گەشەی فاشیزم لە قەیرانی نیولیبراڵیزمدا

0

ئاسۆ کەمال

 

ئاشکرایە کە سەرکەوتنی فاشیزم لە هەڵبژاردنی ناوچەیەکی ئەڵمانیا جێگای پێشوازی بەشێک لە ئۆلیگاریشی مالی جیهانی ،وەک ئیلن ماسک بوو. بەڵام ماسک تەنیا نیە لەم پشتیوانیەی گەشەی فاشیزم لە ئەوروپادا، چونکە خودی گەشەی ئەم ڕەوتە فاشیەی بورژوازی ئەمڕۆ یەکێک لە ئاکامەکانی نیولیبرالیزم لە چوار دەیەی دوایی دنیای ئەمڕۆدا.

 

ئەم پەیوەندیەی نێوان فاشیزم و نیولیبرالیزم نەک هەر لە پشتیوانی مالی و ڕاگەیاندن و لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرایە، بەڵکو نیولیبرالیزم وەک بابەتێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە پێناو وەڵامدانەوە بە ناکۆکی و کێشەکانی باڵادەستی خۆی لە پێشبڕکێی جیهانی و لە دژی چینی کرێکاری ناوخۆی وڵاتەکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بەکاری دەهێنێ.

 

فاشیزمی ئەمڕۆ بەرهەمی سیاسەتی حکومەتە نیولیبراڵەکانی ئەمریکا و ئەوروپایە، کەچەند دەیەیە شەڕی عیراق و ئێران و فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وە شەڕی ئۆکرانیا و نائارامی جیهانی دروستکردوە.

 

هاوکات ئەم نیولیبرالیزمە کە لە ڕیگای سەرمایەی دارایی و دۆلارەوە دەستەبژێرێکی ئۆلیگارشی تریلیۆنێر و ملیاردێری دروستکردوە و دابەشکردنی جیهانی بە چەند دەوڵەتێکی کەمی گەشەکردوو و وڵاتانێکی زۆریش کە بێکاری و هەژاری و ژیان و ئارامی تێدا نەماوە دابەشکردوە، وەک وڵاتانی باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین و مەکسیک و ئەوانی تر.

 

ئەم دۆخە کۆچبەری و پەنابەری کردۆتە ڕێگا چارەیەک بۆ ملیۆنەها مرۆڤ بۆ پەیداکردنی ژیان و گوزەران. بەڵام کێشەی سەرەکی نیولیبرالیزم تەنیا لە سیاسەتی جیهانی و دەرەکیدا نیە، بەڵکو چەق بەستویی و دابەزینی ئاستی کەڵەکەی سەرمایەیە لە بازاڕی جیهانی و لە ئابوری ئەمریکا و ئەوروپادا بە بەراورد بە وڵاتی چین و هاوپەیمانی ئابوری بریکس و ئەوانی تری..

 

سەرمایەی مالی لە ئەمریکا وئەوروپا ئەمڕۆ کێشەی گەشەی کەڵەکەی سەرمایەیان هەیە لەبەر ئەوەی تێچوی بەرزی هێزی کاری کرێکاران وکرێ و خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە بەشی زێدەبایی و قازانجی سەرمایە کەم دەکاتەوە.

 

لەبەر ئەوەی سەرمایەی گۆڕاو و کاتی کارکردنی پێویست، کە سەرچاوەی زێدەبایی و قازانجی سەرمایەیە پێویستە ڕێژەیەکی زۆری لە کرێ و موچە و خزمەتگوزاریدا سەرف بکرێ و بەمەش ڕێژەی کاری زیادە و زێدەبایی و گەشە و کەڵەکەی سەرمایە کەم دەکات.

لێرەدا ئەگەر هێشتا ئیمپراتۆریەتی دۆلار بتوانێ هەندێ لە گرفتەکانی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکا ساڕێژ بکا و مۆنۆپۆلی بازاڕی جیهانی لەڕێگەی سەربازیەوە درێژەپێبدات، بەڵام ئەوروپا ئەم ئامڕازانەی نیە و هەربۆیە بورژوازی ئەوروپی پێویستی بە ئامڕازی تری سیاسی و ئابوریە بۆ شکست نەهێنان و دانەکەوتنی لەم پیشبڕکێ جیهانی و ئابوریەی ئەمڕۆ.

