نە ئازادی و نە دادپەروەری لەکوردستاندا نییە!

0

نە ئازادی و نە دادپەروەری لەکوردستاندا نییە!

 

حەسەن مارف

خۆ ماندووکردنی ناوێت، گەر بتەوێت دەنگوباسێک یان لێکدانەوەیەک و بەدواداچوونێک بکەیت لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئازادی، ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وە سزادانی پۆلێک لە زیندانیکراوان، یان بە مانایەکی تر دەستبەسەرکراوان، لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی بە شەش ساڵ زیندانی لە دهۆک و بادینان، لەلایەن هێزە سەرکوتگەر و دژی ئازادی، بناماڵەی بارزانییەوە، بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای دادوەرییەوە، پێت دەڵێن کە کوردستان چ ووێرانەیەکە بۆ ژیان و ئازادی خەڵکی کوردستان.

بەڵام هێشتا نەبوونی ئازادی و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازی و ئازادەکان و نەیارانی ئەو چەند باندانەی ناوی خۆیان ناوە پارتی سیاسی، تەنها دەستودیاری نییە!؟  لە زۆنەکانی زەرد و سەوز، لەلایەن ناسیۆنالیزمی قەومپەرستی کوردی و هێزە ڕەشەکانی ئیسلامی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی دەست لەگیرفانی دەسەڵاتدا! کێوێک لە نەهامەتی و ڕۆژڕەشی و داتەپاندنی سەرخان و ژێرخانی کوردستانیان کردۆتە نسیبی خەڵکی کوردستان.

هاوکات لەسەروبەندی ئەو گاڵتەجاڕییەی دادگای هەولێر، هێزە میلیشیاکانی عێراق موشەک بارانکردنی فرۆکەخانەی هەولێر و بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا، وە هەروەها، لەشکرکێشی و بۆمبارانکردنی هێزەکانی پکک لە چیای گارە، و نمایشی بەکۆیلەکردنی زیتر لە ١٣٠٠ کچی لاو و تازەپێگەیشتووی هەڵەبجە و هەورامان، ئەمانە ئەڵقەکانی ئەو زنجیرەن کە وەک کۆتوبەندێکی خنکێنەر دەخرێتە گەردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و خێرلەخۆنەدیووی کوردستان، وە خنکاندنی هەر ئارەزوویەکی ئازادانەی خەڵکی کوردستان،  لەلایەن یەکێتی و پارتی و حیزبە بچوک و بەناو ئۆپۆسیزیۆنەکانەوە.

ڕۆژ نییە، کوڕی بەرپرسێکی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و گەندەڵ، لەسەر بچوکترین وەڵامدانەوەیان، پەلاماری خەڵکی نەدەن، بە دەستڕێژی گولە وەڵامی خەڵکی دەدەنەوە! ڕۆژنییە، نەبیستین کچێک یان ژنێک لە قەراغی شەقامێک مەیتەکەی فڕێنەدرابێت، یان بەدەستی ناموسپەرستێکی قەومی و ئیسلامی نەکوژرێت.

دەکریت ئەم پانۆرامای مەرگەسات و شیواندنی ئەمن و ئاسایشی هاولاتیان و پێشێلکارییانە، کە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کێن ئەنجامدەرانیان، هێندە درێژ بێت حەوسەڵەی خوێندەوەیمان نەبێت! دەکرێت دژایەتی ئازادی سیاسی و هەڵسورانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی و دەربڕین و تەنانەت هەر شێوە هەڵسوکەوتێک کە یەکێتی و پارتی بزانن بە دژی خۆیانە، لە کوردستان وەک خراپترین ووڵات پێناسەبکەیت. مەگەر بەغداد و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی شیعە و سونەی عێراق، شان بدەن لە شانیان.

لە نزیک بە سێ دەیەی ڕابردوودا، هەرچەندە خەڵکی کوردستان، و هێز و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە خەباتیاندا لە دژی بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان، خەباتێکی بێووچانیان کردووە، وە تینوێتی خەڵکی کوردستانیش بۆ ئازادی، بەشێک بووە لە خەبات و داواکاری هەموو ڕۆژەیان، بۆیە هێزە کۆنەپەرستەکانی دەسڵاتدار، گەر نەیتوانیبێت، دکتاتۆرییەکی مقتڵەق و ڕەشی وەک دەسەلاتی سەدام و حیزبی بەعس دووبارەبکەنەوە، تەنها بەرەنگاری ئازادیخوازان بووە، کە بەری پێگرتوون. وە لەم خەباتەشدا دیارە قوربانی هێجگار زۆر دراوە، تەنها لیستی تیرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمۆنیستی و ڕۆژنامەوانان و نووسەرانی ناڕازی هێندە درێژە، لە  لیستی سەدانیدا جێگای نابێتەوە.

