لە شاری سلێمانی ، بە دەستڕێژی گوللە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند و بریندارکرا!
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/سلێمانی /بنار
*ئێوارەی ئەمڕۆ، لەناو شاری سلێمانی ، بە دەستڕێژی گوللە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند و بریندارکرا،دواتر بۆ چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەست ئەڵتەرناتیڤی شورایی کەوتوون، هێرش بەرەکان بە ماتوڕسکیلێک کە دوو کەسی لەسەر بووە، ئەنجامدراوە .
*شوێنی کردەوە تیرۆریستی یەکە، لەگەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بووە ، کە دەستڕێژی گوللە لە هێمن مامەند کراوە و دووفیشەک بەرجەستەی کەوتووە.
هەر بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان، فیشەکێک بەر کەمەری وئەوی دیکەیان بەر دەستی کەووتوە وفیشەکێکیش لە، ئۆتۆمبیلەکەی داوە ، خێرا دوای ئەنجام دانی کردەوە تیرۆریستی یەکە ئەو دووکەسەی ماتوڕسکیلەکە هەڵهاتوون.
* دواتر هێمن مامەند بە برینداری لەلایەن خەڵکی ئەو گەڕەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی سمارت و دواتر لەوێ وە بە ئەمبۆڵانسێک گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار ولە ئێستادا، لەژێر چاودێری پزیشکدایە .
* بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان کە دەست ئەڵتەرناتیڤی شورایی گەیشتووە
دوای ڕووداوەکە،هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە لە ڕووداوەکە بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەس دەست گیر نەکراوە و نەزاندراوە کێن ئەوانەی ئەو کردەوەیان ئەنجام داوە!
* هێمن مامەند،پیشەی ڕۆژنامەنووس وچالاکی مەدەنییە وماوەیەک کارمەندی کەناڵێ ڕێگا بووە وبۆ ماوەی شەش ساڵە، لەشاری سلێمانی دەژیت ولەبنەرەتدا دانیشتووی شاری هەولێرە .

لەئێستا دا ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند، پێشکەشکاری بەرنامەی سەرنج لە ستێرک تیڤی.
سەبارەت بەم ڕووداوە ستێرک تیڤی بڵاوی کردۆتەوە نوسیوێتی کە بەهۆی هەڵوێستەکانی دژی داگیرکاری و خیانەت شاری هەولێری زێدی خۆی جێگەی نەبوویەوە و چەند ساڵێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ئەمڕۆ لەلایەن ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندارە…

لەیەکێک لەوێنەکانیدا ڕۆژنامەنووس، هێمن مامەند پاش برینداربوونی بەهۆی دەستڕێژی گولەوە، پەنجەکانی بەرزکردوەتەوە بە ئاماژە دەڵێت: دژی داگیرکاری و خیانەت بەردەوام دەبم لە هەڵوێستەکانم..