نەوەی نوێ لە نیپاڵ و ئێران سەرکەوتووە!

0


حەسەن ساڵحی

وەرگێڕانی/ ئاوات ڕەسوڵ 

دوای چەند ڕۆژێک لە ناڕەزایەتی لە نیپاڵ دژی گەندەڵی حکومەت و قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا، خۆپیشاندەران توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

 

سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ دەستی لەکارکێشایەوە، یاسای قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا هەڵوەشایەوە و تەنانەت ئەو پەرلەمانەی کە یاسایەکی لەو شێوەیەی پەسەند کردبوو، ئاگری تێبەردرا.

 

ئەم ڕووداوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ نەوەیی نوێی گەنجەکان لە نیپاڵ؛ ئەو نەوەیەی کە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکهێناوە.

 

گەنجان و هەرزەکاران کە سازش لەگەڵ گەندەڵی و ستەم و چەوساندنەوە ناکەن و بە هەموو ئازایەتییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان داوای مافەکانیان بکەن.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە بەبێ تێچوون نەبوو. لە کاتی سەرکوتکردنی پۆلیسدا، لانیکەم بیست گەنج گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.

 

ئەمە ئەو باجە بوو کە نەوەی گەنج ولاوەکان لە نیپاڵ بۆ وەستانەوە دژی گەندەڵی و ستەمکاری دا.

نەوەی گەنج و لاوان ، چ لە ئێران و چ لە نیپاڵ، چەندین لایەنی هاوبەشی هەیە. 

ئەوان دەڵێن نا بۆ ستەم، دەڵێن نا بۆ گەندەڵی، دژی هێز و ستەم دەوەستنەوە، نەیاری سەرسەختی هەڵاواردن و ستەمن.

 

ئەم نەوەیە بە هەنگاو لەگەڵ سەردەمدا داوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا دەکات کە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی مۆدێرن و زانستی و ئینسانی دامەزراوە.

 

بێ گومان نەوەی نوێی گەنج لە ئێران دڵخۆشە بە سەرکەوتنی لاوانی نیپاڵ و سوودمەند دەبن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ناڕەزایەتییەکانیان بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان لە دژی حکوومەتی گەندەڵ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی.

 

لە سەروبەندی سێهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادیی ژنان و لە هەمان کاتدا لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانە و زانکۆکان، نەوەی گەنجان ولاوان  لە ئێران هێشتا دڵێکی خوێناوی بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە.

 

ئەم نەوەیە لە هەموو بوارەکاندا تەحەدای حکومەتی گەندەڵ و ستەمکار دەکات بە ڕادەیەک کە هیچ دەسەڵات و بەربەستێک ناتوانێت ئیرادە و ئازایەتییەکەی ڕابگرێت.

لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگای ئێران ئامادەیە بۆ سەرهەڵدانێکی کۆمەڵایەتی گەورە، ئەم نەوەیە بوێر و شەڕانگێزە دەتوانێت دەستکەوتی هاوشێوەی نەوەی  نوێی گەنجەکان Z لە نیپاڵ لە شەقام و قوتابخانە و زانکۆکان بەدەستبهێنێت.

نەک هەر دەتوانن دەستلەکارکێشانەوە و ڕووخانی بەشێک لە بەرپرسان بەدەست بهێنن، بەڵکو بە هاوبەشی لەگەڵ سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگا، توانای ڕوخاندنی ڕژێمی ئیسلامی بەتەواوی و هێنانەدی ئازادی و ڕزگاری بۆ هەمووان هەیە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.