لە دواهەمین ئەڵقەی ئەو زنجیرەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی، بە نیازە لەگەردنی ئازادیخوازانی کوردستانی توندبکات، سزای شەش ساڵ زیندانی کردن بۆ شیروان شیروانی و هاوڕێکانی، لە دادگایەکدا، کە تەنها دادپەری تێدا نییە! وەک پیشەی هەمیشەییان لەسەر تاوانی هەڵبەستراوی تیرۆر و بەرژەوەندی حکومەتە فاشیلەکەیان و هاوکاری هێزی دەرەکی و تاوانی خستە بەر مەترسی ئاسایشی گشتییە. کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی دەسگیرکردنیانەوە هەموو کەس باش دەزانێت، ئەم هەڵسوراوانە لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکی مەدەنیانە دەستگیرکراون، هەندێکیشیان راستەوخۆ دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دەڤەری دهۆک وبادینان بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان فڕێندراون.

گەر پارتی و دەسڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، ئەم هێرشەیان لەڕێی دادگا و دەزگای قەزائی هەرێمەوە بۆ بچێتە سەر، بێگومان هێرشی دڕندانەتر دەکەنە سەر ئازادیخوازان و زیندانەکانان سیخناخ دەکەن لە کەسانی ناڕازی بە کار و کردەوەیان  کە سی ساڵە بە دڕندانەترین شێوە ئەم هەرێمەیان قۆرغ کردووە. پەیامی دەسەڵاتداران زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بە خەڵکی کوردستان دەڵێت؛ گەر لە دەسەڵاتەکەم ناڕازیت، شەش ساڵ زیندانی و توهمەی خیانەت و تیرۆر و کار بۆ لایەنی دەرەکی و خستنە مەترسی بەرژەوەندی هەرێم و دەیان تاوانی هەڵبەستراوی تر، حازرە و ئیتر زنجیری کۆلایەتییان تونددەکەنەوە و هەر لایەنێک لێیان نارازی بێت، بە وەحشییەتیان تێر ناخۆنەوە بۆ سەرکوت، دادگاش بەکاردەهێنن.

نابێت بهێڵرێت پارتی ئەم هێرشەی بۆ بچێتە سەر ! چۆن ؟

ناڕەزایەتی زۆرە، لە ناوەوەی کوردستان ناڕەزایەتی قوڵپ دەدات، هەموو ڕۆژە لێرە و لەوێ گردبوونەوە و نارەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان و بەدەنگی بەرز” نا ” ووتن بۆ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و تەنانەت حیزبە بە ناو ئۆپۆسیزیۆنەکانیشەوە، یەکگرتوو کۆمەڵ و گۆران و نەوەی نوێ.. کە بەهەموویان دەسەڵاتدرێتییەکی خێلەکی و دواکەوتوو، گەندەل و مشەخۆر و خۆشخزمەتی بە دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیان پێکهێناوە.

١٧ ی شوباتی ٢٠١١  و خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو، ناڕەزایەتی دەربڕینی هەموو ڕۆژەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پیدانی موچەکانیان و گەرانەوەی موچە خوراو  و دواکەوتوەکانیان، دەنگ هەڵبڕینی هەمووڕۆژەی لێرەولەوێی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم خەڵکی ناڕازی، بەم دادگاییکردنە زیاتر پەرەدەسێنێت.

ئەرکێکی زۆر گرنگی ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی خەمخۆری دەرەوەی کوردستانیش لە ئەوروپا و کەنەدا و ئوسترالیا و سەرجەم ڕەوەندە کوردییەکان لە هەموو وولاتان، بە یەک پلاتفۆرمی یەکگرتوو، وە داخوازی ڕوون و ئاشکرای بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەڵسوران و کۆبوونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان لە کوردستان بەرزبکەنەوە و  وە بەرەوڕووی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم ببنەوە لەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییان هەیە، ئەم خەباتە بە دەلیلی دووری ئێمە لەکوردستان نابێت نادیدە بگیرێت.  دامودەزگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی و لێبووردنی نێودەوڵەتی و هەموو ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی جیهان ئاگاداربکرێنەوە لە بڕیارەی دادگای هەولێر، و هێرشی پارتی بۆ سەر ئازادیخوازانی کوردستان. وە هاوئاهەنگی و سەراسەری کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ ئەمڕۆی پەیوەندییە جیهانییەکان کارێکی قورس نییە، وە سەراسەری کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە زیاتر زەمانەتی دەستبەستنی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە بڕیاری ئاوا لە دژی ئازادی زەمانەت دەکات.

١٨ شوبات ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.