 

ئەمە گرفت و ئەزمەی نیولیبرالیزمە لە ئەوروپا و هەربۆیە ئێستا هاوپەیمانیەکی پیرۆزی لەگەڵ فاشیزمدا دەبینین.

ئەم فاشیزمە دەتوانێ بورژوازی نیولیبراڵ و ئۆلیگارشی مالی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا لە دەست ناڕەزایەتی کرێکاران و چینی ناوەڕاست و خوارەوەی بورژوازیش لە کۆمەڵگەدا ڕزگار بکا و دۆخی ناڕەزایەتیەکانی ئەم چینانە بە سیاسەتی فاشستی دژی پەنابەری ژەهراوی بکا.

بەم پێیەش ئەو هێرشەی نیولیبرالیزم لەم نزیک بەنیوسەدەیەدا کردویەتیە سەر ئاستی کرێ و گوزەرانی ئەم چینانەی خوارەوەی کۆمەڵگە زەمینەی بۆ بڕەخسێ زیاتر و زیاتر بکرێ.

 

نیولیبرالیزم سود لەم دۆخەی فاشیزمی بورژوازی لەمڕۆدا بۆ ئەوە وەردەگرێ کە ئاستی کرێ و تێچونی هێزی کار کەم بکاتەوە تا بتوانێ لە گرفت و ئەزمەی گەشەی ئابوری و کەڵەکەی سەرمایەدا لە پێشبڕکێی لە بازاڕی جیهانیدا بەتایبەت بەرامبەر بە گەشەی سەرمایەداری لە چین بەکاری بێنێ.

 

لێرەدایە کە فاشیزم دەتوانێ ئەم دۆخە بخوڵقێنێ بۆ سەرمایەی ئەوروپا و ڕۆژئاوا کە بەناوی پاراستنی سنورەکان لە کۆچی بێکارانی پەنابەر، کە چینی کرێکار و ئەو توێژانەی کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریکی، کە لەژێر فشاری ئابوریدان، بەوە خۆشخەیاڵ بکەن کە بە نەبونی پەنابەران بەشی ئەوان لە کرێ و کار و خزمەتگوزاری زیاد دەکا.

 

ئەم فکر و سیاسەتەی فاشیزم و نیولیبرالیزم ڕێگە لە خەباتی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران دەگرێ دژی ئۆلیگارشی مالی و ترلیۆنێر و ملیاردێرەکان ، وە هەروەها چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکاتە لەشکری خۆبەخش و بێ کرێی بۆ خزمەت بەو حکومەتانەی نیولیبرال- نیو فاشیانەی خەریکی قوڵترکردنەوەی سیاسەتی سک هەڵگوشین و بڕینی خزمەتگوزاریەکانن.

 

ئەمە ئەو خزمەتەیە کە فاشیزم ئەمڕۆ بە نیولیبراڵیزمی دەکا و لەبەرامبەریشدا ئۆلیگارشی نیولبیرالیزم بەشێک لە سەرمایەی کەڵەکردوی خۆی دەخاتە خزمەتیگەشە و سەرکەوتنی ئەم فاشیزمە لە پەرلەمان و مەیدانی سیاسی و ڕاگەیاندندا.

 

ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە فاشیزم پیویستە وەک بەشێک لە سیاسەتی ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە نیولیبرالیزم سەیر بکرێ . کرێکاران و خەڵکی ناڕازی ئەو ڕاستیە ڕاگەیەنن کە دیاردەی کۆچبەری ئاکامی نائارامی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤە لە وڵاتانێکدا کە گیرۆدەی شەڕ و هەژاری بون، وە ئەمەش خۆی بەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و نیولیبراڵیزمی ئێستایە.

هەربۆیە پەنابەرانیش وەک کرێکارانی بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمریکا ئەمڕۆ گیرۆدەی دوژمنی هاوبەشی چینایەتین کە ژیانی سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خستۆتە بەر بەرداشی ململانێ و پیشبڕکێی سەربازی و ئابوری خۆیەوە.

 

 

خەیاڵی ڕاستەقینە 

Reality :ڕاستی

Income:داهات

Expenses:خەرجی

Sqvings:پاشەکەوتکردن

Middleclass:چینی ناوەڕاست

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.