دەسەلاتی حیزب و بنەماڵە

0
وەستا جەلال :
دەسەلاتی حیزب و بنەمالە تاکو دەسەلاتیان بەهێزتر و سەرمایەکانیان زۆرتربێت، ئەوەندە زیاترپێش بە ئازادی و مافی خەلکی هەرێمی کوردستان دەگرن . ئەو بڕە ئازادیەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی ئاشکراو نەهێنی چەند ساڵەی هەمووخەڵکی ئازادیخوازی هەرێمی کوردستانە، نەک ٣٠ ساڵ دەسەلاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم دوو حیزبە هەمیشە لە هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکانی خەلکی کورداستاندا بونە، هەرکاتێک کە هەستیان بە ئازادی و رادیکالیزمی کۆمەلگای کوردستان کردبێت، بە ئاشکرا یان بە نەهێنی دەستیان کردوە بە گرتن، کوشتن و تیرۆرکردنی هەلسوراوان و چالاکوانی ئەو بزوتنەوەیە ئازادیخوازە. لەم بارەیەوە بە سەدان بەڵگەی جۆراوجۆر لەبەردەستدایە. ئەگەر لەسەرەتای راپەرینی بەهاری ١٩٩١وە، ئەم دوو هێزە بەم شێوەیە بەئاشکرا، دەستیان بە تیرۆر، کوشتن وزیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و هەلسوراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەکردوە،لەبەر ئەوەی ئەوکاتە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز لە ژنان، لاوان خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش، بەشێک لە ئەندامان و پێشمەرگەی حیزبەکان، هەروەها بزوتنەوەی شورایی، کە دژی هەموو جۆرە زولم، ستەم چەوساندنەوەیەکی نابەرابەربون،لە پیناو ئازادی و سەربەخۆیی و مافی خەلکی کوردستان خەباتیان دەکرد. کە پێشتر لە ژیر دەسەلاتی رژێمی بەعس هەزاران قوربانیان بۆ دابوو. پارتی دەیەوێت بەو هەنگاوەی قۆناغێکی تر لە سەرکوتی ئازادی و پێشێڵکردنی مافەکانی خەلکی ئازادیخواز دەست پێبکات، دیارە پارتی تەنها مەبەستی سزادانی پێنج کەس لە رۆژنامەنوسان، چالاکوانی مەدەنی نیە، هەوڵێکە بۆ ترساندن و بێدەنگ کردنی هەر دەنگێکی نارازی خەلکی کوردستان. بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان چیتر نەوێرن نارەزایەتی، خۆپیشاندان. لە دژی بێ موچەیی، هەژاری، بێکاری، گەندەڵی، نەبونی ئازادی، سەربەخۆیی و تاوانەکانی حیزب و بنەماڵە ئەنجام بدەن. هەرکەسێک کەمێک هۆشیاری و ویژدانی ئینسانی هەبێت دەزانێت دەسەلات، حکومەت، پەرلەمان، وەزارەت، پۆلیس و ئاسایش، هەمووی لە خزمەت بەرژەوەندی حیزب و بنەمالەدایە. ئەنجومەنی دادوەری و دادوەر لە لایەن حیزب وەکو ئەندامانی لق و مەلبەندەکان دیاری دەکرێن. پێش ئەوەی کەسێک لە رێگای دادگاوە تاوانەکەی دیاری بکرێت، لە لایەن بەرپرسانی حیزبی سزاکەیان بۆ دیاری دەکرێت. دادوەرتەنها وەکو فەرمانبەرێک ئەرکی جێبەجێ کردنی بریارەکانی حیزبە. خەلکی کوردستان نابێت لەوە زیاتر چاوەڕوانیان لەو دەسەلاتە حیزبی و بنەماڵەییە هەبێت، کە ئازادی و مافەکانیان بۆ دابین بکات. ئەم دەسەلاتە موچەی کەمئەندامان دەبرێت، تالان و دزی لە قوتی خەڵک دەکات، رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان تیرۆر دەکات. سیخوری بۆ چەندین ولات دەکات، بەتایبەتی بۆئێران و تورکیا. بەهێنانی لەشکری سەربازی ولاتان، ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان تێکداوە، بەهۆی گرانی، برسیەتی و بێکاری ژیانیان لە خەڵک وێران کردوە. چۆن ئەوان دەتوانن بە رۆژنامەناسان و رەخنەگران بڵێن ئاسیشی ولاتیان تێک داو. خەڵکی کوردستان نابێت ئەو غەدرە، ئەو زوڵمە، ئەو ناهەقیە، چیتر لەو دەسەلاتە قبوڵ بکات. بریاری سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج رۆژنامەنوس، بریارێکی سیاسی حیزبیە پێویستە دەست بەجێ هەڵبوەشێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارە، ئازادکردنی ئەو پێنج رۆژنامەنوسە وسەرجەم زیندانیانی سیاسی، ئەرکی تەواوی خەلکی کوردستانە. ئەرکی هەموو مرۆفێکی ئازادیخوازە، ئەرکی لاوان، ژنان و مامۆستا، کرێکار و زەحمەتکێشە. پێویستە دەنگی نارەزایەتی خۆیان یەکبخەن لە دژی ئەو بریارەی کە دادگای و دادوەر بە بریاری حیزبی داویەتی. تێپەڕ بونی ئەو هەنگاوە سیاسیەی پارتی، بەمەبەستی پێشگرتن لە ئازادی خەلکی کوردستان زۆر ترسناکە بەسەر داهاتوی سیاسی، ئابوری و کۆمەلایەتی هەرێمی کوردستان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.