بەڵێ دژی هەبوونی چەکداری حزبەکان دەبین،چونکی ئەو چەکدارانە ڕێگردەبن لە بوونی سوپایەکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی کوردستانی
لە گۆشەی ئەم جارەی ڕاپۆرت لە ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا کە بڵاو دەکرێتەوە: سەرنجتان ڕا دەکێشین بۆ ئەوەی ئایا سەرنجت چییە لەسەر هەبونی چەکداری حیزبەکان ؟ ئایا هەبوونی ئەم چەکدارانەی حیزبەکان پێویستە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان یاخود بەپێویستی نازانیت ؟ ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵگەی کوردستان ئاراستەبکرێت بەجۆرێک کە ململانێیە سیاسییەکان دووربخرێنەوه لەململانێی چەکداری لەشوێنی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان.
ئامادەکردنی / ئاوات ڕەسوڵ
بەشی/ یەکەم
-هەفتەی دووجار ئەم دۆسییە بڵاودەکرێتەوە هەموو ڕۆژانی شەممە و چوارشەممە یەک .

یەکێک لەکەسایەتی یەکان بەڕێز بکر حاجی لەبارەی دیاردەی چەکداری حیزبەکانەوە بەم جۆرە سەرنج بۆ چوونی بۆ ئێوە دەخاتەڕوو دەڵێت : بەڵێ دژی هەبوونی چەکداری حزبەکان دەبین،چونکی ئەو چەکدارانە ڕێگردەبن لە بوونی سوپایەکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی کوردستانی و هەروەها بوونیان سیفەتی میلیشیایی وەردەگرن و لەژێر بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە نابن و ئەرکیان تەنها پاراستنی یەک دوو سەرکردە دەبێ و ئەرکو و پاراستنی سنوورەکانی کوردستان و پڕۆسەی ئەمن و ئاسایشی کوردستان خەڵک ناگرنە ئەستۆ،بەڵکوو بەس حزب و سەرکردەکان دەپارێزن و هەروەها نابنە خاوەنی بیروباوەڕێکی نیشتمانی و نەتەوەپەروەری و بەڵکوو دەبنە هێزی سەرکردەکان و حزبپەرستیی.جگە لەوەی دەبێتە دیاردەیەکی ناشارستنی و مەدەنی بە تایبەتی کە بارەگاکانیان لە نێو گەڕەک و کۆڵانەکانی نێو شاری بێ.

ئاشتی ڕەئوف لەبارەی هەبونی چەکداری حزب و گروپەکانەوە دەڵێت وەک مرۆڤێک دژی چەکم نامەوێت هیچ مرۆڤێک بەهۆی چەکەوە بکوژرێت،
وەبە نیسبەت حیزبەکانەوە پێویست بەهەبوونی چەک ناکات بەڵکو پێویستمان بە هێزێکی یەکگرتوو هەیە بۆ کاتی پێویست، بەو واتایەی هەبوونی چەک بۆ کاتی کەبەرگری لەسەلامەتی ماڵ وژیانی خەڵک بکات لەکاتی پێویست.
وە پێویستە کێشەکانمان بە خۆشەویستی و ئاشتیانە چارەسەر بکەین.

سامان جلال بەم جۆرەی خوارەوە تێروانین وبۆچوونەکانی سەبارەت بەهەبونی چەکداری بۆمان دەخاتە ڕوو :
هەرێمی کوردستان پێویستی بە هێزێکی نشتیمانی یەکگرتوو هەیە، نەك هێزی چەکداری حزبی چونکە دواجار هێزی چەکداری حیزب دەبێتەوە ملیشیا، بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا نەتوانراوە هێزی چەکدار یەکبخرێتە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدابێت یان وەزارەتی ناوخۆ و بە شێوەیەک کە هەرگیز ڕێگا بە هیچ ئەفسەرێک نەدرێت نزیک ببێتەوە لە حیزب و کەسایەتی سیاسی چونکە کاری ئەوان پاراستنی خاک و گەل و نیشتیمانە.
گەر وا نەبێت ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و پاراستنی بەرژە وەندێکانی خۆیان ، بۆیە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان ،کوشتەی دەستی هێزی حزبی و شەخسیە، وەك دەبینین کە لەچەن ڕۆژی ڕابردوو ، ئەو ڕوداوانەی کە لە لالەزار و قەزای خەبات ڕویاندا ، بویە مانەوەی ئەم هێزانە لە دەرەوەی یاسا ، دەبێ چاوەڕێی ڕوداوی نەخوازراوی زیاتریان لێبکرێت، پێویستە ئەم هێزانەی کە لە دەرەوەی یاسادان و سەر بە حزب و کەسایەتی سیاسین پێویستە لە چوار چێوەی سیستەمێکی ئاسایشی نشتیمانیدا ڕێك بخرێنەوە.
