لەسەریان بەتەوای سیاسی بوونی گرتنەکەیان و دادگاییەکەیان دەسەلمێنێت، ئەوەش دەردەخات کە ئەم دامودەزگایە بێلایەن نیە، هیچ پەیوەندیەکی بە دادپەروەریەوە نیە و تەواو حزبیە.
مێژووی دەسەڵاتی حزبی فەرمانڕەوای دەڤەرەکە مێژووی سەرکوت و دەمکوت و ڕەشبگیری و داسەپاندنی بێمافیە بەسەر ئازادیخوازان و خەڵکی زەحمەتکێشدا، وە ئەم سەرکوتگەریەشی لەبەردەوامی ئەو مێژووە ڕەشەدایە، بەڵام لە ئێستادا واوەترە لە ئاکاری حزب و دەسەڵاتێک کە فرچکی گرتووە بە ئیستیبدادی سیاسی.
لە بارودۆخی بێ موچەیی، داسەپاندنی برسیەتی و بێکاریدا کە ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵاتی هێناوەتەئاراوە و کۆمەڵگەی خستۆتەسەر لێواری تەقینەوە، ئەم ملهوڕیە لە ئێستادا ئەم ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی کردۆتە قوربانی خۆئامادەکردن بۆ بەرگرتن بەو تەقینەوە و ئەو ڕۆژە ڕەشەی چاوەڕوانی دەکەن.
ئەم شانۆسازیە، هەڕەشەیە لە ئازادیخوازان، لەهەر دەنگێکی ناڕازی و چنگ و ددان گڕکردنەوەیە لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بۆ بەرگرتن بە خۆپێشاندان و ڕاپەڕێنێک کە دەترسێن ڕایانماڵێت.
ئەم سەرکوتگەری و ملهوڕیە نابێ ڕێگەبدرێت هەروا بەئاسانی تێپەڕێت.
دەستەی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ڕەوت
١٧-٢-٢٠٢١